پاندا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-24-14:00:00 - کۆدی بابەت: 6696
پاندا

ناوه‌ڕۆك

ناوە جیاوازەکانی و تەمەنی

پاندا یان ورچی پاندا (بە ئینگلیزی: panda)، ئاژەڵێکی قەبارەی گەورەی مەمکدارە لە خێزانی ورچەکاندا پۆلێنکراوە، بەڵام ورچێکی دەگمەنە و ژمارەی کەمە، لە دارستانە حەیزەرانە شاخاوییەکانی ناوەڕاستی چین دەژی، لەبەر ئەم هۆکارەش بە ورچی  حەیزەرانیش ناودەبرێت، یاخود چینییەکان پێی دەڵین پشیلەی گەورە، چونکە پێیەکانی هاوشێوەی پشیلەکانە، ناوە زانستییەکەشی بە مانای ئاژەڵی ڕەش و سپی دێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی لە سروشتدا لە نێوان ١٥-٢٠ ساڵ دەبێت، بەڵام لە باخچە تایبەتەکان و بەهۆی گرنگی پێدانی زیاتری تەمەنی دەگاتە ٣٠ ساڵ.

پۆلێنکردنی زانستی پانداکان

لە ڕابردوودا زاناکان بۆ ماوەی چەند سەدەیەک ناکۆک بون لە پۆلێنکردنی پاندا لە ژێر ناوی خێزانی ورچەکان یاخود ڕاکۆنەکان، دواتر پشکنی بۆماوە ماددەیان بۆ کرد، بۆهێڵی هاوشێوەی ورچ و ڕاکۆنەکانیشی هەیە بەڵام ژمارەی بۆهێڵە هاوشیوەکانی پاندای گەورە لە ورچەکانەوە زیاتر بوون بۆیە لە خێزانی ورچەکاندا دانرا، لە کاتێکدا پاندای سوور بۆهێڵی هاوبەشی زیاتری لەگەڵ ڕاکۆنەکان هەبوو، بۆیە بە تەنها و بە جیا لە یەک خێزانی تایبەت بە خۆیدا دانرا.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی زۆر گەورەیە ڕووخسارێکی بازنەیی هەیە لەگەڵ کلکێکی کورت، بەرزییەکەی لە پێیەکانییەوە هەتا شانەکانی لە کاتی وەستاندا لەسەر چوارپێ لە نێوان ٠.٦ - ٠.٩ مەتر دەبێت، بەڵام درێژییەکەی لە نێوان ١.٢ - ١.٨ ـم دەبێت، بەمەش قەبارەکەی نزیک دەبێتەوە لە قەبارەی ورچی ڕەشی ئەمریکی، بە گشتی قەبارە و کێشی نێرینەکان گەورەترە لە مێینەکان، کێشی پاندا نێرینەکان ١١٣ کگم دەبێت بەڵام مێینەکان بە دەگمەن دەگاتە ١٠٤ کگم، ڕەنگی فەرووەکەی ڕەش و سپییە، ناوچەی گوێچکەکانی و چاوەکانی لەگەڵ پەلەکانی و شانەکانی ڕەشن و بەشەکانی دیکەی سپین، پێکهاتەی مووەکەی تیژە و چڕ و پڕە بۆ پاراستنی لە تەم و هەوای ساردی دارستان، هەستەکانی بینین و بۆنکردنی پەرەسەندوون، و ئاژەڵێکی زیرەکە کە دەتوانێت فێری جوڵە و نزیکەی ٢٠ فێڵی جیاواز ببێت.

خۆراک

خۆراکی بە ڕێژەی ٩٩% بریتییە لە حەیزەران، بەڵام هەندێک جار دەکرێت ڕووەک و ماسی و ئاژەڵی بچووک بخوات، پانداکان بەهۆی چنگ و لەپی دەستە بەهێزەکانییەوە دەتوانێت قەدی حەیزەرانەکان بگرێت و بیقرتێنێت، و بە دوایدا بە سود وەرگرتن لە شەویلگە و ددانە بەهێزەکانی حەیزەرانەکان ورد دەکات و قوتی دەدات، لەگەڵ ئەوەی حەیزەران کە خۆراکی سەرەکییەتی وزەی زۆرییان پێنادات، بەڵام  پانداکان بە چەند ڕێگایەک بەکارهێنانی وزەیان کەمکردوەتەوە، وەک شێوازی ژیانکردنێکی هێواش و لەسەرخۆ و بچووکی ئەندامە سەرەکییەکانی جەستەی کە وزەی کەمیان پێویستە و دەردانی بڕێکی کەمی چەند هۆرمۆنێکی دیاریکراو.

