ئازاری سک لە ماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-03-14:27:00 - کۆدی بابەت: 6483
ئازاری سک لە ماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

ئازاری سک

هەرچەندە ئازاری سک و پشت و هەندێک شوێنی دیکە لە ماوەی دووگیانیدا، دەکرێت ئاسایی بن، بەڵام هەندێک کات ئازاری سک نیشانەیەکە بۆ حاڵەتێک، ئازاری سک بە گشتی بێ زیانە و ئاساییە بەڵام دەبێت بەهەند وەربگیرێت، چونکە هەندێک جار ئازاری سک لە ماوەی دووگیانیدا نیشانەیەکە بۆ چەند حاڵەتێک، ئازاری سک هەندێک جار ناوە ناوەیە و لە چەند مانگێکی دووگیانیەکەدا زیاتر دەردەکەوێت و هەندێک جاریش بە درێژایی ٩ مانگەکە ئازارەکە لەگەڵ دایکەکەدا دەبێت.

هۆکارەکانی ئازاری سک لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

سەرەتایی دووگیانی جەستە دووچاری چەندین گۆڕانکاری دەبێتەوە، کە ئازاری سک بەشێکە لەو گۆڕانکارییانە، کە بە هۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوە ڕوودەدات، ئازاری سک لە سێ مانگی یەکەمدا دابەش دەکرێت بۆ دوو بەش.

ئازاری ئاسایی لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

لە مانگەکانی سەرەتای دووگیانیدا، ئازاری سک بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوە کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە کارکردنی ڕیخۆڵەکاندا ڕوودەدات، وەک بای زۆری سک، قەبزی و کەشەنگبوونی ماسولکەکان، به گشتی ئەم نیشانانە ئاسایین و بۆ زۆرینەی خانمان ڕوودەدەن، ئەگەر هات و ئەم نیشانانە لەگەڵ نیشانەی دیکەدا هەبوون وەک، تای بەرز، خوێنبەربوونی توند، ڕشانەوە و دڵتێکچوونی زۆر ئەوا نائاسایین، هەڵبەتە ڕشانەوە و دڵتێکچوونیش نیشانەیەکی دووگیانییە لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا.

ئازاری نائاسایی و مەترسیدار لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

لە سێ مانگی یەکەمدا دوو هۆکاری مەترسیدار هەیە کە دەبنە هۆی ئازاری سک کە ئەمانەن: دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان و لەبارچوونی منداڵ.

  • دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان

دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان واتە منداڵەکە لە نێو منداڵدانی دایکەکەدا نییە، بەڵکوو هێلکە پیتێنراوەکە لە جۆگەی فالوپدا گەشە دەکات و ئەم دووگیانیەش مەترسیدارە و سەرکەوتوو نییە، کە نیشانەکانی ئەم حاڵەتە لە هەفتەی شەشەمی دووگیانییەوە دەست پێ دەکەن کە بریتین لەمانە:

  • ئازاری مامناوەند و قورس بە گشتی لە خوارەوەی سکدا
  • زیادبوونی گرژبوونی دیواری منداڵدان
  • خوێنبەربوونی توند
  • جوڵەی ڕیخۆڵەکان
  • بوونی گرێیەک لە ژێر ڕاندا
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە
  • لەبارچوونی منداڵ

لەبارچوونی منداڵ واتە مردنی منداڵەکە لەسکی دایکەکەدا پێش هەفتەی ٢٠ـی دووگیانی، لەبارچوون یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئازاری سک لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا، زۆرینەی لەبارچوونەکان لە هەفتەی ١٣ـیەمی دووگیانیدا ڕوودەدەن، کە نیشانەکانی بریتییە لە:

  • گرژبوونی سک 
  • ئازاری پشت و حەوز
  • خوێنبەربوونی مامناوەندی زێ
  • دەردراوی سپی یان پەمەیی
  • هاتنە دەرەوەی خانەکانی جەستەی منداڵەکە بە شێوەی کڵۆ خوێن
  • گرژبوونی منداڵدان کە هەر ٥ بۆ ٢٠ خولەک جارێک ڕوودەدەن، کە دەکرێت وەک ئازاری سوڕی مانگانە بێت.

