مێژووی هەڵبژاردن لە عێراق

له‌لایه‌ن: - دانیار عومەر - به‌روار: 2021-10-10-03:36:00 - کۆدی بابەت: 6842
مێژووی هەڵبژاردن لە عێراق

ناوه‌ڕۆك

مێژووی هەڵبژاردن لە پێش بیستەکان

عێراق لە ساڵی ١٩٢١ دامەزراوە، پێشتر پێکهاتەی بەڕێوەبەریەتی بەشێوازی ویلایەت بووە لە ٣ ویلایەتی بەغداد و بەسڕە و موسڵ پێکهاتووە و سەر بە ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی بووە، پاش ئەوەی لە ناوخۆی ئیمپڕاتۆرییەکەدا کێشەی لە شێوازی بەرێوبردن دەست پێدەکات، دابەشدەبن بەسەر دوو بەرەدا و هەندێکیان دەیانەوێت گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردنەکەدا ڕووبدات و شێوازێکی ڕۆژئاوایی پەیڕەو بکرێ، بەڵام لە بەرامبەردا پارێزگارەکان نایانەوێت دەستکاری شێوازی بەڕێوەبردنەکە بکرێت، پاش ماوەیەک لەم کێبڕکێ و بەریەک کەوتنانە لە نێوانیاندا، لەدواجاردا بەناچاری داواکاری کەسە نوێیەکان لەناو ئیمپڕاتۆریەت قبووڵ دەکرێت و لە ساڵی ١٨٧٦ز دا سوڵتانی عوسمانی دەیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

یەكێک لەو بوارانەی کە دەچێتە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانەوە بریتیە لە شێوازی حکومڕانی و نوێنەرایەتی کردنی دانیشتوانی ناو ئیمپڕاتۆرییەتەکە. نوێنەرانی گەل لە دوو ئەنجوومەندا خۆیان دەبیننەوە کە پێک دێن لە ئەنجوومەنی ئەعیان و دووەمیشیان ئەنجوومەنی مەبعوثان، بۆیەکەم جار لە عێراقدا یاسایەک بۆ هەڵبژاردن دەرچوو لە ساڵی ١٩٠٨ دا، هەرچەندە بەر لەم ڕێکەوتەش هەڵبژاردنێکی شێوەشکڵی ئەنجام درابوو بەڵام بۆ یەکەمین جار بەشێوەیەکی یاسایی هەڵبژاردن ڕێکخرابێت لە ساڵی ١٩٠٨دا بووە کە بنەماکەی بۆ یاسا بنەڕەتییەکانی ١٨٧٦ دەگەڕێتەوە، سەبارەت بە گەیشتنی ئەو بڕیارە و چوونە بواری جێبەجێکردنییەوە لە سێ ویلایەتی بەغداد و موسڵ و بەسڕە،

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩١٢دا بۆ ئەنجوومەنی مەبعوثان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوکات دوو ئەنجوومەن هەبوون کە یەکەمیان ئەنجومەنی ئەعیان کە ئەندامیەتی لە بڕیاری سوڵتانەوە وەردەگرت و تا کۆتایی تەمەنی کەسەکە لەو ئەندامیەتەی بەردەوام دەبوو مەگەر هۆکارێک یان دۆخێک لە ئەندامییەتی ئەنجومەنەکەی بخستایە، دووەمیشیان ئەنجوومەنی مەبعوثان بووە کە ڕەوایەتی لە دانیشتوانی ویلایەتەکانەوە وەردەگرت.

هەڵبژاردنی ساڵی ١٩١٢

کێبڕکێی هەڵبژاردنەکەی ساڵی ١٩١٢ز لە نێوانی هەردوو حیزبی کۆمەڵەی ئیتیحادوتەرەقی و پارتی سەربەستی هاوپەیماندا ڕووی دا، بەڵام پاش چەند مانگێک لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، لەسەر داوای ئەفسەرانی سوپای عوسمانی ئەنجوومەنەکە هەڵوەشێنرایەوە، ئەمەش ئەوە نیشاندەدات کە بەردەوام نوێنەرانی گەل نەهێڵراوە ئازادانە کاری خۆیان بکەن و بەردەوام لەژێر هەڕەشەدابوون.

