بەنهێنیکردن – Encryption

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-06-14:14:00 - کۆدی بابەت: 6197
بەنهێنیکردن – Encryption

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی بەنهێنیکردن

لە کریپتۆگرافیدا بەنهێنیکردن یاخود ئینکریپشن (بە ئینگلیزی: Encryption) بریتییە لە کرداری کۆدکردن یان هێماکردنی زانیاری و داتا بە مەبەستی شاردنەوە و پاراستنی، لەم کردارەدا زانیاری لە نووسینی ئاسایی و خوێنراوەوە (plaintext) دەگۆڕدرێت بۆ نووسینی هێماکراو (ciphertext)، ئەو زانیاری و داتایانەی کە نهێنی کراون تەنها ئەو کەسانە دەتوانن پێکهاتەکانی ببین کە ڕێگەیان پێدراوە لەلایەن ئەو کەسەی کە داتاکەی نهێنی کردووە.

لە کاتی بەنهێنیکردنی داتایەکدا پێویستت بە کلیلێک دەبێت بۆ دووبارە کردنەوە و نیشاندانی زانیارییەکانی ناوی، زۆرجار ئەم کلیلە لەڕێگەی ئەلگۆریذمێکەوە (algorithm) بەرهەمدەهێنرێت و بەبێ کلیلەکە داتاکان ناتوانرێن نیشانبدرێن، بەڵام کردنەوە و نیشاندانی زانیارییەکانی ناو داتای نهێنیکراو بەبێ بوونی کلیل مەحاڵ نییە چونکە گەر فایلێک بە بەهێزی نهێنی نەکرابێت ئەوا کەسی شارەزا دەتوانێت بیکاتەوە.

مێژووی بەنهێنیکردن

کۆن

یەکێک لە کۆنترین بەکارهێنانەکانی بەنهێنیکردن بریتیبووە لە گۆڕین بە هێما کە لە گۆڕی (نەمحوتێب)ـی دووەم کە 1900 ساڵ پێشزاین لە میسڕ ژیاوە، بەنهێنیکردنی هێمایی ستاندارد نییە و پێویستی بەو کلیلە هەیە کە لەکاتی بەنهێنیکردنیا بەکارهێنراوە، ئەم شێوازە بەنهێنیکردنە لەلایەن یۆنانی و ڕۆمانییە کۆنەکانەوە بۆ مەبەستی سەربازی بەکارهێنراوە.

یەکێک لە بەنهێنیکردنە سەربازییە بەناوبانگەکان بریتییە لە بەنهێنیکردنی سیزار (Caesar Cipher)، ئەم نهێنیکردنە سیستمێکە کە تێیدا ڕیزبەندییەکانی ئەلفابیت بەپێی ژمارەیەکی دیاریکراو دەگۆڕدرێن، بۆ نموونە پیتی A کە یەکەم پیتی زمانی ئینگلیزییە گەر بەم ڕێگەیە نهێنیبکرێت و ژمارەی گۆڕینەکە ٣ بێت ئەوا سێهەم پیتی ئەلفابێتی ئینگلیزی C بە پیتی A هەژماردەکرێن، هەروەها هەموو پیتەکانی تری ئەلفابێتەکە بەم شێوەیە بە پێی ژمارەی گۆڕانەکە دەگۆڕدرێن.

سەدەی 19 بۆ 20

نزیک ساڵەکانی 1790 تۆماس جێفرسۆن بیرۆکەیەکی بەنهێنیکردنی داهێنا کە هەڵدەستا بە بەنهێنیکردنی نامە بۆ ئەوەی بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربهێنرێت، ئەم ئامێرە ئەمڕۆ بە ویلی بەنهێنیکردنی جێفرسۆن ناسراوە (Jefferson Disk)، بەڵام ئەم ئامێرە لەوکاتەدا دروستنەکرابوو بەڵکو تەنها بیرۆکەیەک بوو، ئامێرەکە دەیتوانی نامەیەکی ئینگلیزی نهێنی بکات بۆ 36 پیت و هەروەها دەیتوانی نامەکە دووبارە بکاتەوە بە بەکارهێنانی کلیلی تایبەت بە بەنهێنیکردنەوە.

لە دواتردا ئامێرێکی هاوشێوەی ویلی جێفرسۆن دروستکرا بەناوی (M-94)، هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن کە هەمان ئامێر بووە، لە سالی 1917 کە لەلایەن پێشڕو (ڕائید)ـی سووپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جۆزیف ماوبۆرن بەکاردەهێنرا. ئەم ئامێرە کاری پێدەکرا تا ساڵی 1942.

لە جەنگی جیهانی دووەمدا وڵاتانی تەوەر ئامێرێکی پێشکەوتووتریان بەکارهێنا بۆ نهێنیکرد کە پێیدەوترا ئامێری ئینیگما (Enigma machine)، ئەم ئامێرە جیاواز لە ئامێرەکەی تۆماس جێفرسۆن و (M-94) هەموو ڕۆژێک هەڵدەستا بە دروستکردنی تێکەڵکردن یاخود کلیلێکی نوێ کە تەنها وڵاتانی تەوەر دەیانزانی، لەوکاتەدا هەندێک لە شارەزایان دەیانووت دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا 17 هەزار کلیل تاقیبکرێتەوە بۆ شکاندنی کۆدەکە، پاشان وڵاتانی هاوپەیمانان هەستان بە بەکارهێنانی توانای کۆمپیوتەری بۆ کەمکردنەوەی ئەگەرەکان کە دەبوایە هەموو ڕۆژێک تاقیان بکردایەتەوە، لە کۆتایدا توانیان کۆدەکە بشکێنن و کۆتایی بە ئامێری ئینیگما بهێنن.

