ئایا دەنگدان حەرامە؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-02-23:52:00 - کۆدی بابەت: 6774
ئایا دەنگدان حەرامە؟

ناوه‌ڕۆك

حوکمی دەنگدان

حوکمی دەنگدان یەکێکە لەو شتانەی لەلایەن زۆر زانای ئایینی و خەڵکەوە دەوروژێت و هەرکەس و بە جۆرێک فتوای دەدات بە هەریەک لە (حەرام، شیرک، کوفر، دژەئیسلامی) لە قەڵەمی دەدەن، بەڵام ڕاستترین فتوا کە ڕای زۆرینەی زانایانی لەسەربێت ئەوەیە دەنگدان مەرجی خۆی هەیە و بە بەڵێ و نەخێر وەڵام نادرێتەوە.

ئەگەر کەسێک بۆی گرنگ بێت کە بزانێت ئایا دەنگدان حەرامە یان نا، دەبێت بزانێت دەنگدان و هەڵبژاردن دوو هۆکاری مەدەنین بۆ بۆچوون دەربڕین و دیاریکردنی چارەنووسی ماوەیەک لە ژیان، خودای گەورە دەفەرموێت (لا اکراه في الدين) واتە زۆرکردن لە ئاییندا نییە و هەموو کەس ئازادە چ ئایینێک هەڵدەبژێرێت، بەڵام لە ڕۆژی قیامەت بە پاداشت و سزا یەکلایی دەکرێنەوە، هەڵبژاردنیش پڕۆسەیەکی مەدەنییە وەک ئەوەی هەمووکەس ئازادە کە کێ هەڵدەبژێرێت لە ژیانی (وەک هاوسەر، پیشە، خوێندن) یان لە ئایین یان لە ڕێکخراو و بۆچوون و جۆری بیرکردنەوە، مرۆڤ هەمیشە دەبێت کەسێکی گەورەتر و داناتری هەبێت بۆ ئەوەی کارەکانی بۆ بەڕێوەببات، پێغەمبەری خودا دەفەرموێت: ئەگەر سێ کەستان چوونە گەشتێک، باشترینتان بکەنە چاوڕاستان و با ئاگاداری کاری دووەکەی دیکەتان بێت و پرس و ڕاوێژی پێ بکەن، کە ئەمەش بە واتای نوێنەری ئەو دوو کەسە دادەنرێت و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ نوێنەر بووە بە نوێنەری پەرلەمان و حکوومەت و شوێنی ڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕۆژانە.

دەنگدان چییە؟

دەنگدان شایەتی دانە کە ئەو کەسە شایەنی ئەو ئەرک پۆستەیە خۆی بۆ کاندید کردووە، دەنگدان و هەڵبژاردن واتە دەستنیشانی نوێنەری خۆت و پشتیوانی لێ کردنی بۆ هەستان بە ئەرک و وەزیفەیەک کە بریتیە لە دەرکردنی یاسای چاک و باش بۆ بەرژەوەندی خەڵک و بەرگری کردن لە مافەکانیان و چاودێری کاروباری حکومەت و وەزارەتەکان، متمانەبەخشین بە پۆستە باڵاکان، بە مەرجێ پێچەوانەی شەرعی خودا نەبێت.

قورئان و ئایین

ئەو مێژووەی کە قورئان باسی دەکات دەبینین هەڵبژاردن و دەنگدان و دەربڕینی پشتیوانی بۆ کەسێک هەر لە سەردەمی دروست بوونی ئادەم پێغەمبەرەوە پەیدا بووە، ئەوەتا خوای گەورە ئادەمی هەڵبژاردووە و داوا لە فریشتەکان دەکات کە پشتیوانی ئادەم و نەوەکانی بن لە جێبەجێ کردنی ئەو ئەرکەی پێی سپێردراوە کە ئەرکی جێنشینییە لەسەر زەوی.
بۆ دەبڕینی پشتیوانی بۆ ئادەم داوا لە فریشتەکان دەکات سوجدەی ڕێز و حورمەت و پشتیوانی بۆ ئادەم بەرن.
{وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآدَمَ فَسَجَدُوا إِلَّا إِبْلِيسَ أَبَىٰ وَاسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ} [البقرة : 34].
ئەم سوجدە بردنە جۆڕێکە لە دەنگدان چونکە بۆ پشتیوانیە لە ئادەم تا ئەرکەکەی بە چاکی جێبەجێ بکات.
دیارە شەیتان ئامادە نیە سوجدەی بۆ ببات و پشتیوانی لێ بکات، چونکە خۆی بە چاکتر و باشتر دەزانێت بۆ ئەرکی جێنشینی.

