کۆمپانیای ئارامکۆ

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-21-15:07:00 - کۆدی بابەت: 6659
کۆمپانیای ئارامکۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی یاخود Saudi Aramco کە بە فەرمی بە کۆمپانیای نەوتی عەرەبستانی سعودی ناسراوە (Saudi Arabian Oil Company)، ئەم کۆمپانیایە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەهەمهێنانی نەوت لە جیهاندا، نزیکەی 270 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە، ناوەندی سەرەکی ئەم کۆمپانیایە لە شاری الظهران/ زەهرانی سعودیە، هەروەها ئەم کۆمپانیایە داهاتی زۆر بەرزە و لە ڕووی داهاتەوە لە پێش کۆمپانیا تەکنەلۆژیاکانی جیهانە نموونەی ئەپڵ و گوگڵ.

مێژووی دروستبوونی کۆمپانیای ئارامکۆ

لە ساڵی 1933 ئەم کۆمپانیایە درووستکراوە لە لایەن کۆمپانیای SoCal کورتکراوەی Standard oil of californea کاتێک حکومەتی سعودیە لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای ئەمەریکی تردا ڕێککەوتن بۆ دۆزینەوەی نەوت لە سەر خاکەکەی، لە ساڵی 1938 نەوت لە شاری زەهران دۆزرایەوە، لە ساڵی 1950 کۆمپانیای ئارامکۆ هێڵی بۆڕی نەوتی کردەوە لە سعودیەوە بۆ بەندەری سەیدا لەسەر دەریای سپی نێوەند، ساڵێک دواتر یەکەمین بیرە نەوتی دەریایی دۆزیەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ساڵی 1981 کۆمپانیای ئارامکۆ گرنگترین هێڵی بۆڕییە نەوتییەکانی بە ڕووی کەنداوی عەرەبیدا کردەوە. 

هێرشەکانی سەر کۆمپانیای ئارامکۆ

کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە دوو جار هێرشی کراوەتە سەر، هێرشی ئەلیکترۆنی و هێرشێکی تیرۆریستی، لە مانگی ئابی 2012دا لە لایەن ڤایرۆسێکەوە هێرش کرایە سەر کۆمپیوتەرەکانی کۆمپانیاکە و هاکەرەکان بەرپرسیارێتی بڵاوبونەوە و هێرشی ڤایرۆسی سەر کۆمپیوتەرەکانیان لە بەشی کۆمپانیاکانی نەوت و وزە ڕاگەیاند و کۆمەڵێک هاککەر بە ناوی بڕینی شمشێری داد "Cutting Sword of Justice" بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکەی سەر 30 هەزار وێستگەی کاری ئارامکۆ ڕاگەیاند، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکە چەند خزمەتگوزارییەکی نەمێنێت، چەند مانگێکی خایاند بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاریەکانی، ئەو ڤایرۆسەی کە لە هێرشەکەدا بە کارهێنرا بوو ناوی "شیمۆن" بوو، دەرەنجامی ئەم هێرشی ڤایرۆسە ماڵپەڕی ئەلیکترونی سەرەکی کۆمپانیاکە لە کار کەوت، پسپۆڕانی ئاسایشی کۆمپیوتەری کۆمپانیاکە ڕایانگەیاند کە هێرشی ئەلیکترونی ناسراو بە شیمۆن لە ڕێکخراوێکی ئەم کەرتەی داوە، و ڤایرۆسەکە دەتوانێت فایلەکان بپشکنێت و چەندین کۆمپیوتەری تۆڕەکە لە کار بخات.

هێرشی دووەم بۆ سەر ئەم کۆمپانیایە هێرشێکی تیرۆریستی بوو، لە مانگی ئەیلولی 2019دا لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرش کرایە سەر پاڵاوگەی نەوتی ناوچەی بەقیق و کێڵگەی نەوتی خریس کە دوو دامەزراوەی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودین، ئەم هێرشە بووە هۆی ئەوەی کە توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی سعودیی بە بڕی 5.7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم بکاتەوە و دابەزێت، واتا زیاتر لە 5٪ ی دابینکردنی نەوتی جیهانی کەم کردەوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا گفتوگۆ لە نێوان بەرپرسانی سعودیەدا کرا بۆ دواخستنی IPOـی ئارامکۆ بەهۆی کاریگەری ئەو هێرشە لەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە، (IPO ئای پی ئۆ ئاماژەیە بە Initial Public Offering بە واتای پیشکەشکردنی گشتی سەرەتایی ڕووداوێک کە کۆمپانیاکە بۆ یەکەم جار سەرمایەی تایبەت بە خۆی دەردەکات بۆ کۆکردنەوەی پارە لە وەبەرهێنەرانی دەرەوە لە دەرەوەی کۆمپانیاکە).

کاریگەری کۆمپانیای ئارامکۆ لەسەر بازاڕی نەوت لەدوای هێرشەکان

لە پاش هێرشەکەی ئارامکۆ لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2019، نرخی نەوت لە ڕۆژی دواتر بە ڕادەیەکی زۆر بەرز بووەوە لە کاتی کردنەوەی ئاڵوگۆڕی سەرمایەدا، بە ڕادەیەک کە برێنتی خاو بە بڕی 19٪ بەرز بووەوە، ئەم ڕێژەیە بەرزترین ڕێژەیە کە تۆمار کرا لە دوای جەنگی کەنداوی ساڵی 1991، هەروەها ڕێژەی خاوی ڕۆژئاوای تێکساس زیاتر لە 15٪ بەرز بووەوە، دوا بە دوای ئەو نرخی زێڕیش بەرز بووەوە، هەروەها پشکی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا وەک کۆمپانیای نەوتی ماراسۆن کۆرب و کۆمپانیای دیڤۆن ئینێرجی کۆرپ بەرزبووەوە، لە بازاڕی نێوخۆی وڵاتی سعودیەش بە ڕێژەی 2.3٪ دابەزیوە.


سەرچاوەکان



1421 بینین