ڕۆژئاوای کوردستان - ڕۆژاڤا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-19-18:37:00 - کۆدی بابەت: 6635
ڕۆژئاوای کوردستان - ڕۆژاڤا

ناوه‌ڕۆك

ڕۆژاڤا

بەشی ڕۆژئاوای کوردستان یان ڕۆژئاوا، کە بە ڕۆژئاڤا دەناسرێت (بە کرمانجی: Rojava)، یەکێکە لە پارچەکانی کوردستانی گەورە و دەکەوێتە بەشی خۆرئاوا، لەدوای جەنگی ناوخۆی سوریا لەلایەن کوردەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و هەرێمێکی ئۆتۆنۆمییان تێدا دروستکردووە بەڵام لەلایەن سوریاوە دانی پێدانەنراوە، لە باکوورەوە لەگەڵ تورکیا و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق و لە باشووریشەوە لەگەڵ سوریا هاوسنوورە، زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردن و بە شێوەزاری کرمانجی دەدوێن.

ڕامیاری

پێش جەنگی ناوخۆی سوریا هەموو سوریا یەک پارچەبوو و کوردەکان هیچ مافێکی ئەوتۆیان نەبوو، تەنیا وەک کەمینەیەک سەیردەکران، بەڵام لەدوای جەنگەوە بەشی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنەوە شەڕی دژی تیرۆرستان و حکومەتی تێداکرا و زۆربەی ناوچەکانی پاککرایەوە دوای چەندین شەڕی سەخت، لە ٢٠١٢/٧/١٩ یەپەگە دەستی بەسەر شاری کۆبانێدا گرت و ئازادی کرد لە ٢٠ـی مانگیش هەریەک لە عامودێ و عەفرینی ئازادکرد، هەر ئەوکات هەریەک لە سەری کانی و دێریکا هەمکۆ و دیربێسیرێی ئازادکرد،  لە بەرواری ٢٠١٢/٧/١٢ دەستەیەکی بەڕێوبردن بەناوی دەستەی بڵندی کورد لە هەریەک لە ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا و پارتی یەکێتی دیموکرات پەیەدە دامەزرێنرا بە ڕێککەوتنیان لە شاری هەولێر بە چاودێری هەرێمی کوردستان و مەسعوود بارزانی.

لە ساڵی ٢٠١٣ هەریەک لە کورد و عەرەب و ئاشوورییە مەسیحییەکانی ئەو ناوچەیە حکومەتی ڕۆژئاوایان ڕاگەیاند بەناوی ڕێڤەبەرییا خۆسەریێ دێمۆکڕاتیکا ڕۆژئاڤاێ کوردستان، حکومەتە ئۆتۆنۆمییەکە پێکدێت لە سێ کانتۆن؛ بە ناوی جەزیرە کە زۆربەی پارێزگای حەسێچە یان حەسەکە دەگرێتەوە، لەگەڵ هەریەک لە کۆبانی و عەفرین. لە ٢١ی کانونی دووەمی ٢٠١٤دا، ئەنجومەنی کانتۆنی جەزیرە حکومەتی دیموکراتی ئۆتۆنۆمی ڕاگەیاند دوابەدوای کۆبونەوەی کۆمەڵەی دەسەڵاتی یاسادانانی ئیدارەی دیموکراتی ئۆتۆنۆمی رۆژئاوای کوردستان لە عامودێ، ئەنجومەنی کانتۆنی کۆبانییش ھەمان ڕێچکەیان گرت لە ٢٧ی کانونی دووەمی ٢٠١٤دا. و ساڵی ٢٠١٥ نەتەوەکانی ناوچەکە پێکەوە یەکیانگرت و هێزەکانی سوریای دیموکراتیان دروستکرد.

دانیشتوان

دانیشتوانی ڕۆژئاوا بەهۆی دۆخی سیاسی و نەتەوەگەراییەوە بە وردی نەزانراوە بەڵام بەپێی پێشبینییەکان ١,٨ ملیۆن بۆ ٣,٥ ملیۆن کەسن و %١٥ـی دانیشتوانی سوریا پێکدێنن، بەهۆی کوشتن و ڕاوەدوونانی زۆرێک لە ئاشوورییەکان لە کۆتا ساڵانی دەسەڵاتی عوسمانی ئاشووری و مەسیحییەکان کۆچیان کرد بە سوریا و لە ناوچەی جەزیرێ نیشتەجێبوون، ئەوەش وایکردووە ڕۆژئاوا چەندین نەتەوەی دیکەش لەخۆبگرێت.

لەدوای شکستهێنانی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی ١٩٢٦ لە باکووری کوردستان چەندین کورد ئاوارەی جەزیرە بوون کە ژمارەیان بە ٢٥,٠٠٠ بۆ ١٠٠,٠٠٠ کەس دەخەمڵێنرێت، تا ماوەیەکی زۆر پێش ئێستاش کوردەکانی ئەو ناوچەیە بەخۆیان نەدەوت کوردی ڕۆژئاوا یان باکوور، یان تورکیا و سوریا، بەڵکوو بە کوردەکانی خوار هێڵ و سەر هێڵ یەکتریان بانگ دەکرد.

بەهۆی ئاوارەبوونی کوردەکان لە باکوور بەرەو ڕۆژئاوا و زیاتربوونی خەڵکی ناوچەکانی ڕۆژئاوا، لە ساڵی ١٩٢٧ تەنیا ٤٥ گوندی کوردی هەبوون لە ناوچەی جەزیرێ، بەڵام لە ١٩٣٩ دەگەنە ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ گوند.