لە سەردەمی پێغەمبەری خودا و خولەفای راشیدین و دواتریش شێوازی دەنگدان و پشتیوانی کردن لە کەسێک بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێک دەگۆڕێت بۆ شێوەی (بەیعەت) کە بریتیە لە دەست خستنە ناو دەستی کەسی هەڵبژێردراو.
لە سەردەمی نوێدا شێوازێکی تر پەیڕەوی دەکرێت بۆ دەنگدان و پشتیوانی کەسێک بۆ ئەرک و بەرپرسیارێتیەک، ئەویش فۆڕمێکە و دەخرێتە ناو سندوقێکەوە.
لەوانەیە لە داهاتوودا ئەوەش نەمێنێت و شێوازی نوێ بێتە پێشەوە، بۆ نمونە لە ماڵی خۆت بچیتە سەر ماڵپەڕی کۆمیسێونی هەڵبژاردن و دەنگ بە قەوارە و کاندیدێک بدەیت.

مەرجەکانی دروستی دەنگدان چین؟

١- دەبێ بۆ خوا بێت، و بە مەبەستت ناردنی کەسی پاک و چاک و خزمەتکار و دینداربێت بۆ ئەو شوێنە.
وەک خوا دەفەرموێ: 
{...وَأَشْهِدُوا ذَوَيْ عَدْلٍ مِّنكُمْ وَأَقِيمُوا الشَّهَادَةَ لِلَّهِ ۚ ذَٰلِكُمْ يُوعَظُ بِهِ مَن كَانَ يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ ۚ وَمَن يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَل لَّهُ مَخْرَجًا} [الطلاق : 2]

٢- نابێ شایەتی حەق و ڕاست بۆ کەسی ڕاستگۆ و دەستپاک بشاریتەوە و بڵێی دەنگ بە کەس نادەم، چونکە ئەوە تاوانە.
خوا دەفەرموێت:
{...وَلَا تَكْتُمُوا الشَّهَادَةَ ۚ وَمَن يَكْتُمْهَا فَإِنَّهُ آثِمٌ قَلْبُهُ ۗ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ عَلِيمٌ} [البقرة : 283].

واتە: شایه‌تی مه‌شارنه‌وه‌و هه‌ر كاتێك پێویست بوو بڕۆن شایه‌تی حه‌ق بده‌ن،وه‌ هه‌ر كه‌سێك شایه‌تی بشارێته‌وه‌ ئه‌وا به‌ڕاستی دڵی ئه‌و كه‌سه‌ تاوانباره‌ كه‌سێكه‌ سه‌رپێچی خوای گه‌وره‌ی كردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌هۆی ئه‌و شاردنه‌وه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ خاوه‌ن حه‌ق حه‌قه‌كه‌ی له‌ده‌ست بدات

٣- دروست نیە کەسێک بانگ کرا بۆ شایەتی دان و دەنگدان کە ئەویش جۆرێکە لە شایەتی دان نەچێت بەدەم بانگهێشتەکەوە.
وەک دەفەرموێت:
{.. ۚ وَلَا يَأْبَ الشُّهَدَاءُ إِذَا مَا دُعُوا ۚ .. } [البقرة : 282].

واتە: شایه‌ته‌كان هه‌ر كاتێك كه‌ بانگ كران بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ شایه‌تی بده‌ن با ڕه‌تی نه‌كه‌نه‌وه‌و بێن شایه‌تی خۆیان به‌ دادپه‌روه‌ری بده‌ن.
چونکە هەستان بە ئەنجامدانی شایەتی وەک خۆی ئەرکی مرۆڤی باوەڕدارە.
وەک دەفەرموێ:
{وَالَّذِينَ هُم بِشَهَادَاتِهِمْ قَائِمُونَ} [المعارج : 33].

