گوێرەکە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-18-01:11:00 - کۆدی بابەت: 6616
گوێرەکە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گوێرەکە (بە عەرەبی: عجل بقرة، بە ئینگلیزی: Cow calf)، لە زمانی کوردیدا بە شێوەیەکی گشتی بە بێچووی مانگا دەوترێت گوێرەکە، لەگەڵ درێژبوونی تەمەنیدا دەنگی گڕتر دەبێت و قەبارەکەشی گەورەتر دەبێت، شێوەی ڕووخساریشیان دەگۆڕێت، هەروەها بە گوێرەی جۆرەکەیان ئەوا ڕەنگیان کاڵتر یاخود تۆختر دەبێت، وە لە نزیک بوونەوەی لەدایکبوونی بێچووەکە ئەوا بە شیری مانگاکە دەوترێت ژەک، کە ئەم ژەکە ژمارەیەکی زۆر ڤیتامینی گرنگی بۆ بێچووەکە تێدایە، بە گوێرەی جۆری مانگاکە ماوەی دەردانی دەگۆڕێت، لە نێوان ڕۆژێک بۆ هەفتە و دە ڕۆژ دەخایەنێت.   

بێچووی مانگا لە کوردەواریدا

 لە کوردەواریدا جیاواز لە وڵات و کلتورەکانی دیەک، گوێرەکە هەتا گەشتنی بە قۆناغی مانگا، بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت، بەم شیوەیە:

  • گوێرەکە: لە کاتی لەدایکبوونەوە هەتا تەمەنی دەبێت بە ساڵێک.
  • پارێنە: لە دوای یەکساڵییەوە هەتا ساڵی دووەم.
  • نێون: لە دوو ساڵییەوە هەتا کاتی یەکگرتنی و سکپڕی و بێچووی ببێت.
  • نێون مانگا: دوای ئەوەی بێچووی دەبێت (دەزێت)، هەتا سکپڕیی بۆ بیچووی دووەم.
  • مانگا: دوای ئەوەی بێچووی دووەمی دەبێت (دەزێت).

خۆراکی بێچوو

لە کاتی لەدایکبوونیەوە هەتا تەمەنی دەگات بە ٨-٩ هەفتە شیری دایکەکە دەخوات، مەرجە کە گوێرەکەکە لەکاتی لەدایکبوونیدا ژەکی دایکەکەی بخوات، چونکە پێویستییە گرنگەکانی تێدایە بۆ گەشەی و ڕێگری کردن لە توشبوونی بە نەخۆشی، کاتێ لەدایکدەبێت پێویستە واز لە دایک و بێچووەکەی بهێنرێت، بۆ ئەوەی دایکەکە ئەرکی دایکایەتی خۆی ئەنجامبدات، پاکی بکاتەوە بە زمانی، ئەمەش زۆر پێویستە بۆ بەهێز بوونی ماسولکەکانی بێچووەکە، دواتر پێویستە گوێرەکە بگوازرێتەوە بۆ جێگەیەکی خاوێن و گەرم و ڕۆشن.   

ژماردنی تەمەنی گوێرەکە

 تەمەنی لە ڕێگەی پشکنینی ددانەکانییەوە ئەنجام دەدرێت، بە جۆرێکە هەر لەگەڵ لەدایکبوونیدا ددانە شیرییەکانی دروست دەبن، کە لەماوەی ٢٠ ڕۆژی یەکەمی تەمەنیدا ددانە بڕەرەکانی دەردەکەون، لە ئەنجامدا لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا دووانەی یەکەم و دووەم و سێیەمی ددانە بڕەرەکان دەردەکەون، لە مانگی شەشەمدا هەموو ددانەکان بە شێوەیەکی زۆر خێرا گەشەدەکەن، بەڵام لەمانگی چوارەمەوە چوار ددانی سەرەکی هەمیشەیی دەردەکەون، لە مانگی پێنجەمیشەوە ددانی پێنجەمی سەرەکی دەردەکەوێت، بەڵام شەشەمی هەمیشەیی لە ساڵی دووەمیدا دەردەکەوێت، هەروەها ژمارەی ددانە شیرییەکان لە ماوەی ٢١ مانگدا کەمدەبێتەوە، هەمووی دەگۆڕێت بۆ ددانی هەمیشەیی لە نێوان ٣٠-٤٥ مانگی.


سەرچاوەکان



1852 بینین