ئۆکرانیا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-24-15:27:00 - کۆدی بابەت: 6700
ئۆکرانیا

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی ئۆکرانیا

وڵاتی ئۆکرانیا (بە ئینگلیزی: Ukraine) وڵاتێکە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، بە دووەم گەورەترین وڵات دادەنرێت لە کیشوەری ئەورووپادا لە دوای ڕووسیا، کە ڕووسیا لە ڕۆژھەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنوورە لەگەڵی، لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ بیلاڕووس، وە لە ڕۆژئاواوە هاوسنوورە لەگەڵ پۆڵەندا و سلۆڤاکیا و هەنگاریا، لە باشووریشەوە لەگەڵ ڕۆمانیا و ماڵدۆڤدا، وە هێڵی کەناری هەیە بە درێژایی دەریای ئەزۆڤ و دەریای ڕەش، ڕووبەری گشتی ٦٠٣ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، دانیشتوانەکەی بریتییە لە ٤١ ملیۆن کەس و هەشتەمین گەورەترین وڵاتە لە ڕووی دانیشتوانەوە لە ئەورووپادا، پایتەختی گەل و نەتەوەیی و گەورەترین شاری بریتییە لە کییڤ.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات ئۆکرانیا
پایتەخت کییڤ 
زمانی فەرمی ئۆکرانی
گرووپە ڕەگەزیەکان
  • ٪٧٧ ئۆکرانی
  • ٪١٧ ڕووسی
  • ٪٤ نەتەوەی تر 
ئاین
  • ٪٨٧ مەسیحی 
  • ٪١١ بێ ئاین 
  • ٪١ ئاینی تر 
  • ٪١ نادیار 
دامەزراندنی وڵات ٨٨٢ زایینی 
سەربەخۆیی وڵات ٢/١/١٩١٨
بوون بە بەشێک لە یەکێتی سۆڤیەت ١٩٢٢
سەربەخۆیی لە یەکێتی سۆڤیەت ٢٤/٨/١٩٩١
ڕووبەر ٦٠٣ هەزار و ٦٢٨ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە
دانیشتوان ٤١,٣٦٢,٣٩٣ کەس 
چڕی دانیشتووان ٤٨,٤٥٦,١٠٢ کەس/کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە ١٦٢.٨٧٢ میلیار دۆلار 
داهاتی ساڵانەی تاک ١٠,٣١٠ دۆلار
دراو هریڤنیا
کات UTC +2
کاتی هاوینە UTC +3
شێوازی لێخوڕین لای راست
کۆدی نێودەوڵەتی +٣٨٠

جوگرافیا

وڵاتی ئۆکرانیا وڵاتێکی گەورەی هەڵکەوتەی ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەورووپایە و یەکێکە لە وڵاتانی ناو (تەختاییەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات)، سنووری وشکانی لەگەڵ وڵاتانی (ڕووسیا، ڕۆمانیا، بیلاڕووس، هەنگاریا، پۆڵەندا، سلۆڤاکیا، مۆڵدۆڤا) دا هەیە و ڕووبەری وڵاتەکە ٤٠٣ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ٢,٧٨٢ کیلۆمەتر کەنار دەریای هەیە، نزیکەی ٤٠ میلیۆن کەسی لێ دەژی و زمانی فەرمی وڵاتەکە ئۆکرانییە، ئەم وڵاتە هەڵکەوتەی هێڵی درێژی ٢٢ بۆ ٤١ ی ڕۆژهەڵات و بازنەی پانی ٤٤ بۆ ٥٣ ی باکوورە.

