ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەر مەمکدا دێت لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-19-16:12:00 - کۆدی بابەت: 6360
ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەر مەمکدا دێت لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

گۆڕانی مەمک لەماوەی دووگیانی

لەماوەی دووگیانیدا جەستە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت، یەکێک لەو ئەندامانەش بریتییە لە مەمکەکان کە گۆڕانکارییا بەسەردا دێت، مەمک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەماوەی دووگیانیدا چونکە ئامادە دەبێت تاکوو دوای منداڵبوون شیر بەرهەم بهێنێت بۆ منداڵەکە.

چ کاتێک مەمکەکان دەست دەکەن بە بەرهەمهێنانی شیر؟

لەماوەی دووگیانیدا زۆربوونی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین نیشانەی بەرهەمهێنانی شیرە، بەڵام لە ڕاستید مەمکەکان شیر بەرهەم ناهێنن، چونکە ئیستڕۆجین و پڕۆجیسترۆن پڕۆلاکتین ڕادەگرن، دوای منداڵبوون ڕێژەی ئەم دوو هۆڕمۆنە کەم دەکات، و دەردانی هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین وادەکات کە شیر وروژم بکات و تاکوو شیردان دەست پێبکات.

چ کاتێک مەمک گۆڕانکاری بەسەردا دێت؟

مەمکەکان لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا زۆرترین کاری خۆیان دەکەن، لە چەند هەفتەی سەرەتادا هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن وادەکات کە ڕژێنەکانی بەرهەمهێنەری شیر گەشەی زیاتر بکەن، هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن وادەکات کە مەمکەکان گەورەترببن و نزیکەی یەک بۆ دوو سایز گەورەتر دەبێت، و تاکوو لە کاتی منداڵبوون نزیکتر ببیتەوە مەمکەکان گەورەتر دەبن.

ئەو گۆڕانکارییانە چین کە بەسەر مەمکدا دێت لەماوەی دووگیانیدا؟

هەستیاربوون و ئازاری مەمکەکان

زۆرینەی خانمان لەماوەی دووگیانیدا مەمکیان ئازاری دەبێت و ئەم ئازارەش لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی دیکە دەگۆڕدرێت، خانم هەیە ئازارەکەی کەمترە و خانمیش هەیە کە زۆر هەستیار و بە دەست لێدانێکی سادە یاخود بەرکەوتنێک ئازارێکی زیاتری پێدەگات، ئازاری مەمک لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا زۆر باوە، کە ئەویش زیادبوونی لەناکاوی هەردوو هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆنەوەیە، خانمان کاتێک دەگەنە سێ مانگی دووەمی دووگیانی ئازار و هەستیاربوونی مەمکیان کەمێک کەمتر دەکات.

گەورەبوونی مەمک

مەمکەکان دوای هەفتەی شەشەمی دووگیانی دەست دەکەن بە گەشەکردن و تاکوو کۆتایی دووگیانی ئەم گەشە و گەورەبوونی مەمکە بەردەوامی هەیە، زۆرینەی خانمان لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانییەوە ئیتر دەبێت قیاسی ستیانەکەیان یەک یاخود دوو سایز گەورەتر بێت.

هەندێک لە خانمان ئەم گەورەبوونی مەمکە وردە وردە هەست پێ دەکەن، بەڵام هەندێکیان بە خێرای و لەناکاو ڕوودەدات، ئەم جۆرانە لەگەڵیدا هەست بە خورانی مەمکیشیان دەکەن چونکە پێستی ئەو ناوچەیە بە خێرای کشاوە، شێدار هێشتنەوەی پێستەکە دەتوانێت ڕێگری بکات لە خورانی، ئەگەریش هەر لە سەرەتای دووگیانیەکەتەوە هەموو ڕۆژێک بە زەیت مەساج بکەیت بۆ مەمکەکانت ئەوا دووچاری قڵیشان و خوران نابێتەوە، بەڵام ئەگەر لەبیرت چوو و مەمکت قڵیشا و خورانی هەبوو ئەوا دەتوانیت هەموو ڕۆژێک شێدارکەرەوەی بۆ بەکاربهێنیت.

