کاریلە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-21-13:36:00 - کۆدی بابەت: 6655
کاریلە

ناوه‌ڕۆك

کاریلەکان

بێچووی بزن لە ساتی لەدایکبوونیەوە پێی دەوترێت کار یان کاریلە، ئیتر ئەگەر نێر بێت یاخود مێ هەمان ناوی هەیە، هەتا شەش مانگی بەم شێوەیە دەمێنێتەوە، دوای شەش مانگ هەتا ساڵیک پێی دەوترێت گێسک، دوای ساڵێک دەبێت بە چتیر هەتا ساڵیکی دیکە واتە هەتا دەبێت بە دوو ساڵ، ئەگەر مێینە بوو بێچووی ببێت پێی دەوترێت بزن، بەڵام ئەگەر نێرینە بێت دەبێت بە خرت، لە کوردەواریدا بەم جۆرەیە، بەڵام دەکرێت بۆ زانینی تەمەنی بێچووەکان چاودێری گەشەسەندنی ددانەکانی بکرێت، کە بە گوێرەی مانگ و ساڵەکانی تەمەنی ددانە شیرییەکانی دروست دەبن و دەگۆڕێن بۆ هەمیشەیی.

بزنەکان لە کۆتا ڕۆژەکانی سکپڕی پێویستیان بە پشوودانی زۆر هەیە، دواتر لە درەنگانی شەوەوە هەتا بەرەبەیان بێچوویەک یان دووانی دەبێت، لە هەندێک باری دەگمەندا چوار یان پێنج بێچووی دەبێت، کاتی نزیکبوونەوە لە لەدایکبوونەوەکە دایکەکە دەڕواتە جێگەیەکی سەلامەت، و لەکاتی بوونی بێچووەکەی کۆمەڵیک دەنگ دەردەکات لە ئەنجامی ئەو ئازارانەی کە هەیەتی، لەبەر ئەوەی بزنەکە گرنگی بە خۆی و بێچووەکەی دەدات بۆیە مرۆڤەکان لێی دوور دەکەونەوە و خۆیان هەڵناقورتێنن، دواتر بزنە دایکەکە بێچووەکەی لە نزیک خۆی دەهێڵێتەوە، زمانی پیادا دەهێنێت و پاکی دەکاتەوە، بێچووەکە لە نزیک دایکەکە دەمێنێتەوە هەتا تەمەنی شیر لێگرتنەوەی کە ٦ مانگ دەخایەنێت، هەندێک جار دەکرێت ٤ یان ٥ مانگ بخایەنێت، ئەو کاتە دەگاتە تەمەنی پیگەیشتنی، بێچووەکان بە چەند خولەکێکی کەم دوای لەدایکبوونیان، هەڵدەستنە سەر پێیەکانیان و بە دەوەری دایکیاندا دەسوڕێنەوە.

تایبەتمەندییەکانی بێچووی بزنەکان

بێچووی بزنەکان زۆر وریا و زیرەک و بە جوڵەن، دوای ماوەیەکی کەم لە کاتی لەدایکبوونیانەوە هەوڵ دەدەن پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەریان دروست بکەن، بە جۆرێک کە هەوڵی گرتنی هەموو شتێک دەدەن بە لێوەکانیان، دوای هەفتەیەک هەوڵ دەدەن بەسەر بەرزاییەکاندا باز بدەن و سەربکەون، دوای دوو هەفتەش خێرا دەجوڵێن و باز دەدەن و یاریدەکەن لەگەڵ کار و بەرخە بچوکەکان، ئەو دەنگەی بەکاری دەهێنن بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ دایکیان و دەورەبەریان هاوشیوەی بزنەکانە کە پێی دەوترێت قاڕاندن.

شێوازی گرنگیدانی دروست بە بێچووی بزنەکان (کاریلەکان)

پێویستە دایک و بێچووەکە جێگەیەکی جیاکراوە و گەرمیان هەبێت، بۆ ئەوەی خێراتر پەیوەندی لەگەڵ یەکتر دروست بکەن، لە ئەگەری نە پچڕانی وێڵاشی بزنەکە بە شێوەیەکی سروشتی ئەوا مقەستێکی پاک بەکار دەهێنرێت بۆ بڕینی، و بە خوێ پاک دەکرێتەوە هەتا کاتێک بەتەواوی وشک دەبێتەوە و لێ دەبێتەوە، دەبێت دڵنیا ببیتەوە لە ئەوەی بێچووەکە بڕی پێویست شیر لە دایکەکە وەردەگرێت، کە بە ئەم شیرەی لە ڕۆژەکانی سەرەتادا دایکەکە بەرهەمی دەهێنێت دەوترێت ژەک، هەموو پێوستیە خۆراکیەکانی بۆ گەشەسەندن و پاراستنی تەندروستی بێچووەکە لە خۆ گرتووە، دوای لە شیر گرتنەوەی پێویستە بێچووەکە سەوزە و گژ و گیا و خۆراکی گونجاوی پێبدرێت.


سەرچاوەکان



1237 بینین