ڕۆمانیا 

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-11-15:47:00 - کۆدی بابەت: 6556
ڕۆمانیا 

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی ڕۆمانیا 

وڵاتی ڕۆمانیا وڵاتێکی هەڵکەوتەی باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەورووپایە، لە باکوورەوە سنووری لەگەڵ وڵاتی ئۆکرانیادا هەیە، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ وڵاتی مۆڵدۆڤا و دەریای ڕەش دا، لە باشوورییەوە وڵاتی بولگاریا و هەرچی لە ڕۆژئاواشەوەیە وڵاتی هەنگاریا بوونی هەیە، وڵاتی سڕبیاش هەڵکەوتەی باشووری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەیە.

ڕووبەری خاکی وڵاتەکە ٢٣٨,٣٩٧ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و دانیشتووانی لە نزیکەی ١٩ میلیۆن کەسدایە، ڕۆمانیا دوانزەیەم گەورەترین وڵاتی کیشوەری ئەورووپایە وە شەشەم گەورەترینیش لەناو یەکێتی ئەورووپادا، گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتەکە شاری بوخارێستە.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات ڕۆمانیا
پایتەخت بوخارێست
زمانی فەرمی ڕۆمانی
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • ڕۆمانی ٪٨٩
  • هەنگاری ٪٦
  • هیندییەکان ٪٣
  • گروپی تر ٪٢
ئایین
  • ٪٩٢ مەسیحی
  • ٪٥ بێ ئایین
  • ٪٢ نادیار
  • ٪١ ئایینەکانی تر
دامەزراندنی وڵات ١٨٥٩
ڕۆژی سەربەخۆیی ٩/٥/١٨٧٧
ڕووبەر ٢٣٨,٣٩٧ کیلۆمەتر چوارگۆشە
دانیشتووان (٢٠٢١) ١٩.١٨٦ میلیۆن کەس
چڕی دانیشتووان ٨٠کەس/کیلۆمەتر دووجا
داهاتی ساڵانە ٢٨٩.١٣٠ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ١٥ هەزار دۆلار
دراو لیوی ڕۆمانی
کات UTC +2
کاتی هاوینە UTC +3
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٤٠

جوگرافیا

وڵاتی ڕۆمانیا گەورەترین وڵاتی باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەورووپایە و هەروەها دوانزەیەم گەورەترینی ئەورووپاشە، ڕووبەری خاکەکەی ٢٣٨,٣٩٧ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و لەنێوان هێڵی درێژی ٤٣-٤٩ باکوور و بازنەی پانی ٢٠-٣٠ ڕۆهەڵاتدا هەڵکەوتووە، وڵاتەکە دابەشبووە بەسەر چەندین ناوچەی چیا و گرد و دەشتدا، زنجیرە چیاکانی کارپاسیان ناوەڕاستی وڵاتی ڕۆمانیای گرتووە، چواردە زنجیرە چیای هەیە کە بەرزییەکەیان لە سەروو ٢٠٠٠ مەترەوەیە و بەرزترینیان لوتکەی (مۆڵدۆڤیانۆ) یە کە بەرزییەکەی ٢٥٤٤ مەترە، ئەم وڵاتە خاوەنی ڕێژەیەکی زۆری خاکە کە بە سیستمی ئیکۆنۆمی سرووشتی و نیمچە سرووشتی ناسراوە کە بۆ کشتووکاڵ و دەستکەوتنی بەرهەمە ڕووەکییەکان بەکاردێن و لە سەدا ٤٧ ی وڵاتەکە دەگرێتەوە، هەروەها لە سەدا ٥ـی وڵاتەکە کە نزیکەی ١٠ هەزار کیلۆمەتر دەکات پێکدێت لە ١٣ پارکی نەتەوەیی گەورە و چەندەها ناوچەی دەستکردی تر.

ڕووباری دانووب کە لە ئەڵمانیاوە هەڵدەقوڵێت و بەناو زۆربەی وڵاتانی ئەورووپادا تێدەپەڕێت، بەناو ئەم وڵاتە و پایتەختەکەی بوخارێست دا تێدەپەڕێت کە لە سڕبیاوە داغڵ دەبێت و بە بولگاریادا لە وڵاتەکە دەچێتەوە دەرەوە، گەورەترین دەلتای ڕووباری دانووب (ئاوێک کە لە ڕووبار جیابێتەوە و بچێتە دەریا و زەریاوە) دەکەوێتە ناو وڵاتی ڕۆمانیاوە و دەڕژێتە دەریای ڕەشەوە، دووەم گەورەترین دەلتایە لە تەواوی ئەورووپادا لەدوای دەلتای ڤۆڵگا لە وڵاتی ڕووسیادا، ئەم وڵاتە بە یەکێک لە گەورەترین ناوچە دارستانییەکانی جیهان ناودەبرێت کە لە سەدا ٢٧ ی خاکی وڵاتەکە دەگرێتەوە، نزیکەی ٣٧٠٠ ڕووەک و بەروبوومی جۆراوجۆر لەم وڵاتەدا هەیە.

کەش و هەوا

بەهۆی هەڵکەوتەی وڵاتی ئۆکرانیاوە کە لە لایەکییەوە دەریا هەیە (دەریای ڕەش) و لەلایەکی تریشەوە وڵاتانی کیشوەری ئەورووپا هەڵکەوتوون کەش و هەوای زۆر دەگۆڕێت و جیاوازە، تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە لە باکووری وڵاتەکەدا ٨ پلەی سیلیزییە و لە باشووریشدا ١١ پلەی سیلیزییە. 

تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی لە شاری بوخارێستدا ٢٨ پلەی سیلیزییە و بەرزترین پلەش لە ناوچە نزمەکانی باشووری وڵاتدا سەروو ٣٥ پلە بووە، لە زستاندا تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ٢ یا کەمتر بووە، بوونی بەفر و باران ڕێژەیەکی زۆرە کە بە تێکڕا ٧٥٠ میلی مەتر بووە لە ناوچە شاخاویی و ساردەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا و لە چواردەوری بوخارێستیش نزیکەی ٥٧٠ میلی مەتر دەبارێت.


سەرچاوەکان



1735 بینین