جگەرە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-21-21:00:00 - کۆدی بابەت: 6660
جگەرە

ناوه‌ڕۆك

جگەرە چییە؟

جگەرەی بریتییە لە لوولەیەکی تەسک کە لە کاغەزێکی تەنک پێکدێت و پڕکراوە لە ماددەی وەک تووتن کە توانای سوتانی هەیە، لەناو هەموو بەرهەمەکانی تووتندا جگەرەی دووکەڵدار و بێ دووکەڵ زۆرترین خواستی لەسەرە، ملیاران دۆلار تەرخانکراوە لە بواری پیشەسازی جگەرەدا، شێوازی بەرهەمهێنانی زۆربەی زۆری جگەرە بریتییە لە توتنێک کە شەکر و چەوری شیری تێکراوە تاکوو تامە تاڵەکەی نیکۆتین کە پێکهاتەی ناو توتنە کەم بکاتەوە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی جگەرە جۆرێکی توتن بەکاردێنن کە پێکهاتەکەی گۆڕانکاری بەسەردا هێنراوە تاکوو خێرایی گواستنەوەی نیکۆتین زیادبکەن، جگەرە سەرێکی ئاگری پێوەدەنرێت و دەسووتێت بە بێ گڕگرتن، پاشان دووکەڵەکەی لە سەرەکەی ترییەوە لە ڕێگای دەمەوە هەڵدەمژرێت، جۆری جگەرەی پێشکەوتوو پاڵفتەکراوە (فلتەرکراو)، کە فلتەرەکەی لەو سەرەدایە کە پێی دەکێشرێت و لە ماددەیەک دروستکراوە تا ڕێگربێت لە هەڵمژینی زۆری ماددە زیانبەخشەکانی ناو دووکەڵی جگەرە، بەڵام ئەمە وا لە جگەرە ناکات کە ماددە شێرپەنجەیی و زیان بەخشەکانی کەم بێت، زۆربەی بیروباوەڕەکان پێیان وایە کە پاڵفتە ئەو ماددەی زیانبەخشانە دەپاڵێوێت کە زیان بە تەندروستی کەسی جگەرەکێش دەگەیەنن، هەروەها پێیان وایە کە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان کەم دەکاتەوە، بەڵام تاقیکردنەوە زانستییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە فلتەر تەنها تار (قەتران) و نیکۆتین لە جگەرەدا کەم دەکاتەوە و ناتوانێت گازەکانی وەک ئۆکسیدی کاربۆن کە بارستەی مۆڵیان کەمە لاببات.

نیکۆتین

ماددەیەکی کیمیاییە لە تووتندا بوونی هەیە و دەبێتە هۆی ئالوودەبوونی مرۆڤ، نیکۆتین دەبێتە هۆی بەخشینی هەستی خۆشی بە مرۆڤ، ئەم هەستە کاتییە بۆیە دواتر مێشک داوای دووبارە کێشانەوەی نیکۆتین دەکات، تاکوو زیاتر بکێشێت حەزی زیاتر دەبێت بۆ نیکۆتین، کاتێک مرۆڤ هەوڵدەدات واز لە کێشانی بهێنێت هەست بە بێتاقەتی و بێزاری دەکات، چونکە دوای تەنها چەند چرکەیەک لە هەڵمژینی کەمێک لە دووکەڵەکەی، نیکۆتینی ناو تووتن دەگاتە مێشک، لە مێشکدا دەردانی ماددەی کیمیایی دۆپامین زیاددەکات، دۆپامین ماددەیەکی کیمیایی خۆشیهێنەرە و ڕۆڵی هەیە لە جووڵەی لەش و هاندان و دووپاتکردنەوەی کاری سیستمی پاداشتی مێشک، تاکوو جگەرە زیاتر بکێشرێت مێشک زیاتری پێویستە بۆ گەیشتن بەو هەستی خۆشییە، تا وای لێدێت نیکۆتین دەبێت بە بەشێک لە ڕۆتینی ڕۆژانەی بەکارهێنەر و تێکەڵ دەبێت لەگەڵ خولیا و هەستی ڕۆژانەی.

