چۆنیەتی هەڵبژاردنی شێدارکەرەوەی گونجاو

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-15-21:52:00 - کۆدی بابەت: 6892
چۆنیەتی هەڵبژاردنی شێدارکەرەوەی گونجاو

ناوه‌ڕۆك

شێدارکەرەوە

کرێمە شێدارکەرەوەکان وەک چینێکی پارێزەر لەسەر پێست کاردەکەن، پێست بە تەندروست و شێداری دەهێڵنەوە، ڕێژەی لە دەست دانی ئاو لەلایەن پێستەوە دەگۆڕن، بەهۆی ئەو پێکهاتە چالاکانەی کە تێیاندایە، بۆیە زۆربەی پسپۆڕانی بواری پێست پێنشیار دەکەن کە کرێمی شێدارکەرەوە ڕۆژانە بەکاربێت بۆ پاراستنی پێست، ئەگەر بەکارھێنەر شێدارکەرەوەیەکی گونجاو بەکاربهێنێت ئەوا هەست بە دەرکەوتنێکی جوان و نەرمی پێستی دەکات.

شێدارکەرەوەی گونجاو بە پێی جۆرەکانی پێست

پێستی ئاسایی - Normal skin

پێستی ئاسایی بریتییە لەو جۆرەی پێست کە نە وشکە و نە چەورە، پێکهاتەیەکی ڕێک و مامناوەندی هەیە، دەرکەوتنێکی ڕوونی هەیە، شێدارکەرەوەی سووک و تەڕ و لە ئاو دروستکراوە گونجاوە بۆ ئەم جۆرەی پێست.


پێستی هەستیار - Sensitive skin

ئەم جۆرەی پێست ئەگەری کاردانەوەی بۆ هەندێک ماددە هەیە کە پێستی ئاسایی نییەتی، پێستێکی ناسکە و بە شێوەیەکی ئاسایی تووشی گەرمی، توندی، سووربوونەوە و خوران دەبێت، هەروەها چینی پارێزەری بە ئاسانی لە دەست دەدات و ڕێگە دەدات بە بەکتریا و ماددەی دیکەی زیانبەخش تاکوو بە ئاسانی بچنە قوڵایی پێستەکەوە، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە زیان و هەستیاری زیاتر دەبێت، چونکە پێویستە بپارێزرێت لە وشکبوونەوە و ترەکین و پێکهاتەی سەرەکی خۆی لە دەست نەدات، شێدارکەرەوەی گونجاو بۆ ئەم جۆرەی پێست دەبێت پێکهاتەی ئارامبەخش و نەرمی وەک ئەلۆڤێرای تێدابێت تاکوو قورس و توند نەبێت لەسەر پێست.

پێستی وشک - Dry skin

لە هەندێک حاڵەتدا پێستی وشک هۆکارەکەی دەرەکییە و بە هۆی کەشوهەوا و کەمی شێ لە هەوادا و بەکارھێنانی ئاوی گەرم پێست وشک دەبێتەوە، هەروەها بە شێوەیەکی ئاسایی ئەم دۆخەی پێست کاتییە، بەڵام لە هەندێک کەسدا بۆ ماوەیەکی زۆری ژیانیان لەگەڵیان دەمێنێتەوە، نیشانە و دەرکەوتەکانی پێستی وشک دەگۆڕێت بەپێی گۆڕانی هۆکاری وشکیی پێستەکە وەک تەمەن یان حاڵەتی تەندروستی یان هەر هۆکارێکی دیکە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پێستی وشک تووشی ترەکین و زبری دەبێت، هەروەها ڕەنگێکی زەردباوی هەیە، تووشی خوران و سووربوونەوە و پێست هەڵیان دەبێت، شێدارکەرەوەی گونجاو بۆ ئەم جۆرەی پێست دەبێت قورس بێت و لە پێکهاتەی چەور و ڕۆنی دروست کرابێت.

پێستی چەور - Oily skin

پێستی چەور کونیلەکانی گەورەن و شێدارە و ڕەونەقێکی تایبەتی هەیە، ئەم جۆرەی پێست لە هەموو جۆرەکانی تر زیاتر ئەگەری زیپکەکردنی هەیە، شێدارکەرەوەی سووک و تەڕ و لە ئاو دروستکراوە گونجاوە بۆ ئەم جۆرەی پێست.

