ناڕێکی سوڕی مانگانە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-25-23:52:00 - کۆدی بابەت: 6715
ناڕێکی سوڕی مانگانە

ناوه‌ڕۆك

سوڕی مانگانە

بە گشتی و بە شێوازێکی ڕێک سوڕی مانگانەی خانمان ٢٨ ڕۆژە، واتە یەکەمین ڕۆژی دەست پێکردنی سوڕەکە بە کەوتنە سەر خوێن تاکوو یەکەمین ڕۆژی کەوتنە سەر خوێنی داهاتوو دەبێت ٢٨ ڕۆژ بێت، هەڵبەتە دەکرێت لەهەندێک خانمدا ئەم سوڕە کەمێک درێژتر یاخود کورتتر بێت.
بۆ نموونە ئەگەری هەیە مەودای نێوان دوو سوڕی مانگانە ٢٤ یاخود ٣٠ ڕۆژ بێت بە مەرجێک کە ئەم مەودایە بەردەوام وابووە و جێگیر بووە و بە درێژایی یەک ساڵ تێکچوونی نەبووبێت ئەوا سوڕی مانگانەکەت ڕێکە.
بەڵام ئەگەر ئەم مەودایە کەمتر بوو لە ٢١ ڕۆژ یاخود زیاتر لە ٣٥ ڕۆژ بوو ئاوا بەم سوڕی مانگانە دەوترێت ناڕێک، هەڵبەتە ئەگەر تەنها جارێک ئەمە ڕووبدات ئاساییە بە هۆی هۆکارێکی دیاریکراوەوە وەک، نەخۆشی، خواردن، ئاو و هەوا.
بەڵام بە دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتە و جێگیر نەبوونی سوڕەکەت ئەوە دەگەیەنێت کە سوڕی مانگانەکەت ناڕێکە، جگە لە کچانی تازە پێگەیشتوو کە زۆر جار دوای یەکەمین سوڕی مانگانەیان دوو ساڵ سوڕەکەیان ناڕێکە کە ئەمە ئاساییە، یاخود خانمان کاتێک نزیک دەبنەوە لە تەمەنی نائومێدی بە هەمان شێوە ئاساییە کە سوڕەکەیان ناڕێک بێت.

نیشانەکانی ناڕێکی سوڕی مانگانە

  • سوڕی مانگانە زیاتر بێت لە ٣٥ ڕۆژ و بەم شێوەیە بەردەوام بێت.
  • زیاتر یاخود کەمتر بوونی ژمارەی ڕۆژەکانی کەوتنە سەر خوێن لە سوڕەکەدا.
  • نائاسایی بوونی خوێن بەربوونەکە، خوێنی زۆر یاخود خوێنی کەم.
  • هەبوونی کڵۆخوێنی گەورە لە کاتی سوڕەکەدا.
  • نەکەوتنە سوڕی مانگانە لە مانگێکدا و دووبارە بوونەوەی ئەم حاڵەتە.
  • ئازارێکی نائاسایی لە ماوەی سوڕی مانگانەدا.

هۆکارەکانی ناڕێکی سوڕی مانگانە

دووگیانی

باوترین هۆکاری ناڕێکی سوڕی مانگانە دووگیان بوونە، مەرج نییە هەموو خانمێک هەر کە دووگیان بوو سوڕی مانگانەکەی بوەستێت، هەندێک لە خانمان لە مانگەکانی سەرەتای دووگیانیدا سوڕی مانگانەیان ناڕێکە، هەر ئەمەش وادەکات کە زۆر جار خانمان هەست بە دووگیانیان نەکەن، نیشانەکانی ناڕێکی سوڕی مانگانە لە کاتی دووگیانیدا بریتین لە، دواکەوتنی سوڕی مانگانە، بینینی پەڵە خوێن لەجێی خوێنبەربوون و کەمبوونەوەی ماوەی خوێن بەربوونەکه.

شیردان

گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان سەرەکیترین هۆکاری ناڕێکی سوڕی مانگانەن، شیردانیش گۆڕانکاری زۆر دروست دەکات لە هۆڕمۆنەکاندا، ئەم گۆڕانکاریانە زۆر جار وادەکەن کە زۆرێک لە خانمان دوای چەند مانگێکیش لە منداڵبوون کە شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکەیان نەکەونە سوڕی مانگانەوە و هەندێک کاتیش ماوەی سوڕی مانگانەکە درێژتر دەبێتەوە.

