پۆپۆلیزم

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-01-22:31:00 - کۆدی بابەت: 6765
پۆپۆلیزم

ناوه‌ڕۆك

پۆپۆلیزم

پۆپۆلیزم یان میلـلەتگەرایی (ئینگلیزی: Populism)، ڕێباز و تێگەشتنێکە لە سیاسەت کە جەخت لە بیرۆکەی گەل دەکاتەوە، ئەم ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییە وا پیشاندەدات کە لە بەرەی گەلە دژ بە بەرەی بژاردەکان کە کۆمەڵەیەکی کەمن لە ناوچە و وڵاتدا بەڵام بە هۆکارێک لە گەل لەپێشترن چ لە ڕووی ئاستی گوزەران یان حاڵەتی دیکەوە بێت، لە سەرەتای سەدەی بیستەوە ئەم دەستەواژەیە دەخرایە پاڵ هەندێک حیزب و کۆمەڵە و لە ساڵانی هەشتاکاندا ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە زیاتر بڵاوبوویەوە.

ڕێکخراوی پۆپۆلیست هەمیشە بانگەشەی گۆڕانکاری لە دەوڵەت و ناوچەیەکدا دەکات بە شێوەیەکی ڕیشەیی، کە کارێکی ئەستەمە و پێویستی بە چەندین ساڵە، بەڵام بانگەشەی پۆپۆلیستەکان خێرایی تێدایە و خەڵکی لە دژی دەسەڵاتی گەندەڵ هاندەدەن و بیری خەڵکی بۆ ئەوە دەبەن کە ئەگەر ڕێکخراوی ئەوان سەرکەوتووبێت کێشەکان ڕاستەوخۆ چارەسەر دەبن.

مێژوو

پۆپۆلیزم ڕێبازێکی ناجێگیرە و لە کۆنیشدا بوونی هەبووە، لە یۆنانی کۆندا لەگەڵ دەرکەوتنی (میلـلەت خەڵەتێران) یان میلـلەتگەراکان وەک کلیۆن، هەروەها لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی کە چەندین ئەفسەری سوپا بە وتارەکانیان خەڵکییان لە دژی دەسەڵات هاندا بۆ گەیشتنیان بە دەسەڵات بۆ ویستی خۆیان، بۆ ئەوەش سۆزی خەڵکییان جوڵاند، لە وڵاتانی عەرەبیش فیکری ناسڕی کە دەگەڕێتەوە بۆ جەمال عەبدولناسڕ بە وتار و دروستکردنی خەونی یەکگرتنی عەرەب و چەندین بیرۆکەی دیکە زۆرێک لە خەڵکی لەخۆی کۆکردەوە بەتایبەت ڕۆشنبیران.

بەڵام یەكەمین بزووتنەوەی پۆپۆلیستی كە لە مێژوودا ناسراوە، ئەو گروپە ناڕەسمییەی ناو ئەنجومەنی پیرانی رۆمەكانە، ئەندامەكانی ئەم گروپە بڕوایان بە بیرۆكەی ئاپۆڕای جەماوەر هەبووە و پەنایان بردووەتە بەر ریفراندۆم بۆ ئەوەی ئەنجومەنی پیران تێپەڕێنن و لە دیارترین ئەندامەكانی ئەم گروپەش (یۆلیس سیزەر و سیزەر ئۆگستوسە) چەند سەدەیەك دواتر پۆپۆلیزم لە ئەوروپادا بەشێوەیەكی دیكە دەركەوت، بە دیاریكراویش لەگەڵ بزووتنەوەی چاكسازیی ئایینیدا كە رێگەی دا پیاوێكی ئاسایی ئینجیل بخوێنێتەوە و راڤەی بكات و لەگەڵ خودادا لە پەیوەندییەكی راستەوخۆدا بێت و پێویستی بە كەسی ناوەندگیر نەبێت.

پاشان چەند گروپێكی تر بەدوای ئەوانەدا هاتن كە پێشنیازییان كرد چەند سیستمێكی پۆپۆلیستی تیۆكراتی دروست بكرێت، دواتریش ئەوروپا لە هەردوو سەدەی شانزە و حەڤدەدا شاهێدی چەندین شۆڕشی پۆپۆلیستی بووە لە ئەڵمانیا و بەریتانیا كە لەسەر بنەمای بیروڕای پرۆتستانتی هەڵگیرساون.

