نەرویج

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-10-09-14:53:00 - کۆدی بابەت: 6838
نەرویج

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی نەرویج 

وڵاتی نەرویج (بە ئینگلیزی: Norway) کە بەشێوەیەکی فەرمی پێی دەوترێت شانشینی نەرویج، یەکێکە لە وڵاتە ئەسکەندەناڤییەکان و هەڵکەوتەی باکووری ئەورووپایە لە بەشی ئەوپەڕی کیشوەرەکە و دەکەوێتە ناو نیمچە دوورگەی ئەسکەندەناڤیاوە، دوورگەی جان مەین و زنجیرە دوورگەکانی سڤالبارد بەشێکن لە خاکی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی خاکە یەکگرتووەکەی، بەشی باکوور و ڕۆژئاوای بە تەواوی ئاوە ولە باکوورییەوە دەریای نەرویج و لە ڕۆژئاواوە زەریای ئەتڵەسی هەیە، لە ڕۆژهەڵات و باشوورییەوە وڵاتی سوید هەڵکەوتووە، لە خاکەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە ڕووسیا دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی و فینلەنداش لە باشووریدایە، ڕووبەری وڵاتەکە ٣٨٥ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و زیاتر لە ٥ میلیۆن کەسی لێ دەژی، گەورەترین شار و پایتەختەکەی شاری ئۆسلۆیە.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات نەرویج
پایتەخت ئۆسلۆ
زمانی فەرمی نەرویجی
گرووپە ڕەگەزییەکان ٪٨٢ نەرویجی، ٪١٨ بێگانە
ئایین
  • ٪٧٥ مەسیحی
  • ٪٢٠ بێ ئایین
  • ٪٤ ئیسلام
  • ٪١ ئایینی تر
ڕاگەیاندنی وڵات ٨٧٢ـی زایینی
نەرویج-دانیمارک ١٥٢٤
یەکێتی نەرویج-سوید ٤/١١/١٨١٤
هەڵوەشاندنەوەی یەکێتییەکە ٧/٦/١٩٠٥
ڕووبەر ٣٨٥ هەزار و ٢٠٧ کیلۆمەتر چوارگۆشە
دانیشتووان (٢٠٢١) ٥,٣٩١,٣٦٩ کەس
چڕی دانیشتووان ١٤ کەس/کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە ٣٥٠ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٦٤,٨٥٦ دۆلار
دراو کرۆنی نەرویجی
کات UTC +1 
کاتی هاوینە UTC +2
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٤٧

جوگرافیا

وڵاتی نەرویج وڵاتێکی ئەوپەڕی باکووری گۆی زەوی و کیشوەری ئەورووپایە و زۆربەی خاکەکەی دەکەوێتە نیوەگۆی جەمسەری باکوورەوە، لەنێوان هێڵی درێژی ٥٨ بۆ ٨١ ی باکوور و بازنەی پانی ٤ بۆ ٣٢ ی ڕۆژهەڵات هەڵکەوتووە، لەگەڵ وڵاتانی سوید و فینلەندا و ڕووسیادا سنووری وشکانی هەیە و لە دەریاشەوە سنووری ئاوی هەیە لەگەڵ وڵاتانی ناوەڕاستی ئەورووپا و بەریتانیا، سنوورێکی زۆری هاوبەشی هەیە لەگەڵ وڵاتی سوید دا کە ١٦١٩ کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە و درێژترین سنووری لێکدانەبڕاوی وڵاتانە لەنێو تەواوی ئەورووپادا، خاکێکی زۆری دەکەوێتە سەر کەناری دەریا و زەریاکان و یەکێک لە درێژترین کەنار ئاوەکانی هەیە لە جیهاندا کە بە خاکە بنەڕەتییەکە و ئەو دوورگانەی لەژێر دەستییەتی بە نزیکەیی ١٠٠ هەزار کیلۆمەتر کەناری ئاوی هەیە.

زمانی فەرمی لە وڵاتەکەدا نەرویجییە بەڵام لەگەڵیدا زمانی سامیش بەکاردێت کە یەکێکە لە زمانە کۆنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیادا شووناسەکەی پارێزراوە، ڕووبەری هەموو خاکەکەی ٣٨٥ هەزار کیلۆمەتر دووجایە، بەڵام ئەگەر دوورگەکانی لێ لاببرێت ڕووبەری خاکەکە دەبێرە ٣٢٣ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، زۆربەی خاکی وڵاتە شاخاویی و ناوچەی بەرزە، نەرویج بە نزیکەیی ٤٠٠ هەزار دەریاچەی هەیە، “هۆرنین دالسڤاتنێت” دەریاچەیەکە دەکەوێتە ئەم وڵاتەوە و قووڵترین دەریاچە لەسەر ئاستی تەواوی ئەورووپا و ١٢ یەمین قووڵترین دەریاچەی سەرانسەری جیهانە، وڵاتی نەرویج لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا بێلایەن بوو بەڵام لە جەنگی جیهانیی دووەمدا لەلایەن نازییەکانەوە داگیرکرا لە ساڵی ١٩٤٠ دا و تا دوای جەنگەکە لەژێر دەستی کوڕانی ئەڵمانیادا مایەوە.