کۆمەڵەی ئیتیحادوتەرەقی کۆمەڵەیەکی سیاسی بوون کە لە ڕۆشنبیران و ئەفسەران و ژمارەیەک کەسانی دەست ڕۆیشتووی ناو دەسەڵاتی عوسمانی بوو، ئەم کۆمەڵەیەش هۆکار بووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکەی ساڵی ١٩١٢.

هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی (مەبعوثان) هاتنە ئارای دۆخێکی تازە لە ناوچەکە دروست کرد لە ڕووی سیاسییەوە و هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەم و دروستبوونی مەترسی لەسەر ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی وایکرد هەڵبژاردن دوابخرێت و نەکرێت، لەدوای ئەوە لە ساڵی ١٩٢٠ کە بەریتانییەکان هاتنە عێراق کۆمەڵێک یاسا دەرچوون کە یەکێکیان یاسای هەڵبژاردن بوو و سێ ویلایەتی عوسمانییەکان ژمارەیەک کورسییان بۆ دیاری دەکرێت، کە کۆی گشتی ٦٠ دانەیە.

- ویلایەتی بەغداد - ٢٤ کورسی
- ویلایەتی بەسڕە - ٢٠ کورسی
- ویلایەتی موسڵ - ١٦ کورسی

بەڵام ئەم یاسایەش کاری پێناکرێت.

سەردەمی پادشایەتی ١٩٢١ بۆ ١٩٥٨

پاش ئەوەی ئەمیر فەیسەڵ کوڕی حسێن کرایە پادشای عێراق لە ١٩٢١/٧/١١ بەو مەرجەی حکوومەتەکەی نوێنەرایەتی هەبێت، بۆیە مەلیک فەیسەڵ یەکەم یاسای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لە ٢٤-١٠-١٩٢٢دا دەرکرد. ئەم یاسایەش بە یەکەم یاسای هەڵبژاردن دادەنرێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا. وە بەگوێرەی یاساکە هەڵبژاردن بە دوو شێواز ئەنجام دەدرێ (شێوازی نهێنی و شێوازی ناڕاستەوخۆ) لەسەر دوو ئاست ئەنجام دەدرێت واتە ئەو هاووڵاتیانەی مافی دەنگدانیان هەیە نوێنەرەکانیان هەڵدەبژێرن و پاشان نوێنەرەکانیش ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێرن.

لە بڕگەی ٣١ی یاسای سەرەکی ئەوکاتی عێراقدا هاتووە کە ئەنجوومەنی نوێنەران لە ژمارەیەک نوێنەر پێکدێت کە لە (٢٠) نوێنەر زیاتر نەبێت، وە ئەم ئەندامانەش لەلایەن پادشاوە دیاری دەکرێن، لە کاتێکدا ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ هەر (٢٠٠٠٠) دەنگ لە نوێنەرانی (نێر) کەسێک دیار دەکەن، بەو مەرجەی ڕەچاوی کەمینەکان جیا لە مسوڵمانان بکرێت، وە لەم یاسادا هیچ مافێک بە ئافرەت بۆ دەنگدان و هەمیش بۆ خۆپاڵاوتن دیاری نەکرابوو و لەهەردوو مافەکە بێبەشکرابوون.

لە ساڵی ١٩٢٤ تا ساڵی ١٩٥٨ واتە لە ماوەی ٣٤ ساڵی قۆناغی پاشایەتیدا چوار جار یاسا بۆ هەڵبژاردنی نوێنەران لە عێراقدا دەرچووە، یەکەمیان ساڵی ١٩٢٤ دووەمیان ساڵی ١٩٤٨ سێیەمیان لە ساڵی ١٩٥٢ وە چوارەمینیان لە ساڵی ١٩٥٦ز دا.

بە گوێرەی یەکەم یاسا کە لە ساڵی ١٩٢٤ دەرچووە بۆ بازنەکانی هەڵبژاردن کە هەر لیوایەک بازنەیەکی هەڵبژاردن بێت، ژمارەی ئەندامانی یەکەم خولی هەڵبژاردن ٨٨ ئەندام بوون، بەڵام لە خولی دووەمی ساڵی ١٩٤٨ ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ١٣٥ ئەندام زیادکرا. لە خولی چوارەمدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدرا بەهۆی ناسەقامگیری باری سیاسی و ئاسایش لە زۆر ناوچەکانی عێراقدا وەک نەجەف و بەسڕە و بەشێك لە بەغداد و موسڵ.

