دەریای سوور

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-09-21-13:49:00 - کۆدی بابەت: 6656
دەریای سوور

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دەریای سوور

ڕێڕەوێکی ئاوی سوێرە کە لە زەریای هیندیەوە دێت و دەکەوێتە نێوان کیشوەری ئاسیا و ئەفەریقاوە، بەهۆی دەربەندی "باب اﻟﻤﻨﺪب" و کەنداوی عەدەن لە بەشی باشوور و بەهۆی نیمچە دوورگەی سینا و بەنداوی عەقەبە و بەنداوی سوێزەوە لە بەشی باکورەوە دەگاتە زەریای هیندی، دەریای سوور بە زمانی عەرەبی پێیدەگووترێت "البحر الأحمر" و بە زمانی ئینگلیزی "Red Sea".

دەریای سوور یەکێکە لەو چوار دەریایەی کە لە زمانی ئینگلیزدا بە دوای یەکێک لە ڕەنگەکاندا دێن، ئەوانیش دەریای سوور و دەریای ڕەش و دەریای سپی و دەریای زەردن، درێژی دەریای سوور بە نزیکەیی 2,250 km و ئەوپەڕی پانیەکەی بە نزیکەیی 355 km هەروەها ڕووبەری ڕووەکەشی 438,000 km2، ئەوپەڕی قوڵیەکەی 3,040 m و قەبارەی ئاوەکەی 233,000 km3.

سیستەمی ژینگەیی ژێر ئاوی دەریای سوور نیشتیمانی زیاتر لە 300 جۆر مەرجان و 1,200 جۆر ماسییە، کە %10ی ئەم مەرجان و ماسییانە لە هیچ شوێنێکی تری جیهاندا نین و نادۆزرێنەوە، جۆرە دۆلفینێکی بچووک و مانگا دەریاییەکان و کیسەڵەکان و شەیتانی دەریا و جۆرە جیاوازەکانی قرش و هەندێک لەو جۆرە گیانەوەرانەی کە لە دەریادا دەژین و بە ناو ئەم ئاوە دەڵێن نیشتیمان.

دەریازانی "زانستی زەریاکان"

ئاووهەوای دەریای سوور دەرئەنجامی دوو وەرزە بایە، یەکێکیان وەرزە بای بەهێزی باکووری ڕۆژهەڵاتە و ئەوەکەشیان وەرزە بای باشووری ڕۆژئاوایە، بەهۆی جیاوازی پلەی گەرمی زەوی و دەریاوە وەرزە باکان هەڵدەکەن، بەرزی پلەی گەرمی سەر ڕووەکە و ڕێژەی سوێریەکەی وادەکات دەریای سوور ببێت بە گەرمترین و سوێرترین دەریا لە جیهاندا، تێکڕای پلەی گەرمی سەر ڕووی ئاوی دەریای سوور بە درێژایی وەرزی هاوین نزیکەی 26 پلەی سیلیزیە لە باکووری دەریاکەوە 30 پلەی سیلیزیە و لە باشوورەوە نزیکەی تەنها 2 پلەی سیلیزیە و بە درێژایی مانگەکانی زستان گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

دەریاکه بە بەهێزی باکەی و تەوژمە چاوەڕوان نەکراوەکەی ناسراوە، ڕێژەی باران بارین بەسەر دەریای سوور و کەنارەکانیدا زۆر کەمە و بۆ هەر ساڵێک تێکڕای 0.06m، بە گشتی لێزمە بارانە و کورتخایەنه، و زۆرجاریش ڕەشەبای بروسکاوی لەگەڵدایە و جاروباریش گەردەلوولی لەگەڵدایە.

بۆچی دەریای سوور سوورە؟

ناوی دەریای سوور ڕاستەوخۆ لە ناوە یۆنانییە کۆنەکەیەوە وەرگێڕدراوە کە بە زمانی یۆنانی پێی دەگووترێت Erythra Thalassa (Ερυθρὰ Θάλασσα)، بەڵام تەنیا زمانە ئەوروپاییەکان وشەی "سوور" بەکار دەهێنن، بە زمانی عیبری پێی دەگووترێت "Yam Suph" یان دەریای قامیشەکان، دەریای سوور سوێرترین دەریایە لە ناو ئەو دەریانەی که بە زەریاکە دەگەن بەبێ ئەوەی تەنانەت یەک ڕووباریش بە دەریای سوور بگات.

بیردۆزێکی باو هەیە دەربارەی بنچینەی ناوی دەریای سوور کە دەڵێت ئەم دەریایە قەوزەیەکی پیرۆزەیی "شینی سەوزباو" تێدایە کە پێی دەگووترێت "Trichodesmium erythraeum" کە بەشێوەیەکی ئاسایی ڕەنگەکەی لە پیرۆزەییەوە دەگۆڕێت بۆ قاوەییەکی سوورباو.

گرنگترین بەندەرەکانی سەر دەریای سوور

دەریای سوور یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی گواستنەوە لە جیهاندا کە هەر سێ کیشوەری ئەفریقا و ئاسیا و ئەورووپا پێکەوە دەبەستێتەوە، هەروەها بەسەر نۆ وڵاتدا دەڕوانێت کە حەوتیان وڵاتانی عەرەبین: ئەوانیش سودان و میسڕ و سعودیە و ئوردن و یەمەن و جیبۆتی و سۆمال لەگەڵ ئێریتریا و ئیسرائیل، گرنگی ستراتیژی ئەم بەندەرانەی دەریای سوور ئەوەیە کە ڕێڕەوێکی سەرەکی گواستنەوەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەنداو بۆ بازاڕەکانی جیهان و خاڵی سەرەکی پەیوەندیکردن و خاڵی گواستنەوەیە بۆ بازرگانی نێوان دەریای ناوەڕاست و زەریای هیند و دەریای عەرەبی، دیارترین و گرنگترین بەندەرە ستراتیژیەکانی سەر دەریای سوور ئەمانەن:

  • بەندەری ئیسلامی جددەی سعودی.
  • بەندەری سویز لە میسڕ.
  • بەندەری بۆرتسودان لە سودان.
  • بەندەری ئەلمەخای یەمەنی.
  • بەندەری حەدیدە.
  • بەندەری عەقبە لە وڵاتی ئوردن.
  • بەندەری جیبۆتی لە وڵاتی جیبۆت.
  • بەندەرى موسەوع لە ئێریتریا.
  • بەندەری ئیلات لە ئیسرایل.


سەرچاوەکان



3382 بینین