پلاستیک

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-04-13:12:00 - کۆدی بابەت: 6782
پلاستیک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پلاستیک بریتییە لە مەودایەکی فراوانی دەستکرد و نیمچە دەستکردی ئەو ماددانەی کە پێکهاتەی سەرەکییان بریتییە لە فرەپاژ (پۆلیمەر)، ڕەوشتی نەرمی پلاستیک یارمەتیدەرە تاکوو بتوانرێت لە قاڵب بدرێت یان پەستانی بخرێتەسەر و بکرێت بە ماددەیەکی ڕەقی شێوە جیاواز، ئەم توانای گۆڕانی شێوەیەی پلاستیک و چەندین ڕەوشتی دیکەی وەک کێشی کەم و توانای بەرگەگرتنی زۆر و نەرمی و جیڕی و تێچووی کەمی بەرهەمهێنان هۆکاری زۆر بەکارھێنانی پلاستیکن، بە شێوەیەکی گشتی پلاستیک لە ڕێگای سیستمە پیشەسازییەکانی مرۆڤەوە بەرهەم دەهێنرێت، پلاستیکی جۆری پێشکەوتوو لە ماددە کیمیاییە بنچینەییەکانی سووتەمەنی بەردەکی وەک گازی سروشتی و پێترۆڵ، لە کاتێکدا کە لە کۆندا شێوازە پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنانی پلاستیک چەند ماددەیەکی جیاوازیان بەکاردەهێنا کە لە ماددە تازەوەبووەکانی وەک گەنمەشامی و لۆکە.

فرەپاژ (پۆلیمەر) چییە؟

پۆلیمەر واتای ناوەکەی بریتییە لە فرەبەش، ماددەیەکە کە لە دووربارەبوونەوەی بەشی جیای گەردی کیمیایی زۆر گەورە و زۆر بچوک پێکدێت، هەردوو جۆری پۆلیمەری سروشتی و دەستکرد ڕۆڵێکی بێسنووریان هەیە لە ژیانی ڕۆژانەدا لەبەر تایبەتمەندییە فراوانەکانیان، بەکارهێنان و پێکهاتەی بنچینەیی و بایۆلۆجی پۆلیمەر لە پلاستیکی دەستکردی وەک پۆلیستایرینەوە دەست پێدەکات تاکوو بایۆپۆلیمەری وەک DNA و پڕۆتین، هەردوو جۆری پۆلیمەری سروشتی و دەستکرد لە ئەنجامی بەپۆلیمەرکردنی چەندین گەردی بچووکەوە کە بە تاک پارچە (مۆنۆمەر) ناسراون دروست دەبن، بارستە مۆڵییە گەورەکەیان و پێکهاتە گەردییە بچوکەکەیان هۆکارە بۆ بوونی ڕەوشتی فیزیایی بێهاوتا لە پۆلیمەردا، وەک زۆر بەهێز و توند، جیڕی، لینج و قورس، هەروەها پێکهاتەی نیمچە کریستاڵی.

مێژوو

پێشکەوتنی پلاستیک لە بەکارهێنانی پلاستیکە سروشتییەکانی وەک کەتیرە و لاکی شووشەییەوە سەرچاوەی گرتووە، پاشان دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی ماددەی کیمیایی لە لاستیکی سروشتی و ڕیشاڵ و کۆلاجین و پڕۆتینەکانی شیرەوە، لە کۆتاییدا پێشکەوتنی بەرهەمهێنانی پلاستیک گەیشتووە بە دروستکردنی پلاستیکی دەستکردی وەک (بێیکلایت و ئیپۆکسی و پی.ڤی.سی)، نزیکی ١٦٠٠ ساڵی پێش زایین مێزۆئەمریکییەکان لاستیکی سروشتییان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی تۆپ و قایش و پەیکەر.
لە سەدەی ١٩ـدا کاتێک بواری زانستی کیمیا پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینی لەکاتی شۆڕشی پیشەسازیدا، چەندین پێکهاتەی نوێ بۆ دروستکردنی پلاستیک دۆزرایەوە، پێشکەوتنی دروستکردنی پلاستیک لەلایەن چاڕلز گودیارەوە لە ساڵی ١٨٣٩ بە داهێنانی کردەی ڕەقاندن بۆ توندترکردن و ڕەقترکردنی لاستیکی سروشتی دەستی پێکرد.
دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی، پێشکەوتنەکان لە کیمیادا بوو بەهۆی داهێنانی جۆری نوێی پلاستیک، بە تایبەت لە ساڵانی ١٩٤٠ بۆ ١٩٥٠ کە ئەم جۆرانەی پلاستیک دروستکران (پۆلیستایرین - polystyrene، کلۆریدی پۆلیڤینایڵ - polyvinyl chloride، پۆلیئەسیلین - polyethylene).