٤- نابێ شایەتی ناحەق بدەیت، بۆ نمونە دەنگ بدەی بە کەسێک ناپاک و گەندەڵ و درۆزن و فێڵباز و خۆفرۆش و خاکفرۆش و پرۆژەی عەلمانی و دژە ئایین، گەر نزیکترین کەسیشت بێت.
تەنانەت ئەو کەسە ئەگەر خۆی چاک بێت و شیاو بێت، بەڵام لە لیست و حیزبی عەلمانی و دژە ئایین بێ، پشتیوانی کردنی و دەنگی پێدانی دروست نییە.
ئەوەتا خوا دەفەرموێ:
{۞ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُونُوا قَوَّامِينَ بِالْقِسْطِ شُهَدَاءَ لِلَّهِ وَلَوْ عَلَىٰ أَنفُسِكُمْ أَوِ الْوَالِدَيْنِ وَالْأَقْرَبِينَ ۚ } [النساء : 135].
{وَالَّذِينَ لَا يَشْهَدُونَ الزُّورَ وَإِذَا مَرُّوا بِاللَّغْوِ مَرُّوا كِرَامًا} [الفرقان : 72].
واته: باوەڕداری ڕاستەقینە شایەتی درۆ نادات، بۆ کەسی درۆزن و بەرنامەی پووچ و تەوژمی دژەئایین.

بۆچوونی سەلەفییەکان

زۆرێک لە سەلەفییەکان کە خۆیان بە حیزب و ڕێکخراو نازانن دژی هەڵبژاردنن و بە کوفر و شیرک و حەرامی دەزانن بە بەڵگەی ئەوەی دیموکراسی و هەڵبژاردن و پەرلەمان کوفرە و ڕێبازی جولەکە و مەسیحیەکانە بۆیە دروست نییە کەسی موسوڵمان بەشداری تێدا بکات.

ڕەتکردنەوەی بۆچوونی سەلەفی

دیموکراسی و هەڵبژاردن و پەرلەمان ڕێباز و مەنهەج نین، بەڵکو میکانیزم و ئامڕازن، و میکانیزم و ئامڕازیش خۆی حوکمی تایبەتی نییە، بەڵکو حوکمی ئەوان بە گوێرەی مەبەست و ئامانج و غایەتەکەی دەگۆڕێت وەک پێشەوا قەرافی و ابن القیم و زانایانی ئوسوڵی فیقە دەڵێن:
بۆ نمونە ناتوانین بڵێین: تەلەفزیۆن یان سەتەلایت یان ئینتەرنێت یان هەر وەسیلەیەکی تر حەرامە یان حەڵاڵە، بەڵکو دەڵێین: ئەمانە ئامرازن ئەگەر بۆ شتی باش و چاک بەکارهێنران ئەوە حەڵاڵە، ئەگەر بۆ خراپ بەکار دەهێنران حەرامە.
بەڵکو ئەگەر بۆ شتی واجب بەکارهێنران دەبنە واجب، وەک بەکارهێنانی بۆ کاری بانگەوازی خێرخوازی.

بەپێی بنەمای شەرعی (ما لایتم الواجب الا بە فهو واجب).

کەواتە: ئەگەر چوونە پەرلەمان بۆ ئەوە بێت داکۆکی لە مافی خەڵک بکرێت و ڕێگری لە گەندەڵی و دزی بکرێت، و بۆ ئەوەبێت یاسای چاک و باش دەربچێت کە دژی دەقەکانی ئایین نەبێت، و ئەگەر لیست و فراکسیۆنێک ویستیان یاسایەکی دژە ئایین دەربکەن ئەوان ڕێی لێ بگرن، بەم جۆرە نییەت و مەبەستە خەڵکی چاک و باش واجبە لە سەریان بەشدار بن و واجبە لە سەر هەموو باوەڕدارێک پشتیوانیان لێ بکات و دەنگیان پێ بدات.

