شێرپەنجەی دەم

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-09-22-13:16:00 - کۆدی بابەت: 6666
شێرپەنجەی دەم

ناوه‌ڕۆك

شێرپەنجەی دەم چییە؟

گەشەی لە کۆنتڕۆڵ دەرچووی خانەکانی لەشە کە هۆکاری تێکچوونی شانەکانی دەوروبەری لێوە، شێرپەنجەی دەم ئەو جۆرەی شێرپەنجەیە کە دەبێتە هۆی برین و زامی ناوەوەی دەم کە دەشێت ساڕێژ نەبێت، هەریەک لە لێوەکان و زمان و ڕوومەت و (ڕووپۆشی قەفەسەی دەم) و مەڵاشوو دەگرێتەوە، ئەگەر بەزووی شێرپەنجەکە دیاری نەکرێت و چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی مردن.

نیشانەکانی هەوکردنی

- ئاوسان و ئەستووربوون و هەڵتۆقین هەروەها وشکبوونەوە و ڕەقبوونی دەوروبەری لێو و نێوان ددانەکان و ناوچەکانی دیکەی ناوەوەی دەم.
- دەرکەوتنی پەڵەی سپی و سور لە ناوەوەی دەمدا.
- خوێنبەربوونی هۆکار نادیار.
- سڕبوونی هۆکار نادیار و لەدەستدانی هەست لەگەڵ ئازار لە هەموو ناوچەکانی دەم و چاو و مل.
- برینی بەردەوام لە دەم و چاو و ملدا کە بەئاسانی خوێنی لێدێت و سارێژ نابێت تاکو نزیکی دوو هەفتە.
- نەخۆشەکە وا هەستدەکات کە برینێک لە بەشی دواوەی قوڕگیدا هەیە.
- ناڕەحەتی لەکاتی قوتدان و جوینی خواردن و قسەکردن و جوڵاندنی شەویلگە و زمان.
- دەنگ گۆڕان.
- ئازاری گوێ.
- گۆڕانی ڕێک و پێکی ددانەکان.
- کەمبوونەوەی کێشی لەش بەشێوەیەکی بەرچاو.

ئەوانەی ئەگەری تووشبوونیان زۆرترە

• کەسانی جگەرەکێش.
• بەکارهێنەرانی کهول.
• هۆکاری بۆماوەیی.
• بەرکەوتنی تیشکی خۆر بەشێوەیەکی نائاسایی و لە ڕادەبەدەر.

چارەسەر

چارەسەری شێرپەنجەی دەم بەهەمان ڕێگای چارەسەرکردنی جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجەیە و لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری لابردنی گرێ شێرپەنجەییەکانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە چارەسەرکردن لەڕێگەی تیشک و دەرمانی کیمیایی بۆ لەناوبردنی هەر خانەیەکی شێرپەنجەیی.

چۆن ڕێگری بکەین لە تووشبوون بە نەخۆشیەکە:

• دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و خواردنەوەی کهول.
• ڕژێمی خۆراکی هاوسەنگ.
• سنووردارکردنی بەرکەوتن بە تیشکی خۆر.


سەرچاوەکان



1692 بینین