چەند ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتی دڵتێکچوون لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-17-22:39:00 - کۆدی بابەت: 6335
چەند ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتی دڵتێکچوون لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

دڵتێکچوون لەماوەی دووگیانیدا

لە هەر پێنج خانمێکی دووگیان چواریان دووچاری دڵتێکچوون دەبنەوە، دڵتێکچوون و ڕشانەوە حاڵەتێکی ناخۆشە و دایکەکە بێهێز دەکات، حاڵەتی دڵتێکچوون لە سێ مانگی یەکەمدا زۆرە و به گشتی تاکوو هەفتەی چوادەیەم کۆتایی پێ دێت.

چەند ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتی دڵتێکچوون لەماوەی دووگیانیدا

دانەوێڵە بخۆ

کاتێک دڵتێکچوونت بۆ دێت هەوڵبدە لەوکاتەدا بەرهەمێکی دانەوێڵە بخۆیت، وەک بسکیت و هەڵبدە کاتێک لە خەو هەڵدەستیت هەموو بەیانییەک بسکیتێک بخۆیت.

پڕۆتین و کاربۆهیدرات

ئەو خواردنانەی کە ڕۆژانە دەیخۆیت با دەوڵەمەند بێت بە پڕۆتین و کاربۆهیدرات کە ئەمانە حاڵەتی دڵتێکچوون کەم دەکەنەوە.

خواردنەوە ساردەکان

خواردنەوەی ئاوی زۆر وهەروەها ئەو خواردنەوانەی کە ساردن وەک ئاوی میوەکان زۆر گرنگە.

مەڕۆ سەر کار

دەتوانیت ئەو ماوەیەی کە زۆر دڵتێکچوونت هەیە بەیانیان نەچیتە سەر کار و پشوو بدەیت، کاتێک هەموو بەیانییەک بەپەلە لە جێگەکەت هەڵدەستیتەوە و خۆت ئامادە دەکەیت بچیتە سەر کار دڵتێکچوونەکەت زیاتر دەبێت، بە تایبەت لە هەفتەی هەشتەمدا پێویستت بە پشوودانێکی تەواوە چونکە دڵتێکچوون دەگاتە ئەوپەڕی لەوکاتەدا.

لەگەڵ هاوسەرەکەت قسە بکە

هەستەکانی خۆت بە هاوسەرەکەت بڵێ تاکوو لێت تێبگات، لەوانەیە ئەو نەزانێت کە کاتێک بۆنێکی تیژی یاوە لە خۆی دڵت پێی تێک دەچێت یاخود دادەنیشێت و لەلای تۆدا جگەرە دەکێشێت، گرنگە کە قسەی لەگەڵ بەکەیت لەم بابەتانەدا.

هۆکاری دڵتێکچوونەکەت بدۆزەرەوە

حاڵەتی دڵتێکچوون باوە لە دووگیانیدا و بە هۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوەیە، بەڵام بزانە چ شتێک وادەکات ئەمە زۆرتر ببێت لێی دوورکەوە، ئەگەر هەموو ڕۆژێک نیوەڕۆ تووشی ئەو حاڵەتە دەبیت لەوانەیە بە هۆی بۆنی چێشتەکەوە بێت یاخود بۆنی عەتر و جگەرە بۆیە گرنگە لەو شتانە دووربکەویتەوە.

خۆت سەرقاڵ بکە

گوێ مەدە بە دڵتێکچوونەکە و خۆت سەرقاڵی شتی دیکە بکە، کاتێک هەست دەکەیت دڵتێکچوونت نزیکە خۆت سەرقاڵ بکە بە شتێکەوە، کتێب بخوێنەوە، سەیری فیلم بکە، پیاسە بکە.

پاڵبکەوە

پاڵبکەوە و چاوەکانت دابخە و هەناسەی قوڵ هەڵبمژە و بیدەرەوە، هەروەها ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک دابنێ و بخەوە چونکە خەو کاریگەری زۆری هەیە بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتی دڵتێکچوون.

دوای نان خواردن پاڵمەکەوە

کاتێک نان دەخۆیت ڕاستەوخۆ دوای ئەوە پاڵمەکەوە چونکە خواردنەکە هەرس نابێت و دەبێتە هۆی دڵتێکچوون بۆیە گرنگە کە دوای نان خواردن کەمێک پیاسە بکەیت.

بەیانیان بە هێواشی هەستە لە خەو

کاتێک لە خەو هەڵدەستیت کەمێک چاوەڕێبکە و دواتر هەستە کەمێک دابنیشە لەسەر سیسەمەکە و ئینجا هەستەرەوە سەر پێ، دوای چاو کردنەوە خێرا هەستانەوە هۆکارێکە تاکوو دڵتێکچوونت زیاد بکات.

بە هێواشی خواردن بخۆ

لە کاتی نان خواردندا بە هێواشی و پارووی بچوک بگرە و زۆر بیجوە، هەروەها خواردنەوەکانیش بە هێواشی بخۆرەوە.

دوورکەوە لە بۆنی بێزارکەر

هەر بۆنێک کە دڵت پێی تێک دەچێت لێی دوورکەوە، بۆنی جگەرە، عەتر، خواردن و ئەو جێگایە بە جێبهێڵە و بڕۆ شوێنێک کراوە بێت و هەوا لێت بدات تاکوو دڵتێکچوون ڕوونەدات.


سەرچاوەکان



5944 بینین