شازدەی ئۆکتۆبەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-06-00:24:00 - کۆدی بابەت: 6805
شازدەی ئۆکتۆبەر

ناوه‌ڕۆك

١٦ـی ئۆکتبەر

شانزەی ئۆکتۆبەر یان ١٦ی ئۆکتبەر، خیانەتێکی نیشتمانی و نسکۆیەکی دیکەی گەلی کورد بوو لە باشووری کوردستان دوای ئەوەی کۆماری عێراقی فیدراڵ بە هێزی سوپا و میلیشیا شیعەکانەوە هێزی ناردەوە بۆ شاری کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان و لە بەرامبەردا هێزی پێشمەرگە کەمترین بەرگری کرد بەهۆی ئەوەی سەرکردایەتی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر ئەو ناوچانەیان بەدەستەوەدابوو بەبێ ئاگاداری پێشمەرگە.

ڕووداوەکە

لەدوای ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٧/٩/٢٥ و وەڵامی توند لەلایەن زلهێزانی ناوچەکە و جیهانەوە دژی ویستی کورد لەو ڕۆژەدا و بەتایبەتتر سەرانی ڕیفراندۆم، نزیکەی مانگێک دواتر و لە ڕۆژی ٢٠١٧/١٠/١٦، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هێرشی کردە سەر کەرکووک و ئەو ناوچانەی کە بەپێی دەستووری عێراق سەر بە عێراقن، بەڵام بەهۆی شەڕشی داعشەوە پێشمەرگە تێیدا دەسەڵاتداربوو و دەیپاراستن، بە پلانی چەند کەسێکی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ ئێران و عێراق و بەتایبەتتر چاوسوورکردنەوەی وڵاتی ئێران و فەرماندەی فەیلەقی قودس قاسم سولەیمانی کە چەند ڕۆژێک پێش ڕووداوەکە لە شاری سلێمانی بوو، لەنێو ئەو کەسانەدا لایەنەکان زیاتر ناوی لاهور شێخ جەنگی دەهێنن، لە هەمان کات پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەکانی شەنگال و بەعشیقە و مەخموور دەکشێنەوە، بەپێی پلانەکەی یەکێتی نیشتمانی هێزەکانی پێشمەرگە هیچ بەرگرییەک ناکەن و دەکشێنەوە، بەڵام لە هەمان کات فەرماندەکانی یەکێتی هیچ ئاگادارییەک بە هێزەکانی بەرەی پێشەوە نادەن و لەکاتی هاتنی هێز تەنیا چەک و تەقەمەنییەکانیان دەگەڕێننەوە دواوە، بۆیە بە ناچاری پێشمەرگەش لەدوایان دەکشێتەوە.

بەرەبەیانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە شاری کەرکوک و شارۆچکەکانی خورماتوو، داقوق و حەویجە هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگەش بەبڕیاری بەرپرسانی هەرێم لەو ناوچانە کشانەوە.

شەڕی کەرکووک

پێش ئەوەی شاری کەرکوک کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە لەلایەن عێراقەوە، شەش ڕۆژ پێشتر و لە ڕۆژی ١٠ـی مانگ سەرۆک وەزیرانی ئەوکات حەیدەری عەبادی رایگەیاند کە بەڕێوبردنی ئەو ناوچانەی ناکۆکییان لەسەرە سەر بە عێراقە بەپێی دەستوور، لە ڕۆژی شانزەی مانگ هێزەکانی عێراق دوای کشانەوەی زۆرینەی هێزەکانی پێشمەرگە هاتنە نێو شاری کەرکووک و ماوەیەک شەڕ لە نێوان عێراق و هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دروستبوو، بەڵام دواتر لە هەمان ڕۆژ عێراق دەستی بەسەر بنکەی K1 و بیرەنەوتەکانی باکووردا گرت و لە کۆتاییشدا دەستی بەسەر باڵەخانەی پارێزگای کەرکووکدا گرت و ئاڵای کوردستان لە سەرجەم شوێنەکان هێنرایە خوارەوە.