خولەکانی ئەو ماوەیە

لەقۆناغی پاشایەتیدا ١٦ جار پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە چووە.

خولی یەکەم مانگی ١٦-٧-تەمووز-١٩٢٥
خوولی دووەم ٥١ دانیشتن ئەنجام دراوە
خوولی سێیەم ١-١١-١٩٣٠
خوولی چوارەم ٨-٣-١٩٣٣
خوولی پێنجەم ٢٩-١٢-١٩٣٤
خولی شەشەم ٨-٨-١٩٣٥
خولی حەوتەم ۲۷-٢-١٩٣٧
خوولی هەشتەم ٢٣-١٢-١٩٣٧
خولی نۆیەم ١٢-٦حوزەیران-١٩٣٩
خولی دەیەم ٩-١٠-١٩٤٣
خولی یانزەهەم ١٧-٣-١٩٤٧
خولی دوانزەهەم  ٢١-٦-١٩٤٨
خولی سیازدەهەم ٢٤-١-١٩٥٣
خولی چواردەیەم ٩-٦-١٩٥٤
خولی پازدەیەم ١٦-٩-١٩٥٤
خولی شازدەیەم ١٤-٢-١٩٥٨

ئەنجوومەنی ئەعیان کە لەلایەن پادشاوە هەڵدەبژێردران لە دواجاردا پێکهاتوەیەک بووە لە کەسە بەئەزمونەکان و شێخە عەشایەرەکان و سەرۆک خێڵەکان.

مەجلیس ئەعیان لەماوەی ١٩٢٥ بۆ ١٩٥٨ ١٠ جار گۆڕانکاری بەسەرهاتووە، لەڕێکەوتی ٢١-٣-١٩٢٥ و دانانی یەکەم دەستووری عێراقەوە.

قۆناغی دووەمی حکومڕانی کە شێوازی پادشایەتی دەستووریە نەیتوانی عێراق بگەیەنێتە کەناری ئارامی و بەردەوام لەناو خۆیدا ململانێییەکی تووند لەنێوانی نەتەوە جیاوازەکان و ئایینە جیاوازەکاندا هەبووە چونکە عێراق دابەشبوویەکی نەتەوەییە لە نێوان کورد و عەرەب وە دابەشبوویەکی دینیە لە نێوانی موسوڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و کاکەیی و دابەشبوویەکی مەزهەبییشە لەنێوان سوننە و شیعەدا و دابەشبوویەکی جوگرافییە لەنێوانی بەشێک لە کوردستانی گەورە و عێراقدا، بۆیە لەم قۆناغەشدا بەهۆی بەردەوامی پڕۆسەیەکی دیموکراسی ناڕاستەقینە نەتوانرا لەو ماوە زەمەنیەدا مەیلە ستوونیەکانی تاکی ئەو ووڵاتە کاڵبکرێتەوە و لەبری مەیلی نەتەوەو خێڵ و عەشیرەت و مەزهەب هەمووان لەژێرسایەی چەتری  کۆمەڵگایەکی تازەی سەردەمیانە لەژێر چەتری دەوڵەتێکی داد پەروەردا بنیاد بنرێت، بۆیە ئەمەش وایکرد کە کۆتایی ئەم قۆناغە بەشێوەیەکی توندوتیژ کۆتایی بێت و لەبری بەردەوامی پڕۆسەی دەستاودەست کردنی دەستەڵات شۆڕش یان کودەتای سەربازی کە هۆکاری دووەم و ناچاری خەڵکە دەستی بۆ ببردێ و کۆتایی بە ٣٧ساڵ حکومڕانی پاشایەتی لە عێراقدا بێت بەدەستی فەرماندەیەکی سەربازی بەناوی (عەبدولکەریم قاسم) و هاوڕێکانی.

