ئەو دیمەنانەی کە نابێت منداڵەکەت بیبینێت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-22-20:49:00 - کۆدی بابەت: 6676
ئەو دیمەنانەی کە نابێت منداڵەکەت بیبینێت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆرێک لە کێشەکان لە گەورەییدا ئەنجامی پەروەردەی هەڵە و کێشەکانی منداڵییە لەو کەسەدا، ژینگە و شێوازی پەروەردەکردنی منداڵەکە بڕیار لەسەر داهاتووشی دەدات بۆیە گرنگە کە هەر لە منداڵییەوە منداڵ پەروەردەیەکی باش بکرێت و ئاگاداری بین.
هەستی منداڵ وەک کەسێکی گەورە نییە و زۆر هەستیار و ناسکە بۆیە هەر دیمەنێک ببینێت زۆر کاریگەری دەخاتە سەری و لە بیریدا دەمێنێتەوە.

نابێت بهێڵیت منداڵەکەت ئەم دیمەنانە ببینێت

پەلاماردانی ئاژەڵان

نابێت بهێڵیت منداڵەکەت دیمەنی پەلاماردانی ئاژەڵان ببینێت، چونکە ئەمە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەری و دەچێتە مێشکییەوە کە ئاسانە لەناوبردنی هەر زیندەوەرێک و هەروەها فێری ئازاردانی ئاژەڵان دەبێت، جگە لەمانەش زۆر جار منداڵەکە دەترسێت و خەو دەبینێت و دەبێتە مۆتکەیەک لە ژیانیدا.
هەروەها لە ئەنجامیشدا دووچاری تا و لەرز و میزکردن بە خۆیدا و ترس لە خوێن دەبێتەوە، بۆیە گرنگە ئەگەر هات و قوربانیشت کرد لە لای منداڵێکدا ئاژەڵەکە سەر نەبڕیت.

مەراسیمی کفن کردن و پرسە

بەداخەوە زۆر جار بە هۆی کەمتەرخەمی دایک و باوکەوە منداڵ مردن و کفن کردنی کەسانی دەوروبەری دەبینێت وەک باپیرە و داپیرە و ئەمە تاکوو ساڵانێکی زۆرە لە مێشکیدا دەمێنێتەوە و کاریگەری خراپی دەبێت لەسەری و بەردەوام ترسێکی بۆ دروست دەبێت و دەترسێت لە لەدەستدانی دایک و باوکی، هەروەها نابێت منداڵی بچووک ببرێتە پرسەوە و گریان و هاواری خەڵکی ببینێت.

دیمەنی خۆکوشتن

باس کردنی خۆکوشتنیش تەنانەت کاریگەری زۆر خراپ جێ دەهێڵێت بەسەر منداڵەوە، ئەگەریش بێت و منداڵ سەیری کۆمەڵێک دیمەن بکات کە تێیدا خۆکوشتنی زۆر بە ئاسانی پیشانداوە کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت و ئاسان دەبێت بەلایەوە، کاتێک دڵگران دەبێت و تووڕە دەکرێت ئەگەری زۆرە پەنا بباتە بەر خۆکوشتن.

شەڕی توند

بینینی شەڕی خێزان بە تایبەت شەڕی دایک و باوک زیانێکی زۆر دەدات لە منداڵەکە و کەسێکی لاواز دەردەچێت و متمانەی بە خۆی نابێت، هەروەها ڕقی لە دایک و باوکی و تەنانەت خۆشی دەبێتەوە، ئەمە کاریگەری جێ دەهێڵێت و وادەکات کە منداڵەکەش بەردەوام لەگەڵ کەسانی دەوربەریدا شەڕ بکات.

فیلمی ترسناک

منداڵ خەیاڵ و ڕاستی جیاناکاتەوە و هەمو دیمەنێک کاریگەری توندی دەبێت لەسەری، بینینی دیمەنی ترسناک و توند منداڵ تووشی کۆمەڵێک کێشەی زۆر دەکاتەوە، وەک گریان، میزکردنی شەوانە، ترسان و ڕاپەین لە خەو و دڵەڕاوکێ، هەروەها ئەگەر بینینی ئەم دیمەنانە بەردەوام بێت منداڵەکە کەسێکی شەڕانگێزی لێ دەردەچێت.

پەیوەندی نێوان ژن و مێرد

بینینی پەیوەندی سێکسی نێوان دایک و باوک زیانێکی زۆر دەدات لە منداڵ و شۆک دەبێت، بۆیە گرنگە دایک و باوکان زۆر وریابن و نەهێڵن بە هیچ شێوەیەک منداڵەکەیان ئەم دیمەنە ببینێت، چونکە مێشکی لەو کاتەدا ناتوانێت بەرگەی بگرێت، هەروەها ئاگاداری منداڵ بیت کە سەیری چ جۆرە بەرنامە و فیلمێک دەکات تاکوو دڵنیابن کە ئەو دیمەنانەی تێدا نییە.


سەرچاوەکان



491 بینین