هێزی بەرگریکار لە کەرکووک

لیوای کۆسرەت ڕەسووڵ عەلیی یەکێک لە فەرماندە و سەرکردە دیارەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ئاگاداردەکرێتەوە لە هێرشی سوپا و حەشد شوێن و بۆسەی تایبەت دادەنێن بۆ ڕووبەڕووبونەوەیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی شوێنەکەیان بە حەشد دەوترێت هاوەن باران دەکرێن و زۆرێکیان شەهید دەکرێن، لەگەڵ ئەوەی ژمارەی شەهید و بریندارانی ئەو شەڕە نەزانراوە بەڵام بەپێی چەند ڤیدیۆیەک کە دەردەکەوێت لە شوێنێکدا دەستبەجێ تەرمی ٢٥ پێشمەرگەی لێیە ژمارەکە لە ١٠٠ زیاترە، بەهۆی ئەمەشەوە دادگای عێراق فرمانی دەستگیرکردنی بۆ کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی دەرکرد بەهۆی ڕووبەڕووبونەوەی لەگەڵ هێزی سوپای عێراق.

جیا لەوان هێزەکانی هەپەگە لە ناو شاری کەرکووک بۆ ماوەیەک شەڕدەکەن بەڵام ناتوانن بەردەوام بن و دەکشێنەوە.

دوای داگیرکاری

دوای داگیرکردنی کەرکووک هەزاران خێزانی شاری کەرکووک و قەزاکانی دەوروبەری لە ترسی سوپا و حەشدی شەعبی ماڵەکانیان چۆڵ کرد و بۆ شارەکانی هەرێم هەڵاتن و ئاوارەبوون، دانیشتوانی دووزخورماتوو زیانێکی زۆر بە ماڵ و ناوچەکەیان گەیشت و بۆ ماوەیەکی زۆر نەیانتوانی بگەڕێنەوە، چەندین ماڵ سووتێنراون و ڤیدیۆی تەرمی پێشمەرگەیەک لە دووز بڵاوکرایەوە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئۆتۆمبێل بەدوای خۆیاندا ڕایدەکێشن، هەموو ئەمانە و زۆر ڕووداوی دیکە کە لە کامێراکانەوە نەبینراون لەدوای شەڕی کەرکووک ڕوویاندا.

لە ڕۆژانی دواتر هێزەکانی عێراق دەستیان بەسەر شەنگال و بەعشیقە و مەخمووردا گرت، بەبێ ئەوەی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ بەرگرییەک بکەن، دواتر ناوچەکانی دەشتی نەینەوا دەستیان بەسەرداگیرایەوە و دواتریش شاری دووبز داگیرکرایەوە، دواتریش هەریەک لە شارەکانی خانەقین و جەلەولا کەوتنە دەست هێزەکانی عێراق و بیرەنەوتەکانیان کەوتەوە دەست حکوومەتی فیدراڵ.

لە ڕۆژی ١٨ـی مانگی بە فرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی هەموو میلیشاکان دەبوایە بکشێنەوە و تەنیا هێزی ناوخۆی عێراق لە شارەکان دەمێنێتەوە، ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەریش بووە دوایین وێستگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی هێزە عێراقییەکان، کاتێک شارەدێی پردێیان کۆنترۆڵکرد و بە ئاڕاستەی سەنتەری شاری هەولێر پێشڕەوییان دەکرد، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک و تێکشکاندنی چەند تانک و هامەرێکی سەربازی هێزەکانی عێراق لەلایەن پێشمەرگەوە و شکست هێنان بە پێشڕەوییان لەو قۆڵە، سوپای عێراق لە نزیک بازگەی شێراوای هەولێر، کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنەکەیان هێنا.

