هۆکاری گیرانەبوونی نزاکانمان

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-04-14:36:00 - کۆدی بابەت: 6495
هۆکاری گیرانەبوونی نزاکانمان

ناوه‌ڕۆك

نزاکردن

زۆرێك لە ئێمە داواکاری شتانێكمان کردووە لە خودا، بەڵام زۆرێك لە نزاکان گیرا نەبوون، هەرچەندە لە قوڵایی دڵەوە نزا دەکەین، خودای گەورە نزاکردنی وەکوو پەرستش داناوە، لە قورئانی پیرۆز ئاماژەی بە گرنگی نزاکردن داوە و نزاکردن ڕێگای نزیك بوونەوەی بەندەکانە لەگەڵ خودا، تاکوو خودای گەورە پێویستییەکانی دوونیا بۆ بەندەکانی فەراهەم بکات، لە گوناهەکانیان خۆشبێت، لە دۆزەخ ڕزگاریان بکات، لە سوڕەتی البقرة لە ئایەتی 186 دەفەرموێت: (وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ ۖ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ ۖ فَلْيَسْتَجِيبُوا لِي وَلْيُؤْمِنُوا بِي لَعَلَّهُمْ يَرْشُدُونَ)، واتا ئه‌ی محەمەد (د.خ) ئه‌گه‌ر به‌نده‌كانم پرسیارت لێ بكه‌ن ده‌رباره‌م، ئه‌وه‌ من نزیكم لێیانه‌وه‌، به‌ هانا و هاواری دوعایانەوە ده‌چم هه‌ر كاتێك لێم بپاڕێنه‌وه‌ و نزا بكه‌ن، ده‌با ئه‌وانیش به‌ده‌م بانگه‌وازی منه‌وه‌ بێن و باوه‌ڕی دامه‌زراو به‌ من بهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگای هۆشیاری و ئاگایی بگرنه‌به‌ر بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌رزی و سه‌رفرازی هه‌ردوو جیهان، هەروەها لە سوڕەتی الأعراف ئایەتی 55 دەفەرموێت: (ادْعُوا رَبَّكُمْ تَضَرُّعًا وَخُفْيَةً ۚ إِنَّهُ لَا يُحِبُّ الْمُعْتَدِينَ)، واتا هانا و هاوار بکه‌ن له‌ په‌روه‌ردگارتان به‌ پاڕانه‌وه‌ی به‌ کوڵ، به‌ نهێنی له‌ کات و شوێنی له‌ باردا، چونکه‌ به‌ڕاستی ئه‌و زاته‌ ده‌ست درێژکارانی خۆش ناوێت مه‌به‌ست ئه‌وانه‌ن که‌ هانا و هاوار بۆ غه‌یری خوا ده‌به‌ن.

هۆکاری گیرانەبوونی نزاکان

- نزاکردنی خراپ، واتا نزاکردن بۆ کارێکی خراپ و قەدەغەکراو، بۆ نموونە نزا کردن بە مردن لە خودی خۆت یان نزای خراپە بۆ کەسانی تر. 
- خێرا کردن لە بەدەستهێنان و گیرابوونی نزاکان.
- دابینکردنی ڕزق و ڕۆزیت بە ڕێگای حەرام، واتا بوونی ڕزق و پارەی حەرام لە ماڵەکەت، ئەمە سەرەکیترین هۆکارە بۆ گیرا نەبوونی نزاکان.
- سنورداکردنی توانا و باڵادەستی خودا، بۆ نموونە دەڵێیت خودایە ئەگەر ویستت لێ بوو لێم خۆشبە، ئەم دەستەواژە و شێوازی داواکردنە هەڵەیە، ڕاستتر و چاکتر ئەوەیە کە دەبێت بڕوای تەواوت هەبێت کە خودا ویستی لێیە و لێت خۆش دەبێت و دڵنیا بیت لە سۆز و بەزەیی خودا.
- زۆر جار لە ئێمە وایە کە ئەگەر نزاکانمان دەقاودەق گیرا نەبوون، ئەوا دڵنیا دەبین کە داواکەمان قبوڵنەکراوە، بەڵام خودای گەورە لە جێگەی ئەو داوایە خێر و چاکەی بە نسیب کردووین. 

هۆکاری گیرابوونی نزاکان

- داواکردن و نزا کردن تەنها لە زاتی خودای گەورە و پەنا نەبردنە بەر کەسانی تر.
- دیاریکردنی کات و ساتی گونجاوی پیرۆز بۆ نزاکردن وەکوو مانگی ڕەمەزان، ڕۆژانی هەینی (بەتایبەتی نێوان عەسر و ئێوارەی ڕۆژی هەینی)، ڕۆژی عەرەفە (ڕۆژێك پێش جەژنی قوربان)، سێیەکی کۆتای شەو، لە کاتی بەخەبەر هاتن لە شەواندا، لە کاتی باران بارین، ساتی نێوان بانگدان و نوێژکردن، لە دوای نوێژەکان
- ڕوو کردنە ئاڕاستەی قیبلە لە کاتی نزاکردندا.
- دەنگ نزم کردنەوە لە کاتی نزاکردن.
- دڵنیایی و باوەڕی تەواو کە خودای گەورە نزاکانت قبووڵ دەکات.
- ئاگایی دڵ و ناخت لە کاتی نزاکردندا.
- سەرەتای دەستپێکردنی نزاکان هەمیشە بە سوپاسگوزاری خودای گەورە دەست پێ بکە، پاشان سەڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر (د.خ)، دواتر دەست بکە بە نزاکردن.
- نزاکردن لە کات و ساتە ئاستەنگ و ناخۆشەکانی ژیاندا وەکوو کاتی نەخۆشی، سەفەرکردن، هەروەها کاتێك کەسێك ستەم و زۆرداریت بەرامبەر دەکات.
- بەرزکردنەوە و کردنەوەی نێو لەپی دەستەکان لە کاتی نزاکردندا.
- بە کارهێنانی ناوەکانی خودا لە کاتی پاڕانەوە و نزاکردن

چەند تێبینییەک دەربارەی نزاکردن

- ئەگەر نزات کرد و جێبەجێ و قبوڵبوو لە لایەن خوداوە، ئەمە واتای ئەوەیە کە کاتی داواکەی تۆ و حیکمەتی پەروەدگار یەکیان گرتووە و ئەو داواکارییە گونجاو بووە بۆ ژیانی تۆ و خودا پێی بەخشیویت.
- ئەگەر نزات کردووە و وڵام نەدراویتەتەوە و نزاکەت جێبەجێ نەبووە ئەمە دوو واتای هەیە:

  1. خودای گەورە لە جێگەی ئەو داوایەی تۆ چەندان خێر و چاکە و بەرەکەتی بە نسیب کردووی، واتا بە هۆی ئەو نزا و پاڕانەوەیەت چەندان بەڵاو ناخۆشی لێ دوورخستیتەتەوە و بەڵاکان بۆت بوون بە ڕەحمەت.
  2. ئەوکاتەی ژیانی تۆ گونجاو نییە بۆ وڵامدانەوە و جێبەجێبوونی ئەو داوایەت، واتا وەڵام دەدرێیتەوە بەڵام لە کات و ساتێك کە حیکمەتی خودا و داواکەت یەک بگرنەوە. 


سەرچاوەکان



1611 بینین