لە ڕووسیا و سەدەی ١٩ لە ساڵی ١٨٦٠ کۆمەڵەی نارۆدنیکەکان دەرکەوتن، ئەوان باوەڕیان وابوو کە ڕووسیا دەتوانێت بەبێ تێپەڕاندنی سیستمی سەرمایەداری بە سیستمی سۆسیالیزم بگات.

لە سەدەی شانزەدا هەردوو شۆڕشی فەرەنسا و ئەمریكا سەریانهەڵدا كە هەردووكیان رووپۆشێكی پۆپۆلیستیان هەبوو، سەرەڕای ئەوەی دەستەبژێرێكی بیرمەند سەركردایەتی هەردوو شۆڕشەكەیان دەكرد.

لە نەوەدەكانی سەدەی نۆزدەدا یەكەمین حزبی پۆپۆلیستی لە ئەمریكا دروستبوو كە كۆڵەكەكەی جوتیاران و گروپەكانی كرێكاران بوو كە هەستیان دەكرد سەرمایەداری ئەمریكیی لەسەر حسابی ئارەقی ئەوان دۆستایەتی دەستەبژێرێكی بچووكی دەوڵەمەندەكان دەكات تووڕەییەكی تایبەتیان لە بەرامبەر دەسەڵاتی بانكەكان و كۆمپانیاكانی هێڵی ئاسندا هەبوو.

لە سەدەی بیستەمدا زاراوەی پۆپۆلیزم بۆ وەسفكردنی بزووتنەوە و سەرانی حزبە جیاوازەكان بەكاردەهێنران، لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاش لە پەنجاكانی سەدەی بیستەمدا ئەو زاراوەیە وەك ئاماژەیەك بۆ پارتی پێشكەوتنخواز كە تیۆدۆر رۆزفلت سەرۆكایەتی دەكرد و بۆ حزبی مەكارتییەكان كە جۆزیف ریمۆند مەكارتی سەرۆكایەتی دەكرد بەكار دەهێنرا. هەروەها بۆ شۆڕشە سۆشیالیستییەكانی ئەمریكای لاتین و پارتی چا بەكاردەهات.

پۆپۆلیزم چۆن بیرکردنەوەیەکە؟

ڕێبازی پۆپۆلیزم بریتییە لە بەگەورەزانینی ویست و داواکاری خەڵکی و پیرۆزکردنی حەزەکانیان، باوەڕی وایە کە ئامانجە سیاسییەکان دەبێت بە ویست و هێزی گەل بێت دوور لە حیزب و ڕێکخراوەکان، پۆپۆلیزم پێی وایە ویستی گەل بەرزترین و باشترین بۆچوونە و ئەوەی گەل دەیەوێت پێویستە ئەنجام بدرێت و دەبێت لە نێوان خەڵکی و حکوومەتدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەبێت، هەروەها بە باوەڕێکی سادەوە ویستی گەل ڕووبەڕووی چینی سیاسی دەسەڵاتدار یان هەر گرووپێک دەکاتەوە کە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و ژیانێکی باشتری هەبێت و دژیان دەوەستێت، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پۆپۆلیزم بریتییە لە دۆزینەوەی "هەر فێڵێک کە لە گەل بکرێت".

یان میلەر دەڵێت: "پۆپۆلیزم جۆرە تێگەیشتنێکە لە سیاسەت کە کۆمەڵگا بەسەر دوو بەشی تەواو جیاوازدا دابەش دەکات،  بەپێی ئەم تێگەیشتنە وەهمییە بەشێکی کۆمەڵگا لەڕووی ئەخلاقییەوە بە تەواوی پاک و بێگەردن، ئەم بەشە بەو پێیەی خەمێکی هاوبەشیان هەیە یەکگرتوون، لە بەرامبەردا بەشەکەی دیکەی کۆمەڵگا ئەو دەستەبژێرە سیاسی و ئابورییەن کە بە تەواوی گەندەڵن، هەموو سیاسەت و رەفتارەکانیان دژی بەرژەوەندییەکانی بەشە پاک و بێگەردەکەی کۆمەڵگایە.
ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و دەستەبژێری سیاسی و ئابووری مەرجێکی سەرەکییە بۆ بوون بە کەسێکی پۆپۆلیست، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە هەر کەسێک رەخنە لە دەسەڵات و دەستەبژێری سیاسی بگرێت پۆپۆلیستە، چونکە لەو حاڵەتەدا هەموو رەخنەگران وەک پۆپۆلیست دەناسرێن، ئەوە لەکاتێکدایە پۆپۆلیستەکان جگە لەوەی شەڕی بژاردەی دەستەبژێر دەکەن کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیکەشیان هەیە کە جیایان دەکاتەوە لە رەخنەگرانی دیکە".

پۆپۆلیستەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنیا ئەوان لە بەرەی گەلدان و نوێنەرایەتی گەل دەکەن، ئەوانی دیکە لە بەرەی دژ بە گەلدان، پۆپۆلیستەکان کاتێک لە ئۆپۆزسیۆندان هەموو رکابەرەکانی خۆیان بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکەن، کاتێکیش دەسەڵات بە دەستەوە دەگرن هیچ هێزێک وەک ئۆپۆزسیۆن بە فەرمی ناناسن کە نوێنەرایەتی بەشێکی کۆمەڵگا دەکات.

پۆپۆلیستەکان هەرچەندە بە ئاشکرا ئەو قسەیە ناکەن، بەڵام لە کرداردا هەر کەسێک لایەنگری حیزبەکەی ئەوان نەبێت ئەوا وەک بەشێک لە خەڵکی دانانێن، و هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نوێنەرایەتی هەموو خەڵک دەکەن، ئەو بەشەی کە لایەنگری خۆیانن وەک هەموو کۆمەڵگا دەناسێنن، کاتێک کە قسە دەکەن بە ناوی خەڵک و بە نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵکەوە قسە دەکەن، بۆ نمونە جۆرج ڤالاس کە دژی ڕەشپێستەکان بوو و لایەنگری جیاکاری نژادی بوو، کاتێک وەک وەک سەرۆکی ویلایەتی ئالاباما سوێندی خوارد وتی" بە نوێنەرایەتی مەزنترین گەلێک کە تا ئێستا جیهان بەخۆیەوە بینیوە بە هەموو ستەمکاران دەڵێم: بەڵێ بۆ جیاکاری نژادی، سبەی هەر دەڵێم بەڵێ بۆ جیاکاری نژادی، بۆ هەتاهەتایە بەڵێ بۆ جیاکاری نژادی"، جیاکاری نەژادی بۆ هەتا هەتایە بەردەوام نەبوو، بەڵام وتە رەگەزپەرستانەکەنی ڤالاس بۆ هەتاهەتایە وەک پەڵەیەکی شەرم تۆمارکرا.

پۆپۆلیستەکان هەمیشە لە وەهمی ئەوەدان کە نوێنەرایەتی هەموو خەڵک دەکەن، نازانن کە کەس و هێزێک ناتوانێت نوێنەرایەتی هەموو خەڵک بکات، تەنانەت بۆ یەک خولەکیش، چونکە خەڵک بەردەوام دەگۆڕدرێن، هەندێک خەڵک تازە لەدایکبوون، هەندێکی دیکەش ئەمڕۆ مردوون، بۆیە هەمیشە گۆڕانکاری لە هزری خەڵکی بەردەوامە.

ئایا پۆپۆلیزم هیچ ئایدۆلۆژیایەکی هەیە؟

میلـلەتگەرایی خاوەن هیچ بیروڕایەکی چەسپاو نییە، بەڵکوو لەگەڵ دۆخدا ئەگەر هەیە بگۆڕێت و ئەوەی لەلای گرنگە تەنیا پشتیوانی گەلە بۆ ئەوەی بگات بە دەسەڵات، لەوانەیە ڕێکخراوێکی پۆپۆلیست لە هەمان کات سوود لە ئایینی ئیسلام و ڕێبازی سۆسیالیزم و ناسیۆنالیزم و لیبراڵی وەربگرێت، چونکە ئامانج ئەوەیە دەنگی پێبدرێت و گەورەبکرێت.

جۆرەکانی پۆپۆلیزم

  • دیکتاتۆری پۆپۆلیزمی

  • پۆپۆلیزمی جوتیاری

ئاماژەیە بۆ بزووتنەوە جووتیارییەكان و هاوپەیمانەكانیان لە سەندیكاكانی كرێكاران، وەك پارتی پۆپۆلیست لە ئەمریكا كە لە نەوەدەكانی سەدەی نۆزدەدا دژایەتی ئەو یاسا و سیاسەتانەیان دەكرد كە جووتیاران پێیان وابوو قۆستنەوەی جووتیار و كرێكارانە بۆ بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارە گەورەكان.