فتوای زانایان

فەتوای ابن تیمیە

قال رحمه الله: (يجب أن يعلم أن ولاية الناس من أعظم واجبات الدين بل لا قيام للدين ولا الدنيا إلا بها .... فالواجب اتخاذ الإمارة دينا وقربة يتقرب بها إلى الله)
وقال رحمه الله (ولما غلب على كثير من ولاة الأمور إرادة المال والشرف وصاروا بمعزل عن حقيقة الإيمان في ولايتهم رأى كثير من الناس أن الإمارة تنافي الإيمان وكمال الدين، ثم منهم من غلب الدين وأعرض عما لا يتم الدين إلا به، ومنهم من رأى حاجته إلى ذلك فأخذه معرضاً عن الدين لاعتقاده أنه مناف لذلك وصار الدين عنده في محل الرحمة والذل لا في محل العلو والعز، وهاتان السبيلان الفاسدتان سبيل من انتسب إلى الدين ولم يكمله بما يحتاج إليه من السلطان والجهاد والمال، وسبيل من أقبل على السلطان والمال والحرب ولم يقصد بذلك إقامة الدين هما سبيل المغضوب عليهم والضالين).
وقال رحمە: (فالواجب على المسلم أن يجتهد في ذلك حسب الوسع فمن وُليِّ ولاية يقصد بها طاعة الله وإقامة ما يمكنه من دينه ومصالح المسلمين وأقام فيها ما يمكنه من الواجبات واجتناب ما يمكنه من المحرمات لا يؤاخذ بما يعجز عنه، فإن تولية الأبرار خير للأمة من تولية الفجار، ومن كان عاجزاً عن إقامة الدين بالسلطان والجهاد ففعل ما يقدر عليه من الخير لم يكلف ما يعجز عنه فإن قوام الدين بالكتاب الهادي والحديد الناصر). انظر مجموع الفتاوى ج28 ص 390-396.

پوختەی فتوا: هەوڵدان بۆ دەستخستنی دەسەڵات یەکێک لە گرنگترین واجباتی ئایین، و دەبێ بە تاعەت و عیبادەت تێ ی بڕوانین، و دەبێ خەڵکی چاک و باش بنێرین، و بەگوێرەی توانا هەوڵی بەرپاکردنی شەریعەت ودەستەبەرکردنی بەرژەوەندی موسوڵمانان بدەین.

فەتوای شێخ ابن باز

جاء في كتاب (معوقات تطبيق الشريعة الإسلامية) للشيخ مناع القطان رحمه الله حيث ذكر فتوى لسماحة الشيخ عبد العزيز بن باز رحمه الله رداً على سؤال: عن شرعية الترشيح لمجلس الشعب وحكم الإسلام في استخراج بطاقة انتخابات بنية انتخاب الدعاة والاخوة المتدينين لدخول المجلس فأجاب رحمه الله قائلاً : إن النبي قال: ( إنما الأعمال بالنيات وإنما لكل امرئ ما نوى) فلا حرج في الالتحاق بمجلس الشعب ( البرلمان) إذا كان المقصود من ذلك تأييد الحق وعدم الموافقة على الباطل لما في ذلك من نصر الحق والانضمام إلى الدعاة إلى الله، كما أنه لا حرج كذلك في استخراج البطاقة التي يستعان بها على انتخاب الدعاة الصالحين وتأييد الحق وأهله والله الموفق.

پوختەی فتوا: کە هیچ مانع نیە بۆ خۆ کاندیدکردن وچوونە پەرلەمان ئەگەر مەبەست پێی پشتیوانی حەق و ڕێگرتن لە باتڵ بێ، چونکە لەوەدا پشتیوانی لە حەق و بانگخوازانی ڕێگای خوا دەکرێ.
شایەنی باسە فەتوای چەندین زانای تری وەک ابن عوسەیمین و قەرزاوی...هتد هەیە، بەڵام لەبەر درێژنەبوونەوەی بابەتەکە نەمان هێنا.

ئایا نابێت موسوڵمان سیاسەت بکات؟

چەندین بەڵگەی شەرعی هەیە کە ئەو قسە هەڵدەوەشێنێتەوە کە نابێت خەڵکی موسوڵمان خۆی کاندید بکات بۆ چوونە پەرلەمان و حکومەت و خەڵکی موسوڵمانی ئاساییش نابێت بەشداری لە دەنگدان بکات لەو بەڵگانە:

یوسف پێغەمبەر

یوسف پێغەمبەر بەشداری دەکات لە حکومەتێکی کافر و داوای پۆستی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارایی دەکات لە پادشای میسری ئەو کاتە.
{قَالَ اجْعَلْنِي عَلَىٰ خَزَائِنِ الْأَرْضِ ۖ إِنِّي حَفِيظٌ عَلِيمٌ} [يوسف : 55]
دواتریش دەبێتە (العزیز) واتە سەرۆک وەزیرانی ئێستا.

