حەیدەر عەبادی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-25-22:29:00 - کۆدی بابەت: 6713
حەیدەر عەبادی

ناوه‌ڕۆك

عەبادی

حەیدەر جەواد عەبادی ناسراو بە حەیدەر عەبادی (بە عەرەبی: حيدر العبادي)، سێیەمین سەرۆک وەزیرانی کۆماری عێراقە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨، پێشتر ئەندامێکی کارای حیزبی دەعوەی ئیسلامی بووە و دواتر هاوپەیمانی نەسڕی دامەزراندووە و بووە بە سەرۆکی.

لەدایکبوون ١٩٥٢
نازناو ئەبو یوسر
ئایین ئیسلامی شیعە
منداڵان ٣
بڕوانامە ماستەر و دکتۆرا لە ئەندازیاری کارەبا
پیشە سیاسەتوان
حیزب
  • حیزبی دەعوەی ئیسلامی
  • هاوپەیامی نەسڕ

ژیان

عەبادی لە ساڵی ١٩٥٢ لە شاری بەغداد لەدایکبووە، هەر لە شاری بەغداد تەواوی قۆناغەکانی خوێندنی بڕیووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری کارەبا هەیە لە ساڵی ١٩٧٥، دواتر کۆچ دەکات بۆ بەریتانیا و لە ساڵی ١٩٧٧ و ١٩٨٠ بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرا بەدەست دەهێنێت لە زانکۆی مانچستەر، هەتاوەکوو ساڵی ٢٠٠٣ و داگیرکردنی عێراق لە بەریتانیا دەمێنێتەوە و دواتر دەگەڕێتەوە.

لە تەمەنی ١٥ ساڵی دەبێتە ئەندامی حیزبی دەعوەی ئیسلامی و ساڵی ١٩٧٧ دەبێتە بەرپرسی ڕێکخستنی حیزب لە بەریتانیا و دوو ساڵ دواتر دەبێتە ئەندامی سەرکردایەتی جێبەجێکردن، ساڵی ١٩٨٠ دەبێتە بەرپرسی نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی حیزب کە بنکەکەی لە بەیروت بوو، بەڵام سوور دەبێت لەسەر ئەوەی لە لەندەنەوە کارەکانی ڕاپەڕێنێت بەو هۆیەشەوە لە کارەکەی لایدەبەن، دواتر بە وتەبێژی حیزبەکە دانرا بەڵام دەرکەوتنێکی ئەوتۆی نەبوو، ساڵی ٢٠١٩ لە حیزبی دەعوە کشایەوە.

سیاسەت لە دوای ٢٠٠٣

دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق بە وەزیری پەیوەندییەکان دامەزرا و دواتر لە ٢٠٠٥ بوو بە ئەندامی پەرلەمان و چاودێری لیژنەی ئابووری و سەرمایەداری بوو، ساڵی ٢٠١٠ـش چاودێری لیژنەی دارایی پەرلەمان بوو کە بەهۆیەوە لە ٢٠١٣ بەهۆی کێشەی بودجەوە تووشی ڕەخنەی زۆر بوویەوە.

سەرۆک وەزیران

لە هەریەک لە ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠١٠ نوێنەری حیزبی دەعوە بووە بۆ سەرۆک وەزیران بەڵام نەیتوانی سەرکەوتووبێت، دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ بوو بە سەرۆک وەزیران و لە ٢٠١٤/٨/١١ سەرۆک کۆمار ئەرکی پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی پێ سپارد، کە ئەوەش لە کاتی هاتنی داعش و جەنگێکی خوێناوی بوو لە عێراق، ساڵی ٢٠١٥ عەبادی هەریەک لە پێگەکانی جێگری سەرۆک کۆمار و جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەڵوەشاندنەوە، بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٦ـەوە عەبادی بڕیاری دا حکوومەتێکی تەکنۆکرات دابمەزرێنێت و کەسانی سەربەخۆ هەڵبژێرێت کە یەکێک لەوان ئیبراهیم جەعفەری لە پۆستی وەزیری دەرەوەدا بوو.

دیارترین بیرمەندەکانی ساڵی ٢٠١٧

گۆڤاری فۆرین پۆلسی ئەمریکی حەیدەر عەبادی وەک یەکێک لە دیارترین بیرمەندەکانی ساڵی ٢٠١٧ هەڵبژارد بەهۆی ئەوەی توانیویەتی عێراق بە یەکگرتوویی بهێڵێتەوە، بەڕای زۆرێک لە چاودێران بەهۆی هەڕەشە و سزاکانی دژی هەرێمی کوردستان بوو کە لەدوای ڕیفراندۆم ئەنجامی دان.


سەرچاوەکان



650 بینین