زۆربەی خاکی وڵاتەکە تەختاییە و نزمە لەگەڵیدا ڕووباری گرنگی پیا تێدەپەڕێت لەوانە ڕووباری “دنایپەر” (ڕووبارێکە لە وڵاتی ڕووسیاوە هەڵدەقووڵێت و بە وڵاتانی بیلاڕووس و ئۆکرانیادا تێدەپەڕێت و سەرەنجام دەڕژێتە دەریای ڕەشەوە)، لەسەر هەردوو دەریای ڕەش و دەریا بچووکەکەی ئەزۆڤ هەڵکەوتووە، لە بەشی باشووری ڕۆژئاوای وڵاتدا دەلتای ڕووباری دانووب هەڵکەوتووە لەنێوان سنووری ئۆکرانیا و ڕۆمانیادا، جوگرافیای وڵاتی ئۆکرانیا هەمەجۆرە و بەپێی هەرێمەکانی دەگۆڕێت، تاکە زنجیرە چیای هەڵکەوتەی وڵاتەکە “کارپاسیان”ـە لە ڕۆژئاوات وڵاتەکەفا کە سێیەم درێژترین زنجیرەچیای کیشوەری ئەورووپایە بە ١٥٠٠ کیلۆمەتر، بەرزترین لووتکەی وڵاتەکە بەناوی “هۆرا هۆڤێرلا”ـیە کە بەرزییەکەی ٢,٠٦١ مەتر بەرزە، توانەوەی بەفری چیاکان دەبنە هۆی سەرچاوەیەکی گرنگی ئاو بۆ ڕووبارەکانی و چەندین تاڤگەش لەم وڵاتەدا هەڵکەوتووە.

سەرچاوە سرووشتییە گرنگەکانی وڵات ئەمانەن (نەوت، گازی سروشتی، ئاسنی خاو، مەنگەنیس، خەڵووز، خوێ، گۆگرد، گرافایت، تیتانیۆم، مەگنیسیۆم، نیکل و جیوە و چەندان کانزای بەنرخی تر) ئەم وڵاتە لە مێژوویدا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی ژینگەیی سرووشتی و دەستکرد بووەتەوە و بوونەتە بۆی پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و هەوای وڵاتەکە و کەوتنە ژێر کاریگەری تیشکیدانەوەوە، لەناویاندا کارەساتە بەناوبانگەکەی چێرنۆبڵە کە لە ٢٦/٤/١٩٨٦ دا ڕوویدا و بە یەکێک لە کارەساتە گەورە دەستکردەکانی مێژوو دەژمێردرێت، کارەساتی چێرنۆبڵ لە کارگەیەکی درووستکردنی چەکی ئەتۆمیدا ڕوویدا لە شاری پریپیاتی باکووری وڵاتی ئۆکرانیا کە لەو کاتەدا وڵاتی ئۆکرانیا سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوو، ئەم کارەساتە بە گەورەترین هەڵە و کارەساتی ئەتۆمی لە مێژوودا دەژمێردرێت چ لەڕووی قووربانیانەوە چی لەڕووی زیانی ئابوورییەوە، ڕێژەی تیشکدانی بە ڕادەیەک زۆربوو کە ناوچەکانی چواردەوری بە تیرەی ٣٤ کیلۆمەتر قەدەغەی نیشتەجێبوون کرا و کاریگەرییەکە لەسەر ئەو ناوچانە و تەواوی وڵات تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش ماوە.

کەشوهەوا

وڵاتی ئۆکرانیا هاوشێوەی کۆی وڵاتانی ناو ئەورووپای ڕۆژهەڵات کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەورووپاوە کەشی بەپێی شوێن دەگۆڕێت و پلەکانی گەرمی لە تەواوی ساڵدا لەیەکەوە نزیکن، لەگەڵ ئەوەشدا گەرمی و ساردی ڕێژەی شێ بەدی دەکرێت بەهۆی دەریاکانی چواردەوری و کاریگەری زەریای ئەتڵسییەوە لە بەری ڕۆژئاوای کیشوەری ئەورووپادا، ڕێژەی تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی لە باکووری وڵاتدا ٥.٥ بۆ ٧ پلەی سیلیزییە، هەرچی بەشی باشوورییەتی پلەکان بەرزترن و بەتێکڕایی لەنێوان ١١ بۆ ١٣ پلەی سیلیزیدان، ڕێژەی بارینی باران و بەفر زۆر ناجێگیرە و لەسەر شوێنەکە بەندە، لە بەشی باکوور و ڕۆژئاوای وڵات بارینی بەرزە و لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی بە کەمی دەبینرێت، ڕۆژئاوای وڵاتەکە بە تایبەت ناوچەکانی زنجیرە چیای کارپاسیان تێکڕای بارانبارینی ساڵانەی دەچێتە ١٢٠٠ میلیمەتر، لە کاتێکدا پارچەکانی ڕۆژهەڵاتی و کەنارەکانی دەریای ڕەش تێکڕای بارینی بەفر و باران ساڵانە لە ٤٠٠ میلیمەتردا دەبێت.


سەرچاوەکان



3841 بینین