خەوتن

پاندا گەورەکان لە نێوان ژەمەکانیدا بۆ ماوەی ٢-٤ کاتژمێر دەخەوێت، و لە وەرزی هاویندا دەکرێت کاتەکە زیاد ببێت بۆ ٦ کاتژمێر یاخود زیاتر، شێوازی خەوتنەکەی دەکرێت لەسەر پشت و سک و تەنیشتەکانی بێت لە سەر زەوی یان لە تەنیشت دارەکان، و لە کاتی خەوەکەیدا بە بەردەوامی دەجوڵێت، بە هۆی کەمی بڕی ماددە خۆراکیەکانی حەیزەرانەوە جەستەی پانداکان چەوری خەزنکراوی نییە، لە زستاندا ناچێتە سوڕی متبوونەوە بەڵکو کۆچدەکات بۆ مەودای نزیک و ناوچەی کەمتر سارد لە نشینگە بنەڕەتییەکەی.

پەیوەندیکردن

پاندا گەورەکان بە ئاژەڵی ژاوەژاو دروستکەر دادەنرێن، دەنگەکانی زۆرن و جیاوازن بە گوێرەی تەمەن و ڕەگەزی پانداکە، هەتا ئێستا زاناکان ١٣دەنگیان جیاکردونەتەوە، بۆ هەریەک لە توڕەی و برسێتی و ویستی یەکگرتن و بێزاری و دڵتەنگی و دەرکردنی کەسێکی بێگانە لە نزیک لانەکەی و دەربڕینی خۆشەویستیش، بە تایبەتی مێینەکەی دەنگی جیاوازی هەیە لە کاتی ئامادەکاری بۆ یەکگرتن لە باخچەی ئاژەڵاندا ، لە دارستاندا ١١ دەنگی جیاواز دەردەکات، هەروەها پانداکان لەسەر درەخت و بەرد و گژوگیاکان هێمای تایبەت بە خۆی دادەنێت وەک ناسنامەیەک، بۆ ئاماژەدان بە ڕەگەزی و هەندێک جاریش دۆخە کۆمەڵایەتییەکەی، ئەمەش بە هۆی دەردانی بۆنیکی تایبەتەوە لە ڕژێنێکی گەورەی نزیک کلکی کە درێژییەکەی ١٠-١٥ سم دەبێت، یاخود خوراندنی جەستەی بە دار و بەردەکانی ناوچەکە، بەمەش بە هۆی بۆنکردنەوە پەیوەندی دەکەن بەیەکترییەوە.

جووڵە

پاندا ئاژەڵێکی هێواشە و بە دەگمەن بە خێراییەکی زیاتر لە پیاسەکردن دەجوڵیت، و توانای وەستانی بە جیا لەسەر پێیەکانی و دەستەکانیشی هەیە، دەتوانێت مەلە بکات هاوشێوەی ورچەکان، هەروەها توانای سوڕانەوە و خۆشۆردنی بە خۆڵ هەیە.

یەکگرتن و زۆربوون

لە وەرزی بەهاردا پانداکان یەکگرتن ئەنجام دەدەن، ئەم وەرزە مێینەکان جەستەیان ئامادەیە، هەروەها نێرینەکانیش لە ڕێگەی هەستی بۆنکردنەوە دەیاندۆزنەوە، یاخود بە هۆی دەنگەوە جێگەی مێینەکان دەستنیشان دەکرێت، لەم وەرزەدا نێرینەکان شەڕانی و دڕندە دەبن و لەگەڵ نێرینەکانی دیکە لە پێشبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانی هەلی یەکگرتن لەگەڵ مێینەکان، دەکرێت لە یەک کاتدا ١-٥ پاندای نێرینە لە دەوری یەک مێینە کۆببنەوە و هەوڵی بۆ بدەن، دوای پێنج مانگ لە یەکگرتن پاندای مێینە بێچوویەکی دەبێت و لە هەندێک کاتی دەگمەندا دەکرێت دوانەی ببێت، بێچووەکە هەتا تەمەنی دەگاتە ٣ مانگ گرنگی زۆر پێدەدرێت و فێردەکرێت، لە مانگەکانی دواتری گەشەسەندنی جەستەی تەواو دەبێت هەتا تەمەنی دەگاتە بە ٤.٤ ساڵ، و لە تەمەنی ٦-٧ ساڵی دەگاتە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونی هەیە.


سەرچاوەکان



3019 بینین