زیانەکانی ڕەنگکردنی قژ و ئەو ڕەنگکەری قژانەی کە بێ زیانن

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-13-12:05:00 - کۆدی بابەت: 6865
زیانەکانی ڕەنگکردنی قژ و ئەو ڕەنگکەری قژانەی کە بێ زیانن

ناوه‌ڕۆك

ڕەنگکردنی قژ

ڕەنگکردنی قژ یان بۆیەکردنی قژ، بریتییە لەو کردارەی کە تێیدا بە بەکارهێنانی سەرچاوەیەکی ڕەنگکردن ڕەنگی قژی مرۆڤ دەگۆڕدرێت بۆ ڕەنگی خوازراو، مەبەستی سەرەکی ئەم کردارە بۆ شاردنەوە و ڕووپۆشکردنی تاڵە مووە سپی و ڕەساسییەکانە، یان بۆ گۆڕینی ڕەنگی قژە بۆ ڕەنگێکی جوانتر و سەرنجڕاکێشتر.

ئایا ڕەنگکردنی قژ زیانی هەیە بۆ تەندروستی؟

هەندێک جۆری بۆیەی قژ لەوانەیە چەند پێکهاتەیەکیان تێدابێت کە زیانبەخش بێت بۆ تەندروستی مرۆڤ، توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە ئەو بۆیەی قژانەی کە هەرزانن و کوالیتیان باش نییە پێکهاتەی کیمیایی وەک phenols و aromatic amines یان تێدایە و ئەم ماددە کیمیاییانە ژوورئۆکسیدی هایدرۆجینیان تێدایە، کە بە ئەگەری زۆرەوە زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، ژوورئۆکسیدی هایدرۆجین پیکهاتەیەکە کە لە ئەنجامی کارلێککردنی ئاو و هایدرۆجینەوە دروست دەبێت و وەک سپیکەرەوەی موو ڕۆڵ دەبینێت بە تێکشاندنی بۆیەی میلانینی قژ و ڕەنگکردنی قژ.
پێکهاتە زیان بەخشەکانی دیکە بریتین لە قوڕقوشم (lead) و جیوە (mercury) و پارافینیڵین دایئەماین (paraphenylenediamine یان PPD)، ئەم پێکهاتە کیمیاییانە دەتوانن ببنە هۆکاری توشبوون بە زنجیرەیەک کاردانەوەی هەستیاریی وەک هەڵوەرینی قژ و نەخۆشییەکانی پێست و کێشەکانی کۆئەندامی هەناسەدان:

هەستیاریی پێست و نەخۆشییەکانی پێست

ماددەی کیمیاییەکانی ناو بۆیەی قژ لەوانەیە دزە بکەنە ناو پێستەوە و ببنە هۆی هەستیاریی پێست، کە ئەمەش دەبێتە هۆی چەندین کاردانەوەی هەستیاریی دیکەی وەک هەوکردنی چاو و گوێ و پێستی سەر و ڕووخسار.

کێشەکانی کۆئەندامی هەناسەدان

ئەو دووکەڵە ژەهراوییانەی کە لەلایەن ماددە کیمیاییەکانی بۆیەوە دەردەدرێن دەتوانن ببنە هۆکاری تووشبوون بە چەندین کێشەی هەناسەدان، بەتایبەت لەو کەسانەی کە خۆیان بە دەست کێشەکانی کۆئەندامی هەناسەوە دەناڵێنن ئەگەری تووشبوونیان بەم کێشانە زیاترە لە کەسی ئاسایی، کێشەکانیش بریتین لە پژمین، کۆکە، توندی هەناسەدان و توندبوونی سنگ.

ئایا بۆیەکردنی قژ تووشی شێرپەنجەت دەکات؟

وەک گومان دەکرێت هەندێک پێکهاتەی کیمیایی ناو بۆیەی قژ ئەگەری تووشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجە زیاد دەکەن، هەرچۆنێک بێت دەبێت ئەوە بزانرێت کە توشبوون بە شێرپەنجە هۆکارەکەی گۆڕانی هەڕەمەکی خانە تەندروستەکانی لەشی مرۆڤە، هەروەها چەندین توێژینەوە لەسەر پەیوەستی بۆیەی قژ بە توشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجەوە ئەنجام دراوە، هەرچەند ئەنجامی توێژینەوەکان جیاوازن، بەڵام بە پشت بەستن بە توێژینەوەکانی بریکاری نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لەسەر نەخۆشی شێرپەنجە کە بەشێکە لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە بە ئەگەری زۆرەوە بۆیەی قژ ماددەیەکی شێرپەنجەییە بۆ مرۆڤ.