سەردەمی سەرەتای کۆماری ١٩٥٨ بۆ ١٩٦٣

قۆناغی پاش کودەتای ١٩٥٨ قۆناغێکی تەواو جیاوازە لە قۆناغی پادشایەتی، عێراق دەبێتە دەوڵەتێکی کۆماری و لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا بەهۆی دەرکردنی چەندین یاسا لە زۆربەی بوارەکانی ژیاندا، گۆڕانکاری گەورە لە کۆمەڵگای عێراقی و باشووری کوردستاندا ڕوودەدات، هەندێ لەو یاسایانە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و بەشێکی دیکەشیان هەر بە تیۆری لە چوارچێوەی نوسراودا دەمێننەوە وەک یاسای هەڵبژاردن.

قۆناغی قاسم لە ڕووی قۆرخکردنی دەسەڵاتەوە لەچوارچێوەیەکی تەسکدا بەهەمان شێوەی پێشوو بەردەوامی هەبوو، هەرچەندە لە شێوازی حکومڕانیدا گۆڕانکاری ڕوویدا بەڵام سەرپێخستنی دیموکراسی و مافی هاووڵاتی و دابەشکردنی دەسەڵات و دانانی ئەنجومەنی نوێنەران نەچوونە بواری جێبەجێکردنەوە و دەسەڵات بەپێی دەستوور لە دەستی سێ کەسی سەرەکیدا مایەوە کە قاسم سەرپەرشتی دەکردن.

کودەتای یەکەمی بەعسیەکان ١٩٦٣ بۆ ١٩٦٨

لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣-١٩٦٨ بە هەمان شێوەی سەردەمی قاسم هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ئەنجومەنێکی نیشتمانی بۆ سەرکردایەتی شۆڕش دادەمەزرێ لە ئەفسەرە بەعسی و نەتەوەییەکان و بەشێکی سەربەخۆکان کە تەواوی دەسەڵاتی باڵای وڵاتی بەدەستەوە بوو، دەستوورێک دادەنرێ و کۆمەڵێ گۆڕانکاری ئەنجام دەدرێت، یاسای هەڵبژاردن لەم قۆناغەدا هەرچەندە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تا ساڵی ١٩٨٠ز، بەڵام پاش کودەتای بەعسییەکان لە ساڵی ١٩٦٣ز، دەرچوونی یاسای ژمارە ٧ی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەساڵی ١٩٦٧دا دەبێتە هۆی دروستکردنی گۆڕانکاری گرنگ لەمێژووی بەشداریکردنی بەشێکی گرنگی پێکهێنەری کۆمەڵگا بەوەی کە ژن مافی بەشداری پێکردنی پێدەدرێت و لەهەمانکاتیشدا مافی بەشداریکردن بۆ هاووڵاتی لەڕووی تەمەنەوە لە ٢٠ ساڵەوە بۆ ١٨ ساڵ دەگۆڕدرێت.

سەردەمی کودەتای دووەمی بەعس - ١٩٦٠ بۆ ١٩٨٠

لەم سەردەمەدا ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش هەبووە کە پێی وتراوە مجلیس قیادة الثورة العراق، ئەم ئەنجوومەنە لەساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە و لەماوەی حکومڕانی بەعسدا تاکە ناوەندی بڕیار بەدەستی وڵات بووە و بڕیارە چارەنووسسازەکان بەدەستی ئەم ئەنجومەنە بووە، وەک دانانی کەسەکان لە پۆستەکاندا و بڕیاری شەڕ و ئاشتی.

لە قۆناغی ساڵانی ١٩٦٨ -١٩٨٠ کە سەردەمی دەسەڵاتی ئەحمەد حەسەن بەکر بووە هیچ گۆڕانکاریەکی شایەنی باس لە هەڵبژاردندا ڕووی نەداوە، دەسەڵات لای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بووە و لە تەنیشت ئەم ئەنجوومەنەدا کە لە کەسانی باڵادەست و کەسە سەربازییەکان پێکهاتووە هیچ پەرلەمانێک یاخود ئەنجومەنێک کە هاووڵاتیان هەڵیانبژاردبن یاخود دەنگی گەل بن نەبووە.

