زیو – Ag

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-10-00:14:00 - کۆدی بابەت: 6239
زیو – Ag

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زیو توخمێکی کیمیاییە و هێماکەی بریتییە لە (Ag) کە لە وشە لاتینی (argentum) وەرگیراوە و بە مانای بریقەدار دێت، گەردیلە ژەمارەی زیو 47 و یەکێکە لە کانزا گوازراوە نەرم و بریقەدار و سپییەکان، هەروەها لە هەموو کانزاکان توانای گەیاندنی کارەباو پلەی گەرمی زیاترە و خاوەنی زۆرترین تیشکدانەوەیە، زیو بەشێوەیەکی پوخت لەسەر توێکڵی زەوی هەیە کە هەندێک جار وەک داڕشتەیە و لەگەڵ زێڕ و چەند کانزایەکی تردا تێکەڵن، هەروەها لە کانزا کانییەکاندا هەیە وەک ئارجێنتایت (argentite) و کلۆرارجایرایت (chlorargyrite)، زۆربەی زیوەکان دەسدەکەوێن لەڕێگەی پاککردنەوە و پوختەکردنی مس، زێڕ، قوڕقوشم و زینک.

زیو لەمێژە بە کانزایەکی بەنرخ دادەنرێت و لە دروستکردنی زۆربەی دراوە ئاسنینەکاندا بەکاردەهێنرێت، بێجگە لە بەکارهێنانی لە بوارەکانی دراودا زیو بەکاردەهێنرێت لە دروستکردنی تەختە خۆرییەکان (solar panels)، پاککردنەوەی ئاو، خشڵەکان، جوانکارییەکانی ناوماڵ، کەرەستەکانی سەرمێز (کەوچک، چەتاڵ، پەرداخ)، ئاوێنە تایبەتەکان و وەک هاندەرێکی کارلێکە کیمیاییەکان، ئاوێتەکانی زیو بەکاردەهێنرێن لە بوارەکانی وێنەگرتن و فیلمی تیشکی ئێکس (X-ray)، هەروەها گیراوەی ڕوونی نیتراتی زیو وەک پاککەرەوەیەک بەکاردەهێنرێت.

تایبەتمەندییە گشتییەکان

شێوازی دەركەوتن کانزای سپی درەوشاوە
گەردیلە بارستە 107.8682
گەردیلە ژمارە 47
کۆمەڵە کۆمەڵەی 11
خول خولی پێنج
خشتۆك D
ڕیزبوونی ئەلیكترۆنەكان بۆ هەر بەرگێك 

1 ،18 ،18 ،8 ،2

سیفەتە فیزیاییەکان

دۆخ لە پلەی گەرمی و پەستانی پێوانەییدا (STP)  ڕەق
پلەی توانەوە 961.78 پلەی سیلیزی
پلەی كوڵان  2162 پلەی سیلیزی
چڕی لە لە پلەی گەرمی و پەستانی پێوانەییدا (STP) 10.49 گرام بۆ سانتیمەتر سێجا
پلەی گەرمی توانەوە 11.28 كیلۆجوڵ/مۆڵ
پلەی گەرمی بەهەڵمبوون 254 كیلۆجوڵ/مۆڵ
دۆخی گەرمی مۆڵی 25.350 جوڵ/(مۆڵXكێڵڤن)

تایبەتمەندییەکان

زیو کانزایەکی گوازراوەی نەرم و ناسک و کوتراوە، بە پێچەوانەی کانزاکانی ترەوە کە خولگەی (d)ـان بە تەواوی پڕ نییە بەڵام لە زیودا پڕە و تایبەتمەندی بەندی هاوبەشیان نییە کە ئەمەش وادەکات کە زیو کانزایەکی نەرم و ناسک بێت.

زیو ڕەنگێکی کانزایی سپی درەوشاوەی هەیە کە دەتوانرێت بە ڕێژەیەکی زۆر پۆڵیش بکرێت، زیو ڕەنگەکەی هێندە جوانە کە ناوەکەیان کردووە بە ڕەنگێک، هەروەها زیو بە بەردەوامی داڕشتە پێکدەێنێت لەگەڵ زێڕ و مس و زینکدا.