جۆرە باوەکانی پلاستیک و بەکارهێنانەکانیان

پۆلیئەماید - Polyamides 

پۆلیئەماید کە پێشی دەوترێت نایلۆن بریتییە لە بەشی دووبارەبووەوەی بۆندی ئەمایدی بەیەکەوە نووساو، بە هەردوو شێوازی سروشتی و دەستکردیش بوونی ھەیە، پڕۆتینی وەک خوری و ئاوریشم نموونەن بۆ پۆلیئەمایدی سروشتی، پۆلیئەماید لە دروستکردنی ئەم کەرەستانەدا بەکاردێت:

  • فڵچەی ددان.
  • فایبەر.
  • فڵچە.
  • بۆری.
  • ئەو بەشانەی ئامێرێک کە پەستانی کەمیان دەکەوێتەسەر.

پۆلیکاربۆنەیت - Polycarbonate

بریتین لە گروپێکی پۆلیمەری گەرمۆپلاستیکی (واتە کاتێک گەرم دەکرێن شل دەبنەوە و بە ساردکردنەوەیان ڕەق دەبن) کە پێکهاتە کیمیاییەکەیان پێکدێت لە گروپی کاربۆنەیت، ئەو پۆلیکاربۆنەیتانەی لە بواری ئەندازیاریدا بەکاردێن بەهێز و توندن، بە شێوەیەکی گشتی پۆلیکاربۆنەیت بە ئاسانی کاریان لەسەر دەکرێت و شل دەکرێنەوە و بە گەرمکردن شێوەیان دەگۆڕێت، لەبەر ئەم تایبەتمەندییانە پۆلیکاربۆنەیت بەکارهێنانێکی بەرفراوانی هەیە و ئەم کەرەستانەی لێ دروستدەکرێت:

  • سی دی.
  • چاویلکە.
  • قەڵغان.
  • ئەو بەشەی دەرەوەی پەنجەرە کە وەک پاڕێزەر بەکاردێت.
  • هێمای هاتووچۆ.
  • هاوێنە.

پۆلیئەستەر - Polyester (PES)

بریتییە لە جۆرێکی پۆلیمەر کە لە هەموو بەشێکی دووبارەبووەوەی زنجیرە سەرەکییەکەیاندا گروپی ئەستەریان تێدایە، فایبەری پۆلیئەستەر هەندێکجار لەگەڵ فایبەری سروشتی دەڕێسرێت بۆ بەرهەمهێنانی کوتاڵێک کە تایبەتمەندی تێکەڵاو، لۆکەی تێکەڵی پۆلیئەستەر تایبەتمەندی بەهێزی و دژەلۆچی و دژەدڕان و کەم درزبردنی هەیە، پۆلیئەستەر بەکاردێت لە دروستکردنی:

  • فایبەر.
  • ڕیشاڵ.

پۆلیئەسیلین Polyethylene (PE)

باوترین جۆری پلاستیکە و بەکارهێنانێکی فراوانی هەیە لەو بەرهەمە پلاستیکییانەی کە هەرزانن وەک زەرف و بوتڵی پلاستیکی.

پۆلیئەسیلینی چڕی بەرز - High-density polyethylene (HDPE)

ئەم جۆرەی پلاستیک لەسەر پلاستیکەکە بە هێمای پوختەکردنی ♴ ئاماژەی پێدراوە، بریتییە لە پۆلیمەرێکی گەرمۆپلاستیکی و لە تاک پارچەی (مۆنۆمەر) ئەسیلینەوە دروست دەکرێت، بەکاردێت لە دروستکردنی:

  • بوتڵی تایبەت بە ماددەی پاککەرەوە.
  • بوتڵی شیر.
  • جانتای پلاستیکی.

پۆلیئەسیلینی کەم چڕی - Low-density polyethylene (LDPE)

پۆلیئەسیلینی چڕی نزم بە هێمای پوختەکردنی ♶ لەسەر پلاستیکەکە ئاماژەی پێدراوە و بریتییە لەو گەرمۆپلاستیکەی کە لە تاک پارچەی ئەسیلینەوە بەرهەمدێت، یەکەم جۆری پۆلیئەسیلینە کە لە ساڵی ١٩٣٣ بە ڕێگای بەپۆلیمەرکردنی تەنۆلکەی سەربەست و بە بەکارهێنانی پڕۆسەیەکی پەستان بەرز بەرهەمهێنرا، بەکاردێت لە دروستکردنی:

  • مێز و قەنەفەی باخچە.
  • پلاستیکی ڕووکاری دەرەوەی خانوو.
  • کاشی.
  • دەفری پلاستیکی.

پۆلیئەسیلین تریفسالەیت - Polyethylene terephthalate (PET)

بریتییە لە جۆرێکی دیکەی پۆلیئەسیلین کە بە هێمای پوختەکردنی ♳ لەسەر پلاستیکەکە ئاماژەی پێدراوە و لە دۆخە سروشتییەکەیدا بێ ڕەنگە، بە پشت بەستن بە شێوازی بەرهەمهێنانی تایبەتمەندی ڕەقی یان نیمچە ڕەقی هەیە و کێشی زۆر کەمە، پلاستیکێکی باشە بۆ هەڵگرتنی گاز و کحول و توێنەرەکان تێیدا، پۆلیئەسیلین ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ سپی کاتێک کە بەرکەوتنی لەگەڵ کلۆرۆفۆڕم یان تۆڵۆوین هەبێت، بەکاردێت لە دروستکردنی:

  • بوتڵی خواردنەوە بەکاربۆنکراوەکان.
  • پلاستیکی تەنک.