پێستی تێکەڵ - Combination skin

بە پشت بەستن بە شوێنەکەی ئەم جۆرەی پێست ڕەوشتی چەور و وشکیشی هەیە، ناوچەی تی کە بە ئینگلیزی پێی دەوترێت (T- zone) و پێکدێت لە ناوچاوان و لووت و چەناگە، چەورترین ناوچەیە لەم جۆرە پێستانەدا، لە کاتێکدا کە پێستی سەرڕوومەتی ئاسایی یاخود وشکە، شێدارکەرەوەی سووک و تەڕ و لە ئاو دروستکراوە گونجاوە بۆ ئەم جۆرەی پێست.

زانینی جۆری پێست

دۆزینەوە و زانینی جۆری پێست کارێکی قورس نییە، تەنها پێوستی بە چەند پارچەیەک کاغەزی نەرم و زۆر ناسکە، پارچە کاغەزەکان بدە لە شوێنە جیاوازەکانی پێستی ڕووخسار بۆ دۆزینەوەی جۆری پێستەکە، بە زانینی ڕێژەی هەڵمژینی چەوری لەلایەن کاغەزەکەوە دەتوانرێت بزانرێت کە پێستی ڕووخسار چ جۆرێکە.

گرنگی زانینی جۆری پێست

ڕۆتینەکانی ڕۆژانەی گرنگیدان بە پێست وەک بەکارهێنانی شێدارکەرەوە و دژەخۆر گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێست دژی تەنۆلکەی سەربەست و تیشکە زیانبەخشەکان، لەبەر چەندین هۆکاری جیاوازی وەک بۆ ماوەیی و ژەمی رۆژانە، پێستی مرۆڤ پێنج جۆری جیاوازی هەیە و هەر مرۆڤێک پێستی یەکێکە لەو پێنج جۆرە، باوترین جۆر لە خانماندا پێستی تێکەڵە.
زانینی جۆری پێست ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەو بەرهەمەی دەدرێت لە پێست بۆ پێستەکە گونجاوە و زیانی پێ ناگەیەنێت، بۆ نموونە ئەو پێستەی کە زۆر وشکە ناتوانێت سوود لە بەرهەمێک وەرگرێت کە زۆر تەڕەو بۆ پێستێکی چەور بەرهەم هێنراوە، پێستی وشک دەبێت شێدارکەرەوەیەکی قورسی بۆ بەکاربێت تاکوو توانای هەڵمژینی شێی زۆر بێت.

پێکهاتەکانی ناو شێدارکەرەوە

گرانی و هەرزانی شێدارکەرەوە مانای باشی و خراپی شێدارکەرەوەکە نییە و ناکرێت بە پێوەر بۆ دیاریکردنی کوالیتی کرێمەکە، بەڵکوو ئەوەی گرنگە هەبوونی زانیارییە دەربارەی پێکهاتە باش و خراپەکانی ناو شێدارکەرەوە، چونکە شێدارکەرەوەی باش پێست دەپارێزێت بەبێ بوونی پێکهاتەی زیانبەخش تێیدا.

خاڵی لە بۆنخۆشکەر و بێ بۆن

خاڵی لە بۆنخۆشکەر (بە ئینگلیزی: Fragrance-free) مانای ئەوەیە کە هیچ پێکهاتەیەکی بۆنخۆشکەر نەکراوەتە ناو کرێمەکەوە، لە کاتێکدا کە زۆربەی ئەو بەرهەمانەی لەسەر بوتڵەکەیان ئەم دەستەواژەیان لەسەر نوسراوە، بەڵام هێشتا مانای ئەوە نییە کە بە تەواوەتی خاڵی بن لە بۆنخۆشکەر، پێکهاتەی سروشتی یان ڕۆنی بنچینەیی ( بە ئینگلیزی: essential oil) دەتوانن ڕۆڵی بۆنخۆشکەر ببینن، هەندێک جۆری بۆنخۆشکەرەکان دەستکردن و زیانبەخشن کە دەتوانن ببنە هۆی کاردانەوەی پێست و هەستیاری، ئەو بەرهەمانەشی کە بێ بۆنن لەوانەیە بۆنخۆشکەریان تێدابێت، ئەم بۆنخۆشکەرانە بە مەبەستی نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی پێکهاتە کیمیاییەکانی دیکە دەکرێنە بەرهەمەکانەوە، کە بە ئەگەری زۆرەوە دەبنە هۆی کاردانەوەی هەستیاری.