سەردەمی سەدام حسێن

پاش وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن سەدام حسێنەوە لە ساڵی ١٩٧٩ بەهۆی دەست لەکاركێشانەوەی ئەحمەد حەسەن بەکرەوە، قۆناغێکی نوێ لە عێراقدا دەستی پێکرد کە ٢٤ ساڵی خایاند. ئەم قۆناغە کە قۆناغێکی لێوانلێوبوو لە شەڕ و ترس و تۆقاندن لە تەواوی وڵاتدا، سەرەتاکەی بە دوورخستنەوە و لەسێدارەدانی کۆمەڵێک کەس لەناو حکومەت و حیزبدا دەستی پێکرد و پاشان جەنگی ٨ ساڵەی عێراق - ئێران و لەکۆتاییشدا بە ڕووخاندنی ڕژێمەکە لە ساڵی ٢٠٠٣ کۆتایی دێت.

بابەتی هەڵبژاردن لەم قۆناغەدا زیاتر لە جاران ڕووکەش بووە، لەبەرئەوەی سەرانی ڕژێم خۆیان خاوەنی ئەو مێشکە سەردەمییانە نەبوون و دۆخی سیاسی و بوونی جەنگیش وایکردبوو پاساوی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنیان هەبێت، بۆ یەکەمین جار پاش هاتنی سەدام یاسایەک بۆ هەڵبژاردن دەرچووبێت لە ئاداری ساڵی ١٩٨٠ز دا بووە کە ئەمە هەوێنی یەکەم پەرلەمان بووە کەپاشی ڕووخاندنی ڕژێمی پاشایەتی دروست بووە.

خولەکانی پەرلەمانی عێراقی ١٩٨٠-٢٠٠٣

یەکەم هەڵبژاردنی خولی یەکەم پەڕلەمانی لەڕێکەووتی ٢٠-حوزەیران -١٩٨٠ بەڕێوەچووە

  • ژمارەی ئەندامی پەڕلەمان ٢٥٠ ئەندام 
  • ژمارەی کاندیدان ٨٦٠ کاندید 
  • ڕێژەی بەشداری ٨٠٪ بووە
  • ژمارەی دەنگدەران دیاری نەکراو بووە.
  • حیزبی بەعس ١٨٧ کورسی بەدەست هێناوە
  • سەربەخۆکان و نەتەوەکان ٦٣ کورسیان بەدەست هێناوە.

دووەم هەڵبژاردنی پەڕلەمانی بۆ خوولی دووەم لەڕێکەووتی ٢٠-١٠-١٩٨٤ بەڕێوەچووە

  • ژمارەی ئەندامی پەڕلەمان ٢٥٠ ئەندام 
  • ژمارەی کاندیدان ٧٨٢ کاندید
  • ڕێژەی بەشداری ٨٥٪ بووە
  • ژمارەی دەنگدەران ٧١٧١٠٠٠ دەنگدەر
  • حیزبی بەعس ١٨٣
  • سەربەخۆکان و نەتەکان ٦٧

سێیەم هەڵبژاردنی خوولی سێیەمی پەڕلەمان لەڕێکەووتی ١-٤- ١٩٨٩ بەڕێوەچووە کە دەبوو لە ٣١-٨-١٩٨٨ بەڕێوە بچوایە بەڵام بەهۆی دۆخی خراپ وبوونی شەڕ لەگەڵ ئێراندا ئەنجام نەدرا.

  • ژمارەی ئەندامی پەڕلەمان ٢٥٠ ئەندام 
  • ژمارەی کاندیدان ٩٢١
  • ڕێژەی بەشداری ٩٤٪
  • ژمارەی دەنگدەران ٧١٧١٠٠٠ دەنگدەر
  • حیزبی بەعس ٢٠٧ کورسی
  • سەربەخۆکان و نەتەوەکان ٤٣ کورسی 

چوارەم هەڵبژاردنی پەڕلەمانی بۆ خولی چوارەم لە ڕێکەوتی ٢٤-٣-١٩٩٦ بەڕێوەچوو.

