قەبزی لەدوای منداڵبوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-06-00:22:00 - کۆدی بابەت: 6804
قەبزی لەدوای منداڵبوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

توشبوون بە قەبزیی زۆر باوە لەنێوان ئەو دایکانەی کە تازە منداڵیان بووە، نزیکەی ٪٢٠ـی دایکان ڕوبەڕووی ئەم کێشەیە دەبنەوە، قەبزیی دوای منداڵبوون بە ڕێژەیەک باوە کە ئەگەر تەنانەت لە ماوەی دووگیانیشدا تووشی قەبزیی نەبووبیت لەوانەیە لە دوای منداڵبوون تووشی ببیت، ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە تاکوو چەند ڕۆژێک دوای منداڵبوون. 

هۆکارە ناوەکییەکانی قەبزیی دوای منداڵبوون

  • هەندێک جار دایک دوای منداڵبوون تووشی سکچوونێکی توند دەبێت، یاخود کاتی منداڵبوونی سروشتی بەهۆی زەختکردنەوە لەگەڵیشیدا تووشی سکچوون دەبێت، ئەمانە دوو هۆکارن تاکوو خانمەکە تووشی قەبزی ببێت.
  • کەمبوونەوەی جوڵەی ڕیخۆڵەکان بە هۆی منداڵبوونەوە.
  • خواردنی سەرچاوەی ڤیتامیناتەکان و تەنانەت ماددەی ئاسنیش لە ماوەی دووگیانی یاخود ماوەی شیرداندا هۆکارێکن بۆ قەبزیی.
  • هەروەها گەدەی دایک لە کاتی منداڵبوونی سروشتیدا زۆر بە هێواشی کارەکانی دەکات ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە.
  • دڵەڕاوکێ و ترس لە منداڵبوون هۆکارێکی دیکەیە کە بە هۆی پەستانی دەروونی لەسەر دایکەکە دایک دووچاری قەبزیی دەبێتەوە.
  • ئەگەر هات و قەبزیی دوای منداڵبوون زۆر درێژەی کێشا، دەکرێت هۆکارەکەی بەرزی ڕێژەی هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن بێت.
  • ئەگەر ماوەی منداڵبوونی سروشتی خانمەکە درێژبێت و لەو ماوەیەدا هیچ خۆراکێکی نەخواردبێت، پیساییت هاتبێت و گەڕاندبێتتەوە یاخود گەدەی پێش منداڵبوون خاڵی کرابێتەوە، و دوای منداڵبوونەکەی پیسایی کردنی دوادەکەوێت یەک دوو ڕۆژێک، وە ئەگەریش منداڵبوون بە نەشتەرگەری بێت ئەوا ٣ بۆ ٤ ڕۆژی پێ دەچێت تاکوو خانمەکە پیسایی بکاتەوە.

هۆکارە دەرەکییەکانی قەبزیی دوای منداڵبوون

  • لە ماوەی منداڵبوونی سروشتیدا ئەو تەقەڵ و شین بوونەوانە لە زێی دایکەکەدا وادەکات کە دایکەکە بترسێت لەوەی پیسایی بکات بە هۆی ئازارەوە بەمەش ماوەیەک پیسایی ناکات و دەبێتە هۆی قەبزیی.
  • زۆر جار پزیشک سوود لە ئامێر وەردەگرێت بۆ یارمەتیدانی منداڵبوونەکە و دەرهێنانی منداڵەکە، کە ئەمە لەوانەیە زیان بگەیەنێت بە ڕیخۆڵەی دایکەکە و پەستان بخاتەسەری بەمەش قەبزیی ڕوودەدات.
  • زۆرێک لە خانمان ئەو ماوەیەی لە نەخۆشخانەن دانانیشن لەسەر تەوالێتە ڕۆژئاواییەکان و پیسایی ناکەن و پێیان وایە کە پیسە.
  • بەکارهێنانی ئازارشکێنی وەک (Pathideine و diamorphine) لە کاتی منداڵبووندا هۆکارێکی دیکەن بۆ قەبزیی.

چارەسەری قەبزیی دوای منداڵبوون

  • خواردنەوەی بڕێکی باشی ئاو ڕۆژانە نزیکەی ٨ بۆ ١٠ پەرداخ لە ڕۆژێکدا، هەرەوەها خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاوی میوە، و خواردنەوەی پەرداخێک ئاوی گەرم دوای هەستان لە خەو بەیانیان.
  • خواردنی بڕێکی باش لەو خواردنانەی کە دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵ، وەک میوە و سەوزەکان، دوورکەوتنەوە لە خواردنی نانی سپی.
  • هەر کاتێک پیساییت بۆ هات خێرا بڕۆ تەوالێت و هەرگیز پشتگوێی مەخە، چونکە جار لە جار زیاتر پیساییەکەت ڕەقتر دەبێت و نایەت.
  • ڕۆژانە جوڵان و بە ڕێگادا ڕۆشتن زۆرباشە و پێویسته هەستیتەوە و بگەڕێیت.
  • ئەگەر قەبزییەکە توند بوو دایکەکە دەتوانێت دەرمان وەربگرێت، بەڵام بەبێ پرسی پزیشک نا چونکە تازە منداڵی بووە و شیر دەدات بە منداڵەکەشی.


چ کاتێک پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت؟

هەر کاتێک یەکێک لەم نیشانانەت هەبوو ئەوا قەبزییەکی ئاسایی نییە و پێویستە کە سەردانی پزیشک بکەیت:

  1. قەبزییەکی زۆر توند کە ئازاری گەدەی لەگەڵدایە و هەندێک جار دەگۆڕێت بۆ سکچوون.
  2. پیساییەکەت خوێنی پێوە بێت، گرنگە خوێنەکە بناسیتەوە، زۆر جار بە هۆی زۆر ڕەقی پیساییەکەوە کۆم بریندار دەبێت و دەدڕێت ئەمەش وادەکات کە خوێنی لێ بێت و پیساییەکە خوێناوی بکات، بەڵام ئەگەر خوێنەکە لە پیسایەکەدا بوو و پێکەوە هاتنە دەرەوە واتە خوێنی ناو جەستەیە نەک دڕانی کۆم بۆیە دەبێت لەم حاڵەتەدا بە دڵنییایەوە سەردانی پزیشک بکەیت.


سەرچاوەکان



4792 بینین