ئەو پێداویستییانەی کە بۆ منداڵبوون دەبێت بیبەیت بۆ نەخۆشخانە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-18-14:23:00 - کۆدی بابەت: 6342
ئەو پێداویستییانەی کە بۆ منداڵبوون دەبێت بیبەیت بۆ نەخۆشخانە

ناوه‌ڕۆك

شتوومەکی منداڵبوون

زۆرینەی خانمان لە دوای هەفتەی ٣٧ منداڵیان دەبێت، بەڵام زۆر جار بە چەند هۆکارێک منداڵبوون پێش دەکەوێت و حاڵەتی لەناکاو ڕوودەدات، بۆیە گرنگە کە خانمان لە هەفتەی ٣٢ دووگیانییەوە شتومەکەکانیان ئامادە بکەن.

شتوومەکی پێویست بۆ دایکەکە کە دەبێت بیبات لەگەڵ خۆی کاتی منداڵبوون

بەڵگەنامە

پێش هەموو شتێک گرنگە کە خانمەکە پێناس و ئەنجامی پشکنینەکان و کۆمەڵێک بەڵگەنامەی تایبەت لەگەڵ خۆیدا ببات.

جلوبەرگ

کاتی چوونە نەخۆشخانەوە جلی فراوان بپۆشن و جلێک بێت کە تێیدا ئارام بیت و هەروەها پێویست دەکات کە یەک دوو دەستی تر جلت پێ بێت، بۆ ئەوەی کە لەوێ پیس بوویت بیگۆڕیت و هەروەها بۆ ئەوەی کە لە نەخۆشخانە دەرچوویت جلی نوێ لەبەربکەیت، ستیانێکی گونجاو لەبەربکە کە ژمارەیەک یاخود دوو ژمارە گەورەتر بێت لە قیاسی خۆت، چونکە دوای منداڵبوون شیر دەدەیت و نابێت زۆر توند مەمکت بگرێت، هەروەها شۆرتی زۆر توند و بیجامەی تەسک لە پێ مەکەن، جووتێک پێڵاو کە پێوەی ئاسوودە بیت و هەروەها نەعل بۆ ناو نەخۆشخانەکە.

سانتی و دایبی

خانمان دوای منداڵبوون چ منداڵبوونی سروشتی یاخود منداڵبوون بە نەشتەرگەری بێت، خوێنێکی زۆریان لێ دەچێت زۆر جار سانتی بەرگە ناگرێت بۆیە دایبی تایبەت بە خانمان هەیە لەم کاتەدا و پێویستە ئامادە بێت و خانەمەکە لەگەڵ خۆیدا بیبات بۆ نەخۆشخانە.

کۆمەڵێک کەرەستەی تایبەتی

گەر چی هەندێک خانم ئەم شتانە لەبیر دەکات بەڵام گرنگە چونکە هەندێک جار لە دوو شەو زیاتر دەمێنیتەوە لە نەخۆشخانە بە تایبەت ئەگەر بە نەشتەرگەری منداڵت بووبێت، ئەو کەرەستانەش وەک، مۆبایل، شەحن، چاویلکە، فڵچەی ددان شۆردن، شامپۆ، نەرمکەرەوەی پێست، شێدارکەرەوە.

ئەو شتانەی کە یارمەتیت دەدات هەستێکی باشترت هەبێت

مۆسیقایەکی تایبەت کە حەزت لێیە دایبەزێنەرە ناو مۆبایلەکەت، یاخود زەیتی تایبەت بۆ مەساج کردن، کتێب، بەکارهێنانی مۆبایل بۆ سەیرکردنی وێنەی منداڵەکانی دیکەت.

شتوومەکی پێویست بۆ منداڵەکە کە دەبێت کاتی منداڵبوون ببرێت بۆ نەخۆشخانە

جلوبەرگ

گرنگە کە دوو سێ دەست جلوبەرگ بهێنیت بۆ منداڵەکەت، چونکە منداڵ زوو پیس دەبێت و پێویست دەکات ئەو ڕۆژەی کە لە نەخۆشخانە دەردەچیت جلێکی نوێی لەبەربکەیت، هەروەها خاولی و کڵاو و گۆرەوی و پەتووی تایبەت بە منداڵەکە نابێت لەبیربکەیت.

دایبی

پێویست دەکات کە یەک بەستە دایبی بکڕی بۆ منداڵەکەت و ئەو ڕۆژە لەبیری نەکەیت

شتوومەکی تایبەتی منداڵ

ئەگەر شتێکی تایبەتت بۆ منداڵەکەت کڕیووە، گرنگە کە لەگەڵ خۆتدا بیبەیت وەک نینۆکگر چونکە زۆر جار منداڵ دوای لەدایکبوونی نینۆکی زۆر درێژە و ڕووخساری خۆی پێ بریندار دەکات، هەروەها کرێم و بۆدرەی تایبەتی منداڵەکە.

کاریکۆت

کاریکۆت کە تێیدا دەتوانیت منداڵەکەت هەڵگریت لە نەخۆشخانە و هەروەها کاتی ڕۆشتنەوەش دەتوانیت منداڵەکەتی تێدا دابنێیت و هەڵیبگریت، کە ئاسانتر هەڵدەگیرێت و ئازاری پێناگات چونکە منداڵ زۆر ناسکە.


سەرچاوەکان



22992 بینین