داگیرکردنی عێراق

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-19-16:09:00 - کۆدی بابەت: 6361
داگیرکردنی عێراق

ناوه‌ڕۆك

جەنگی عێراق

جەنگی عێراق ڕووبەڕووبونەوەیەکی چەکداری ماوەدرێژ بوو کە بە داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە دەستی پێکرد لە ٢٠٠٣، داگیرکردنەکە بووە هۆی ڕووخانی حکوومەتی سەدام حسێن و حیزبی بەعس، لەدوای ئەوەش جەنگی گرووپە تیرۆرستی و بەرگریکارەکان دەستی پێکرد و بووە هۆی جەنگێکی ناوخۆی سەخت لە ناو عێراق، لەو ماوەیەدا ١٥١ بۆ ٦٠٠ هەزار عێراقی کوژران، ساڵی ٢٠١١ـش ئەمریکا عێراقی بەجێهێشت و بۆ جارێکی دیکە لە ٢٠١٤ گەڕایەوە دوای جەنگی داعش.

داگیرکردنی عێراق لە ٢٠/٣/٢٠٠٣ دەستی پێکرد کاتێک هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیان بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر عێراق دەستیان پێکرد و لە مانگی ١٢ـی هەمان ساڵ سەدام حسێن دەستگیرکرا لە ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیانی سووردا.

دوای ڕووخانی حکوومەتەکەش لە ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ کەشێک دروستبوو بۆ جەنگی نێوان سوننە و شیعەکان و دەست تێوەردانی ئێران لە عێراق و سەرهەڵدانی گرووپی قاعیدە لە عێراق و گەورەبوونیان.

لە ٢٠٠٥ عێراق هەڵبژاردنێکی فرەحیزبی ئەنجامدا و لە ٢٠٠٦ نوری مالیکی بوو بە سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەتاوەکوو ٢٠١٤ لەو پێگەیەدا مایەوە، سیاسەتی مالیکی پێگەی سوننەی لاواز کرد و ناوچە سوننیەکانی پشتگوێ خست.

هۆکاری جەنگ

بەهۆی تەشەسەندنی هێزی چەکداری عێراق و ویست و خواستەکانی سەدام بۆ بەدەستهێنانی هەموو جۆرە وزە و هێزێک بۆ بەهێزبوون، ترس لە دڵی ئەمریکییەکان نیشت و حکوومەتی جۆرش بوشی کوڕ وڵاتی عێراقی تۆمەتبار کرد بە هەبوونی چەکی کۆکوژ و وێرانکەر، سیاسەتمەدارە ئەمریکییەکانیش تۆمەتباریان کرد بە هاوکاری قاعیدە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانانی، هەندێکی دیکە پێیانوایە هۆکاری جەنگەکە ویستی ئەمریکا بووە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری عێراق و دامەزراندنی حکوومەتێکی دیموکراسی.

لە دوای جەنگەکە هیچ چەکێکی کۆکوژی ناوەکی بوونی نەبوو و بەهۆی ئەمەشەوە چەندین دەنگی ناڕەزایەتی لە دەرەوە و ناوەوەی ئەمریکا سەریهەڵدا.

بڕیاردان بۆ جەنگ

بەپێی ئەو زانیارییانەی لای ئەمریکیەکان بوو هەرچەند لەگەڵ زانیاری دەزگای هەواڵگریدا یەکی نەدەگرتەوە، پێیانوابوو عێراق ویستی ئەوەی هەیە هێرشێکی ئاسمانی بە چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی دیکە بۆ سەر کەناراوەکانی ئەمریکا بکات، ئەویش بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، بەڵام سیخوڕە ئەمریکیەکان ڕایانگەیاندبوو کە عێراق هیچ فڕۆکەیەکی لەوشێوەیەی نییە بۆ مەودایەکی دوور بفڕێت.

ساڵی ٢٠٠٢ بڕیاری سەرۆکی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ لەناوبردنی چەکە دژەئاسمانییەکانی عێراق دەرچوو لە پێش داگیرکردنەکە.

