تۆپی پێی کەنار دەریا

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-09-18-01:01:00 - کۆدی بابەت: 6615
تۆپی پێی کەنار دەریا

ناوه‌ڕۆك

یاری تۆپی پێی کەناردەریا

تۆپی پێی کەنار دەریا یارییەکە هاوشێوەی تۆپی پێ و تەنها جیاوازی ئەوەیە کە یارییەکە لە ناو لم و لەبەر خۆر و بێ پێڵاو یاری دەکرێت، یاری تۆپی پێی کەنار دەریا وەکوو خولیایەک لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆ ماوەی چەندین ساڵ و بە شێوازی جیاواز ئەنجام دەدرا، بەڵام بنەماکانی یارییەکە و یاساکانی تا ساڵی ١٩٩٢ دانەنرا کاتێک لەو ساڵەدا بۆ یەکەمجار پاڵەوانێتییەک لە شاری لۆس ئەنجلۆس ڕێکخرا، لە هاوینی دوای ئەو ساڵەشدا کەنارەکانی میامی یەکەم پاڵەوانێتی دانپێدانراوی لەخۆگرت بە بەشداریکردنی هەریەکە لە ئەمریکا و بەڕازیل و ئەرجەنتین و ئیتاڵیا، کە ئەوەش دواتر بە ڕووداوێکی مێژوویی ئەم یارییە باسکرا.

لساڵی ١٩٩٤ یەکەم پەخشی تەلەفزیۆنی بەخۆوە بینی بۆ یارییەکانی تۆپی پێی کەنار دەریا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە یاریگای کۆپاکابانەوە، کە ئەمەش هاندەر بوو بۆ دووەم گەورەترین شاری بەڕازیل تاوەکوو ساڵی دواتر واتا ساڵی ١٩٩٥ یەکەم پاڵەوانێتی جیهانی ئەم وەرزشە لەخۆ بگرێت، کە وڵاتی سامبا ناوی چووە مێژووەوە وەکوو یەکەم وڵات بە میوانداری مۆندیالی لم بکات، ئەمەش وایکرد ئەستێرەکانی سیلیساو ئەم هەلە لەدەست نەدەن لە نێو خاکی خۆیان و لە نێوان هاندەرانیان بۆ ئەوەی ببنە یەکەم هەڵبژاردە کە پاڵەوانێتییەکی جیهانی تۆپی پێی کەنار دەریای بەدەست هێنابێت، پاش سەرکەوتنی یەکەم پاڵەوانێتی یارییەکە بووە جێی سەرنج و گرنگیپێدانی ژمارەیەکی زۆر لە هەواداران لە تەواوی جیهانەوە، کە دەمەوەچوونی یاری و خولەکان زۆر زیاتر بوو، کە رێگە خۆشکەر بوو بۆ ڕێکخستنی یەکەم خولی جیهانیی بۆ پیشەگەرانی تۆپی پێی کەنار دەریا ساڵی ١٩٩٦.

ئەم خولەیان زیاتر لە ٦٠ یاری لەخۆگرت لەماوەی دوو ساڵدا لەسەر کەنارەکانی ئەمریکای باشور و ئەوروپا و ئاسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە بەشداری هەندێک لە ئەستێرەکانی جیهانی تۆپی پێ لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگا، بەهۆی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەش کە ئەم خولە بە خۆیەوە بینی، یەکەم پاڵەوانێتی ئەوروپی بۆ پیشەگەرانی تۆپی پێی کەنار دەریا لە ساڵی ١٩٩٨ داهێنرا، کە ئەوەش بنەمایەکی پتەوی دامەزراند بۆ هاندانی ئەنجدامدانی یارییەکە بە شێوەیەکی پیشەگەرانە لە کیشوەرە پیرەکە و وڵاتانی دەوروبەری، ئەمەش بەڕاستی سەریگرت کە ڕێبەرانی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان توانیان کارێکی نایاب بکەن لەڕووی ڕیکلامییەوە و وەڵامی تەواوی پێویستییەکانی پەخشی ڕاگەیاندنەکانیان دایەوە و سەرکەوتووبوون لە ڕاکێشانی کۆمپانیاکانی سپۆنسەر و هاندەران بە باشترین شێوە، ئەم دەستپێشخەرییەش یەکەم هەنگاوی سەرکەوتووی دروستکردنی بونیادی نێودەوڵەتی تایبەت بە تۆپی پێی کەنار دەریای پێکهێنا، ئەوەش پاش تەنها چوار ساڵ لە دروستبوونی یارییەکە.

پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە گەشەسەندنێکی زۆر گەورەی بەخۆوە بینی لە ساڵەکانی سەرەتایدا، بەجۆرێک پاڵەوانێتی ٢٠٠٠ بە توندی ڕکابەری و ڕوحییەتی جەنگاوەری جیادەکرایەوە، نازناوەکەش لە کیشوەرە پیرەکەدا تاکوو کۆتا هەناسەکان بەردەوام بوو کاتێک ئیسپانیا لە پرتوگالی بردەوە لە یارییەکی کۆتایی هاوسەنگدا، لە چوار ساڵی دوای ئەوەشدا پاڵەوانێتی یۆرۆلیگ بووە بەهێزترین پاڵەوانێتی تۆپی پێی کەنار دەریا، کە هاندەر بوو بۆ گەشەسەندنی یارییەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کە گەیشتە بەشداریکردنی ١٧ هەڵبژاردە لەساڵی ٢٠٠٤، هەروەها تیپە نەتەوەییەکان گەیشتنە ٢٠ یانە لە ٢٠٠٥، هەروەها زیاتر لە ٧٠ وڵات خواستی خۆیان بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان دەربڕیبوو.

بەڵام تۆپی پێی کەناری دەریا نەبووە بەشێک لە یەکێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێی FIFA بەر لە تەنها دوو ساڵ نەبێت، بەجۆرێک یەکەم مۆندیال لە مانگی ٥ و ٦ ی ساڵی ڕابردوو رێکخرا، کە لەسەر لمی کەنار دەریاکانی کۆپاکابانا بوو، کە شتێکی سەرسوڕهێنەر ڕوویدا بەوەی کە فەڕەنسا بووە یەکەم وڵات لە بەدەستهێنانی پاڵەوانێتی جامی جیهانی FIFA بۆ تۆپی پێی کەنار دەریا بە بردنەوەی لە پرتوگال لە یاری کۆتاییدا، لەکاتێکدا پاڵێوراوی سەرەکی کە بەڕازیل بوو لە نیوەی کۆتایی ماڵئاوایی کرد.

بەڵام هەر زوو ئەستێرەکانی سامبا هەستیان بەوەکرد چییان لەدەست چووە لە یەکەم پاڵەوانێتیدا، بەجۆرێک توانیان نازناوی جیهانی بەدەستبهێنن لە پاڵەوانێتی ساڵی داهاتوودا، کە بەشداریکردنی ١٦ یانەی بەخۆوە بینی بۆ یەکەمجار لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا، کە ساڵی بەر لە چوونە پاڵ یەکێتی جیهانی تۆپی پێ پاڵەوانی پاڵەوانێتییەکە بوو.

یاساکان

هەر یارییەک ٣ گێمە و هەر گێمێک ١٢ خولەکی تەواوە، یارییەکەش بەپێی بینینی ناوبژیوان دەوەستێت تەنانەت گەر هەردوو تیمەکە یەکسان بوون، ئەوە ئەوکات گێمی چوارەم زیاد دەبێت کە ماوەکەی ٣ خولەکە، ئەگەر ئەوەش بە یەکسان بوون کۆتایی هات ئەوە پەنا دەبرێتە بەر لێدانە یەکلاکەرەوەکان کە هەریەکەیان لێدانێک جێبەجێ دەکەن.

ژمارەی یاریزانەکان ٥ یاریزان بە گۆڵپارێزەوە، هەروەها ٧ یاریزانی یەدەگ و لە نێویشیاندا گۆڵپارێزێک.
تۆپ کێشی ٤٠٠ - ٤٤٠ گم، ٦٥ سم.
ناوبژیوان یارییەکە بەڕێوە دەبات و دوو ناوبژیوان لە لایەکانی یاریگا دەوەستن و ٤ ناوبژیوان لە جێی جیاوازدا دەوەستن، لەوانیش ناوبژیوانی کات ڕاگر و ناوبژیوانی چوارەم.
پێوانەکان - درێژی یاریگا: ٣٥-٣٧م 
- پانی یاریگا: ٢٦-٢٨ م
- بەرزی ستوونی گۆڵ: ٢,٢١م
- پانی ستوونی گۆڵ: ٥,٤٩ م
- ناوچەی سزا: ٩ مەتر.

کۆمەڵێ زانیاری سادە

- لەسەر گۆڵپارێز پێویستە کە تۆپەکە بەدەست هەڵبدات نەک بە پێ کاتێک تۆپ دەگرێت.
- یاسای دزەکردنی یاریزان (ئۆفساید) بوونی نییە.
- یاریگاکان لمینن.


سەرچاوەکان



702 بینین