لیرەی سووری

لیرەی سووری

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-06-16:07:00 - کۆدی بابەت: 6811
لیرەی سووری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لیرەی سوری یاخود (بە عەرەبی: الليرة السورية) دراوی فەرمی کۆماری عەرەبی سوریایە، لە ساڵی 1948 بە فەرمی ئەم دراوە بووە دراوی مامەڵەکردن لە سوریا لە دوای جیابوونەوەی بانکی سوریا و لوبنان کە لیرەی سوریا و لوبنانی دەردەکرد، لیرەی سوری بەسەر 100 قرشدا دابەشکراوە، پۆلێنەکانی لیرەی سوری بریتین لە 50,100,200 لیرە.

مێژووی لیرەی سوریا

وڵاتی سوریا لە پێش کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم بەشێک بوو لە ئیمپڕاتۆریەتی دەوڵەتی عوسمانی و دراوی فەرمی کە بەکاردەهێنرا لیرەی عوسمانی بوو، لە دوای کۆتایی هاتن و ڕووخانی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی، و پاشان داگیرکردنی سوریا و لوبنان لەلایەن وڵاتی فەڕەنساوە، فەڕەنسا بڕیارێکی دەرکرد کە یەک جۆر دراوی فەرمی دابنێت بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، لیرەی سوری بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1920 لەلایەن بانکی سوریاوە دەرکرا و بەهای 20 فرانکی فەڕەنسی هەبوو و لە سوریا و لوبنان بەکارهێنرا، ناوی بانکی سوریا گۆڕدرا بۆ بانکی سوریا و لوبنانی گەورە و لیرەی سوریا و لوبنانی دەرکرد لیرەی سوریا و لوبنان یەک دراو بوو، دوواتر لە ساڵی 1947 دوو جۆر لیرەی جیا دەرکراو هەریەك لە وڵاتی سوریا و لوبنان بوونە خاوەن دراوی لیرەی تایبەت بە خۆیان.

لە دوای ئەوەی هێزەکانی بەریتانیا و فەڕەنسای ئازاد دەستیان بەسەر سوریادا گرت، لە ساڵی 1941 لیرەی سوریا پەیوەستبوو بە جونەیهی ئیستەرلینییەوە و بەهای یەک جونەیهی ئیستەرلینی یەکسان بوو بە 8.83 لیرەی سوری، پاش داڕووخانی نرخی جونەیهی ئیستەرلینی، پشتبەسترا بە دۆلاری ئەمریکی، بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی یەکسان بوو بە 2.19 لیرەی سوری و ئەم ڕێژەیە تاکوو ساڵی 1961 بەردەوام بوو هەر وەکوو خۆی مایەوە.

شەڕی ناوخۆی سوریا و داڕوخانی بەهای لیرەی سوری

بەهای لیرەی سوری لە کاتی شەڕی ناوخۆدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی بە جۆرێك لە سەرەتای ساڵی 2011 نرخی یەك دۆلاری ئەمریکی یەکسان بوو بە 46.98 لیرەی سوری، تاکوو کۆتایی ساڵی 2014 بەهای یەك دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 181.43 لیرەی سوری، هۆکاری ئەم داڕوخانە بە هۆی جەنگی ناوخۆ و کۆچکردنی سەرمایەدارەکان بۆ وڵاتانی دراوسێ نموونەی وڵاتی ئوردن و لوبنان و داگیرکردنی چەند شار و ناوچەیەکی سوریا لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە، و هەروەها سزا ئابوورییە سەپێنراوەکانی سەر سوریا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپاوە ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە دابەزینی بەهای لیرەی سوری بەرامبەر بەهای دۆلار، بە ڕادەیەک کە لە ساڵی 2020 یەک دۆلاری ئەمریکی یەکسان بوو بە 1015 لیرەی سوری و تاکوو ئێستایش بەهای لیرەی سوری بەرامبەر بەهای دۆلار لە دابەزیندایە. 


سەرچاوەکان

448 بینین