  • ژمارەی ئەندامی پەڕلەمان ٢٥٠ ئەندام 
  • ژمارەی کاندیدان ٦٨٩
  • ڕێژەی بەشداری ٩٣.٥٪ 
  • ژمارەی دەنگدەران ٧٤٨٠.٠٠٠ بووە.
  • حزبی بەعس ١٦١ کورسی 
  • سەربەخۆکان ونەتەوەکانی تر ٨٣ کورسی
  • پارتی دیموکراتی کوردستان ٣ کورسی
  • پارتی الثوری کوردستانی ٢ کورسی 
  • حزی شیوعی عێراقی ١ کورسی
  • پێنجەم هەڵبژاردنی پەڕلەمانی بۆ خولی پێنجەم لە ڕێکەوتی ٢٧-٣-٢٠٠٠ بەڕێوەچوو.
  • ژمارەی ئەندامی پەڕلەمان ٢٥٠ ئەندام 
  • ژمارەی کاندیدان ٥٢٢کاندید
  • ڕێژەی بەشداری ٦٦٪
  • ژمارەی دەنگدەران ٧٤٨٠.٠٠٠ دەنگدەر بووە.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار

لەساڵی ١٩٢١وە کە عێراق بووەتە دەوڵەت تا ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام لە عێراقدا دووجار هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی ئەنجامدراوە، لەم دوو جارەشدا تەنها خودی سەدام کاندیدی ئەو پۆستە بووە و هیچ کاندیدێکی دیکە کێبڕکێی لەگەڵدا نەکردووە دەنگدەر بە دەستەواژەی بەڵێ یاخود نەخێر بۆ سەدام حسێن بەشدار بووە،

بۆ یەکەم جار لە مێژووی عێراقدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەشێوەی ڕاپرسی (بەڵێ / نەخێر) لە ١٥-١٠-١٩٩٥دا ئەنجامدرا، کە تێیدا:

سەدام حسێن توانی زیاترلە ٩٩٪ ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و بۆ ماوەی ٧ ساڵ ببێتەوە بە سەرۆکی عێراق.

شێوازی کارتی دەنگدان بەم جۆرە بووە:

ئایا سەدام حسێنت وەک سەرۆکی عێراق قبووڵە؟ نەخێر / بەڵێ

بۆ دووەمجار لە مێژووی عێراقدا هەڵبژاردن بەشێوەی (ڕاپرسی) (بەڵێ /نەخێر) بۆ سەرۆکی کۆمار بەڕێوەچوو لە ١٥-١٠ -٢٠٠٢ کە تێیدا:

١١٤٤٥٦٣٨ ملیۆن دەنگدەر تێیدا بەشداربوون و ٪٩٩ دەنگدەران دەنگیان بە مانەوەی سەدام حسێن دا بۆ ماوەی ٧ ساڵی داهاتوو، بەڵام لە نیسانی ٢٠٠٣دا کۆتایی حکومڕانییەکەی بوو، ئەنجامەکە لەلایەن (عیزەت ئیبراهیم الدوری) جێگری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشەوە ئاشکرا کرا.

قۆناغی دوای سەدام حسێن

پاش ڕووخاندنی ڕژێمی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە، قۆناغێکی تازە دێتە ئاراوە کە بە قۆناغی بە دیموکراتیبوونی دەسەڵات ناودەبرێت لەبەرئەوەی هەڵبژاردن کە هۆکاری بەئاشتیانە دەستاودەستکردن و گۆڕانکارییە لە هەر وڵاتێکدا جێگە بە شۆڕش و کودەتاکان لێژدەکات کە لە عێراق و ئەم ناوچەیەدا کرابوویە کلتووری گۆڕانکاری.

لەم قۆناغەدا سەرەتایەکی نوێ دێتە ئاراوە کە سەرەتا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بەشێوەیەکی کاتی پۆڵ بریمەر دەبێتە حاکمی مەدەنی عێراق، دەسەڵاتی تەواو بۆ ڕێکخستن و دانانەوە و بنیادنانەوەی حکومڕانی پیادەدەکات.

پاشان دەسەڵات بەرەبەرە بەپێی چەند قۆناغێک دەدرێتەوە بە عێراقیەکان یان حیزبە ئۆپزسیۆنەکانی سەردەمی بە حکومڕانی بەعس، کە لە کورد و عەرەبی شیعە و بەشێک لە عەرەبی سوننە پێكدێن.

