سووتانی پلە سێ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-12-12:13:00 - کۆدی بابەت: 6858
سووتانی پلە سێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سووتانی پلە سێ بە سووتانێکی توند و مەترسیدار ناسراوە، پێست پێکهاتووە لە سێ چین، لە سووتانی پلە سێدا هەر سێ چینەکەی پێست دەسوتێن و زیانیش دەگات بە ماسولکە و ئێسکەکانیش، هەروەها سووتانی پلە سێ خراپترین و مەترسیدارترین جۆری سووتانە، لە سووتانی پلە سێدا نەخۆشەکە هیچ ئازارێکی نییە چونکە هەستە دەمارەکانی دەسوتێت و نامێنێت.

هۆکارەکانی سووتانی پلە سێ

  • ڕۆنی داخ.
  • گریس.
  • ماددەی کیمیایی وەک بەنزین و چیمەنتۆ و ماددە پاککەرەوەکان.
  • کارەبا.
  • شلەمەنی زۆر گەرم.
  • ئاگر.

نیشانەکانی سووتانی پلە سێ

  • دەکرێت ڕەنگی پێستەکە بگۆڕرێت بۆ، سپی، ڕەش، قاوەیی، چەرمی.
  • پێستەکە وشک دەبێتەوە.
  • هەڵئاوسان.
  • نەبوونی ئازار.

پزیشک لەسەر بنەمای ئەم چەند خاڵە چارەسەر دادەنێت بۆ نەخۆشەکە

  1. تەمەنی نەخۆشەکە.
  2. بوونی هەر نەخۆشییەکی دیکە.
  3. پێشینەی خێزان.
  4. بڕی سووتانەکە.
  5. شوێنی سووتانەکە.
  6. هۆکاری سووتانەکە.
  7. بەرگەگرتنی نەخۆشەکە بۆ چارەسەرەکان.

چارەسەری سووتانی پلە سێ

  • پاککردنەوە و لابردنی پێستە مردوو و سووتاوەکان کە ئەم ڕێگایە دەکرێت نەخۆشەکە بخەنە ناو ئاو و دەرمان و پێستە مردووەکەی هەمووی لێبکەنەوە و یاخود دەکرێت بە نەشتەرگەری ئەنجام بدرێت.
  • دانانی موغەزی بۆ نەخۆشەکە لە ڕێگەی کانۆلاوە.
  • ئەگەر هات و نەخۆشەکە تووشی هەوکردن بووبێت ئەوا دەرمانی دژەبەکتریاشی بۆ دادەنرێت بە شێوەی دەرزی و لەگەڵ موغەزیەکاندا پێی دەدرێت.
  • پاد و کرێمی دژەهەوکردن بۆ سەر برینی سووتاویەکە.
  • خۆراکی تەندروست و پڕ شلەمەنی.
  • پێدانی ڤاکسینی گەزاز.
  • نەشتەرگەری چاندنی پێست.

چارەسەری سروشتی 

دوای چاکبوونەوەی نەخۆش لە سووتاوی ئەگەری زۆرە کە پێویستی بە چارەسەرکارێکی سرووشتی هەبێت، چونکە بە هۆی ئەوەی سووتانی پلە سێ زۆر قووڵە ئێسک و ماسولکەکان زیانیان پێ دەگات و کەسەکە ناتوانێت وەک پێشتر جەستەی بە باشی بجوڵێنێت، بۆیە پێویستە کە چارەسەری سرووشتی بۆ بکرێت و ڕێنمایی و وەرزشی تایبەتی بۆ دابنرێت تاکوو ئێسک و ماسولکەکانی بگەڕێنەوە باری ئاسایی.

چاودێری کردنی سووتانی پلە سێ

  • پێویستە هەموو ڕۆژێک تەداوی شوێنی سووتاویەکە بکەیت، دەستت جوان بە ئاو و سابوون بشۆ و لەفافە کۆنەکە لێبکەرەوە، پێش لێکردنەوەی لەفافەکان بە ئاو تەڕ بکە و بیخوسێنە تاکوو برینەکە لێنەبێتەوە بە وشکی کاتێک لەفافەکە لێدەکەیتەوە.
  • شوێنی سووتانەکە بە جوانی تەداوی بکە و بە ئاو و سابوون تەداوی بکە و پاکی بکەرەوە و دواتر بە هێواشی وشکی بکەرەوە، بە باشی سەرنجی سووتانەکە بدە تاکوو دڵنیابیت لە بوونی هەر گۆڕانکارییەک وەک ئاوسان و سووربوونەوەی زۆر و هەرگیز برینەکە هەڵمەکەنە چونکە لەوانەیە تووشی خوێنبەربوون ببێت و پیس ببێت و تووشی هەوکردن ببێت.
  • ئەو کرێمەی کە پزیشک بۆی داناویت بیدە لە شوێنی سووتاویەکە و لەفافی نوێی لێبدە.
  • بە توندی لەفافەکە مەبەستە چونکە دەبێتە هۆی هەڵئاوسان و خوێنبەربوونی برینەکە.
  • شوێنی سووتانەکە بەرزتر لە ئاستی دڵ ڕابگرە ئەمە یارمەتیدەرە تاکوو هەڵئاوسانەکەی کەم ببێتەوە.

چ کاتێک دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت؟

  • بوونی دڵەکوتە و هەناسەتوندی.
  • میز نەکردن.
  • هەبوونی تا.
  • سووربوونەوە و ئاوسان کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بکات.
  • دەردراوی بۆن ناخۆش کە لە شوێنی سووتاویەکەوە بێتە دەرەوە.
  • دەم یان چاوت وشک ببێتەوە.
  • زیاد لە پێویست تینوو و ماندووبیت.
  • میزی تۆخ.
  • سەرئێشە و سەرگێژخواردن.


سەرچاوەکان



541 بینین