مانگا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-18-01:24:00 - کۆدی بابەت: 6617
مانگا

ناوه‌ڕۆك

مانگا

مانگا یان چێڵ (بە ئینگلیزی: Cow، بە عەرەبی: بقرة) مەمکداری کاوێژکەرن، تەمەنیان نزیکەی ٥-٧ ساڵە، بەڵام هەندێکیان دەگەنە ٢٨-٣٠ ساڵ، لە سروشتدا بە کۆمەڵ پێکەوە دەژین، بەڵام مرۆڤ سەرکەوتوو بووە لە ماڵی کردنی، چونکە سەرمایەیەکی زۆری لێوە بەدەسدێت و سودی زۆری هەیە، بە پێچەوانەی ئەو قسەڵۆکە باوەی لە نێو خەڵکیدا هەیە، مانگاکان بە پێوە ناخەون، بەڵکو پاڵدەکەون، لەسەر لایەکی ڕادەکشێت یاخود سنگی بەرز دەکاتەوە، بە شەودا دەخەون تەنها ٤ کاتژمێر، مانگاکان وەک نشینگە جێگە گەرمەکانیان بەلاوە پەسەندە، بەڵام هەندێک جۆریان ڕاهاتوون بە ژیانکردن لە ناوچە ساردەکاندا، لە ئێستادا لە هەموو ناوچەکانی جیهان دەژین، لە کێلگە تایبەتەکانی شیرەمەنییەکان و کێڵگەی جووتیارەکانیش، مانگاکان دابەشکراون بۆ دوو جۆری سەرەکی، ئەوانەی بۆ شیرەمەنی بە سوودن و ئەوانەی بۆ گۆشتەکەیان بازرگانیان پێوە دەکرێت، ئەمە لە کاتێکدا لە هیندستان ئاژەڵێکی پیرۆزە و پێگەی خواوەندی هەیە.  

شێوەی دەرەوەی

مانگاکان چوار پەل و جەستەیەکی گەورەیان هەیە، بە ئاژەڵێکی بەهێز هەژمار دەکرێت، کێشی لەنێوان نیو بۆ یەک تەن دایە واتە (٥٠٠-١٠٠٠کگم)، هەندێک جۆریش هەن کە لە تەنێک زیاترن، بەرزییەکەی دەگاتە ١.٥م، کلکێکی درێژی هەیە هاوکاریدەکات لە دوورخستنەوەی مێش و مێرووەکان، دوو قۆچیشی هەیە کە لە ناوەوە بەتاڵە واتە کلۆرە، هەروەها مانگا پێگەیشتووەکان ٣٢ ددانیان هەیە، بە گوێرەی ناوچەکان درێژی فەرووەکەی دەگۆڕێت، بەجۆرێک ئەگەر ناوچەکەی سارد بێت ئەوا مووەکانی فەرووەکەی درێژ دەبن، ڕەنگەکەشی دەگۆڕێت بە گوێرەی جۆرەکەی لە سپییەوە هەتا ڕەش و قاوەیی و زەردیش هەیە، هەندێک جۆر تێکەڵەی دوو ڕەنگن و دەکرێت خاڵداریش بن، گەدەی مانگاکانیش وەک هەموو کاوێژکەرەکانی دیکە دابەشبووە بۆ ٤ پارچە، و مانگاکان گیاخۆرن و لە لەوەڕگاکاندا دەژین، گەڵای دارەکان و گژ و گیا و میوە و تۆوەکان دەخۆن، هەوەها پێویستیشی بە خوێ هەیە، ئاژەڵێکی زۆر خۆرە لە ڕۆژێکدا ٥٠ کگم خۆراک دەخوات، بە هاویندا دەگاتە ٦٠ کگم، ئاوی زۆریش دەخواتەوە لە بەرامبەر هەر دوو لیتر ئاودا لیترێک شیر بەهەم دێنن، بە گشتی ڕۆژانە دەتوانن ١٠-٢٠ لیتر شیر بەرهەم بهێنن، لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە هەتا خاوەنەکەی بە خۆشەویستی زیاترەوە مامەڵە بکات ئەوا مانگاکەش شیری زیاتر دەبێت.