پۆلیپڕۆپیلین - Polypropylene (PP)

پۆلیپڕۆپیلین کە پێشی دەوترێت پۆلیپڕۆپین و لەسەر پلاستیکەکە بە هێمای پوختەکردنی ♷ ئاماژەی پێدراوە، گەرمۆپلاستیکێکە کە چەندین بەکارهێنانی جیاوازی هەیە، لە ئەنجامی زنجیرە گەشەی بەپۆلیمەرکردنی تاک پارچەی پڕۆپیلینەوە بەرهەمدێت، تایبەتمەندی پۆلیپڕۆپیلین پشت دەبەستێت بە بارستەی مۆڵی و دابەشبوونی بارستەی مۆڵی و ڕووتەنکی و جۆری گروپی تاک پارچەکان، بەکاردێت لە دروستکردنی:

  • سەری بوتڵ.
  • قامیشی خواردنەوە (قەسەب).
  • دەفری ماست.

پۆلیستایرین - Polystyrene (PS)

پۆلیمەرێکی هایدرۆکاربۆنی دەستکردی ئەڕۆماتیکییە لە تاک پارچەی ستایرینەوە بەرهەم دەهێنرێت، بە شێوەی فۆم یان لە دۆخی ڕەقیدا بوونی هەیە و لەسەر پلاستیکەکە بە هێمای پوختەکردنی ♸ ئاماژەی پێدراوە، ڕوون و بەهێز و شکاوەیە، نرخێکی هەرزانی هەیە و پلاستیکێکی گونجاوە بۆ هەڵگرتنی ئۆکسجین یان هەڵمی ئاو تێیدا و پلەی توانەوەی نزمە، بەکاردێت لە دروستکردنی:

  • دەفر و کوپی تایبەت بە خواردن.
  • پارچە فۆمی تایبەت بە ڕازاندنەوە.
  • دەفر و هەندێک جۆری ئەو کوپانەی یەکجار بەکاردێن.
  • سی دی.

پۆلیوریتەین - Polyurethanes (PU)

جۆرێکی باوی پۆلیمەرە کە لە ئەنجامی یەکگرتنی بەشە ئەندامییەکان بە بەیەکەوەنووسانی یوریتەینەوە بەرهەمدێت، جیاواز لە جۆرە باوەکانی دیکەی وەک پۆلیئەسیلین و پۆلیستایرین ئەم جۆرە لە مەودایەکی فراوانی ماددەی سەرەتایی دروستکراوە بۆیە زیاتر وەک پۆلێنێکی پۆلیمەر دەناسێنرێت، ئەم جیاوازییەی پۆلیوریتەین هۆکارە بۆ ئەوەی کە تایبەتمەندی فیزیایی جیاوازی هەبێت و بەکارهێنانی جیاوازی و مەودافراوانی هەبێت، بەکاردێت لە دروستکردنی:

  • هەندێک جۆری فایبەر.
  • لکێنەر.
  • فۆمی تایبەت بە ڕازاندنەوە.
  • فۆمی نەگەیەنەری گەرمی.
  • ڕۆڵەری تایبەت بە چاپەمەنی.
  • زۆرترین بەشی ئۆتۆمۆبێل پێکدێت لەم جۆرەی پلاستیک.

کلۆریدی پۆلیڤینایڵ - Polyvinyl chloride (PVC)

لەدوای پۆلیئەسیلین و پۆلیوریتەین، کلۆریدی پۆلیڤینایڵ زۆرترین بەرهەمهێنانی هەیە لە جیهاندا، ماددەیەکی ڕەقی شکاوەیە و لە کحولدا ناتوێتەوە بەڵام لەناو تێتراهایدرۆفوراندا کەمتواوەیە، لەسەر پلاستیکەکە بە هێمای پوختەکردنی ♵ ئاماژەی پێدراوە، پی.ڤی.سی دوو جۆری سەرەکی هەیە جۆری یەکەم ڕەقە کە زۆرجار بە RPVC ئاماژەی پێدەدرێت و جۆری دووەم جیڕە، جۆرە ڕەقەکەی بەکاردێت لە دروستکردنی بۆری ئاوەڕۆ و چوارچێوەی پەنجەرە و دەرگا، هەروەها لە دروستکردنی بوتڵ و کاردی بانکیدا بەکاردێت، جۆرە جیڕەکەی نەرمە و لە دروستکردنی وایەری کارەبایی و هەندێک جۆری بۆری و چەرم و پلاستیکی زەوی ناوماڵ و چەندین بەرهەمی دیکەدا بەکاردێت.


سەرچاوەکان



2934 بینین