چەند ڕێگایەکی سروشتی بۆ زیادبوونی شیری دایک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-12-14:18:00 - کۆدی بابەت: 6265
چەند ڕێگایەکی سروشتی بۆ زیادبوونی شیری دایک

ناوه‌ڕۆك

شیری دایک

شیری دایک باشترین خۆراکی سروشتییە بۆ منداڵی تازە لەدایکبوو، بەڵام هەندێک جار دێتە پێشەوە کە دایکەکە شیری تێدا نییە و ناچارە لە لای شیری خۆیدا شیری وشکیش بدات بە منداڵەکەی، چوار بۆ شەش هەفتەی سەرەتای شیردانت زۆر گرنگە و هەستیارە بە تایبەت ئەگەر دایکەکە یەکەمجاری بێت واتە یەکەم منداڵی بێت چونکە زۆرینەی دایکان لە سەرەتادا شیریان کەمە و بە دەگمەن دایک هەیە هەر لەسەرەتاوە شیری زۆر بێت، بۆیە پێویستە ئاگاداربێت و تەواوی هەوڵی خۆی بدات تاکوو شیرەکەی زیاد بکات.

چەند ڕێگایەک بۆ زیادبوونی شیری دایک

ئاگاداری لە کاتی پێدانی شیرەکەدا

ئاگاداربە کە منداڵەکەت بە باشی مەمکت بگرێت و بە تەواوی نزیکی بکەرەوە و بیلکێنە بە سنگتەوە، چونکە ئەگەر هەر لە سەرەتاوە بە هەڵە شیر بدەیت بە منداڵەکەت شیرەکەت زیاد ناکات و وردە وردە وشک دەکات، کاتێک منداڵەکە بە تەواوی دەتوانێت گۆی مەمکت لە دەمیدا بێت زۆر دەیمژێت و بەمەش مەمکت دەوروژێت و وروژمی شیر زیاد دەکاتە ناوی.

شیرپێدانی زۆر

جەستەی خانمەکە بە شێوەیەک دروست بووە کە هەرچەند شیری زیاتر بدات بە منداڵەکەی، شیرەکەی زیاتر دەبێت، گرنگە لە هەفتەکانی سەرەتای دوای منداڵبووندا هەر دوو کاتژمێر جارێک شیر بدەیت بە منداڵەکەت، تەنانەت ئەگەر منداڵەکەشت نوستبێت نابێت لە سێ کاتژمێر و نیو تێپەڕ بکات کە شیری نەخواردبێت، بۆیە پێویست دەکات خەبەریبکەیتەوە و شیری پێ بدەیت.

فشار خستنە سەر مەمک

ئەگەر منداڵەکەت بە هۆی ئەوەی کە شیرەکە زۆر کەمە نایگرێت و هیچ بڕێکی شیر نایەتە دەمییەوە و ناتوانێت سنگت بمژێت تاکوو شیری زیاتری بۆ بێت، دەبێت خۆت یارمەتیدەر بیت و دەست بکەیت بە فشار هێنان بۆ مەمکت و شیری لێ بهێنێت تاکوو منداڵەکەت بتوانێت بیخوات دوای ئەوە وردە وردە زیاد دەکات.

مەساجکردنی مەمک

گرنگە کە مەمکت مەساج بکەیت و بەردەوام بیجوڵێنیت، بەمەش فەرمان دەنێریت بۆ مێشکت کە پێویست دەکات شیری زیاتر بەرهەم بهێنرێت.

خواردنەوەی زۆر

جەستەت هەمیشە بە شێداری بهێڵەوە و ئاو و شلەمەنی زۆر بخۆرەوە ڕۆژانە، بە لایەنی کەمەوە ڕۆژانە هەشت پەرداخ ئاو بخۆرەوە.

ژەمە خۆراکی بەسوود

دایکان ڕۆژانە پێویستیان بە بڕێکی باش لە کالۆری هەیە و هەروەها خۆراکی دیکەی بەسوود وەک خۆراکی دەوڵەمەند بە پڕۆتینەکان، شیر، هێلکە، مریشک، گۆشت، وە زۆر خواردنی سەوزە و میوە.

بەکارهێنانی تەواوکەری ماددەی خۆراکی

بەکارهێنانی کالسیۆم، ڤیتامین D، ماددەی ئاسن، فۆلیک ئەسید گرنگە بۆ زیادبوونی شیری دایکەکە.

دانانی جەوەنەی گەرم 

زۆر جار کەمی شیر بە هۆی کەمی وروژمی خوێنە بۆ ناو مەمکەکان، بۆیە گرنگە کە پێش شیردان جەوەنەی گەرم بخەیتە سەر مەمکت، جەوەنەیەکی پڕ لە ئاوی گەرم یاخود خاولییەک بە ئاو گەرم بکە و لەسەر مەمک و ناوچەی گۆی مەمک دایبنێ، دواتر بۆ ماوەی ٥ بۆ ١٠ خولەک مەساج بکە بە مەمکت و خۆت بچەمێنەرەوە و بە باشی منداڵەکە بنوسێنە بە خۆتەوە و شیری پێدە لەم کاتەدا هەست بە قورسبوونی مەمکت دەکەیت.

شیردان لە هەردوو مەمکەکەوە

لە هەر جارێک لە شیردانت بە منداڵەکەت واباشترە کە منداڵەکە لە هەردوو مەمکتەوە شیر بخوات، چونکە جوڵان و وروژانی هەردوو مەمکەکە بە جارێک زیاتر یارمەتیدەرە بۆ زیادبوونی شیرەکە.

دوورکەتنەوە لە جگەرەکێشان و خواردنەوە کهولییەکان

دوورکەتنەوە لە جگەرەکێشان و خواردنەوە کهولییەکان کە بەرهەمهێنانی شیر کەم دەکەنەوە.

خەوێکی تەندروست

کەمخەوی و پەستانی دەروونیش هۆکارێکن تاکوو شیری دایک زیاد نەکات، گرنگە دایکانی شیردەر خەویان ڕێکبێت و تێر خەو ببن، هەروەها دوورکەونەوە لە هەر هۆکارێک کە پەستانی دەروونی دروست دەکات لەسەریان.


سەرچاوەکان



12419 بینین