وەرزشکردن بە گەدەی بەتاڵ

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-07-16:28:00 - کۆدی بابەت: 6825
وەرزشکردن بە گەدەی بەتاڵ

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی وەرزشکردن بە گەدەی بەتاڵ

وەرزشکردن بە گەدەی بەتاڵ ئەو وەرزشەیە کە بە (ڕۆژووی کاردیۆ) ناسراوە، ئەم دەستەواژەیە مانای ئەوەیە کە جەستە ئەو چەوری و کاربۆهایدراتە بەکاردێنێت بۆ وزە کە خەزن کراوە لەجیاتی ئەو خواردنەی کە دەبوو بیخۆیت، کە دەبێتە هۆی بەرزترین ئاستی لەدەستدانی چەوری.

لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٦ لەژێر ناوی ڕێکخستنی کێش ئاماژە درا بە سوودەکانی وەرزشکردن بە گەدەی بەتاڵ، لە توێژینەوەکەدا کە لە نێوان ١٢ پیاو ئەنجامدرابوو دەرکەوت ئەو بەشداربووانەی کە بەیانیان بە گەدەی بەتاڵ وەرزشیان ئەنجامداوە توانیویانە چەوری و کالۆریەکی زیاتر لەدەستبدەن لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بە بەراورد بەوانی دیکە.

هەندێک سەرچاوە ئەم بیردۆزە ڕەتدەکەنەوە، چونکە لە توێژینەوەیەکی دیکە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەنێوان ٢٠ ئافرەت ئەنجامدرابوو بۆیان دەرکەوت کە هیچ جیاوازییەکی گرنگ نیە لە گۆڕانی پێکهاتەی جەستەی ئەو گرووپانەی کە پێش ورزشکردن خواردنیان خواردووە یاخود بەڕۆژوو بوون (واتە هیچ خواردنێکیان نەخواردووە) پێش وەرزشکردنەکە، توێژەران کێشی لەش و ڕێژەی سەدی چەوری لەش و بازنەی کەمەریان لە ماوەی چوار هەفتەدا پێوانە کرد، لە کۆتایی توێژینەوەکەدا دەرکەوت کە هەردوو گرووپ کێشی جەستە و چەوری کەڵەکەبوویان لەدەست داوە.

وەرزشکردن بە گەدەی بەتاڵ دەتوانێت ببێتە هۆی بەکارهێنانی پڕۆتین بۆ سووتانی چەوری، بەمەش جەستە تووشی کەمی پڕۆتین دەبێت، کە پێویستە بۆ چاککردن و بنیاتنانی ماسولکە پاش وەرزشکردن، هەروەها هەموو کات بەکارهێنانی چەوری وەک وزە مەرج نییە مانای ئەوە بێت کە تۆ دەتەوێت ڕێژەی گشتی چەوری جەستەت دابەزێنیت یان کالۆری زیاتر بسوتێنیت.

ئایا لەڕووی تەندروستییەوە وەرزشکردن بە گەدەی بەتاڵ تەندروستە؟

لە کاتێکدا هەندێک توێژینەوە هەن بۆ پشتگیریکردن لە وەرزشکردن بە گەدەیەکی بەتاڵ، بەڵام مەرج نییە مانای ئەوە بێت کە ئەمە نمونەییە، کاتێک لەسەر گەدەیەکی بەتاڵ وەرزش دەکەیت، لەوانەیە سەرچاوەی وزەی بە نرخ بسوتێنیت و بەرگریت کەمبێتەوە، هەروەها لەوانەیە ببێتە هۆی نزمبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن و هەست بە سەرگێژ خواردن، بێزاری، یاخود لەرزین بکەیت، ئەگەرێکی تر ئەوەیە کە جەستەت ڕێک دەخات بۆ بەکارهێنانی چەوری یەدەگ وەک سەرچاوەی وزە، و دەست دەکات بە خەزنکردنی چەوری زیادە لە کاتی ئاسایی.


ئەگەر تۆ بڕیار بدەیت کە پێش وەرزشکردن خواردن بخۆیت، ئەوا خواردنێکی ئاسان هەرسکراو هەڵبژێرە کە پێکهاتبێت لە کاربۆهیدرات، پرۆتین، چەوری، هەروەها خواردنەکە نزیکەی ٢ بۆ ٣ کاتژمێر پێش ڕاهێنانەکەت بخۆ، هەندێک خۆراک دەتوانن چالاکتر و باشترت بکەن پاش ڕاهێنان، بۆیە ٣٠ خوولەک بۆ ٢ کاتژمێر پاش ڕاهێنانەکەت ئەو خۆراکانە بخۆ کە ماددەی پڕۆتین، ڕیشاڵ، کاربۆهایدرایتیان تێدایە، پڕۆتینە تەندروستەکان دەتوانن سیستەمی بەرگریت بەهێز بکەن و چاکبوونەوەی برینەکان خێراتر بکەن، هەروەها ئەو خۆراکانەی کە ڤیتامین C و ڤیتامین D و زینک و کالسیۆمیان تێدایە بۆ جەستە بەسوودن.


سەرچاوەکان



515 بینین