دەرکەوتنی دەماری باریک لەسەر مەمک

زۆرێک لە دایکان لەماوەی دووگیانیدا دەماری شینی باریک دەبینن لەسەر مەمکیان، ئەمەش بە هۆی زیادبوونی وروژمی خوێنەوەیە بۆ ناو مەمکەکان، بڕی خوێنی جەستە تاکوو کاتی منداڵبوون ٪٥٠ زیاد دەکات ئەویش بە هۆی پێوستی منداڵەکەوە بۆ خوێن و خۆراک و ئۆکسجینی، هەڵبەتە دوای منداڵبوون یان وازهێنان لە شیردان ئەمە کەم دەکات و مەمکەکان دەگەڕێنەوە باری ئاسایی خۆیان.

گۆڕانکاری لە گۆی مەمکدا

هەر وەک چۆن مەمک ئامادە دەبێت بۆ شیردان، گۆی مەمکیش ئامادە دەبێت بۆ شیردان، گۆی مەمک و بەشە قاوەییەکەی دەوری لەماوەی دووگیانیدا تۆختر دەبێتەوە ڕەنگەکەیان، و لە چەند ڕۆژی پێش منداڵبوونیشدا گۆی مەمک گەورە دەبێت.

لە سەرەتاکانی دووگیانیدا، هەندێک دەرهاویشتەی بچووک لەسەر بەشە قاوەییەکەی دەوری گۆی مەمک دروست دەبێت کە پێیان دەوترێت (montgomery) لە ڕاستیدا ئەمانە ڕژێنی چەورین کە فەرمانیان ئەوەیە بەکتریاکان لەو ناوەدا دووربخەنەوە ئەویش بە دەردانی جۆرێک لە چەوری، ئەمەش یەکێکە لە نیشانەکانی دووگیانی.

دەردراوەکانی گۆی مەمک

لەوانەیە لە هەفتەی ١٦ـی دووگیانیدا، مەمکەکانت بۆ بەرهەمهێنانی شیر بە تەواوەتی ئامادەبن، بۆیە لەوانەیە هەندێک جار دەردراوێکی ڕەنگ کرێمی بە ناوی ژەک لە گۆی مەمکتەوە بێتە دەرەوە، کە ماددەیەکی زۆر گرنگە و پێویست دەکات هەموو منداڵێک بیخوات سوودی زۆرە بۆ بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری منداڵەکە، جگە لە دەردراوی ڕەنگ کرێمی و سپی ئەگەر هاتوو خوێن لە گۆی مەمکەوە هاتە دەرەوە بە خێرایی سەردانی پزیشک بکەن.

بوونی گرێ لە مەمکدا

زۆر جار خانمان هەست بە بوونی گرێ دەکەن کە ئەم گرێیانە خۆشبەختانە پاکن و گرێی شێرپەنجەی نین، کە لەوانەیە کیس یاخود کیسی پڕ لە شیر بێت، بەڵام ئەگەر هەرکات هەستت بە گرێ کرد لە مەمکتدا بۆ دڵنیایی سەردانی پزیشک بکە.

چەند هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی ئازاری مەمک لەماوەی دووگیانیدا

- ستیانی تایبەتی دووگیانی بەکاربهێنن و با قیاسەکەی گەورەتر بێت کەمێک لە قیاسی خۆت، ستیانی ئیسفەنج دار بەکارمەهێنە و هەروەها لە کاتی خەودا ستیان مەبەستە.

- دوورکەوە لە داهێنانی قژی درێژت کە زۆر دەستت بەرز دەکەیتەوە و بەمەش ئازاری مەمک و شان و ملت زیاتر دەبێت.


سەرچاوەکان



2849 بینین