چارەسەری سروشتی نەهێشتنی ئاوسانی دەست و قاچ لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-11-20:29:00 - کۆدی بابەت: 6253
چارەسەری سروشتی نەهێشتنی ئاوسانی دەست و قاچ لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

چەند ڕێگایەکی سروشتی بۆ نەهێشتنی ئاوسانی دەست و قاچ لە ماوەی دووگیانیدا

ئاوسانی دەست و قاچەکان لە ماوەی دووگیانیدا حاڵەتێکی زۆر باوە و زۆرینەی خانمان تووشی دەبن، حاڵەتێکی بێزارکەرە و کار دەکاتە سەر ژیانی ڕۆژانە، لێرەوە چەند ڕێگایەکی سروشتی بزانن بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئاوسانە.

دوورکەوە لە وەستانی زۆر

کاتێک قاچەکانت ئاوساوە زۆر لەسەری مەوەستە و بە پێوە مەبە، هەروەها قاچەکانت مەخە سەر یەک لەکاتی دانیشتندا.

لەپێکردنی پێڵاوی گونجاو

تاکوو دەتوانیت پێڵاوی فراوان و تەخت لە پێ بکە، هەرگیز پێڵاوی پاژنە بەرز و تەسک لەپێ مەکە چونکە ئاوسانەکە خراپ دەکات.

قاچەکانت بەرز بکەرەوه

هەوڵبدە لە ماوەی ڕۆژەکەدا کاتژمێرێک دابنێیت و قاچت بەرزبکەیتەوە کە بەرزتر بێت لە ئاستی دڵ، بۆ نموونە پاڵکەوە و قاچت بەرز بکەرەوە بۆ سەر قەنەفەکە.

لەسەر لای چەپ بخەوە

کاتێک لەسەر لای چەپت دەخەویت، ئەم کارە وادەکات کە خوێن نەگەڕێتەوە بۆ دڵت و ئاسانی قاچ و دەست کەم ببێتەوە.

گۆرەوی تایبەت بە دووگیانی

گۆرەوی تایبەت هەیە کە درێژە و یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی قاچەکان، هەوڵبدەن کاتی چوونە دەرەوە ئەوانە لەپێ بکەن.

وەرزش کردن

ڕۆژانە وەرزشی ئاسان ئەنجام بدە کە گرنگترینیان پیادە ڕەوییه و زۆر بە پێوە مەوەستە و زۆریش دامەنیشە، ڕۆژانە ماوەیەک بە پێ ڕێبکە.

مەلەکردن

مەلەکردن و ڕاوەستان و ڕێ ڕۆشتن لەناو ئاوی شلەتێندا یارمەتی کەمکردنەوەی ئاوسان دەدات.

دانانی سەهۆڵ لەسەر ئاوسانەکە

دەتوانیت هەندێک ەهۆڵ دابنێیت لەسەر قاچەکانت تاکوو ئاوسانەکەی نەمێنێت.

قاچەکانت بکەرە ناو ئاو و خوێ

ئاو و خوێ نەک یارمەتی کەمکردنەوەی ئاوسانی قاچەکان دەدات، بەڵکوو کەشەنگبوونی ماسولکەکانی قاچیش کەم دەکاتەوە، تەشتێکی بچووک پڕبکە لە ئاوی شلەتێن و نیوەی پەرداخێک خوێ بکە ئاوەکە و دەتوانیت یەکێک لەم زەیتانەش بەکاربهێنیت بۆ گیراوەکە، زەیتی گوڵ، لاڤێندەر، ڕۆسماری، قاچەکانت بخە گیراوەکەوە تاکوو ئاوەکە سارد دەبێتەوە، سێ جار لە هەفتەیەکدا ئەم کارە دووبارە بکەنەوە.

مەساج کردن

مەساج کردن بۆ قاچەکان جگە لەوەی ئازار کەم دەکەنەوە و سوڕی خوێنی قاچەکان چالاکتر دەکەنەوە، ڕێگایەکی زۆر سروشتییە بۆ نەهێشتن ئاوسانی پێیەکان، لە خوارەوە بۆ سەرەوە مەساج بکە بە قاچەکانت هاوکات لەگەڵ کەمێک پەستان خستنە سەر قاچەکان.

