زێڕ - Au

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-11-23:35:00 - کۆدی بابەت: 6251
زێڕ - Au

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زێڕ (بە ئینگلیزی: Gold) یاخود بە داڕشتەیی ئاڵتوونی پێدەوترێت، توخمێکی کیماییە و هێماکەی بریتییە لە (Au) کە لە وشەی (aurum) لاتینییەوە وەرگیراوە و گەردیلە ژمارەکەی یەکسانە بە 79، یەکێکە لەو توخمانەی کە خاوەنی گەردیلە ژمارەیەکی زۆرن و بەسروشتی دروستدەبن.

بە پوختی زێڕ کانزایەکی نەرمی بریقەداری ڕەنگ زەردی سوورباوە، کانزایەکی چڕ و نەرمە، هەروەها یەکێکە لە کانزا گوازراوەکانی کۆمەڵەی 11، زێڕ یەکێکە لە ناچالاکترین کانزاکان و لە بادودۆخی ئاساییدا ڕەقە، زێڕ لەگەڵ زۆربەی ترشەکاندا کارلێک ناکات بەڵام لە گیراوەی ئەکوا ڕێگیا کە تێکەڵەی ترشی نیتریک و ترشی کلۆریدی هایدرۆجینە دەتوێتەوە، زێڕ لە ترشی نیتریکدا ناتوێتەوە بەڵام کانزا تفتەکان و زیو دەتوێنێتەوە، زێڕ بەهەمانشێوە لە گیراوەی تفتی سایاناید (cyanide) دەتوێتەوە، هەروەها لە جیوەدا دەتوێتەوە بۆ پێکهێنانی داڕشتەی ئەمەڵگەمی.

زێڕ تاڕادەیەک توخمێکی دەگمەنە، بە درێژایی مێژوو و لە بوارەکانی خشڵ و جوانکاری و دراو و هونەردا بەکارهێنراوە. لە ڕابردودا زێڕ وەک ستاندارێک بەکاردەهێنرا بۆ دیاریکردنی نرخی دراوەکان بەڵام لە دوای ساڵەکانی 1930 دروستکردنی دراوی زێڕ کەمبوویەوە و لە ساڵی 1971 ستانداردی زێڕ لابرا و سیستمی پارەی بێ پشتیوانی (fiat currency system) بەکارهێنرا.

لە ساڵی 2019ـدا نزیکەی 197،576 تەن زێڕ لەسەر ڕووی زەوی هەبووە، ٪50 زێڕی بەرهەمهاتووی جیهان لە دروستکردنی خشڵدا بەکاردەهێنرێت، ٪40 بۆ وەبەرهێنان و سەرمایە بەکاردەهێنێن هەروەها ٪10 لە بواری پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێت.

تایبەتمەندییە گشتییەكان

شێوازی دەركەوتن زەردی کانزایی 
گەردیلە بارستە 196.966
گەردیلە ژمارە 79
کۆمەڵە کۆمەڵەی 11
خشتۆک D
خول خولی شەشەم
ڕیزبوونی ئەلیكترۆنەكان بۆ هەر بەرگێك 1 ،18 ،32 ،8 ،2

سیفەتە فیزیاییەکان

دۆخ لە پلەی گەرمی و پەستانی پێوانەییدا (STP ڕەق
پلەی توانەوە 1064.18 پلەی سیلیزی
پلەی كوڵان  2970 پلەی سیلیزی
چڕی لە لە پلەی گەرمی و پەستانی پێوانەییدا (STP) 19.30 گرام بۆ سانتیمەتر سێجا
پلەی گەرمی توانەوە 12.55 كیلۆجوڵ/مۆڵ
پلەی گەرمی بەهەڵمبوون 342 كیلۆجوڵ/مۆڵ
دۆخی گەرمی مۆڵی 25.418 جوڵ/(مۆڵXكێڵڤن)

تایبەتمەندییەکان

زێڕ لە هەموو کانزاکانی تر نەرمترە و دەتوانرێت هێندە باریک بکرێتەوە تا دەبێت بە وایەرێک کە پانییەکەی تەنها یەک گەردیلە ببێت، هەروەها تەنها یەک گرام لە زێڕ دەتوانرێت پان بکرێتەوە بۆ پەڕەیەکی پانی یەک مەتر چوارگۆشەیی، هەروەها پەڕەی زێڕی دەتوانرێت هێندە پان بکرێتەوە تا وایلێدێت دەبێت بە پەڕەیەکی نیمچە ڕوون و دەتوانن تیشکی ژێڕسوور بدەنەوە، هەروەها زێڕ گەیەنەرێکی باشی گەرمی و کارەبایە.

ڕەنگ

لەکاتێکدا زۆربەی کانزاکان ڕەنگیان خۆڵەمێشی یان زیوییە بەڵام زێڕ ڕەنگەکەی زەردێکی تا ڕادەیەک سوورباوە، ئەم ڕەنگەش بەبۆنەی لەرینەوەی پلازمایی ئەلیکترۆنەکانی هاوهێزی کانزاکەیە.

