عادیلە خانم

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-18-16:46:00 - کۆدی بابەت: 6622
عادیلە خانم

ناوه‌ڕۆك

شاژنی بێ تاج

عادیلە خانم یەکێکە لە خانمە سیاسی و دەسەڵاتدارەکانی کورد، لە ساڵی ١٨٥٩ لەدایکبووە، دەسەڵاتدار و کارگێری ھۆزی جاف و ھاوسەری عوسمان پاشای جاف و کچی عەبدولقادر بەگی ساحێبقڕان و دایکی ئەحمەد موختار جاف و تاھیر بەگی جاف دوو شاعیری ناودار بووە، ئینگلیزیەکان پێیان وتووە شاژنی بێ‌تاجی شارەزوور، عادیلە خانم لە بنەماڵەی جافە کە گەورەترین بنەماڵەی کوردستانە و بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرە چیاکانی زاگرۆس.

ژیان

بنەماڵەکەی لە دوای تێکچوونی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان لە ساڵی ١٨٥١دا لە سلێمانییەوە چۆتە میرنشینی ئەردەڵان و عادیلە خانم لە ساڵی ١٨٥٩دا لە شاری سنەی پایتەختی ئەردەڵان لە دایکبووە، بنچینەی خوێندنی قورئانی لە سەردەستی مامۆستای تایبەتی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٨٩٥دا لە ھەڵەبجە هاوسەرگیری لەگەڵ وەسمان پاشای جاف کردووە، لە دوای مەحموود پاشای جاف، سەرۆکایەتی ھۆزی جاف دەکەوێتە ئەستۆی عوسمان پاشا و عادیلە خانم دەبێتە یارمەتیدەرێکی کارای ھاوسەرەکەی. لەکاتی پیری و نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی عوسمان پاشا لە ١٩٠٥، عادیلە خانم ھەموو کاروباری ھۆزی جاف بەڕێوە دەبات و ناوبانگی لە ھەموو ناوچەی شارەزوور و ھەورامان و شوێنەکانی دیکەی باشووری کوردستان بڵاودەبێتەوە و ڕێزێکی زۆری لە ناو خێڵەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش دەبێت و فەرمانی جێبەجێ دەکرێت.

یەکێک لە کارەکانی بریتیبوو لە دروستکردنی زیندان بۆ بەندکردنی تاوانباران.

عادیلە خانم زۆر حەزی بە ئاوەدانی و پێشخستنی زانست و خوێندەواری کردووە. قوتابخانە و بازاڕێک و چەند باڵەخانەی گەورەی لە ھەڵەبجە بنیات ناوە و لە گوندێکی بچووکەوە هەڵەبجە دەکاتە شارێکی گەورە و گەلێک باخ و سەیرانگای جوان و دڵگیری لێ دروست دەکات.

عادیلە خانم لە بەھاری ١٩٢٤دا و لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا لە شاری ھەڵەبجە کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی عەبابەیلێی نزیک ھەڵەبجە بە خاک سپێردرا، هەندێکیش دەڵێن کە بەرواری کۆچی دوایی ڕۆژی ١٩ـیەمی مانگی تەمووزی ساڵی ١٩٢٤ بووە نەک لە بەهار.

ساڵی ٢٠١٤ پەیکەرێکی بۆ دروست دەکرێت و لە باخی گشتی هەڵەبجە دادەنرێت.