بەکارهێنانی کۆمەڵێک دەرمان

کۆمەڵێک دەرمان کە گۆڕانکاری لەهۆڕمۆنەکاندا دروست دەکات دەکرێت ببنە هۆی ناڕێکی سوڕی مانگانە، ئەم دەرمانانە وەک حەپەکانی دژە دووگیانی کە هۆڕمۆن لە پێکهاتەیاندا هەیە، یاخود کۆمەڵێک دەرمانی زیپکە و وەرینی قژ کە دەبنە هۆی ناڕێکی سوڕی مانگانە، هەروەها دەرمانەکانی دژە خەمۆکی، دەرمانی کیمیایی، دەرمانی ڕوون کردنەوەی خوێن وەک ئەسپرین، دەرمانەکانی گەشکە و نەخۆشیەکانی سایرۆیدە ڕژێن.

ڕیشاڵە لووی منداڵدان

یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکانی منداڵدان لە خانماندا کە ناڕێکی سوڕی مانگانە باوترین نیشانەی ئەم نەخۆشییەیە، ڕیشاڵە لووە کە پاکە و خانەی شێرپەنجەیی نییە و ئەوەندە گەورە نابن، سوڕی مانگانەی توند و ئازاری زۆر و ماوە درێژی لەگەڵدا دەبێت، هەروەها دەکرێت ڕیشاڵە لوو ماوەی نێوان سوڕی مانگانە کەم بکاتەوە و ڕۆژەکانی کەوتنە سەر خوێنیش زیاتر بکات.

دەردە ناوپۆشی منداڵدان

دروستبوونی کیس بە هۆی دەردە ناوپۆشی منداڵدانەوە یەکێکە لە جۆرەکانی کیس، کە لەم ساڵانەی دوایدا بە هۆی گۆڕانکاری شێوازی ژیانەوە زۆر باوە و لە هەر ١٠ خانمێک یەکێکیان ئەم نەخۆشییەیان هەیە، ناڕێکی سوڕی مانگانە نیشانەیەکی سەرەکی دەردە ناوپۆشی منداڵدانە، کە تێیدا لە نێوان سوڕی مانگانەکاندا خوێن بەربوون هەیه و هەروەها خوێن بەربوونی ماوە درێژ و توند.

کێشی زۆر 

کێشی زۆری جەستە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکان و زیاد دەردانی هۆڕمۆنی ئەنسۆلین لە جەستەدا کە دەبێتە هۆی ناڕێکی سوڕی مانگانە.

کێشەکانی سایرۆیدە ڕژێن

هەر جۆرە کەموکوڕییەک لە دەردانی هۆڕمۆنەکانی سایرۆیدا دەتوانێت ببێتە هۆی ناڕێکی سوڕی مانگانە، ئیتر چ زۆر دەردانی هۆڕمۆنەکە بێت یاخود کەم دەردانی بێت.
کەم چالاکی سایرۆیدە ڕژێن دەبێتە هۆی کورت بوونەوەی ماوەی سوڕی مانگانە، و چالاکبوونی سایرۆیدە ڕژێن دەبێتە هۆی درێژبوونەوە و توندی سوڕی مانگانەکە.

وەرزشی توند

وەرزشی زیاد لە پێویست و توند زۆر جار دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکاندا و لە ئەنجامیشدا ناڕێکی سوڕی مانگانە.

لە دەستدانی کێشی زۆری جەستە

لەناکاو لە دەستدانی کێشێکی زۆری جەستە و نەمانی حەزی خواردن، یەکێکە لە هۆکارەکانی ناڕێکی سوڕی مانگانە.

پەستانی دەروونی

کاتێک خانمێک خەمێکی هەیە و بە هۆیە پەستانێکی زۆری دەروونی لەسەرە و بەردەوام دڵەڕاوکێی هەیە بە ئەگەری زۆرەوە تووشی تێکچوون و ناڕێکی سوڕی مانگانە دەبێتەوە.

شێرپەنجەی ملی منداڵدان

ئەم جۆرە شێرپەنجەیە یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە خانماندا، ناڕێکی سوڕی مانگانە یەکێکە لە نیشانەکانی ئەم شێرپەنجەیە، ئەو کەسەی تووشی ئەم شێرپەنجەیە دەبێت خوێنبەربوونێکی توندی دەبێت و هەروەها دەردراوی نائاسایی لە زێدا.