لە ئێستادا

لە ئەمڕۆدا بەنهێنیکردن بەکاردەهێنرێت بۆ پاراستن و شاردنەوەی پەیوەندییە ئینتەرنێتییەکان بۆ مەبەستی پارێزگاری، هەروەها بەبۆنەی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیاوە تابێت نهێنیکردن بەهێزتر دەبێت و زیاتر ڕێگا دەگرێت لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.

بەنهێنیکردن لە کریپتۆگرافیدا

لە بواری کریپتۆگرافیدا، بەنهێنیکردن وەک میکانیزمێکی پاراستن بەکاردەهێنرێت، چونکە کاتێت داتایەک بەناو ئینتەرنێتدا دەگوازرێتەوە ئاشکرایە و دەکرێت ببینرێت، ئەم داتایانە زانیاری تایبەت و وشە نهێنییەکان لەخۆدەگرێت بۆیە زۆر ئاسانە بۆ هەرکەسێک کە زانیارییەکی کەمی هەیە لە بواری تەکنەلۆژیا و نێتۆرکدا ئەو زانیارییانە ببینێت، لە بواری بەنهێنیکردندا دوو جۆر کلیلی هەیە کە بریتین لە کلیلی هاوتا (symmetric-key) لەگەڵ کلیلی ناهاوتا یاخود گشتی (asymmetric-key).

جۆرەکانی کلیل

کلیلی هاوتا

لەو بەنهێنیکردنانەی کە کلیلی جۆری ئاشکرا یاخود هاوتا بەکاردەهێنن، ئەو کلیلەی کە داتاکان نهێنیدەکات هەروەها ئەو کلیلەی کە بەنهێنیکردنی داتاکان لادەبات یەک کلیلن و دەبێت هەردوولا کە داتاکە بەکاردەهێنن کلیلەکەیان لابێت، ئامێری بەنهێنیکردنی ئینیگمای ئەڵمانی ئەمجۆرە کلیلەی بەکاردەهێنا کە هەموو ڕۆژیک کلیلەکان دەگۆڕدران.

کلیلی ناهاوتا

لە کلیلی ناهاوتاییدا، کلیلەکە بۆ هەموو کەسێک بڵاوکراوەتەوە بۆئەوەی کە نامە یان داتاکە بکاتەوە بەڵام تەنها ئەو کەسانە کلیلەکە وەردەگرن کە نامەکەیان بۆ دەڕوات، بەنهێنیکردنی کلیلی ناهاوتا یەکەمجار لە دۆکۆمێنتێکی نهێنیدا باسکراوە لە ساڵی 1973، پێش ئەم دۆکۆمێنتە هەموو بەنهێنیکردنەکان کلیلی هاوتایان بەکاردەهێنا.

خزمەتگوزارییەکانی بەردەستی بەنهێنیکردن هەیە کە کلیلی ناهاوتا بەکاردەهێنێت و پێیدەوترێت شاراوەیی زۆر باش (Pretty Good Privacy) کە زیاتر بە (PGP) ناسراوە، ئەم خزمەتگوزاری بەنهێنیکردنە لەلایەن فێڵ زیمەرمان (Phil Zimmermann) لە ساڵی 1991ـدا نوسراوە و بەخۆڕایی  بڵاوی کردووەتەوە، پاشان لە ساڵی 2010 کۆمپانایی سیمانتێک (Symantec) کە ئێستا بە نۆرتۆن (NortonLifeLock) ناسراوە کڕدرا و کۆمپانیاکە ناوبەناو نوێیدەکاتەوە.

بەکارهێنانەکان

بەنهێنیکرد لە مێژەوەیە لەلایەن سووپا و حکومەتەوە بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی زانیارییەکانیان بە نهێنی بمێنێتەوە، بەڵام لە ئێستادا لەلایەن زۆربەی کۆمپانیاکانەوە بەکاردەهێنرێت بۆ پاراستنی زانیارییەکانی سیستمە مەدەنییەکان، بۆ نموونە دامەزراوەی ئاسایشی کۆمپیوتەر ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە لە ساڵی 2007ـدا ٪71 کۆمپانیاکان بەنهێنیکردنیان بەکارهێناوە لەکاتی گواستەنەوەی داتاکانیان هەروەها ٪53 کۆمپانیاکان بەبەنهێنیکردنیان بەکارهێناوە بۆ ئەو داتا هەڵگیراوەکانیان.

بەنهێنیکردن سوودێکی زۆری هەیە بۆ پاراستنی داتا گوزراوەکان وەک ئەوانەی کە بە نێتۆرک، ئینتەرنێت، مۆبایلەکان و مایکرۆفۆنە بێ وایەرەکاندا دەگوازرێنەوە، چونەک چەندین ڕاپۆرت هەن لەسەر دیارنەمان و بردنی داتا لەکاتی گواستنەوەیاندا بۆیە بەنهێنیکردن هەموو زانیارییەکان دەپارێزێت لە دزەپێکردن و بڵاوبوونەوەیان.


سەرچاوەکان



938 بینین