خەتی ژێر ناوک لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-31-15:09:00 - کۆدی بابەت: 6454
خەتی ژێر ناوک لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

خەتی ژێر ناوک

خەتی ژێر ناوک بۆ زۆرینەی خانمان یەکێکە لە نیشانەکانی دووگیانی، کە خەتێکی تۆخە لە سەر و زێوە تاکوو ناوک دەڕوات و بە گشتی لە چوارەم مانگی دووگیانییەوە دەردەکەوێت، ئەم نیشانەیە نیشانەیکی بێ زیانە و دوای منداڵبوون وردە وردە نامێنێت و هەندێک جاریش بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە، لەوانەیە خانمەکە شەرم بکات لەو نیشانەیە و بە تایبەت کاتێک پیشانی پزیشکی دەدات بەڵام ئەم نیشانەیە زۆر باوە و لە زۆرینەی خانمانی دووگیانیدا دەردەکەوێت، کە ئەویش مانگی چوارەمەوە کاتێک وێڵاش بە جوانی دەست بە ئیشەکانی دەکات.

لە کۆندا چی وتراوە لەسەر  خەتی ژێر ناوک

خانمانی زوو وتوویانە ئەگەر هات و ئەم خەتە گەشتە ناوک ئەوا منداڵەکە کچە و ئەگەر لەناوکیش دەرچوو خەتەکە منداڵەکە کوڕە، کە ئەمە بنەمایەکی زانستی نییە.

خەتی ژێر ناوک کەی دەردەکەوێت؟

خەتی ژێر ناوک هەر وەک ڕەنگی پێستی جەستەی خانمەکەیە سەرەتا تاکوو هۆڕمۆنەکانی دووگیانی کاریگەری نەخەنە سەری دەرناکەوێت، یەکێک لەو هۆڕمۆنانەی کە کاریگەری دەخاتە سەری هۆڕمۆنی مێلاتینی دووگیانییە (هۆڕمۆنی تۆخبوونی پێست) کە ناویان لێناوە بە هۆڕمۆنی (melanocyte-stimulating)، ئەم هۆڕمۆنە دوای سێ مانگی یەکەمی دووگیانی لەلایەن وێڵاشەوە دروست دەبێت.

تۆخبوونی بەشەکانی تری پێست

تۆخبوونی ڕەنگی پێست تەنها خەتی ژێر ناوک نییە، بەڵکوو گۆی مەمک و شوێنی برینە کۆنەکانیش تۆختر دەبنەوە لەماوەی دووگیانیدا، وە هەندێک کات پەڵە بە ناوی (‌melasma) و (chloasma) لەسەر ڕووخسار دەردەکەون کە پێیان دەوترێت ماسکی دووگیانی، کە ئەم کێشەیە بە هۆی زۆر دەردانی هۆڕمۆنی ئیسترۆجینەوە دروست دەبێت، هەر بۆیە هەندێک لەو خانمانەشی کە حەپی دژە دووگیانی بەکاردەهێنن دووچاری ئەم جۆرە پەڵانە دەبنەوە، ئەم نیشانەیە بە گشتی ٪٧٥ـی خانمانی دووگیان دەگرێتەوە، وە ئەمە لە خانمانی ڕەنگ تۆخدا زیاتر ڕوودەدات تاکوو خانمانی سپی پێست.

ئایا ئەم نیشانانە دەکرێت لاببرێن؟

پەڵەکانی ڕووخسار پێویستە زۆر ئاگاداریان بیت و نەهێڵیت کە لەوە زیاتر ببن، بە هیچ شێوەیەک ئەو خانمانەی کە ئەم جۆرە پەڵانەیان هەیە نابێت بە بێ دژە خۆر لە ماڵ بچنە دەرەوە تەنانەت بە زستانیشدا، ئەگەریش پەڵەکان زۆر زیادن دەتوانیت سەردانی پزیشکی پێست بکەیت، بەڵام بە هیچ جۆرێک نابێت هیچ جۆرە دەرمانێک بەکاربهێنیت بۆ پەڵەکانت لەخۆوە، هەروەها خۆراکی تەندروست و بەکارهێنانی فۆلیک ئەسید و زۆر ئاو خواردنەوە ڕۆژانە هۆکارێکە تاکوو پەڵەکان کەمتر دروست ببن یاخود زوو کاڵ ببنەوە، هەروەها پێویست ناکات خانمان دڵگران بن لەبارەی خەتی ژێر ناوک، چونکە ئەویش وەک هەرنیشانەیەکی دیکەی دووگیانی وایە و دوای ئەوەی کە منداڵەکە لەدایکبوو نامێنێت.

دوای منداڵبوون

ئەگەر چەند مانێگێک دوای منداڵبوون پەڵەکانی ڕووخسار و خەتی ژێر ناوکت هەر مابوویەوە باشترە کە سەردانی پزیشک بکەیت، هەروەها گرنگە دوای خۆشۆردن کرێمی ڤیتامین E بەکاربهێنیت بۆ جەستەت و شوێنی پەڵەکانی جەستە و ڕووخسارت، هەندێک جاریش ڕەنگە دوای چارەسەر وەرگرتنیش ئەم پەڵانە هەر بمێننەوە و نەڕۆن تەنها کاڵتر ببنەوە.


سەرچاوەکان



20388 بینین