ڕێنمایی بۆ ئەو خانمانەی کە دەیانەوێت دووبارە هاوسەرگیری بکەنەوە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-07-13:32:00 - کۆدی بابەت: 6208
ڕێنمایی بۆ ئەو خانمانەی کە دەیانەوێت دووبارە هاوسەرگیری بکەنەوە

ناوه‌ڕۆك

هاوسەرگیری دووبارە

گرنگترین قۆناغی ژیانی کەسەکان هاوسەرگیرییە، بەڵام ئەگەر بێت و هاوسەرگیری بە جیابوونەوە یاخود مردنی هاوسەر کۆتایی بێت بابەتەکە ئەوەندەی دیکە هەستیار و قورس دەبێت، بە تایبەت بۆ خانمان، هەندێک کەس وابیردەکەنەوە کە دوای ئەوەی هاوسەرگیریەکەیان کۆتایی هات ژیان بۆ ئەوانیش کۆتایی دێت، بە تایبەت ئەم بیرکردنەوەیە لە ناو خانماندا زیاترە، بەڵام مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە نوێگەری و پەیوەندی نوێ هەیە.

ژیان تەنها خەو و خۆراک نییە و خۆشەویستی بەشێکی گرنگی ژیانە، زۆرینەی ئەوانەی کە دوای هاوسەرگیری یەکەم واز لە ژیانیان دەهێنن تووشی خەمۆکی دەبن و هەمیشە نائومێدن لە ژیان، بۆیە زۆر گرنگە ئەم کەسانە بگەڕێنەوە بۆ ژیان.

هاوسەرگیری نوێی خانمان دوای مردنی هاوسەر

کاتێک خانمێک هاوسەرەکەی دەمرێت قوورسە بۆی بتوانێت هاوسەرگیری بکاتەوە، لە ڕوانگەی کۆمەڵگاشەوە زۆر جار واهاتووە کە خانمەکە دەبێت وەفادار بێت و ئەگەر هاوسەرگیری بکاتەوە خیانەتی کردووە، بەڵام کەس ئەم هەستەی نییە بۆ خانمێک کە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە، بۆیە هاوسەرگیری دوای مردنی هاوسەر زۆر قورسترە، هەروەها گرنگە خانمان گوێ بەمە نەدەن و ئەگەر کەسی گونجاو هەبوو دووبارە هاوسەرگیری بکەنەوە.

چەند ڕێنماییەک بۆ هاوسەرگیری دووبارە

پەله مەکە

دوای مردنی هاوسەر یاخود جیابوونەوە، خانمەکە چ منداڵی هەبێت و چ نەیبێت پێویستی بە ساڵێک هەیە بۆ ساڕێژبوونی لایەنی دەروونی، نابێت پێش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەریدا دووبارە هاوسەرگیری بکاتەوە، چونکە لە ماوەی ئەم ساڵەدا دەبێت کەسەکە ڕزگاری ببێت لە خەم و خەفەت و ناخۆشییەکان.

بەداخەوە ئەو هاوسەرگیریانەی کە زوو دەکرێتەوە بە هۆی فشاری زۆری خێزان و کۆمەڵگاوە خانمەکە لە لایەنی سۆزداری و دەروونی و سێکسییەوە ئامادەنییە بۆ هاوسەرگیری و ناتوانێت ژیانە نوێیەکەی قبووڵ بکات و قورس دەبێت بۆی، هەروەها ئەوانەشی کە بڕیار دەدەن تاکوو کۆتایی تەمەنیان هاوسەرگیری نەکەنەوە پەستانێکی دەروونی زۆریان لەسەر دەبێت.

سەردانکردنی دەروونناس

ئەو خانمانەی کە جیابوونەتەوە و شکستیان هێناوە لە ژیانی هاوسەرگیریاندا، دەبێت پەلە نەکەن و سەردانی پسپۆڕێکی دەروونی بکەن تاکوو هەڵەکانی خۆیان بزانن لە هاوسەرگیری پێشوودا، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.

نائومێد مەبە

هەرگیز نائومێد مەبە و چونکە هەموو پیاوەکان و هەموو هاوسەرگیرییەکان وەک یەک نین، بۆ جاری داهاتوو دەتوانیت بە بڕیاری ڕاست و دروست ژیانێکی جوان دروست بکەیت، بۆیە بۆ هاوسەرگیری داهاتووت هەرگیز بیر لە جیابوونەوە مەکەرەوە و لە مێشکی خۆتدا تۆڵە لە هاوسەری پێشووت مەکەرەوه، بەڵکوو ژیانی پێشووت لەبیر بکە تاکوو جوانی ژیانی ئێستات تێک نەچێت.

هەڵەکانی خۆت ببینە

کاتێک جیادەبیتەوە و دەتەوێت هاوسەرگیری بکەیتەوە و ژیانێکی نوێ پێک بهێنیت، بزانە گە لە هاوسەرگیری یەکەمتدا تەنها هەڵە لە هاوسەرەکەتدا نەبووە بەڵکوو تۆش هەڵەت هەبووە، بۆیە لە هەڵەکانەوە فێرببە و لە هاوسەرگیرییە نوێەکەتدا دووبارەیان مەکەرەوە.

هەستەکانی خۆت کۆنتڕۆڵ بکە

کاتێک شکستت هێناوە لە هاوسەرگیری یەکەمدا بەردەوام گلەی مەکە لە ژیان و لە هەموو پیاوان، چونکە هەموو کەسێک وەک یەک نییە، بە تایبەت ئەگەر خاوەنی منداڵ بیت نەفرەت کردن و قسە وتن بە هاوسەری پێشووت یاخود پیاوان کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر منداڵەکەت.

دوو دڵ مەبە

لە کۆمەڵگەدا تۆ یەکەم کەس و کۆتا کەس نابیت کە هاوسەرگیری دەکەیتەوە، بۆیە هەرگیز بۆ هاوسەرگیری دووەم دوو دڵ مەبە لەوەی کە بیکەیتەوە و مەترسە لە قسەی کۆمەڵگا بەڵکوو بە وریاییەوە کەسێکی گونجاو هەڵبژێرەوە و هاوسەرگیری لەگەڵدا بکە.


سەرچاوەکان



1465 بینین