کیسی هێلکەدان

کیسی هێلکەدان یەکێکە لە باوترین جۆری نەخۆشی لە خانماندا کە دەبێتە هۆی ناڕێکی و تێکچوونی سوڕی مانگانە، کە دەتوانێت بە تەواوی سوڕی مانگانەکە بوەستێنێت یاخود توندی بکات.

تەمەنی نائومێدی

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان نزیک بوونەوەیه لە تەمەنی نائومێدی، کە تێیدا ناڕێکی سوڕی مانگانە یەکێکە لە کۆنیشانەکانی پێش دەستپێکردنی تەمەنی نائومێدی و لە تەمەنی ٤٥ بۆ ٥٠ ساڵی دەست پێ دەکات، کۆنیشانەکانی پێش دەستپێکردنی تەمەنی نائومێدی دەکرێت لە ٤ بۆ ٥ ساڵ درێژە بکێشێت.

چەند هۆکارێکی دیکە بۆ ناڕێکی سوڕی مانگانە

لە چ کاتێکدا پێوستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

ئەگەر هاتوو هەر خانمێک یەکێک لەم نیشانانەی هەبوو پێویستە کە سەردانی پزیشک بکات:

  • سێ مانگ بێت کە سوڕی مانگانەکەت وەستابێت و دووگیانیش نەبیت.
  • سوڕی مانگانە لەناکاو و بە بێ هیچ هۆکارێک ناڕێک بێت.
  • کەوتنە سەر خوێن زیاتر لە ٧ ڕۆژ بخایەنێت.
  • خوێن بەربوونەکە بە جۆرێک بێت کە لە ماوەی کاتژمێرێکدا سانتییەک پڕ ببێت لە خوێن و ناچار بیت کە بیگۆڕیت.
  • بە درێژایی ماوەی سوڕی مانگانەکەت ئازارێکی زۆرت هەبێت.
  • سوڕی مانگانەکەت کەمتر لە ٢١ ڕۆژ و زیاتر بێت لە ٣٥ ڕۆژ.
  • لە نێوان سوڕی مانگانەکانتدا پەڵە خوێن ببینیت.
  • نیشانەی دیکەی وەک دەردراوی زۆری زێ و هەبوونی تا.

پزیشک ئەم پرسیارانەت لێ دەکات

  1. کار و ئەرکی ڕۆژانەت چییە کە دەیکەیت.
  2. گۆڕانکاری لە کێشی جەستەت.
  3. بوونی هەر جۆرە کێشە و پەستانێکی دەروونی لەسەرت.
  4. پێشینەی نەخۆشییە سێکسیەکان.

دیاریکردنی نەخۆشی

پزیشک بەم چەند ڕێگایە نەخۆشییەکە دیاری دەکات:

  1. تیشکی ئێکس.
  2. ئەشیعەی تەنوری.
  3. سۆنەری ناوچەی حەوز و زێ.
  4. پشکنینی خوێن.
  5. پشکنینی ناوچەی حەوز.
  6. سۆنەر.

چارەسەری ناڕێکی سوڕی مانگانە

ئەو چارەسەرەی کە دادەنرێت بۆ نەخۆشەکە پەیوەستە بە هۆکاری ئەوەی کە ناڕێکی سوڕی مانگانەکە بە چ هۆکارێک ڕوویداوە، بە گشتی ئەم دەرمانانە دادەنرێت بۆ چارەسەری ناڕێکی سوڕی مانگانە:

  • حەپەکانی دژە دووگیانی.
  • دانانی لەولەب کە ڕێگایەکە بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی.
  • بەکارهێنانی دەرمان بۆ تێکچوونی سایرۆیدە ڕژێن.
  • Metformin.
  • دابەزین یاخود زیادکردنی کێش.
  • وەرزش کردن و ڕاهێنانی تایبەت.
  • بەکارهێنانی تەواوکەری ماددە خوراکییەکان.
  • چەند ڕاهێنانێک بۆ کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی وەک (یۆگا، خاوبوونەوە. هەناسەی قووڵ).


سەرچاوەکان



8531 بینین