ڕێنمایی بۆ پیاوان کاتێک هاوسەرەکەیان لە سوڕی مانگانەدایە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-11-14:38:00 - کۆدی بابەت: 6552
ڕێنمایی بۆ پیاوان کاتێک هاوسەرەکەیان لە سوڕی مانگانەدایە

ناوه‌ڕۆك

سوڕی مانگانە

قورسە بۆ پیاو کە درک بەوە بکات خانمان لە ماوەی سوڕی مانگانەدا چ ئازارێکیان هەیە و چۆن دەیگوزەرێنن، بۆیە قورسیشە کە بزانن پێویست دەکات لەو کاتەدا چیبکەن کە هاوسەرەکەیان لە سوڕی مانگانەدایە، پیاوان پێویستە چەند ڕێگایەک بگرنە بەر تاکوو یارمەتیدەری هاوسەرەکەیان بن.

پیاوان پێویستە چی بکەن کاتێک هاوسەرەکەیان لە سوڕی مانگانەدایە؟

- تێبگە لەوەی کە لە ماوەی سوڕی مانگانەدا چی ڕوودەدات لە جەستەی هاوسەرەکەتدا، خۆت لە شوێنی ئەو دابنێ، ئازارەکانی ماوەی سوڕی مانگانە تەواو ڕاستین و گرنگە کە پیاوان لەوە تێبگەن، خانمان دووچاری سەرئێشە، ئازاری سک و پشت، بێتاقەتی، خەواڵووی، نەمانی حەزی خواردن، کەشەنگبوونی ماسولکەکان، گۆڕانکاری دەروونی هەموو ئەمانە دەبنەوە، ئەم نیشانانە لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی دیکە دەگۆڕدرێت، تاکوو نیشانەکان قورستر بێت هاوسەرەکەت پێویستی بە پاڵپشتی زیاترە.

- کارێک بکە هاوسەرەکەت هەستێکی باشی بۆ دروست ببێت بەرامبەر بە خۆی، پێیدا هەڵبدە و بە جۆرێک قسەی لەگەڵدا بکە کە هەست بکات لە ماوەی سوڕی مانگانەشدا وەک کاتە ئاساییەکان جوانە و تێک نەشکاوە، ئەم پێدا هەڵدانانە هەستێکی باشتری پێ دەدات و وادەکات کە پەستانە دەرونیەکانی لەسەر کەمتر ببێتەوە.

- یارمەتی بدە لە کارەکانی مڵەوەدا و بهێڵە ئەو پشوو بدات، بە هۆی ئەو ئێش و ئازارانەوە خانمان قورسە کار بکەن و پێویستیان بە پشوودانێکی زۆرە، بۆیە دەکرێت ئەو ماوەیەی کە خانمەکە ئازاری هەیە و بێ هێزە تۆ یارمەتیدەری بیت لە کارەکانی ماڵەوەدا.

- هێمنی بکەرەوە و باوەشی پێدا بکە و مەساجی پشت و سکی بۆ بکە، چونکە لە ماوەی سوڕی مانگانەدا زۆرینەی ئازارەکان لە سک و پشتدایە، بەمە نەک ئازاری کەمتر دەبێتەوە بەڵکوو هەستێکی خۆشیشی بۆ دروست دەبێت.

- بە جۆرێک ڕەفتار مەکە کە بێزت بێتەوە لە سوڕی مانگانە و کاتێک باسی حاڵەت و ئازارەکانی خۆیت بۆ دەکات مەڵێ دەتوانیت بڕۆیت لەگەڵ هاوڕێ کچەکەتدا باسی بکەیت ئەمە چ پەیوەندییەکی بە منەوە هەیە، ئەمە وادەکات کە حاڵەتی دەروونی لەوکاتەدا زیاتر تێک بچێت، چونکە لە ماوەی سوڕی مانگانەدا پەستانێکی دەروونی زۆر لەسەر خانمەکەیە.

- تەنانەت ئەگەریش خانمێک لە ماوەی سوڕی مانگانەدا هیچ ئازارێکی نەبوو، هێشتا گرنگە کە یارمەتی بدەیت و گرنگی پێ بدەیت.

- لە ماوەی سوڕی مانگانەدا ڕاستە چوونە دەرەوە قورسە کەمێک بۆ خانمان بەڵام دەتوانیت پێشنیاری چوونە دەرەوە و خواردنی دەرەوەی بۆ بکەیت و کاتێکی خۆش ببنە سەر پێکەوە.

- ئەو خواردنانەی بۆ بهێنە کە سوودیان هەیە لە ماوەی سوڕی مانگانەدا بخورێن و ئازار کەمتر دەکەنەوە

- خانمان لەم کاتەدا زۆر هەستیارن بۆیە ئەگەر هاوسەرەکەت  توڕە بوو و شتێکی وت قسەکەی لە دڵ مەگرە و ڕەچاوی بارودۆخی بکە، هەوڵبدە کۆنتڕۆڵی خۆت بکەیت و ئەگەریش نەتوانی بڕۆ دەرەوە و هەناسەی قووڵ هەڵبمژە تاکوو نەبێتە شەڕ لە نێوانتاندا

- گاڵتە بە نیشانەکانی سوڕی مانگانەی مەکە و نوکتەی لەسەر دروست مەکە

- لە هەندێک کاتدا هەندێک لە خانمان سوڕی مانگانەیان زۆر توندە، تووشی ڕشانەوە و بورانەوە دەبن، بۆیە گرنگە بۆ ئەو پیاوانەی کە هاوسەرەکەیان ئەم حاڵەتەی هەیە زیاتر ئاگاداربن و پاڵپشتی بکەن.

- ئەگەر هاوسەرەکەت حەزی کرد بە تەنها بێت و داوای لێکردیت بە تەنها جێی بەهێڵیت دڵگران مەبە و ئاسایی بێت بەلاتەوە.


سەرچاوەکان



597 بینین