لە ١١/١٠/٢٠٠٢ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بڕیاری بە هێرش دا.

بڕیارەکە بەپێی دەستووری ئەمریکا و کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆرش بوش بوو بۆ شەڕکردن دژی هەر مەترسییەک کە ڕووبەڕووی ئەمریکا دەبێتەوە، ئەوەش بەپێی یاسای ڕزگارکردنی عێراقی ساڵی ١٩٩٨، کە یاساکە جەخت دەکاتەوە لەوەی دەبێت حکوومەتی عێراق بڕوخێندرێت و سەدام حسێن سزا بدرێت.

لە ١٦/١٠/٢٠٠٢ جۆرش دەبلیو بوش واژووی لەسەر ئامادەکردنی سووپا کرد بۆ جەنگی عێراق.

پێشتر کۆلین پاوڵ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چەند وتارێکیدا ڕوونی کردبوویەوە کە عێراق خاوەنی چەندین وێستگە و تاقیگەی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی و قەدەغەیە، ئەوەش زیاتر بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕافد ئەحمەد علوان جەنابییەوە وەریگرتبوو، بەڵام ساڵی ٢٠١١ ڕافد دانی بەوەدا نا کە درۆی کردووە بۆ دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا دەربارەی چەکەکانی عێراق تەنیا بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت بەهۆیەوە حکوومەتەکەی بەعس بڕوخێنێت.

داگیرکردنی عێراق

داگیرکردنی عێراق یەکەمین بەش و قۆناغی جەنگی عێراق بوو، لە ١٩/٣/٢٠٠٣ (بە هێزی ئاسمانی) و لە ٢٠/٣/٢٠٠٣ (بە هێزی زەمینی) بە ماوەی مانگێک و چەند ڕۆژێک هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیا و پۆڵەندا و ئوستوڕالیا هێرشیان کردە سەر عێراق، لە ١/٥/٢٠٠٣ سەرۆک جۆرج بووش ڕایگەیاند کە یەکەمین قۆناغ و جەنگی گەورە کۆتایی پێهاتووە، و دوای ئەوەش یەکەمین دەسەڵاتی کاتی دامەزرا کە پێی دەوترا "دەسەڵاتی هاوپەیمانی کاتی" و هەتاوەکوو یەکەمین هەڵبژاردن لە ٢٠٠٥ بەردەوام بوو، لەدوای ئەوەشەوە هێزەکانی ئەمریکا هەتاوەکوو ساڵی ٢٠١١ لە عێراق مانەوە.

لە نێوان مانگی سێ بۆ پێنجی ٢٠٠٣ هێزەکانی هاوپەیمانان زیاتر لە ١٧٧ هەزار سەربازیان ڕەوانەی عێراق کرد بە سەرکردایەتی ئەمریکا، کە ١٣٠,٠٠٠ ئەمریکی و ٤٥,٠٠٠ بەریتانی و ٢٠٠٠ ئوستوڕالی و ١٩٤ پۆڵەندی بوون، دواتریش ٣٤ وڵاتی دیکە بەشداری جەنگەکەیان کرد، پێش ئەمانەش لە ١٨/٢/٢٠٠٣ زیاتر لە ١٠٠ هەزار سەربازی ئەمریکی لە کوەیت جێگیر کرابوون، هەموو ئەمانەش بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە لە باکووری وڵاتەکە و هەرێمی کوردستان.

بەپێی قسەکانی جۆرج بووش و سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا تۆنی بلێر "ئازادکردنی عێراق بۆ لەناوبردنی چەکی کۆکوژ و وەستاندنی سەدام حوسەین لە کردەوەی تیرۆر و ئازادکردنی خەڵکی عێراقە"، هەریەک لە کەنەدا و ئەڵمانیا و نیوزلەندا و فەڕەنسا لەو وڵاتانە بوون کە دژی داگیرکردنی عێراق بوون.

