ڕۆزماری

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2021-09-21-13:15:00 - کۆدی بابەت: 6654
ڕۆزماری

ناوه‌ڕۆك

هەندێک زانیاری دەربارەی ڕۆزماری

ڕۆزماری ڕووەکێکی بچووکی هەمیشە سەوزی خێزانی نەعنایە، کە گەڵاکانی بەکاردێت بۆ تامخۆش کردن و چێژ بەخشین بە خواردنەکان، ڕۆزماری سروشتی گەشەی کردووە بە درێژایی زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا، بە شێوەیەکی فراوان لە باخچەکاندا گەشە دەکات لە کەشوهەوای گەرمدا، گەڵاکانی کەمێک تامی تاڵی هەیە، بە شێوەی وشککراو یان بە تازەیی بەکاردێت، بە گشتی بۆ زۆربەی خواردنەکان بەکاردێت، بەتایبەتی (بەرخ، مراوی، مریشک، باسورمە، خواردنی دەریایی، سوپ، پەتاتە، تەماتە، وە هەروەها هەندێک جۆری خواردنەوەکان)، شارەزایانی بواری پۆلێنناسی رۆزمارییان زۆر بە جێی گومان زانییوە، پێشتر لە ڕەگەزی ڕۆسمارینوس پۆلێنیان کردووە.

باسکردنی فیزیایی

ڕۆزماری ڕووەکێکی هەمیشەییە و زۆربەی کات بۆ نزیکەی یەک مەتر گەشە دەکات لە بەرزاییدا، هەرچەندە هەندێک ڕووەک دەتوانن بگەنە دوو مەتر بەرزی، گەڵا هێڵییەکانی نزیکەی یەک سانتیمەتر درێژن و تا ڕادەیەک لە گەڵای سنەوبەری شێوە دەرزی چەماوە دەچن، ڕەنگیان سەوزی تێر و بریقەدارن، کە قەراغی ژێرەوەی گەڵای سپی و شێوە چەماوەن، گوڵی بچوکی شینباو دەردەکات و سەرنجی هەنگەکان ڕادەکێشێت.

مێژوو و بەکارهێنان

لە سەردەمی کۆندا باوەڕ وابووە کە ڕۆزماری یادگە بەهێز دەکات و لە ئەدەبیات و فۆلکلۆریشدا بە هێمای یادکردنەوە دانراوە، لە بواری پزیشکیدا ڕۆزماری پێکهێنەرێکی باوی بۆنەکان و مەڵحەمەکان بووە، ئەمڕۆ پێکهاتە دەستکردەکەی لە چەندین بەرهەمی پاککەرەوەی تەوالێتدا بەکاردێت.

هەندێک لە سوودەکانی ڕۆزماری

  • ڕۆزماری سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی دژە ئۆکسیدەکانە و پێکهاتەی دژە هەوکردنی تێدایە، هەروەها یارمەتی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و باشترکردنی سوڕی خوێن دەدات.
  • ڕۆزماری بە هاندەرێکی مێشکی دادەنرێت کە توانای فێربوون زیاد دەکات و یارمەتی باشترکردنی توانای یادگە دەدات، هەروەها بە هۆکاری بەرزکردنەوەی هوشیاری و زیرەکی و سەرنجدان ناسراوە.
  • بۆنی ڕۆزماری کاریگەری هەیە لەسەر باشترکردنی میزاج و هێورکردنەوەی مێشک و کەمکردنەوەی فشار لەو کەسانەدا کە دڵەڕاوکێی درێژخایەن یاخود ناهاوسەنگی هۆرمۆنی سترێسیان هەیە.
  • ڕۆنی ڕۆزماری یارمەتی گەشەکردنی قژ دەدات و ڕێگری دەکات لە ڕووتانەوە و سپی بوون و دروست بوونی کڕێش و وشکبوونەوەی پێستی سەر.
  • ڕۆزماری زۆر جار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرس بەکاردێت لەوانەش (دڵەکزێ، با کردنی ناوسک، نەخۆشییەکانی جگەر و زراو و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن).
  • ڕۆزماری بە تایبەتی بەهێزە لە دژی هەوکردنی بەکتریا وە ڕێگری لە دروست بوونیان دەکات.
  • خۆراکە ماددەکان لە ڕۆزماریدا یارمەتی پاراستنی خانەکانی پێست دەدەن لە زۆربەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی تیشکی خۆرەوە بەریکەوتووە.


سەرچاوەکان



3207 بینین