لە ساڵی ١٩٧٠ ژمارەی کوردەکانی ڕۆژئاوا نیو ملیۆن کەس دەبوو.

مافی مرۆڤ

لەکاتی هاتنی دەسەڵاتی بەعس لە سوریا، کوردەکان زیاتر چەوسێنرانەوە و هەموو مافێکیان لێسەندرایەوە و هەڵمەتی بەعەرەبکردنیان بەسەردا سەپێنرا، لە قوتابخانە و ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن قسەکردن بە کوردی و نووسینی کوردی قەدەغەبوو هەتاوەکوو جەنگی ناوخۆی سوریا و دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی.

ساڵی ٢٠٠٤ لە یاریگای قامیشلۆ ناکۆکی لە نێوان هاندەرانی کورد و هاندەرانی یانەیەکی عەرەبی کە لە دێرزوورەوە هاتبوون دروستبوو پێش دەستپێکی یاری، هێزەکانی سوریا هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و لەو چەند ڕۆژەدا ٢٠ کەس کوژران کە زۆربەیان کورد بوون، ١٦٠ کەسیش دەستگیر و بریندار کران.

لە ڕۆژی ٢٠/٣/٢٠٠٨ بەهۆی ئاهەنگگێڕانی نەورۆز هێزەکانی سوریا هێرشیان کردە سەر خەڵکی کورد لە شارێکی کوردی و ٣ کەسیان کوشت.    

وشەی کوردستان و ڕۆژاڤا

وشەی کوردستان واتە خاکی کوردەکان، ئەو ناوچەیەی کە پێی دەوترێت ڕۆژاڤا بەشی ڕۆژئاوای سنووری کوردستانی گەورەیە و بە زاراوای کرمانجی وشەی ڕۆژئاڤا واتە ڕۆژئاوا و ئاماژەیە بۆ هەڵکەوتەی جوگرافی شوێنەکە لە ئاست کوردستان.

جوگرافیا

لەنێو پارچە دابەشکراوەکانی کوردستانی گەورە ڕۆژئاوا کەمترین ڕووبەری هەیە کە ٣١,٠٠٠ کیلۆمەتری دووجایە و لە دەشتی فراوان پێکدێت.

ڕۆژاوا دەکرێت بە دوو بەشەوە، یەکەمیان عەفرینە؛ عەفرین دەکەوێتە نزیک دەریای سپی. ھاوینیان گەرمە و زستانیان ساردە. بەھۆی ئەم کەش و ھەوایە داری زۆر و بەری زۆریان ھەیە. وە دار زەیتوونیشیان زۆرە. بەشی دووەم، ئاموودێ وقامشلۆ و دێرک ناوچەکەیان زیاتر دەشتە و چیای کەمترە، وە ناوچەکەیان بەفری لێ نابارێ.

ڕۆژاوا چەند چیایەکی تێدایە، و ئەوانیش لە عەفرینەوە تا چیای کرمانج درێژ دەبنەوە. چیای کرمانج ١٢٠٠ م بەرزە، و تاکو کۆبانی درێژ دەبێتەوە.

قامیشلۆ و نسێبین یەک شارن بەڵام دابەش کراون بەسەر دوو وڵاتدا؛ یەکەمیان لە دەسەڵاتی سووریایە و دووەمیان لە ژێر دەسەڵاتی تورکیایە، قامیشلۆ لەژێر ئاڵای سوریا و نسێبین لەژێر ئاڵای تورکیایە.

شارەکان

قەزای عەفرین

  • عەفرین
  • بولبول
  • عەین دارە
  • باراد
  • باسوتێ
  • جندیرس
  • قیتمە
  • ڕاژۆ

قەزای ئەزاز

  • ئەختارە
  • ئەھراس
  • یەزی بەگ

قەزای کۆبانی

  • کۆبانی

قەزای گێرێ سپی

  • سوسک
  • گرێ بۆزەنە

قەزای قامیشلۆ

  • عامودا
  • قامیشلۆ
  • تێربێسپی

قەزای دێریکا ھەمکۆ

  • دێریکا ھەمکۆ
  • عەین دیوەر
  • چلاخە
  • تێل کۆچەر
  • تەپکێ

قەزای سەری کانی

  • دیربێسی
  • سەری کانی

قەزای حەسیچە

  • حەسیچە

نیشتگە عەرەبییەکانی ڕۆژاوای کوردستان

  • گێرێ سپی
  • جەرابلوس

نیشتگە ئاشوری/سریانییەکانی ڕۆژاوای کوردستان

  • قامیشلۆ
  • تێربێسپی
  • حەسیچە
  • خانیکێ
  • تێل چەمیران
  • تێل نەسڕی
  • تێل تەمر
  • قەسرۆک

ئاڵای ڕۆژاوا

ئاڵای ڕۆژاوا لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە دانراوە و لە سێ ڕەنگی زەرد و سوور و سەوز پێکدێت کە ئاماژەیە بۆ هەرسێ کانتۆنەکەی ڕۆژئاوا.

ئاسایش و سوپا

یەکینەکانی پاراستنی گەل باڵی سەربازی دەستەی بڵندی کوردە کە ھێزی سەربازی ڕۆژئاوای کوردستان پێکدێنێ لەگەڵ هەریەک لە هێزەکانی ئاسایش ناسراو بە سووتۆرۆ.


سەرچاوەکان



2847 بینین