کەمکردنەوەی خواردنی خوێ

زۆر خواردنی خوێ لە ماوەی دووگیانیدا هۆکارێکە تاکوو فشاری خوێن بەرز ببێتەوە و بەرزبوونەوەی فشاری خوێنیش لە ماوەی دووگیانیدا هۆکارێکە بۆ زیاتر ئاوسانی دەست و قاچەکان، بۆیە خوێی کەم بەکاربهێنە کاتی چێشت کردن و هەروەها دوورکەوە لە خواردنە خێراکان کە بڕێکی زۆر خوێیان تێدایە.

یۆگا کردن

یۆگا کردن جگە لەوەی دەروون ئارام دەکاتەوە، یارمەتی چالاکبوونی سوڕی خوێن دەدات و ڕێگری دەکات لە کۆبوونەوەی ئاو لە جەستەدا و ئاوسانی دەست و قاچەکان لە ماوەی دووگیانیدا.

کەمکردنەوەی خواردنەوە کافاینەکان 

لە ماوەی دووگیانیدا زۆر خواردەوەی ماددە کافاینەکان زیانی هەیە و ئاوسان زیاتر دەکەن، بۆیە دەتوانی ئەگەر زۆر ئارەزوویان لێ دەکەیت لەگەڵ شیردا تێکەڵی بکەیت و بیخۆیتەوە.

خواردنی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم

خواردنی پۆتاسیم یارمەتی جەستە دەدات تاکوو سۆدیۆمی زیادە لە جەستەدا لاببات و پارێزگاری بکات لە ڕێژەی خوێ و ئاوی جەستە، بۆیە گرنگە هەموو خانمێک ڕۆژانە ٢٠٠٠ بۆ ٤٠٠٠ میلیگرام پۆتاسیۆم وەربگرن، ئەو خواردنانەی کە بڕێکی زۆر پۆتاسۆمیان تێدایە وەک، مۆز، ئەڤۆگادرۆ، هەنجیر، کاهوو، پیاز، ڕێواس، کێوی، تەماتەی وشککراو، کەلەرم، مەعدەنوس، سڵق، هەڵوژە.

خواردنی دەوڵەمەند بە مەگنیسیۆم 

هۆکارێکی دیکەی ئاوسان و کۆبوونەوەی ئاو لە جەستەدا کەمبوونی ماددەی مەگنیسیۆمە لە جەستەدا، ڕۆژانە دەبێت ٢٠٠٠ بۆ ٤٠٠٠ میلیگرام مەگنیسۆم وەربگیردرێت، کە کاریگەری زۆری هەیە لەسەر کەمبوونەوەی ئاوسانی قاچەکان، ئەو خواردنانەی کە دەوڵەمەندن بە مەگنیسیۆم وەک، بادام، سڵق، شوکلاتی ڕەش، کەلەرم، بڕۆکلی، ئەڤۆگادرۆ، هەروەها خواردنی دەوڵەمەند بە مەگنیسۆم یارمەتی دابەزاندنی فشاری خوێن دەدات و گرژبوونەکانی منداڵدان کەم دەکاتەوە پێش منداڵبوون.

زۆر خواردنەوەی ئاو

ڕۆژانە نزیکی ١٠ پەرداخ ئاو بخۆنەوە ئاوی زۆر باڵانسی نێوان ئاو و خوێی جەستە ڕادەگرێت، بۆیە پێویستە خانمان ڕۆژانە ئاوی زۆر بخۆنەوە، هەروەها دەتوانن قاشێک لیمۆ بکەنە ئاوەکەوە کە لیمۆش یارمەتدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی قاچەکان.

نەکێشانی جگەرە

جگەرە کێشانیش هۆکارێکە تاکوو جەستە زیاتر بئاووسێت لە ماوەی دووگیانیدا.

خواردنی تەندروست

ڕۆژانە خواردنی تەندروست بخۆ تاکوو کێشی جەستەت جێگیر بێت، چونکە قەڵەوی کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ئاوسانی قاچەکان، ڕۆژانە پێنج جار میوە و سەوزە بخۆ.

خەوی باش

تاکوو دەتوانیت پشوو بدە و خەوێکی باشت هەبێت، ڕۆژانە ٧ بۆ ٨ کاتژمێر بخەوە.

ڕاهێنانێک بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی قاچەکان

دەتوانیت بە پێوە یاخود بە پاڵکەوتنەوە ئەم ڕاهێنانە ئەنجام بدەیت، قولە پێت بنوشتێنەرەوە و دواتر بەرەو سەر و خوارەوە بیبە، ئەم کارە تاکوو ٣٠ خولەک ئەنجام بدە، لە هەر جارێکدا ٨ جار قولە پێت بجوڵێنە.


سەرچاوەکان



3051 بینین