بیروباوەڕە هەڵەکان بۆ چارەسەرکردنی سووتان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-07-00:21:00 - کۆدی بابەت: 6822
بیروباوەڕە هەڵەکان بۆ چارەسەرکردنی سووتان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆرجار خەڵکی کاتێک تووشی نەخۆشییەک یاخود حاڵەتێک دەبنەوە، پێیان باشترە خۆیان دەرمانێکی بۆ بدۆزنەوە و سروشتی بێت و دووربن لە دەرمانی ناو نەخۆشخانەکان و بەمەش کۆمەڵێک شت بەکاردەهێنن کە زۆرجار زیانی زۆر گەورەی بەدوادا دێت، سووتانیش یەکێکە لەو بابەتانەی کە بیروباوەڕی زۆر هەڵە هەیە لەناو خەڵکدا بۆ چارەسەرکردنی و خەڵکی گوێ بە ئەنجامەکەی نادەن.

ئەو چارەسەرە هەڵانەی کە بەکاردەهێنرێن بۆ سووتان

سەهۆڵ

زۆر خەڵک دوای ئەوەی شوێنێکیان دەسووتێت سەهۆڵ بەکاردەهێنن و دەیخەنە سەری، بەڵام سەهۆڵ بە هۆی ئەوەی کە زۆر ساردە خۆی هۆکارێکە بۆ سووتانی پێست و بەمەش پێستەکە زیاتر دەسوتێنێت.

کەرە (زبدە)

هەندێک کەس لەبری بەکارهێنانی کرێمی سووتان کەرە بەکاردەهێنن، بەڵام هیچ سودێکی نابێت چونکە کەرە و کرێم زۆر جیاوازن و کرێمەکە تایبەت دروست کراوە و ماددەی تایبەتی تێدایە دژی سووتانەکە.

شیر

هەندێک لە خەڵکی وابیردەکەنەوە کە پڕۆتین و چەوری شیر و یاخود تەنانەت ماستیش بەسوودە بۆ دەرمانی سووتان، بەڵام نەک تەنها سوودی نابێت بەڵکوو بەکتریاکانی ناو شیرەکە دەتوانن برینی سووتانەکە زیاتر بکەن و زیانی پێ بگەیەنن.

هەویری ددان

باوترین جۆری چارەسەر لە ماڵەوە کە دەکرێت بۆ سووتان، بەکارهێنانی هەویری ددانە کە دوای سووتانەکە دەدرێت لە شوێنەکەی، بەڵام هەویری ددان بڕێکی زۆر سپی کەرەوەی کیمیایی و فێنک کەرەوە و نەعنای توونی تێدایە کە خراپە بۆ سووتان.

ڕۆن

هەندێک وادەزانن کە دانانی ڕۆنی سورەوەکراو لەسەر سووتانەکە یارمەتی دەدات کە ئازارەکەی نەمێنێت و جێگای سووتانەکەش نەمێنێت، بەڵام ئەمە نەک تەنها هەڵەیە بەڵکوو زیانێکی زۆرشی هەیە و بە هۆی ئەوەی ڕۆنەکەش سوورەوەکراوە برینەکە خراپتر دەکات.

سپێنەی هێلکە

بەکارهێنانی سپێنەی هێلکە نەک تەنها یارمەتیدەر و چارەسەرکار نییە، بەڵکوو برینەکە زیاتر پیس دەکات، هەروەها زۆرجار هێلکەکە سوور دەکەنەوە و دەیدەن لە سووتانەکە، کە ئەمە جگە لە پیسکردنی برینەکە هیچی دیکە نییە.

پەتاتە

لەوانەیە تاکە هۆکار کە پەتاتەیان هەڵبژاردبێت وەک چارەسەر ئەوەیە کە فێنکە و پێیان وابووە کە ئازاری سووتانەکە کەمتر دەکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە پەتاتە ئەو شوێنەی لێی دەڕوێت ئالوودە و پیسە و نابێت بچێتە جەستەوە و برینی سووتانیش کراوە و هەستیارە بۆ بەکارهێنانی پەتاتە وەک چارەسەر یەکێکە لە هەڵەکانی دیکە.

دۆشاوی تەماتە

دۆشاوی تەماتە ترشە و هەروەها ماددەی کیمیایی تێکراوە بۆ مانەوەی دۆشاوەکە و ئەمەش وادەکات کە بەکارهێنانی خراپ و نەگونجاو بێت بۆ چارەسەری سووتان.


سەرچاوەکان



1404 بینین