توانای گەیاندنی کارەبا و پلەی گەرمی یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی توخمەکانی گرووپی 11، چونکە هەموو توخمەکان یەک ئەلیکترۆنیان هەیە لە خولگەی دەرەوەدا کە سەربەخۆیە و لەگەل خولگە نزمەکانی تری توخمەکەدا کارلێک ناکەن، توانای گەیاندنی گەرمی زیو بەرزترینە لە هەموو کانزاکاندا، هەرچەندە هاوتای کاربۆن (ئەڵماس) لەگەڵ ژوورشلەی هیلیۆم 4 (superfluid helium-4) توانای گەیاندنیان بەرزترە، توانای گەیاندی کارەبا لە زیودا لە هەموو کانزاکانی تر زیاترە تەنانەت لە مسیش، زیو خاوەنی کەمترین بەرهەڵستییە لە هەموو کانزاکاندا، بەڵام زیو زۆر بەکەمی بەکاردەهێنرێت بۆ مەبەستی گەیاندنی کارەبا لەبەر گرانی نرخەکەی.

هاوتاکان

زیوی سروشتی (Ag-47) دوو هاوتای جێگیری هەیە کە بریتین لە (Ag-107) و (Ag-109)، هەروەها زیو 28 هاوتای تیشکدەری هەی کە جێگیرتریناین بریتییە لە (Ag-105) کە نیوەتەمەنەکەی  41.29 ڕۆژە، پاشان (Ag-111) کە نیوەتەمەنی یەکسانە بە 7.45 ڕۆژ، هەروەها (Ag-112) کە نیوەتەمەنی 3.13 کاتژمێرە، هەموو هاوتاکانی تر کە ماونەتەوە تیشکەدەرن و نیوەتەمەنەکانیان لە کاتژمێرێک کەمترە.

مێژوو

زیو یەکێکە لە حەوت کانزا دێرینەکەی میژوو لە لەلایەن مرۆڤە کۆنەکانەوە دۆزراوەتەوە، بەم بۆنەیەوە کاتی ڕاستەقینەی دۆزینەوەی نەزانراوە، سێ توخمەکەی کۆمەڵەی 11 کە بریتین لە زێڕ و زیو و مس کە بە سروشتی هەن و وەک دراو بەکارهێنراون، بەڵام زیو نەبووەتە هۆی پێشکەوتنی کانزاناسی چوونکە کانزایەکی نەرمە و نەزانراوە چۆن بەکاربهێنرێت بۆیە زیاتر وەک دراوێک بەکارهێنراوە، چوونکە زیو لە زێڕ چالاکترە و خێراتر کارلێکدەکات، زۆر لە کۆندا ئەستەمتر لە زێڕ دەستدەکەوت، بۆ نموونە لە میسڕ لە سەدەی پازدەی پێش زایندا زیو لە زێڕ گرانتر بووە، بەڵام ئەم حاڵەتە گۆڕا کاتێک تەکنیکی (cupellation) دۆزرایەوە کە بەکاردەهێنرا بۆ جیاکردنەوەی زیو لە فلز و ئەو ئاوێتە کانزاییانەی کە لە کانەکاندا دەدۆزرانەوە.

لە سەدەی 19ـدا سەرچاوەی بەرهەمهێنانی زیو گوازرایەوە بۆ ئەمریکای باکوور، بە دیاریکراوەی کەنەدا و مەکیسک و نیڤادا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها چەند بەرهەمهێنێکی لاوەکی هەبوو لە ئەوروپا و سیبیریا و ئوستراڵیا، پۆڵەندا لە ساڵەکانی 1971ـدا بوو بە بەرهەمهێنیکی گرنگی زیو بەبۆنەی دۆزینەوەی چەندین گەنجینەی مس کە دەوڵەمەندبوون بە زیو، لە ئێستادا پێروو و مەکسیک یەکێکن لە بەرهەمهێنە سەرەکییەکانی زیو.