سوودەکانی مانگا

  • گۆشتەکەی بۆ خواردن بەکار دەهێنرێت بە تایبەتی گۆشتی گوێرەکەکەی کە بەتام و تازەیە.
  • شیرەکەی لە دروستکردنی زۆربەی شیرەمەنییەکاندا بەکار دێت وەک، پەنیر و ماست و کەرە و شیری وشکی منداڵیش.
  • پێستەکەی لە دروست کردنی جلوبەرگ و پێڵاو و جانتا بەکاردێت.
  • مانگاکان لە ڕابردوودا بۆ زەوی کێڵان و شتومەک گواستنەوە و گالیسکە ڕاکێشانیش بەکاردەهاتن.
  • ماددەی جەلاتینی بەرهەم دەهێنێت کە لە شیرینی دروستکردندا بەکار دێت.
  • سوود لە ئێسکی وەردەگیرێت بۆ دروستکردنی دەرمان و سیمی ئامێرەکانی میوزیک.
  • چەورییەکەی لە دروستکردنی سابووندا بەکاردێت.
  • تەپاڵە یاخود پاشەڕۆکەی بۆ بەپیت کردنی زەوییەکان بەکاردێت.
  • تەپاڵەکەی بە وشک کراوەیی لە زستاندا بۆ ئاگر کردنەوە بەکاردێت.

یەکگرتن و زۆربوون

مانگاکان لە ١٥ مانگییەوە دەگەنە تەمەنی پێگەیشتن و گایەکانیش لەتەمەنی ١٢ مانگییەوە، دوای یەکگرتن ماوەی سکپڕی مانگاکان ٩ مانگ دەخایەنێت، بە دوایدا دەکرێت گوێرەکەیەک یان دووانەیەک لەدایکببن، دواتر بەلایەنی کەمەوە دەبێت گوێرەکەکە بۆماوەی ٦ مانگ شیری دایکی بخوات یاخود مانگایەکی دیکە کە تازە بێچووی بووبێت، مانگاکان دەتوانن هەموو ساڵێک یەکجار سکپڕبن، و لە دوای ٥٥ ڕۆژ لە لەدایکبوونەکە لە هەلو مەرجی گونجاودا دووبارە دەتوانن یەکگرتن ئەنجام بدەن، هەلو مەرجە گونجاوەکەش بریتین لە پلەی گەرمی گونجاو و خۆراک وە لەدایکبوونی پێشووی بە بێ کێشە تێپەڕاندبێ، کاتی لێک دوور کەوتنەوەی نێرینە و مێینەکە یان دایکەکە لە بێچووەکەی، مانگاکان دەنگێک دەردەکەن بۆ پەیوەندیکردن پێی دەوترێت بۆڕاندن، ئەمەش بۆ بانگکردن بەکاردەهێنن.

بەناوبانگترین جۆرەکانی مانگا

  • مانگای فرێزی: لە بنەڕەتدا مانگایەکی هۆڵەندییە و شیری زۆر بەرهەمدەهێنێت بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکە، قەبارەی گەورەیە و ڕەنگی ڕەش و سپییە.
  • مانگای جێرسی: لە بنەڕەتدا ئەم مانگایە لە دوورگەی جێرسی هەبووە و شیرێکی زۆر بەرهەمدەهێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی توانای گونجاندنی هەیە لەگەڵ هەموو نشینگەکاندا لە ئێستادا لە زۆرینەی وڵاتەکاندا دەژی.
  • مانگای براهمان: ئەم جۆرە لە هیندستانەوە سەریهەڵداوە و دواتر لە ئەمریکا ماڵی کراوە و جۆرێکی ئەمریکی لێدروستبووە، جیاوازی لەگەڵ جۆرەکانی دیکە هەبوونی کۆپارەیە لە ملی و شانەکانی، هەروەها بە زۆری ڕەنگەکەی ڕەساسییە.
  • مانگای چارلیس: جۆرێکی زۆر بەناوبانگە لە ڕابردوودا بۆ مەبەستی کێڵاندن بەکاردەهات و لە ئێستادا بۆ گۆشتەکەی و قەبارەیەکی گەورە و ڕەنگێکی سپی هەیە.
  • مانگای سانتا جیرترودیس: ڕەنگی سوورە و هەندێکجار خاڵی بچووکی سپی لەسەرە و مانگایەکە کە بەتایبەت بۆ گۆشتەکەی ماڵی دەکرێت، هەروەها لە قەڵەوترین و قورسترین جۆری مانگاکانە و زۆر بەرزیشە.
  • مانگای شورسورن: لە سەرەتادا لە باکووری ئینگلتەرا دەرکەوتووە و لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆری هەیە کە زیاترە لە چەندین جۆری مانگاکان و بۆ گۆشتەکەی ماڵی دەکرێت و ڕەنگی سوورە.
  • مانگای سویسری قاوەیی: یەکێکە لە کۆنترین نەوەی مانگاکان کە هەتا ئێستە ماوەتەوە لەسەر ڕووی زەوی و ڕەنگەکەی لە نێوان قاوەیی کاڵ و خۆڵەمێشیدایە، هەروەها ئەم جۆرە بۆ شیرەکەی ماڵی دەکرێت.


سەرچاوەکان



5381 بینین