{قَالُوا يَا أَيُّهَا الْعَزِيزُ إِنَّ لَهُ أَبًا شَيْخًا كَبِيرًا فَخُذْ أَحَدَنَا مَكَانَهُ ۖ إِنَّا نَرَاكَ مِنَ الْمُحْسِنِينَ} [يوسف : 78].
دەی خۆ دیارە سیستەمی حوکم لەو کاتەدا کە یوسف پێغەمبەر بەشداری کردووە سیستەمی کوفر بووە، و یوسف پێغەمبەر نەیتوانیوە هەموو شتێ بە شەو ڕۆژێ بگۆڕێ، وهەموو شتێ بە حەز و ویستی ئەو نەبووە، ودەسەڵاتی سنوور دار بووە، بەڵام لە گەڵ ئەوەدا بەشداری کردووە، چونکە زانیویەتی دەتوانێ وردە وردە خراپەکان کەم بکاتەوە و چاکە کان زۆر بکات، و ئاستی زوڵم و ستەم دابەزێنێ و ڕێژەی عەدالەت بەرز بکاتەوە.
ئەمەش ناوەڕۆک و مەبەستی ئیسلامە وەک ابن تیمیە دەڵێ: ئیسلام هاتووە بۆ ئەوەی زوڵم وستەم یان بە یەکجاری نەیهڵێیت، یان کەمی بکاتەوە.

پێغەمبەر محەمەد

پێغەمبەری خوا پێش ئەوەی ببێ بە پێغەمبەر لە ماڵێک لە ماڵەکانی مەککەدا لەگەڵ خزمەکانی کە هەموویان موشریک بوون ئامادەی هاوپەیمانیەک دەبێت بۆ پشتیوانی لە ستەملێکراوان و سەندنەوەی مافەکانیان.
دواتر لە مەدینە شانازی بەم کارەی دەکات ودەفەرموێ: ئێستاش داوای کارێکی وام لێ بکەن قەبوڵی دەکەم.

یەکێک لە حەوت کەسەکەی ژێر عەرشی خودا

لە فەرموودەی سەحیحدا هاتووە یەکێک لەو حەوت دەستەو تاقمانەی کە لە ڕۆژی دوایی لە ژێر سێبەری عەرشی خودا دەحەسێنەوە (امام عادل)ـن، واتە دەسەڵاتدارێکی عادل و دادپەروەر، جا چ پۆستی سەرۆک کۆمار بێ یان سەرۆک وەزیران یان سەرۆکی پەرلەمان یان وەزیرەکان.

خەلافەتەکان

چواردە سەدەی مێژووی موسوڵمانان ئەوە دەسەلمێنێت کە هەمیشە موسوڵمانان ئاین و دەسەڵاتیان پێکەوە گرێداوە و جیایان نەکردووەتەوە.
ئەو قسەیەی کە دەڵێ: ئیسلام پەیوەندی بە سیاسەت و دەسەڵاتەوە نیە، گەورەترین بیدعەتە لە ئیسلامدا، و بیرۆکەیەکی شەیتانیە بۆ یەکەم جار زانایەکی ئەزهەری بە ناوی عەلی عبدولرەزاق دایهێنا و دواتر خۆی پەشیمان بوویەوە، بوونی دەسەڵات یەکێکە لە واجباتی ئایین، چونکە بەبێ دەسەڵات زۆرێک لە ئەحکامی شەریعەت پشتگوێ دەخرێ و جێبەجێ ناکرێ.
بۆیە خەلیفە عوسمان دەڵێ: ٳن اللە لیزع بالسلطان ما یزع بالقرآن.
واته: ئەوەی خوا بە دەسەڵاتدار ڕێی لێ دەگرێ بە قورئان ڕێی لێ ناگیرێ.
وهەروەها پێشەوا غەزالی دەڵی: 
(الملك والدین توٲمان، فالدین ٲصل والسلطان حارس، وما ٲصل له فمهدوم، وما لا حارس فضائع) احیاء علوم الدین(۱؍۱۷).
واته: دەسەڵات و ئاین دوانەن، ئاین ئەسڵە و دەسەڵاتدار پاسەوان، و ئەوەی ئەسڵی نەبێ ڕوخاوە، و ئەوەی پاسەوانی نەبێ فەوتاوە.

ابن تیمیە

ابن تیمیە دەڵێ:(الشریعة جاءت بتحصیل المصالح وتكمیلها وتعطیل المفاسد وتقلیلها بحسب الامكان، ومطلوبها ترجیح خیر الخیرین ودفع شر الشرین) مجموع الفتاوی(۲۳؍۳٤۳).
کەواتە: هەوڵدان بۆ جێبەجێ کردنی شەریعەت بە گوێرەی توانا دەبێ و بەیەکجاری لە توانای کەسدا نیە و تەکلیفی ما لا یطاق.


سەرچاوەکان



2241 بینین