ڕێگری لە زیپکە

ئەگەر بەرهەمێک لەسەر بوتڵەکەی دەستەواژەی ڕێگری لە زیپکە (بە ئینگلیزی: Non-comedogenic) ئاماژەی پێدرابوو، ئەوا مانای ئەوەیە کە ئەو بەرهەمە کونیلەکانی پێست ناگرێت یان خاڵییە لە چەوری، واتە دەتوانێت چەوری پێست تێک بشکێنێت، بەڵام شێی پێست تێکناشکێنێت و وشکی ناکاتەوە.

کاردانەوەی هەستیاریی کەم

کاردانەوەی هەستیاریی کەم ( بە ئینگلیزی: Hypoallergenic) بە واتای ئەوە دێت کە ئەو بەرهەمە دەبێتەهۆی کاردانەوەیەکی کەمی هەستیاری لەلایەن بەکارهێنەرانەوە، بینینی ئەم وشەیە لەسەر بوتڵی کرێمەکە بە مانای ئەوە دێت کە ئەم بەرهەمە بەکارهێنانی زیاتر سەلامەتە بە بەراورد بەو بەرهەمانەی کە ئەم دەستەواژەیان لەسەر نەنوسراوە.

شەبەنگی فراوان

دەستەواژەی شەبەنگی فراوان ( بە ئینگلیزی: Broad-Spectrum) مانای ئەوەیە کە ئەو بەرهەمە جگە لە توانای شێدارکردنەوە، دەتوانێت پێست بپارێزێت دژی تیشکی زیانبەخشی خۆر، لە کاتێکدا کە هەموو جۆرەکانی شێدارکەرەوە ئەم تایبەتمەندییەیان نییە، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی بەرهەمەکان بە پێکهاتەی دوو لە یەکدا دەناسرێن و هەردوو تایبەتمەندی شێدارکەرەوە و دژەخۆریان هەیە، ئەگەر بەکارهێنەر شێدارکەرەوەکەی لەو جۆرانە نەبێت کە دژەخۆریشیان تێدایە، ئەوا دەبێت سەرەتا شێدارکەرەوە بەکاربهێنێت پاشان دژەخۆر.

پارابینەکان

پارابینەکان (بە ئینگلیزی: Parabens) ماددەی پارێزەرن کە توانای زیاتر مانەوە دەبەشخن لە کرێمەکە، لەسەر بوتڵی شێدارکەرەوەکە پارابینەکان بە یەکێک لەم دەستەواژانە ناویان هێنراوە (methylparaben و propylparaben و butylparaben)، کە ئەم پێکهاتانە سەلامەتن بۆ بەکارھێنان ئەگەر ڕێژەکەیان لە ٠٫٠١٪ بۆ ٠٫٣٪ تێپەڕنەکات، پارابین دەتوانێت وەک هۆڕمۆنی ئەسترۆجین ڕۆڵ ببینێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدان و شێواندنی هۆڕمۆنەکان و کەمی هۆرمۆنی ئەسترۆجین، هەروەها یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە.

فسالەیتەکان

فسالەیتەکان (بە ئینگلیزی: Phthalates) لە ڕێژەیەکی فراوانی بەرهەمەکاندا بوونیان هەیە، هەر لە بۆنخۆشکەرەوە تاکوو لەوشن و لابەری بۆنی ناخۆش و یاری منداڵان و زەرفی پێچانەوەی خواردن، لەگەڵ ئەمەشدا چەندین زیانی هەیە بۆ تەندروستی، بۆیە بەکارهێنانی ئەم پێکهاتەیە لە زۆربەی بەرهەمەکاندا کەم کراوەتەوە، پێویستە ئەو شێدارکەرەوانە بەکاربهێنرێت کە ڕێژەی فسالەیتەکان تێیاندا کەمترینە.


سەرچاوەکان



2099 بینین