یەکە پێوانەییەکان

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-08-08-01:46:00 - کۆدی بابەت: 6215
یەکە پێوانەییەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پێوانەکردن (Measurement) بریتییە لە دیاریکردنی بڕی ماددە و دەربڕینی ئەو بڕە بە شێوەی ژمارەیەکی بەهادار.

یەکەی پێوانەیی (Measurement Unit) بریتییە لە یەکەیەکی پێوانەیی تایبەتمەند کە لە ڕێگەیەوە دەربڕین بۆ هەموو بڕێکی فیزیایی دەکرێت، بۆ هەر یەکەیەکی پێوانەیی هێمای تایبەتی خۆی دادەنرێت.

لە کۆندا یەکەی پێوانەییەکان نادیاریکراو بوونە و بە ئامرازی سەرەتایی پێوانەی شتەکانیان کردووە، وەکوو پەنجە، بست، هەنگاو.
لە جیهاندا دوو جۆری سیستەمی پێوانەکردن هەیە، ئەوانیش: 

1) سیستەمی ئەمریکی یاخود ئینگلیزی (English System) لە ئەمریکا بەکادێت: پاوەند و ئینج و گالۆن بەکاردێت بۆ پێوانەکردن، ئەم سیستەمە لە سیستەمی ئینگلیزی/ بەڕیتانی وەرگیراوە و هەمان یەکە بەکاردەهێنن.

2) سیستەمی مەتری یان سیستەمی نێودەوڵەتی یەکەکان کورتکراوەی(SI)، (International System Of Units) لە وڵاتانی تر بەکاردەهێنرێت، ئەم سیستەمە لە زانستەکان بەکارهاتووە و زۆر بەربڵاوترە لە سیستەمەکەی تر. یەکەی پێوانەیی وەکوو کیلۆگرام و سانتیمەتر بەکاردەهێنن. 

یەکەی پێوانەی گەرمی Temperature

گەرمی شێوەیەکی وزەیە، لە خۆیەوە لە پلەی گەرمی بەرزترەوە دەگوێزرێتەوە بۆ تەنێکی پلەی گەرمی نزمتر.

- سیلیزی (°C): پلەی سەدی سیلیزی لە بەربڵاوترین یەکەی پێوانەیی پلەی گەرمیە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەکاردێت، لە سیستەمی مەترییە، لەم پێوەرەدا ئاو لە پلەی سفر°ی سیلیزی دەیبەستێت، و لە پلەی گەرمی 100° دەگاتە پلەی کوڵاندن.

- فەهرەنهایت(F): لە سیستەمی ئینگلیزییە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ئەمریکا بەکاردەهێنرێت، لە پلەی 212F ئاو دەگاتە پلەی کوڵاندن، و لە پلەی 32F دەیبەستێت.

- کلڤن (K): لە یەکەکانی سیستەمی جیهانییە، بە پێچەوانەی دوو یەکەکەی تر، پێوەری کلڤن بە پێوەرێکی ڕەھای پلەی گەرمی داندراوە کە لە سفرەوە دەست پێدەکات و ژمارەی ژێر سفر نیە. 

یەکەی پێوانەیی بارستایی Mass

باڕستایی بریتییە لە بڕی ماددەی کۆبووەوە لەو شتەدا،

یەکەکانی پێوانەکردنی باڕستایی لە سیستەمی مەتری SI

- میلیگرام(mg): بچوکترین یەکەی باڕستاییە، بەکاردێت بۆ پێوانە کردنی ئەو باڕستایيەنەی کە کێشیان زۆر سوكە وەکوو دەرمان.

- گرام(g): بەکاردێت بۆ پێوانە کردنی ئەو باڕستاییەی کە کێشیان کەمە وەکوو خۆراك و شتوومەك، 1000mg = 1g

- کیلۆگرام(Kg): بەکاردێت بۆ پێوانە کردنی ئەو باڕستاییەی کە کێشیان قورس و زۆرە وەکوو مرۆڤ، 1000g = 1Kg

یەکەکانی پێوانەکردنی بارستایی لە سیستەمی ئینگلیزی

- ئۆنسە(oz): بچوکترین یەکەی پێوانەیی بارستاییە، بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی بڕێکی زۆر کەم لە بارستایی.

- پاوەند(Ib): بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی باڕستایی قورس.
1Ib = 16 oz
1 kg = 2.204 Ib

- تەن (Ton): بەکاردێت بۆ پێوانە کردنی باڕستاییە زۆر و قورسە، یەك تۆن دەکاتە دوو هەزار پاوەند.
1Ton = 2000 Ib
1ton = 1000kg

یەکەی پێوانەی ڕووبەر  Area

ڕووبەر: چەندێتییەکە دوو ڕەھەندیی بەشێکی دیاریکراو لە ڕوویەك نیشاندەدات، یەکەکان دەبێت دوو جا بێت.

