یەکینەکانی پاراستنی ژن - یەپەژە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-01-23:41:00 - کۆدی بابەت: 6468
یەکینەکانی پاراستنی ژن - یەپەژە

ناوه‌ڕۆك

یەپەژە

یەکینەکانی پاراستنی ژن کە بە یەپەژە دەناسرێت (بە کرمانجی: Yekîneyên Parastina Jin) گرووپێکی چەکداری ژنانی کوردە و دوای ساڵێک لە دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل دروستکراوە، ئامانجی ئەم گرووپە پاراستنی ناوچە کوردییەکان و ژنانە بە هێزێک لە ڕەگەزی دووەمی مرۆڤ، دوای جەنگی یەپەژە لەگەڵ داعش ناوبانگی یەکینەکان زیاتربوو، بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٧ زیاتر لە ٢٤ هەزار ژن لە نێو ڕیزەکانیدایە.

چالاکی ٢٠١٢
دامەزراندن ٣/٤/٢٠١٣
جۆری هێز میلیشای ژنان
ژمارەی سەرباز ٢٤,٠٠٠ (ئاماری ٢٠١٧)
فەرماندەی گشتی نەسرین عەبدوڵا
فەرماندەی کۆبانێ مەریەم کۆبانێ
فەرماندەی حەلەب سەوسەن بیرهات
فەرماندەی ڕەققە ڕۆژدا فەلات
لۆگۆ YPJ Flag.svg

هەسەدە و یەپەژە

یەکینەکانی پاراستنی ژن بەشێکە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە، لەگەڵ یەپەگەدا پەیوەندییەکانی زۆرباشیان هەیە و لە ناوجەرگەی ئەوانەوە دروستبوون کە یەپەگە تایبەتە بە پیاوان و هەڵگری یەک ئایدۆلۆژیان.

سەرەتا لە هێزەکانی پەیەدەدا لە سەرەتای جەنگی سوریا هەموو هێزەکە لە ژێر یەک ناودا شەڕیان دەکرد، لە دوای دروستبوونی یەپەگە لە ٢٠١٢، لە ٣/٤/٢٠١٣ بەشی ژنانی کرایەوە لە ناوچەی جیندرێس یەکەمین کەرتی ژنان دروستبوو.

لە ساڵی ٢٠١٤ یەکینەکانی پاراستنی ژن زیاتر لە ٧ هەزار سەربازی هەبوو کە لە نێوان ١٨ بۆ ٤٠ ساڵ بوون، لە ٢٠١٦ ژمارەیان گەیشتە ٢٠ هەزار کەس.

جەنگ

لە جەنگی سوریا ژنانی کورد ڕۆڵێکی سەرەکییان لە جەنگ هەبووە لە ناوچە کوردییەکان دژی داعش و حکومەت، لە ساڵی ٢٠١٤ بەشدارییان لە گەمارۆی کۆبانێ کرد.

ساڵی ٢٠١٤ لە جەنگی شنگال بەشداری دەکەن لەگەڵ هەریەک لە یەپەگە و پەکەکەدا و زیاتر لە ١٠ هەزار یەزیدی ڕزگاردەکەن.

ئایدۆلۆژیا

یەکینەکانی پاراستنی ژن بیروباوەڕی وایە کە ژن پێویست ناکات هەمیشە چاوەڕێی ئەوەبێت لەلایەن هێزی دەرەکی و پیاوانەوە ڕزگار بکرێت، بەڵکو خۆیشی دەتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات، دژی تەواوی کارەکانی داعشە لە دەستدرێژی و بەدیلگرتن و کوشتن.

لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت کە هەریەک لە:

  • بەشی جەنگاوەر
  • شەڕڤانی نوێ
  • شەڕڤانی بچووک (١٢ ساڵ بەرەو سەر)، ئەمانە زیاتر ئەرکی کارکردن و ئامادەکردنی خۆراکیان لەسەرە.

هەموو ئەوانەی بەشداری دەکەن لە یەپەژەدا دەبێت ئایدۆلۆژیای هێز و تێگەشتنێکی تەواویان هەبێت بۆ ناوچە کوردی و بیری یەپەژە و ناوچەی ڕۆژئاوا، هیچکەسێکیش بەشداری شەڕ ناکات تاوەکوو تەواوی ڕاهێنانەکان تەواو نەکات.

لە کاتی شەڕدا شەڕڤانان دابەش دەبن بەسەر تیمی چوار کەسیدا، بەڵام لە مەیدانی جەنگ لەگەڵ پیاوەکان تێکەڵدەبن و بڵاودەبنەوە.

جەنگەکان

  • ڕزگارکردنی ناوچەکانی ڕۆژاوا
  • شەڕی حەلەب
  • شەڕی سەرێ کانی
  • شەڕی داعش
  • گەمارۆی کۆبانێ
  • شەڕی ڕۆژهەڵاتی حەسەکە
  • شەڕی سەرین
  • شەڕی تەل ئەبیەز
  • شەڕی حەسەکە
  • شەڕی ئەلهەول
  • شەڕی بەنداوی تشرین
  • شەڕی شەدادی
  • شەڕی چڵەزەیتوون
  • هێرشی تورکیا بۆ سوریا
  • شەڕی شنگال 


سەرچاوەکان



1588 بینین