ئەم وڵاتە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەندامە لە هەریەکە لە (نەتەوە یەکگرتووەکان، ناتۆ، ئەنجوومەنی بازرگانی ئازادی ئەورووپا، یەکێک لە خاکەکانی شینگنە) بەڵام یەکێک نییە لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بەهۆی ئەوەی ئەم وڵاتە خاوەنی یەکەیەکی بەرهەمهێنانی گەورەیە و ئەگەر ببێتە ئەندام دەبێت باجێکی زۆر بدات و خاکەکانی کەمتر بۆ پیشەسازی و کشتووکاڵ بەکاردێت، کە ئەمەش وا دەکات ئەگەر بشبێتە ئەندام داهاتێکی کەمی لەڕێیەوە دەستبکەوێت بە بەراورد بە وڵاتانی تر.

کەشوهەوا

وڵاتی نەرویج یەکێکە لە وڵاتە ساردەکانی کیشوەری ئەورووپا و جیهان، ئاووهەوا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تری دەگۆڕێت، پلەکانی گەرمی لە مەودایەکی کەمدا دەگۆڕێن لە تەواوی ساڵدا، لە مانگی کانوونی دووەمدا پلەی گەرمی دەچێتە -١٥ پلەی سیلیزی و لە گەرمترین کاتەکانی ساڵدا و مانگی تەمووزدا پلەکانی گەرمی دەچنە ١٥ پلەی سیلیزی بەمەش تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە سفر پلەی سیلیزی دەبێت، بەشی باشوور و ڕۆژئاوای وڵاتەکە بەتەواوی کاریگەری زەریای ئەتڵەسیان لەسەرە و زۆربەی کات گەردەلوول و شەپۆلە گەورەکانی ئەو زەریایە دەبنە هۆی زیان بۆ ناوچە کەنارییەکانی، ساردی ئەو ناوچانە بە هەمان شێوە زیاترە لە بەشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و ڕێژەیەکی زۆر بەفر و باران و تەرزە دەبارێت بەڵام لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کەمترە، ناوچە نزمەکانی نزیک ئۆسلۆی پایتەختی وڵات گەرمترین کاتەکانی وڵاتی تیادا دەبینرێت لە وەرزی هاویندا لەچاو ناوچەکانی تری، بەڵام لە زستاندا باران و بەفر دەبارێت بەهەمان شێوە، کەشی هەتاوی لە کەناراوەکانی باشوور و باکووری وڵات زۆرترین کات دەبینرێت.

وڵاتی نەرویج بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی خاکەکەیەوە لەنێوان ئەو هێڵەی زەوی و کەوتنە نیوەگۆی باکووری زەوییەوە، کەشی جیاوازترە لە وڵاتانی کەمەرەیی زەوی، لە کۆتایی مانگی پێنجەوە تا کۆتاییەکانی مانگی حەوت و بۆ ماوەی دوو مانگ خۆر هەرگیز بەتەواویی ئاوا نابێت لە ناوچەکانی باکووری وڵاتدا و لە هەر ٢٤ کاتژمێرەکەی ئەو دوو مانگەدا دەتوانیت ئاسمان بە ڕووناکی ببینیت بەڵام بە شێوەیەکی جیاوازتر لە ڕۆژ و ئەو دیاردەیەش وای کردووە ئەم وڵاتە ناوێکی تایبەتی بۆ دابنرێت کە پێی دەوترێت “زەوی خۆرهەتاوی نیوەشەو” و لە ناوچەکانی تری وڵاتدا بە نزیکەیی ٢٠ کاتژمێر خۆرهەتاوە، بەهەمان شێوەی هاوین، لە کۆتایی پاییزدا دیاردەیەکی تر هەیە کە لە کۆتاییەکانی مانگی ١١ وە دەستپێدەکات و لە کۆتایی مانگی ١ و سەرەتای شووبات تەواودەبێت ئەویش نەبوونی ڕووناکییە لە باکووری وڵات کە بە تەواوی دەکەوێتە ناو نیوەگۆی باکووری زەوییەوە و لە شوێنەکانی تری وڵات ڕۆژ و بوونی خۆر زۆر کەم و سنووردارە. 


سەرچاوەکان



3021 بینین