چەندین داڕشتەی جیاوازی زێڕ هەیە کە ڕەنگی جیاوازیان هەیە وەک زێڕی ڕەنگ گوڵەباخی کە لەڕێگەی داڕشتەکردنی زێڕەکە دەکرێت بە مس، هەروەها داڕشتەی زێڕ هەیە کە لەگەڵ پاڵادیۆم و نیکڵدا تێکەڵدەکرێن بۆ بەرهەمهێنانی داڕشتەی زێڕی سپی، زێڕی عەیارە 14 یاخود داڕشتەی زێڕ و مس لە ڕەنگدا زۆر لە داڕشتەکانی بڕۆنز دەچن کە زیاتر بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی باجەکانی پۆلیس و جۆرەکانی تر، داڕشتەکانی زیو و زێڕی عەیارە چواردە و هەژدە ڕەنگێکی زەردی سەوزباویان هەیە کە زۆرجار پێیدەوترێت زێڕی سەوز، زێڕی شین دروستدەکرێت لەڕێگەی داڕشتەکردنی زێڕ لەگەڵ ئاسن، هەروەها زێڕی مۆر بەرهەمدەهێنرێت لەڕێگەی زیادکردنی ئەلەمنیۆم بۆ زێڕ.

هاوتاکان

زێڕ (Au97) یەک هاوتای جێگیری هەیە لە بریتییە لە (Au-197)، هەروەها 36 هاوتای تیشکدەری هەیە کە (Au-195) جێگیرترینیانە و نیوەتەمەنی 186 ڕۆژە، زێڕ لە ئێستادا بە قورسترین توخمی تاک هاوتا دادەنرێت.

مێژوو

یەکەمین دۆزینەوەی زیو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی کۆن کە دەکاتە 40 هەزار ساڵ پێش زاین کە بە شێوەیەکی سروشتی دروستدەبوون و دەدۆزراوەنە، بەبۆنەی بریقەداری و درەوەشاوەیی و نەرمی کانزاکەوە هەروەها ئاسانی دروستکردنی خشڵ لێی، بە کانزایەکی بەنرخ دادەنرا.

یەکەمین نەخشەی کانی زێڕ کە دروستکراوە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆردەیەمی پادشایەتی میسڕ کە دەکاتە 1320 بۆ 1200 ساڵ پێش زاین، هەروەها یەکەمین نووسراو دەربارەی زێڕ دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 12 پادشایەتی میسڕ کە دەکاتە 1900 ساڵ پێش زاین، لە هیرۆگلیفی میسڕی کۆندا کە کاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 2600 ساڵ پێش زاین، پادشا توشراتا باسی زێڕ دەکات و دەڵێت: "زێڕ لە میسڕدا هێندە زۆرە لە خۆڵ زیاترە"، بەهەمانشێوە زێڕ لە نامە کۆنەکانی ئارمانادا (Amarna letters) باسکراوە کە ژمارە 19 و 26 لێدراوە و دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی 14 پێش زاین.

کلتوور

زێڕ بێجگە لە بواری کیمیاییدا چەندین بەکارهێنانی تری هەیە کە پەیوەندی بە دەستکەوت و ڕێزلێگرتنەوە هەیە، بۆ نموونە دەستکەوتە مرۆییەکان زۆرجار بە زێڕ خەڵات دەکرێن لە شێوەی مەدالیا و خەڵاتەکانی سەرکەوتن، وەک براوەکانی کێبڕکێکانی ئۆڵۆمپیاد، هەروەها خەڵاتی نۆبڵ لە زێڕ دروستکراوە لەگەڵ چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری تردا وەک خەڵاتەکانی زانکۆ و ئەکادیمیاکان، خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی ئێمی.

بەکارهێنانەکان

خشل

بابەتی پەیوەندیدار: ئاڵتوون

بەبۆنەی نەرمی زێڕی خاوەوە (عەیارە 24) زۆرجار لەگەڵ کانزاکانی تردا داڕشتە دەکرێت بۆ مەبەستی خشڵ و جوانکاری، بە داڕشتەکردنی زێڕ ڕەقی و پلەی توانەوە و تایبەتمەندییەکانی دەگۆڕێن، داڕشتەکانی کە ڕێژەیەکی کەمی پوختییان هەیە وەک عەیارە 22 و 18 و 14 هەروەها عەیارە 10 ڕێژەیەکی زیاتر لە مس و کانزاکانی تری وەک زیو و پاڵادیۆمیان تێدایە.

ئەلیکترۆنی

تەنها ٪10 زێڕ بەکاردەهێنرێت لەبواری پیشەسازیدا، تا ئێستا زۆرترین بەکارهێنانی زێڕ بریتییە لە دروستکردنی گەیەنەر کە توانای بەرگەگرتنی خراپبوون و تێکچونیان هەیە، بۆ نموونە مۆبایلێکی ئاسایی نزیکەی 50 میلیگرام زێڕی تێدایە کە نرخەکەی نزیکەی 50 سەنت دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ساڵانە نزیکەی یەک ملیار مۆبایل بەرهەمدەهێنرێت ئەوا ڕێژەی بەکارهاتووی زێڕ لە مۆبایلدا دەگاتە 500 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا.


سەرچاوەکان



2483 بینین