جگەرەی ئەلیکترۆنی

جگەرەی ئەلیکترۆنی چەندین شێوە و قەبارەی جیاوازی هەیە، زۆربەیان بە باتری کاردەکەن، توخمی گەرمکەر و شوێنێکیان هەیە بۆ تێکردنی ئەو شلەیەی کە دەسوتێت، جگەرەی کارەبایی دووکەڵ بەرهەم دەهێنێت بە گەرمکردنی ئەو شلەیەی تێیدایە، شلەکە لە نیکۆتین و تام و ماددەی کیمیایی دیکە کە یارمەتی سوتان و دووکەڵکردن دەدەن پێکدێت، بەکارهێنەران ئەو دووکەڵەی دروست دەبێت هەڵیدەمژن بۆ ناو سییەکانیان، جگەرەی ئەلیکترۆنی زۆرجار جگە لە کێشانی نیکۆتین، بەکاردێت بۆ کێشانی ماددەی هۆشبەری وەک ماریوانا، جگەرەی کارەبایی بۆ کەسانی تازە پێگەیشتوو و خانمانی دووگیان و ئەو کەسانەی کە پێشتر جگەرەی ئاساییان نەکێشاوە سەلامەت نییە، لە کاتێکدا کە ئەم جۆرەی جگەرە سوودی بۆ هەندێک کەس هەیە، بەڵام دەتوانێت زیان بە هەندێک کەسی دیکە بگەیەنێت، توێژینەوەکان دەربارەی ئەوەی ئایا جگەرەی ئەلیکترۆنی یارمەتیدەرە بۆ وازهێنان لە جگەرە یاخود نا تا ئێستاش بەردەوامە.

جیاوازی نێوان جگەرە و سیگار

سیگار (جگەرەی قەبارە گەورە) زیاتر کلاسیکە و بۆ بۆنە و ئاهەنگی تایبەت و لەلایەن کەسانی سەرمایەدارەوە بەکاردێت، بەڵام جگەرە ڕۆژانە و لەلایەن کەسانی ئاساییەوە بەکاردێت.

وەک باسدەکرێت جگەرەی ئاسایی زیاتر ترسناکە و دەبێتە هۆی ئالوودەبوون، بەڵام لە ڕاستیدا هەردوو جۆری جگەرە دەبنە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، سیگار دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی دەم و جگەرەش دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان.

هەردووکیان لە تووتن پێکدێن، بەڵام جیاوازی سەرەکییان ئەوەیە کە سیگار لەناو گەڵای تووتن یاخود لە کاغەزێکدا کە لە تووتن پێکبێت دەپێچرێتەوە، بەڵام جگەرە لەناو کاغەزێک یان ماددەیەکدا دەپێچرێتەوە کە لە تووتن پێکنەهاتووە.

سیگار جۆری پاڵفتەکراوی نییە، بەڵام زۆربەی زۆری جۆرەکانی جگەرە سەرێکیان هەیە کە پاڵفتەکەرە، سیگار ئەستوورتر و گەورەترە لە جگەرە و کاتی زیاتر دەبات بۆ کێشان و تووتنی زۆرتری تێدایە.

جیاوازییەکی زۆر هەیە لە ڕێژەی بوونی نیکۆتین لە هەریەکێکیاندا، سیگار زیاتر لە ١٠٠ بۆ ٢٠٠ میلیگرامی پێکدێت لە نیکۆتین، بەڵام جگەرە تەنها نزیکەی ٨ میلیگرامی پێکدێت لە نیکۆتین، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە کێشانی یەک سیگار دەتوانێت زیاتر لە یەک پاکەت لە جگەرەی فلتەرنەکراو (پاڵفتەنەکەر) نیکۆتین ببەخشێت بە بەکارھێنەر.

جیاوازییەکی دیکە بریتییە لە شێوازی بەکارهێنانیان، کاتێک کە دەکێشرێن دووکەڵی جگەرە ڕاستەوخۆ هەڵدەمژرێت بۆ ناو سییەکان، بەڵام سیگار دووکەڵەکەی بە شێوەیەکی ئاسایی لەناو دەمدا دەمێنێتەوە، چونکە جگەرە دووکەڵەکەی دەچێتە سییەکانەوە بۆیە ڕێژەی مژینی نیکۆتینەکەی بۆ ڕێڕەوی خوێن زۆر زیاترە لە سیگار و نیکۆتینی ناو سیگار لە ڕێگای شانەکانی ناو دەمەوە دەگوازرێتەوە.


سەرچاوەکان



2968 بینین