بوونی هێزی بیانی لە کەرکووک

ئەیاد عەلاوی کە ئەوکات جێگری سەرۆک کۆماربوو ڕایگەیاندبوو مەسعوود بارزانی پێیوتووە کە بە بەڵگە هەیە قاسم سولەیمانی و هێزی سوپای پاسدارانی ئێران لە باشووری شاری کەرکووکە و دەستی لە هێرشەکەدا هەیە.

جیا لە بوونی هێزی بیانی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە چەندین چەکی نوێ و بەهێزەوە هێرشەکەیان دەستپێکردبوو.

زیانەکانی دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەر

ئەو خاكەی لەدەستدراوە

كۆی گشتی سنووری باشوری كوردستان ٨٦,٢٦٩ کیلۆمەتری دووجایە، تاوەكوو ساڵی ٢٠٠٣ (٤١,٩٣٩ کم٢)ـی لەژێر دەستی هەرێمی كوردستاندا بووە، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، دواتر لە دوای هێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دا زۆرینەی ناوچە دابڕاوەكان كەوتنەوە دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە، كە ڕووبەرەكەی ٤٤,٩٣٩ کم٢ بوو،  لەدوای ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر هێزی پێشمەرگە لەهەموو ئەو ناوچانە كشانەوە كە دەكاتە ٥٢% خاكی باشووری كوردستان، ئەو خاكە لەدەستدراوە، بێجگە لە شاری كەركوك هەشت شارۆچكە و 21 شارەدێی تێدابوون.

ئابووری

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە هەرێمی كوردستان ٥٥٪ ی هەناردەی نەوتی لەدەست داوە، پێش ڕووداوەكانی ١٦ ی ئۆكتۆبەر، حكومەتی هەرێمی كوردستان، ١٢ بیرە نەوتی لە ژێردەستدا بووە، كە بریتی بوون لە كێڵگەكانی (هاڤانا، بای حەسەن، بابەگوڕگوڕ، خەباس، جەمبور، خۆرمەڵە، عەین زالە، بەتمە، تەق تەق، حەسیرە، شێخان، تاوگێ‌) كە لە كۆی ئەو بیرە نەوتانە ٧٢٦  هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرهەم دەهێندرا.

دواتر هەریەك لە بیرەنەوتەكانی هاڤانا و بای حەسەن و بابەگوڕگوڕ و خەباس و جەمبور و عەینزالە و بەتمە، کەوتنەوە دەستی حكومەتی ناوەندی، كە كۆی كشتی بەرهەمیان ٤٤٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە.

بێجگە لە نەوتی كێڵگەكانی هاڤانا و بای حەسەن، حكومەتی هەرێم بەرهەمی غازی سروشتی ئەو كێڵگانەشی لەدەست داوە، كەكۆمپانیای دانەغاز بەرهەمهێنانی تێدا دەركرد.

لە هەرێمی كوردستاندا پێنج خاڵی سنووری هەیە كە بریتین لە (برایم خەلیل، فیشخاپور، پەروێزخان، باشماخ، حاجی هۆمەران)، كە داهاتێكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەیە و خاڵی بەستنەوەی هەرێمی كوردستانە بە دەرەوە، بەدەر لە فشارەكانی حكومەتی عێراق بۆ ڕادەستكردنی خاڵە سنوورییەكان، حكومەتی عێراق داوای ڕادەستكردنی سەرچاوە ئاوییەكان و بەنداوەكانی هەرێمی كوردستانیشی دەکرد، كە هەریەک لە بەنداوەكانی دەربەندیخان و دوكان و بێخمەن، هەروەها داوای کرد کە هێزی پێشمەرگە بخرێتە سەر سوپای عێراق و فەرمان لەوێوە وەربگرێت و داوای ڕادەستکردنی هەموو نەوتی هەرێمی کوردستانیشی کردەوە.

یادەوەری ڕۆژنامەڤان هونەر ئەحمەد لەو ڕۆژەدا

لێدوانێکی هونەر ئەحمەد سەبارەت بە ڤیدیۆیەکی خۆی لەکاتی ڕزگارکردنی چەند کەسێکدا:

قەد  لەبیرم ناچنەوە.