ئازاری سک لە سێ مانگی دووەم و سێیەمی دووگیانیدا

سێ مانگی دووەمی دووگیانی کەمێک قورسترە لە سێ مانگی سەرەتا، ئازارەکە شێوەی خۆی دەگۆڕێت، لەم جۆرەشدا دوو جۆر ئازاری سک بوونی هەیە کە ئاسایی و نائاسایین.

ئازاری ئاسایی سک لە سێ مانگی دووەم و سێیەمی دووگیانیدا

  • گرژبوونی پێش وەختەی منداڵدان

گرژبوونێکە کە خانمان لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا و دەکرێت بڵێین لە کۆتاییەکانی سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا تووشی دەبنەوە کە ئەم گرژبوونانە بێ زیانن و ئاسایین، ئەم گرژبوونە بە بێ ئازار و ماوەکەی کەمە و مەودای نێوان گرژبوونەکان ناڕێکە و مەترسی نییە بۆ منداڵبوونی پێش وەختە، بە پشوودانێکی باش و خواردنەوەی بڕێک ئاوی باش ڕۆژانە دەتوانیت ئەم گرژبوونە کەمتر بکەیتەوە.

  • ئازاری خڕە بەستەری منداڵدان

خڕە بەستەر بەرپرسی پەیوەندی منداڵدانە بە ناوچەی حەوزەوە، کاتێک کە منداڵدان گەورە دەبێت و قورستر دەبێت، خڕە بەستەر زیاتر و زیاتر کێشی دێت، کێشی خڕە بەستەر بە گشتی لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا ڕوودەدات و بە زیادبوونی ماوەی دووگیانی زیاتر دەبێت، هەر کاتێک کە خانمەکە شێوازەکەی دەگۆڕێت وەک هەستانەوە لە جێ خەوەکەدا، کۆکە، هەستانەوە لەسەر کورسی، لەم حاڵەتانەدا دەکرێت ئازار دروست ببێت.

ئازاری نائاسایی و مەترسدار لە سێ مانگی دووەم و سێیەمی دووگیانیدا 

بە زیادبوونی ماوەی دووگیانی نیشانەکانی دووگیانی زیاتر دەکەن لە دوای هەفتەی٢٠ـی دووگیانیەوە نیشانە نائاساییەکانی سک زیاتر دەکەن کە ئەمانەن:

  • منداڵبوونی پێش وەختە

هەر جۆرە منداڵبوونێک پێش هەفتەی ٣٧ـی دووگیانی ڕووبدات پێی دەوترێت منداڵبوونی پێش وەختە، هەرچەند منداڵبوونەکە زووتر ڕووبدات کاتێکی کەمتری دەوێت بۆ گەشەی ناوەوەی منداڵدان و گەشەی منداڵەکە و بەمەش منداڵەکە زیانی زیاتری لەسەر دەبێت، نیشانەکانی منداڵبوونی پێش وەختە ئەمانەن:

  • گرژبوونی منداڵدان کە بە زیادبوونی کات زیاتر دەکات
  • خوێنبەربوونی زێ
  • تەقینی پەردەی سەراو
  • ئازاری بەردەوامی پشت

گرژبوونی وێڵاش

گرژبوونی وێڵاش کاتێک ڕودەدات کە وێڵاش نیوەی یاخود هەمووی لە دیواری منداڵدان لێ بووەتەوە پێش منداڵبوون، ئەمە حاڵەتێکی مەترسیدارە و ژیانی منداڵەکە دەخاتە مەترسییەوە، گرژبوونی وێڵاش لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا باوترە، بەڵام ئەگەری هەیە دوای هەفتەی ٢٠ـەمی دووگیانیش ڕووبدات، نیشانەکانی ئەمانەن:

  • خوێنبەربوونی توند 
  • ئازاری کەم یاخود زۆری پشت
  • گرژبوونی زێ

بەرزی فشاری خوێن

جۆرێک کۆنیشانەیە کە بە زیادبوونی فشاری خوێن و بینینی بڕێکی زۆری پڕۆتین لە میزدا دەردەکەوێت لە دوای هەفتەی ٢٠ـی دووگیانییەوە، ئەگەر بگاتە حاڵەتێکی مەترسیدار و هێشتا چارەسەر نەکرابێت لەوانەیە جگەریش زیانی بەرکەوتبێت، نیشانەکانی بریتین لە:

  • ئازاری سک 
  • هەڵئاوسانی دەست و قاچەکان
  • سەرئێشە
  • بەرچاو ڕەشبوون
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوه

هۆکاری ئەو ئازارانەی سک کە پەیوەندییان بە دووگیانییەوە نییە

هەر وەک چۆن خانمێک کە دووگیان نەبێت، لەوانەیە دووچاری ئازاری سک ببێتەوە، بە هەمان شێوە خانمانی دووگیانیش تووشی ئەمە دەبن.

هەوکردنی میزەڵدان 

هەوکردنی میزەڵدان لە ماوەی دووگیانیدا حاڵەتێکی باوە و نیشانەکانی بریتین لە:

  • میز بۆ نەکردن
  • میزکردنی زۆر
  • کۆنتڕۆڵ نەکردنی میز
  • میزە چرکە
  • بینینی خوێن لەناو میزدا

ئەگەر ئازارەکەت دوای ماوەیەک لە پشووودان باش نەبوو و یاخود ئەم نیشانانەی دیکەی لەگەڵدا بوو، ئەوا بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکە:

  • بینینی پەڵە خوێن 
  • دەردراوی نائاسایی زێ
  • تا و لەرز
  • سەرگێژخواردن
  • ئازار لە کاتی میز کردندا
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە

با کردنی سک

کۆبوونەوەی گاز لە سکدا کە دەبێتە هۆی با کردنی سک و کێشە دروست دەکات بۆ کرداری هەرس کردن و فشاری زیاتر لەسەر منداڵدان دروست دەکات.

ئازاری سک لە کاتی گەیشتن بە لوتکەی چێژ

لە کاتی جووتبووندا کاتێک خانمەکە دەگات بە لوتکەی چێژ کەمێک ئازار و گرژبوونی دەبێت لە سکیدا، ئەگەر ئازارەکە هێواش و کورت بێت بە تەواوی ئاساییە، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەم نیشانانەی لەگەڵدا بوو پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت:

  • گرژبوونی زۆر لەگەڵ ئازاری پشتدا
  • بوونی زیاتر لە ٦ گرژبوون لە کاتژمێرێکدا
  • گرژبوونەکان لە کاتێکی ڕێکدان
  • بوونی دەردراوی زێ یاخود خوێن بەربوونی زێ
  • یاخود هەر نیشانەیەکی تر لە نیشانەکانی منداڵبوونی پێش وەختە

قەبزی

هۆڕمۆنەکانی دووگیانی کرداری هەرس کردن خاو دەکەنەوە و بەمەش قەبزی ڕوودەدات.

چەند هۆکارێکی دیکە کە ئازاری سک دروست دەکەن لە ماوەی دووگیانیدا، کە ئەمانەن:

  • ڤایرۆسی گەدە
  • تێکچوون بە خواردنێک
  • بەردی گورچیلە
  • هەوکردنی جگەر
  • نەخۆشییەکانی زراو
  • گیرانی ڕیخۆڵە
  • کیسی هێلکەدان

چ کاتێک ئازاری سک لە ماوەی دووگیانیدا مەترسیدارە؟

ئازاری سک ئاساییە لە ماوەی دووگیانیدا مەگەر ئەوەی بە گشتی ئەم نیشانانەی لەگەڵدا بێت"

  • تا و لەرز
  • گرژبوون و ئازاری زۆر
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە
  • بوونی دەردراوی نائاسایی لە زێدا
  • خوێنبەربوونی توند
  • کەشەنگبوونی توندی ماسولکەکان


سەرچاوەکان



17352 بینین