پێش هێرشەکە لە چەندین شوێن خۆپیشاندان کرا بۆ ئەوەی ئەو هەڵمەتە بوەستێنرێت، وەک ئەوەی لە ڕۆما زیاتر لە سێ ملیۆن کەس کۆبوونەوە دژی جەنگی عێراق، کە گەورەترین کۆبوونەوەی دژی جەنگە لە جیهان.

شەوی پێش هێرشەکە زۆرینەی خاڵە گرنگەکانی وڵات لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە هێرشی ئاسمانییان کرایە سەر و لەناوبران، دواتریش لە ٢٣ـی ٣ سووپای عێراقیان لە جەنگی ناسڕیە شکاند، بەشی باکووریش لەلایەن کوردەکان و هێزەکانی دیکەوە پاککرایەوە، وڵاتەکە لە ماوەی مانگێک ڕووخا و هیچ ڕووبەڕووبونەوەیەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینی لەلایەن دەوڵەتی بەعسەوە، لە ٩/٤ هێزەکانی هاوپەیمانان شاری بەغدادیان داگیرکرد، بەڵام هیچ نیشانەیەک لە سەدام حوسێن نەدۆزرایەوە.

دواتریش لە کۆتایی ساڵ لە ئۆپەراسیۆنی سپێدەی سوور سەدام حوسێن دەستگیرکرا.

بەرەکان

بەرەی هاوپەیمانان بەرەی حکوومەتی عێراق
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سووپای عێراق
بەریتانیا هێزە چەکدارەکانی بەعس 
پۆڵەندا گاردی کۆماری
ئوستوڕالیا فیداییەکانی سەدام
پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆبەخشی عێراقی
پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان موجاهیدینی خەلق
ئیتاڵیا (هاوکاری) ئەنسارولئیسلام
هۆڵەندا (هاوکاری)  
ئیسپانیا (هاوکاری)  

 

سەرکردەکان

هاوپەیمانان عێراق
جۆرج بووشی کوڕ سەدام حوسێن
دیک چەینی قوسەی سەدام حوسێن
دۆناڵد ڕەمسفێڵد عودەی سەدام حوسێن
تۆمی بێنتلی عەبدولحەمید مەحموود تکریتی
تۆنی بلێر عەلی حەسەن مەجید
برایان بریج بەرزان ئیبراهیم تکریتی
جۆن هاوۆرد عیزەت دوری
ئەلێکساندەر کواشنێڤسکی رەعد مەجید حەمدانی
پیتێر جۆن کاسگۆرڤ تەها یاسین ڕەمەزان
مەسعوود بارزانی تاریق عەزیز
جەلال تاڵەبانی مەسعود ڕەجەوی
کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی مەریەم ڕەجەوی
ئەحمەد چەلەبی مەلا کرێکار
بابەکر زێباری  

 

هێزەکان

هاوپەیمانان ژمارەی سەرباز عێراق ژمارەی سەرباز
ئەمریکا ١٩٢,٠٠٠ (تێکەڵ) سووپا ٥٣٨,٠٠٠
بەریتانیا ٤٥,٠٠٠ (سووپا) یەدەگ ٦٥٠,٠٠٠
ئوستوڕالیا ٢٠٠٠ (سووپا) تانک ٢٠٠٠
پۆڵەندا ١٩٤ (هێزی تایبەت) گاردی کۆماری تایبەت ١٢,٠٠٠
پێشمەرگە ٧٠,٠٠٠ گاردی کۆماری گشتی ٧٥,٠٠٠
کۆنگرەی نەتەوەیی عێراق ٦٢٠ فیداییەکانی سەدام ٣٠,٠٠٠
    سەرایا ئیسلام ١٦٠٠ بۆ ٢٨٠٠
کۆی گشتی کوژراوەکان ٢٣٨ کەس کۆی گشتی کوژراوەکان ٧٠٠٠ بۆ ٤٥,٠٠٠

 


سەرچاوەکان



4871 بینین