یەکەکانی پێوانەکردنی ڕووبەر لە سیستەمی مەتری SI

 - سانتیمەتر دووجا (cm²): بچوکترین یەکەی پێوانەیی ڕووبەرە.
- مەتر دووجا (m²): ئەم پێوانەییە بەکاردێت بۆ ڕووبەری خانووبەرە.
- هێکتار (ha): بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی زەویەك کە ڕووبەرەکەی زۆر فراوان بێت وەکوو زەوییەوە کشتوکاڵییەکان، لە وڵاتی عێڕاق و هەرێمی کوردستان زیاتر دۆنم بەکاردەهێنرێت بۆ ئەم مەبەستە:

1 دۆنم = 2500 مەتری دووجایە
1 هێکتار = 10000 مەتری دووجایە 

یەکەکانی پێوانەکردنی ڕووبەر لە سیستەمی ئینگلیزی

- ئینج (in²): بچوکترین یەکەی پێوانەیی ڕووبەرە.
1m²= 1 550,003 in²

- پێ (ft²): یەکەی پێوانەییەکان بۆ ڕووبەری خانووبەرە بەکاردێت
1ft² = 0.0929 m²

-ئەیکەر (acre): بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی زەویەك کە ڕووبەرەکەی زۆر فراوان بێت، وەکوو زەوییە کشتوکاڵییەکان. 

یەکەی پێوانەیی قەبارە Volume 

قەبارە: بڕی ئەو بۆشاییە کە ماددە داگیری دەکات.

یەکەکانی پێوانەکردنی قەبارە لە سیستەمی مەتریSI 

- لیتر (L): بۆ یەکەیەکی گەورەیە، بۆ زانینی قەبارەی تەنێکی شل بەکاردەهێنرێت.

- میلیلیتر(ml): بۆ زانینی قەبارەی تەنێکی شل بەکاردەهێنرێت، ئەم یەکەیە بۆ بڕی زۆر بچووك بەکاردێت، وەکوو دەرمان،
1L =1000 ml

- مەتری سێجا (m³): بۆ پێوانەکردنی تەنێکی ڕەقی و شێوەی دیاریکراو و شێوەی ناڕێك بەکاردەهێنرێت، 
1m³= 1000 L

-سانتیمەتر سێجا (cm³): بۆ پێوانەکردنی تەنێکی ڕەقی بچووك بەکاردێت. 1ml = 1cm³

یەکەکانی پێوانەکردنی قەبارە لە سیستەمی ئینگلیزی

- گالۆن(gal): بۆ پێوانەکردنی تەنێکی شلی قەبارە ناڕێك بەکاردێت 1gal = 3.8L 

یەکەی پێوانەی درێژی و دووری Length and Distance

یەکەکانی پێوانەکردنی دووریی و درێژی لە سیستەمی مەتری SI 

- میلیمەتر (mm): ئەم یەکەیە بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی درێژی زۆر کەم.

- مەتر (m): ئەم یەکەیە بۆ پێوانە کردنی درێژی و دوری کەم بەکاردێت، 100cm = 1m.

- کیلۆمەتر (km): بۆ پێوانەکردنی دووریی و درێژی فراوان بەکاردێت، وەکوو دووری نێوان دوو شار.
1000m = 1km

یەکەکانی پێوانەکردنی دووریی و درێژی لە سیستەمی ئینگلیزی

- ئینج (in): بۆ یەکەی پێوانەی درێژی کەم بەکاردێت. 1in = 2.54cm

- پێ (ft): بۆ پێوانەکردنی دووریی کەم و بەرزی بچووك بەکاردێت وەکوو بەرزی بینایەك.
1ft = 12 in
1ft = 0.3048 m

- یارد (yard): بۆ دیاریکردنی درێژی زۆر فراوان بەکاردێت، وەکوو دیاریکردنی درێژی یاریگایەکی
1yard = 3 ft= 36 in
1yard =0.9144 m

- میل (mile): بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی دووریی زۆر، وەکوو دووری نێوان دوو شار 
1mile = 5280 ft = 1760yard
100mile = 160.9344 km 

یەکەی پێوانەی کات Time

لە هەردوو سیستەمەکە هەمان یەکە بەکاردێت:

- چرکە (S): یەکەی سەرەکی پێوانەکردنی کاتە.

- خولەك(m): 1 خولەك = 60 چرکە، خولێکی تەواوی میلەکانی کاتژمێرە

- کاتژمێر(hr): 1 کاتژمێر = 60 خولەك.

- ڕۆژ (day): 1ڕۆژ=24 کاتژمێر=1440خولەك =86400 چرکە

- هەفتە (Week): یەك هەفتە = 7 ڕۆژ

- مانگ(Month): یەك مانگ = 30 یاخود 31 ڕۆژ

- ساڵ (year): 1 ساڵ = 12 مانگ= 52 هەفتە=365 ڕۆژ


سەرچاوەکان



8776 بینین