لە ڕێکەوتی ٢٠٠٣/٧/١٢ ئەنجوومەنی بڕیاردان یان نیشتمانی عێراق دروست دەکرێت و مانگانە سەرۆکەکەی دەگۆڕێت، ئەم ئەنجوومەنە لە ٢٥ ئەندام پێکهاتبوون.

لە ڕێکەوتی ٢٠٠٤/٦/٢٨ بۆ ٢٠٠٥/٥/٣ حکومەتی کاتی دروست دەکرێت بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی و ٣١ وەزیر، بەپێی یاسای ژمارە ٩٦ی ٢٠٠٤ یەکەم هەڵبژاردن پاش ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام لە ڕێکەوتی ٣٠/١/٢٠٠٥ ئەنجامدرا، تێیدا (هاوپەیمانی عێراقی یەکگرتوو) سەرکەوتنی بەدەستهێنا و توانی ٤٨٪ دەنگەکان بەدەست بهێنێت و ١٤٠ کورسی بباتەوە لە کۆی ٢٧٥ کورسی ٨٥ ئافرەت توانی بێتە پەرلەمانەوە، ئەم هەڵبژاردنە بە یەک بازنە ئەنجام دراوە و ڕێژەی ئافرەت ٢٥٪ بووە. ئەم هەڵبژاردنە بە شێوەی ئینتیقالی بوو، بۆ ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی دیکە لە کۆتایی هەمان ساڵدا کرا و ئەم هەلبژاردنە بووە هۆی نووسینەوەی دەستوور و پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی، ئەو ئەنجومەنەی کە پێکهات ناوی لێنرا کۆمەڵەی نیشتیمانی.

لەو هەڵبژاردنەدا کە سەرەتای ساڵی 2005 بەڕێوەچوو، ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە 27 ملیۆن کەس مەزەندە کراوە، کە 14 ملیۆن و 200 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، ڕێژەی بەشداریکردن تێیدا 59% بووە.
دواتر لە ڕۆژانی کۆتایی هەمان ساڵدا، واتە 15 کانونی یەکەمی 2005، هەڵبژاردنێکی دیکە بەڕێوەچوو بۆ پەرلەمانی عێراق و ڕاپرسی لەسەر دەستووری عێراق کە تێیدا عێراقی بە وڵاتێکی فیدراڵی لە قەڵەم دابوو، لەو هەڵبژاردنەشدا ڕیژەی بەشداربووان بریتی بوو لە 63%ن هاوکات ڕێژەی بەڵێ بۆ دەستووری عێراق 76% ڕاگەیاندرا.

لە ساڵی ٢٠١٠ جارێکی دیکە هەڵبژاردنی بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لە ڕۆژی ٧ی ئازاری ٢٠١٠، شەش هەزار و 281 پاڵێوراو کە هەزار و 813 ژن بوون، کەوتنە پێشبڕکێ بۆ وەدەستهێنانی 325 کورسی، کە پێشتر 275 کورسی بوو، ڕێژەی بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنەدا 62.4% بوو.

هەڵبژاردنی دواتر لە ڕۆژی ٣٠ـی نیسانی ساڵی ٢٠١٤ بەڕێوەچوو، ٩٠٣٩ پاڵێوراو هەبوون کە سەر بە 277 کیانی سیاسی بوون، هاوکات پێشبڕکێیان کرد بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٨ کورسی پەرلەمان.

لەو هەڵبژاردنەدا ٢٢ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام نزیکەی ١٢ ملیۆن کەس دەنگیان داوە، کە ڕێژەی بەشداریکردن تێیدا 60% بووە.

دواتریش هەڵبژاردنی ڕۆژی ١٢ـی ئایاری ساڵی ٢٠١٨،  تێیدا ٢٤ ملیۆن و ٣٤٩ هەزار و ٣٥٧ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو لە سەرتاسەری عێراق، ژمارەی پاڵێوراوانیش شەش هەزار و ٩٠٤ کەس بوون، کە کێبڕکێ دەکەن بۆ وەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەو هەڵبژاردنەشدا ڕێژەی بەشدار بووان نزیکەی 44% بووە، بەمەش هەڵبژاردنی ئەو ساڵە کەمترین ڕێژەی بەشداربووانی هەبووە بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا.


سەرچاوەکان



3123 بینین