کاتێک لە بازگەی ئاسایش لە گەڕەکی فەیلەق هێزە عێراقیەکان و حەشدی شەعبی بینران دەست بەتەقە کردن کرا لەو کاتەدا کەسێک هاواری کرد تەقە راگرن تەقە راگرن، نزیکە ٢٠ هەمەر لەگەڵ چەند ئۆتۆمبیلێکی دیکە هاتن دەرکەوت فەرماندەیەکی سەربازی بوو بەپەلە بەنێو بازگەکەدا رۆشتن و نەوەستان پاش ئەوە دەست بە پاشەکێ کرا هێزە عێراقیەکان تەقەیەکی زوریان کرد منیش خۆم کرد بەنێو یەکێک لە کۆلانەکانی فەیلەقدا.
بە چەند کۆڵانێک سوڕاینەوە و ویستم بچمە گەرەکێکی دیکە بەڵام چونکە زۆر شارەزایی ئەو گەرەکە نەبووم و بەشێک لە کۆلانەکانیش داخرابوون ناچار هاتمەوە سەر رێگاکشتیەکە پێش گەیشتنم  گوێم لە زرمەی  دەبابەکە  بوو کە هاتمە سەر رێگا کە بینم بەدووری ٣٠٠ مەتر لەپێش من  ئۆتۆمبیلێک گڕی گرتووە، لە ئاوێنەی ئۆتۆمبێلەکەشمەوە تەماشای دواوەی خۆمم دەکرد هیچ ئۆتۆمبێلێکی دیکەم نەدەبینی، لەگەڵ نزیک بونەوە بە بیکەیسی و قەناس تەقەیەکی زۆریان لێ کردین خۆم کرد بەو گەرەکەی کە ئۆتۆمبیلەکەی لەپێشدا سوتا بوو. بینیم سێ کەس هاواريانە و داوای هاوکاری دەکەن منیش چاوێکم لە گەیشتنی هێزەکانی حەشد بوو چاوێکیشم لەو بریندارانە بوو، تەقەیەکی زۆریان بەدەوردا دەکرا تاوەکو کەس نەتوانێت دەربازیان بکات، رەنگە هەر کەسێکی دیکە لەو حاڵەتەدا بێت هەوڵی پاراستنی گیانی خۆی بدات بەڵام من زۆر دڵم توندبوو دەگریام.

وام هاتە پێش چاو کە ئەوانە باوک و برای منن وتیان توخوا جیمان مەهێڵە، دوانیان کور و باوک بون یەکەمجار کورەکەم دەرباز کرد بەڵام کورەکەی بەردەوام دەیوت  باوکم جێ مەهێڵن باوکم جێ مەهێڵن بۆیە بریارمدا ئەگەر بە قوربانیدان بەگیانی خۆشم بێت هەوڵی رزگار بونیان بدەم.
کاتێک کورەکەم ڕادەکێشا ئەویش دەیویست لەگەڵ خۆیدا باوکی رابکێشێت. بەهەرحال رامان کێشان. پاش گەیاندنیان بە نەخۆشخانە بەداخەوە باوکی ئەو کورە گیانی لەدەستدا ئەوەی کە زیاتر جێگای خەم و پەژارە بوو من دواتر پييان ووتم کە لەنێو ئۆتۆمبیلە گرگرتوەکەش پێشمەرگەیەک شەهید بوە و سوتابوو .
ئەو رۆژە رۆژێکی زۆر رەش بوو رۆژی فرۆشتنی کەرکوک رۆژی شەهید بوونی براکانم لەپێش چاوی خۆمدا رۆژی زەلیلی کورد ئەو رۆژەی کە ئافرەتی بەتەمەن بەسەر پێڵاوی پێشمەرگەيەكدا کەوت و پێی پێشمەرگەی ماچ کرد پێ ووت توخوا کەرکوک بپارێزن پێشمەرگەگەش دەگریا و دەسەڵاتی نەبوو.


سەرچاوەکان



4454 بینین