  • پۆپۆلیزمی دیموكراتی

ئەم چەمكە ئاماژەیە بۆ ئەو بزووتنەوانەی هەوڵیاندەدا زۆرترین ژمارەی دانیشتوان بەشداربن لە پرۆسەی دیموكراتیدا لە رێگەی راپرسیی و تۆماركردنی دەنگدەران لە بنكەكانی هەڵبژاردندا.

  • پۆپۆلیزمی كۆنەخواز

ئەم چەمكە وەسفێكە بۆ راستڕەوی توندڕەو، پەیوەندییەكی توندوتۆڵیشی هەیە لەگەڵ سیاسەتەكانی دژ بە كۆچبەران و نیشتمانپەروەریی توندڕەو، هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی دۆناڵد ترەمپ باشترین نمونەیە بۆ ئەم جۆرەی پۆپۆلیزم، ئەمڕۆش ئەم جۆرە حزبانە لە زۆر وڵاتی ئەوروپا لایەنگریان هەیە.

  • پۆپۆلیزمی سۆشیالیستی

پۆپۆلیزمی چەپڕەوە كە دژایەتی سەرمایەدار دەكات و پشتیوانی كۆمۆنیزم و سۆشیالیستی دەكات، بەڵام ئەم زاراوەیە بە دیاریكراوی بۆ وەسفكردنی شۆڕش و یاخیبوونە سۆشیالیستییەكانی ئەمریكای لاتین بەكاردێت.

چەند بۆچوونێکی گشتی لەسەر پۆپۆلیزم

یەکەم: پۆپۆلیزم هەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆ سەر ئەو سیستمە سیاسییانەی کە تیایاندا لەڕێی هەڵبژاردنەوە دەستاودەستی دەسەڵات دەکرێت، بەردەوام ئەگەری ئەوە هەیە کەسێک سەرهەڵبدات کە خۆی بە نوێنەری هەموو خەڵک دابنێت و بە ناوی خەڵکەوە  دژایەتی دەسەڵات و حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنیش بکات، پێیانوایە تەنیا ئەوان نوێنەرایەتی خواست و داواکارییەکانی خەڵک دەکەن. 
دووەم: هەر کەسێک رەخنە لە دەسەڵات بگرێت پۆپۆلیست نییە، بەڵکو ئەوانە پۆپۆلیستن کە تەنیا خۆیان بە نوێنەری خەڵک دادەنێن و دژایەتی هەموو هێزەکانی دیکە دەکەن.
سێیەم: پۆپۆلیستەکان بەردەوام خۆیان بە داکۆکیکاری سەرسەختی بەرژەوەندی گشتی دادەنێن.
چوارەم: پۆپۆلیستەکان زۆرجار داوای هەڵبژاردن و ریفراندۆم دەکەن بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە لەگەڵ ئەوەدان خەڵک لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا بەشداربن، بەڵکو ئەوان تەنیا مەبەستیانە خەڵک بۆچوونەکانی سەرکردە پۆپۆلیستەکەیان پشتڕاست بکەنەوە.
پێنجەم: پۆپۆلیستەکان کاتێک بە دەسەڵات دەگەن، دەست بەسەر دامەزراوەکانی حکومەتدا دەگرن، لەڕێی پارەوە خەڵک دەکڕن، خۆیان کە هەموو خەڵکیان پێ گەندەڵە، گەندەڵی گەورە دەکەن، کۆمەڵگای مەدەنی لاواز دەکەن، رەخنەگران سەرکوت دەکەن و هەرکەس رەخنەیان لێ بگرێت بە شێوازی جۆراوجۆر تۆمەتباریان دەکەن، هەوڵ دەدەن بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا دەستکاری دەستوور بکەن.
شەشەم: پێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی دەکەن دیاردەی پۆپۆلیزم خەڵک لەگەڵ سیاسەتدا ئاشت ناکاتەوە و نابێتە هۆی زیادبوونی بەشداری خەڵک لە بڕیاری سیاسییدا، بەڵام گەشەسەندنی دیاردەی پۆپۆلیزم سەلمێنەری ئەوەیە هەندێک چینی کۆمەڵگا هەیە کە حیزبەکانی دیکە نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی خواست و ئیرادەیان بکەن، بۆیە ئەو بەشە لە کۆمەڵگا لە هیزەکانی دیکە بێزاربوون و پشتگیری هێزێکی پۆپۆلیستی دەکەن.   


سەرچاوەکان



2407 بینین