ئەو ڕەنگکەری قژانەی کە بێ زیانن

تەنها ئەو ڕەنگکەری قژانەی کە بە تەواوی سروشتین بێ زیانن بۆ تەندروستی مرۆڤ، چونکە بۆیەی قژی ناسروشتی پێکهاتەی کیمیایی وەک، ژوورئۆکسیدی هایدرۆجین و PPD و ئەمۆنیا و قوڕقوشم و جیوەی تێدایە کە زیانبەخشن، ئەو ڕەنگکەری قژانەی کە بە تەواوی سروشتی و سەلامەت و بێ زیانن بریتین لە:

خەنە

گەڵاکانی ڕووەکی خەنە دەوەنێکی هەمیشە سەوزن کە لە ئەفریقای باشوور و باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەڕوێن، خەنە ڕووەکێکی پزیشکییە کە چەندین سوودی جیاوازی هەیە، دەتوانرێت بەکاربێت بۆ چارەسەری برین و سووتان و هەوکردن و ژەهراوی بوون بە کەڕوو، هەروەها بەسوودە لە چارەسەری نەخۆشی تا و نەخۆشییەکانی پێست و جگەر.
بەکارهێنانی خەنە بۆ ڕەنکگردنی قژ زۆر بەسوودە، ئەگەر بەکارھێنەر بیەوێت سوودەکەی زیاتر بێت دەتوانێت گەڵای چا لە ئاودا بکووڵێنێت و لەگەڵ خەنەکەدا تێکەڵی بکات، کە هۆکارە بۆ نەرمی قژ و ڕەنگێکی جوانتر.

گەڵای چا و دەنکی قاوە

ئەم دووانە پێکەوە پێکهاتەی چالاکی ڕەنگکەریان تێدایە، قاوە و چا ناوازەن بۆ ڕەنکگردنی تاڵەکانی قژ و ڕووپۆشکردنیان، شێوازی بەکارهێنانی ئاسانە و هەموو ئەوەی پێویستە کووڵاندنی دەنکی و قاوە و گەڵای چایە لە ئاودا و بەکارهێنانی ئاوەکەیەتی بۆ شۆردنی قژ، دوای چەندین جار دووبارە کردنەوەی ئەم کردارە ئەنجامێکی چاوەڕوانکراوی دەبێت.

ئایا هیچ بۆیەیەکی قژ بوونی هەیە کە ماددەی کیمیایی تێدا نەبێت؟

زۆربەی کۆمپانیاکانی تایبەت بە بەرهەمەکانی قژ لە ئێستادا هەوڵ دەدەن کە بۆیەی قژی سروشتی و بێ زیان بەرهەم بهێنن و دووربن لە سەرچاوەی کیمیایی، هەروەها بەرهەمەکانیان کەمترین پێکهاتەی کیمیایی تێدابێت و زۆرترین پێکهاتەی سروشتی لەخۆ بگرێت، زۆربەی بەرهەمەکانیان ڕەنکگەری سروشتی وەک پوختەکراوی دەنکی قاوە و گەڵای چا یان سیڕەمی گەشە پێکەر و بەهێزکەری قژ یان زەیتی بنچینەیی و زەیتی سروشتی وەک زەیتی زەیتوون و زەیتی گوێزی هیندی و زەیتی لاڤێندەر.

هەندێک جۆری دیکەی بۆیەی قژ پوختەکراوی لیمۆ و توێکڵی گوێزیان تێدایە کە هەردووکیان ڕەنگکەرێکی سروشتین، بەکارهێنەر دەتوانێت بە ئاسانی ئەم جۆرانەی بۆیەی قژ بناسێتەوە بە خوێندنەوەی ڕیزبەندی پێکهاتەکانی ناو بۆیەی قژەکەی لەسەر بوتڵی بۆیەکە.


سەرچاوەکان



1052 بینین