کار و پڕۆژە

گه‌ڕیده‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن عادیله‌خانم توانیویه‌تى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گوندێكى له‌بیركراوى عوسمانیه‌وه‌ بكات به‌ناوه‌ندێكى سیاسى و بازرگانى كه‌ده‌سه‌ڵاتدارانى عوسمانى به‌چاوى ته‌ماحه‌وه‌ لێیان روانیووه‌. ئه‌م شاژنه‌ به‌شێوه‌ك هه‌وڵیداوه‌ و توانیویه‌تى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ناوچه‌یه‌كى تاڕاده‌یه‌كى زۆر بچوك به‌ره‌و پێشببات به‌كردنه‌وه‌ى چه‌ندین دوكان و قه‌یسه‌رى و خوێندنگه‌و مزگه‌وت و دروستكردنى سێ كۆشكى گه‌وره‌ له‌سه‌ر شێوازى كۆشكه‌كانى شارى سنه‌ كه‌وێنه‌ى له‌ناوچه‌كه‌دابوونى نه‌بوه‌و دیمه‌نێكى سه‌رنج راكێشى داوه‌ به‌ناوچه‌كه‌، گه‌شه‌پێدانى بازرگانى له‌گه‌ڵ سنه‌ى پایته‌ختى میرنشینى ئه‌رده‌ڵان و ده‌وروبه‌ریداو به‌هۆیه‌وه‌ گه‌شه‌كردنێكى به‌رچاو له‌ناوچه‌كه‌دا دروستبوو هه‌رچه‌نده‌ عوسمانیه‌كان دژى ئه‌م هه‌نگاوانه‌ى عادیله‌خانم بوون، به‌ڵام ناوبراو به‌هۆى لێهاتوویى و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ باش و پێگه‌ به‌هێزه‌ى هه‌یبووه‌ به‌جۆرێك له‌ناو جاف و له‌هه‌ردوو دیوى سنورى عێراق و ئێران فه‌رمانه‌كانى به‌سه‌ر هۆزى جاف و نفوزى ژێرده‌ستى له‌وناوچانه‌دا جێبه‌جێكراوه‌.

عادیلە خانم و شۆڕشی شێخ مەحموود

شێخ مەحموود له‌كاتى ده‌ستپێكى شۆڕش و بۆ پشتیوانى و به‌هێزى خۆى ڕووى له‌ چه‌ندین ناوچه‌ كردووه‌ به‌تایبه‌ت دواى تێكچوونى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ (نۆئێل و سۆن) و له‌كاتى رووبه‌رووبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌كان، به‌ڵام عادیله‌ خانم په‌یوه‌ندى تا ڕاده‌یه‌ك باشبووه‌ له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌كان و ته‌نانه‌ت ئینگلیزه‌كان خۆیان سه‌ردانى هه‌ڵه‌بجه‌یان كردووە و ڕۆیشتوون بۆلای.

كاتێك شێخ له‌ دژى ئینگلیزه‌كان وه‌ستاوه‌ عادیله‌ خانم هیچ هه‌ڵوێستێكى دژى ئینگلیزه‌كان نه‌بووه‌، لۆنگریك له‌كتێبى (عێراق له‌ نێوان 1900-1950) له‌باره‌ى عادیله‌خانمه‌وه‌ ده‌نوسێت: "كاتێك شێخ مەحموودی حەفید له‌ ئایاری 1919ز له‌ دژى به‌ریتانیا راپه‌ڕى، حاكمى سیاسى به‌ریتانیا به‌هۆى عادیله‌خانمه‌وه‌ توانى ڕابكات"، شێخ مەحموود له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى شۆڕشى بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كرد به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ك لایه‌نگرى عوسمانیه‌كان بوو به‌ پێچه‌وانه‌ى عادیله‌خانمه‌وه‌ کە لە ئینگلیزەکانەوە نزیک بوو.

لە زاری مێژوونووسانەوە

محەممەد ئەمین زەکی بەگ ئاماژەی بە ھەڵکەوتوویی و ھۆشیاری خانم و کاریگەریی لەسەر مێردەکەی و عێلەکەی و تێکڕا ناوچەکەدا کردووە، ھەروەھا بەبایەخەوە ئاماژەی بەتوانای خانم لە بواری شارستانی و بیناسازی و کاروباری فەرمی و کۆمەڵایەتی و خێڵەکیدا داوە.

ئەدمۆندز باسی لەوە کردووە کە گشت دەسەڵاتی وەسمان پاشا، لە پاش مردنی، کەوتووەتە دەستی خانمی ژنی کە لە ڕاستیدا شاژنی تاج پێ نەدراوی شارەزوور بووە. ئینگلیزەکانیش لەلایەن خۆیانەوە نازناوی بەرزی ھیندیی «خان بەھادوور» یان پێ بەخشیووە.