بەکارهێنانەکان

خشڵ و کەرەستە زیوییەکان

بابەتی پەیوەندیدار: زیو - خشڵ

یەکێک لە بەکارهێنانە باوەکانی زیو بریتییە لە بەکارهێنانی لە دروستکردنی خشڵ و کەرەستە جوانکارییەکاندا، هەروەها یەکێک لە بەکارهێنانەکانی تری بریتیی لە دروستکردنی قاپ و قاچاخ کە لەگەڵیدا سوودی هەیە چوونکە زیو توانای لەناوبردنی میکرۆبەکانی هەیە، هەروەها زیوی ئەستەرلینی بەکاردەهێنرێت لە دروست کردن یاخود ڕووپۆشکردنی فلووتە ڕۆژئاواییەکان، لەڕاستیدا زۆربەی کەرەستەکان ڕووپۆش دەکرێن لەوەی کە لە زیوەکە دروستبکرێن لەبەر ناسکی و نەرمی توخمەکە.

لەبەر ئەوەی کە زیو توخمێکی زۆر نەرمە لەگەڵ مسدا داڕشتە دەکرێت بۆ بەهێزکردنی، یەکێک لە لایەنە لاوازەکانی زیو بریتیی لە لیڵبوون یاخود کاڵبوونەوە، لەڕاستیدا زیو کاڵ نابێتەوە بەڵام لەگەڵ گۆگردیدی هایدرۆجیندا کارلێکدەکات و بریقەدارییەکەی نامێنێت، بەڵام ئەم کاڵبوونەوە و نەمانی درەوشاوەییە چارەسەردەکرێت لەڕێگەی شۆردن یان بەکارهێنانی هەویری تایبەت.

تەندروستی

زیو لە بواری تەندروستیدا لە باندج و ڕووپۆشکردنی کەرەستە پزیشکییەکان بەکاردەهێنرێت، داپۆشەری برینەکانی وەک لەزگە و باندجەکان ماددەی سلڤادیازینی زیو (Silver sulfadiazine) و گەردیلە وردەکانی زیوی (silver nanomaterials) تێدایە کە بەکاردەهێنرێن لە چارەسەرکردنی پیسییە دەرەکییەکان، ئایۆنەکانی زیو لەگەڵ میکرۆبەکاندا کارلێکدەکەن و دەبنە هۆی ڕێگردی کردن لەو ئەنزیمانەی کە لە بەکتریاکاندا خۆراکەماددە دەگوازنەوە، زیوی دیامین فلۆراید (Silver diammine fluoride) کە هاوکێشەکەی بریتیی لە  [Ag(NH3)2] دەرمانێکی پزیشکییە و بۆ چارەسەرکردنی هەستیاری ددانەکان بەکاردەهێنرێت.

ئەلیکترۆنییەکان

زیو کانزایەکی گەیەنەرێکی زۆر گرنگە بۆ گەیەنەر و ئەلیکترۆدەکان بەبۆنەی زۆری توانای گەیاندنییەوە تەنانەت گەر بریقەدارییەکەشی لەدەستبدات، ڕێژەیەکی زۆر لە زیو بەکاردەهێنرێت لە دروستکردنی نیمچەگەیەنەرەکان و نەخشە ئەلیکترۆنییەکان و پێکهاتە کارەباییەکان.

کەرەستە کیمیاییەکان

زیو بەکاردەهێنرێت لە دروستکردنی کەرەستە کیماییەکاندا چوونکە زۆر کەم کارلێکدەکات و توانایەکی زۆری گەیاندنی گەرمی هەیە هەروەها بەبۆنەی ئەوەی کە نەرمە بە ئاسانی کاری لەگەڵدا دەکرێت، بۆتە زیوییەکان دروستدەکرێن لەڕێگەی داڕشتەکردنی زیو لەگەڵ ٪0.15 نیکل بۆ ئەنجامدانی ناوکەیەکگرتنی تفتە ئەلکالییەکان، هەروەها زۆربەی ئەو کەرەستانەی کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پلە گەرمە بەرزەکاندا دروستکراوە بە زیو ڕووپۆش دەکرێن.

گەردیلە نانۆییەکان – Nanoparticles

گەردیلە وردەکانی زیو کە قەبارەیان لەنێوان 10 بۆ 100 نانۆمەتر دەبێت لە بواری پیشەسازی و تەندروستیدا بەکاردەهێنرێن، یەکێک لە بەکارهێنانەکانی بریتییە لە بەکارهێنانی وەک مرەکەب بۆ کەرەستە ئەلیکترۆنییە چاپکراوەکان، هەروەها لە بواری تەندروستیدا وەک ماددەی دژە زیندەیی و دژە کەڕوو بەکاردەهێنرێت.


سەرچاوەکان



1842 بینین