مینۆرسکی ئاماژەی بە دیتنی خانم لە ھەڵەبجەدا (ساڵی ١٩١٤) کردووە و بە فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی ھەڵەبجەی، لە پێش و پاش مردنی مێردەکەی داناوە، ھەروەھا ستایشی لە سەخاوەت و میوانداریی کردووە.

مێجەرسۆن کە بە شێوەی بازرگانێکی فارسی و بەناوی «غولام حوسێن شیرازی» ەوە ساڵی ١٩٠٩ سەردانی ھەڵەبجەی کردووە و پتر لە شەش مانگ لە ماڵی وەسمان پاشادا، نزیک لە عادیلە خان و تاھیر بەگی کوڕیدا، ماوەتەوە، بیرەوەری لەو بارەیەوە لە کتێبە ناودارەکەیدا (گەشتنامەکەی) تۆمار کردووە. بە وتەی مێجەرسۆن عادیلە خانم ژنێکی بێ ھاوتا و تێگەییشتوو و خاوەن کەسایەتیەکی بەھێز بووە. فەرمانڕەوای راستەقینەی دەڤەری شارەزوور بوو نەک تەنیا لە ئاستی دەسەڵاتی سیاسیدا، بەڵکوو دادگای خۆی ھەبوو و زیندانی دروست کردبوو و بە خۆی سەرپەرستی دادگای دەکرد و پیاوخراپانی سزا دەدا. ھەروەھا کۆشک و تەلاری جوان و بازاری رێکوپێکی لە ھەڵەبجە دروست کرد و لە گوندێکی لە بیرکراوی عوسمانیەوە کردی بە ناوەندێکی سیاسی و بازرگانی کە پاشایانی دەوڵەتی عوسمانی بە چاوی ئیرەییەوە مرخیان لێ خۆش کردبوو. عادیلە خانم بە ھیچ شێوەیەک رێگەی نەدەدا بە دەسەڵاتی عوسمانی بنەوبارەگای خۆی لە ھەڵەبجە دابمەزرێنێت. لەو دەڤەرە کەس لە قسەی عادیلە خانم دەرنەدەچوو و ھەموو لایەکی ناچار کردبوو رێزی لێ بگرن و ملکەچی بڕیارەکانی بن. عادیلە خانم لە دوای جەنگی جیھانیی یەکەم و لە دوای کۆچی ھاوسەرەکەی سەرکردایەتی گەورەترین ھۆزی کوردی دەکرد کە ھۆزی جاف بوو. عوسمان پاشای ھاوسەری پیاوێکی نەرم و نیان بوو و تەنانەت لە ژیانیدا کەم لە ھەڵەبجە دەمایەوە و ھەمیشە بە رێگەی سلێمانی و کەرکوک و موسڵەوە بوو و ھەموو کارو ئەرکەکانی بە عادیلە خانم سپاردبوو. دەسەڵاتی عادیلە خانم ئەوەندە مەزن بوو کە بە شاژنی شارەزوور ناو دەبرا.

میس بیڵ، هەواڵگرێکی بەڕیتانی بووە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەردانێکیدا بۆ هەڵەبجە ساڵی ١٩٢١ چاوی بە عادیلە خانم دەکەوێت، لە پەسنی عادیلە خانمدا نووسیویەتی، “ئێمە وەک بەریتاییەکان ناکرێت حساب بۆ عادیلە خانم نەکەین، ئەو لە ناوچەکەدا باڵادەستە، فەرمانڕەوایەتیی هۆزی جاف دەکات، بە توانا و کاریگەرییەکی زۆر زیاتر لەوەی کە بتوانیت بیری لێبکەیتەوە، وەک خانمە گەورەکانی کورد هەڵسوکەوت دەکات، هەروەها ئەم ژنە کەسایەتییەکی سەرسامکەر و سەرنجڕاکێشە بە جلوبەرگی کوردییە قەشەنگ و زوڵفە ڕەش قەترانیەکەییەوە، کە لەژێر مێزەرە گەورەکەییەوە بەسەر گۆنای ئارایشتکراویدا بەریداوەتەوە”.


سەرچاوەکان



2119 بینین