کارەساتی هەکاری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-17-03:27:00 - کۆدی بابەت: 6907
کارەساتی هەکاری

ناوه‌ڕۆك

یەکەمین شەڕی براکوژی

لەدوای ئەوەی ئێران و عێراق پەیماننامەنی جەزائیر مۆردەکەن، لە ساڵی ١٩٧٥دا، مەلا مستەفای بارزانی کۆتایی بە شۆڕشەکەی دەهێنێت، هەمان  ساڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دادەمەزرێت و دەست بە تێکۆشانی سەربازی و سیاسی دەکەن لە چیا و گوندەکانی کوردستان، لەدوای دامەزراندنی یەکێتی، ئیدریس بارزانی کوڕی مەلا مستەفای بارزانی، دەست بە ڕێکخستنەوە و کۆکردنەوەی پێشمەرگەکانی پارتی دەکاتەوە و سەرکردایەتییەک بۆ پارتی بەناوی سەرکردایەتی کاتی (قیادە مۆقت) دادەمەزرێنێت، لەدوای ئەوەی کە هێز پەیدا دەکەن ناکۆکییان لەگەڵ یەکێتی زیاد دەکات.

کارەساتی هەکاری چۆن بوو؟

لە هاوینی ساڵی ١٩٧٨دا، کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاردەدات هێزەکانی لە ناوچەکانی ناوزەنگ و بناری قەندیلەوە، بگوازێتەوە بۆ ناوچەی برادۆست و بەدیاریکراویی بۆ سێ کۆچکەی سنووریی ئێران-تورکیا-عێراق، ئەم بڕیارە بە چەند مەبەستێک درا، کە بریتیبوو لە سوود وەرگرتن لە سنوورەکان بۆ هێنانی پێداویستیی و چەک، ڕێگریکردن لە شاڵاوێکی حکوومەتی عێراق بۆ ڕاگواستنی گوندنشینانی ئەو سنوورانە، لە هەمان کاتیشدا گەڕاندنەوەی ئەو بارەگایانەیان کە لە شەڕەکانی ساڵانی ١٩٧٦-١٩٧٧یاندا لەگەڵ سەرکردایەتیی کاتی پارتی کەوتبوونە دەست هێزەکانی سەرکردایەتیی کاتیی و لاوازکردنی سەرکردایەتیی کاتی، کە بە قیادە موەقەتە ناسرابوو.

کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاریدابوو هێزێکی چەکدار و بێ چەک بنێرێتە برادۆست، بڕیاردرا هێزەکە بکرێت بە سێ بەشەوە، بەشی یەکەمی هێزەکە کە ژمارەیان ٢٢٠ پێشمەرگە بوو لە کاتی دیاریکراودا بەڕێکەوتن و گەیشتنە شوێنی مەبەست، بەڵام بەهۆی دواکەوتی بەشی دووەمی هێزەکەوە کە ژمارەیان ٥٠٠ پێشمەرگە بووە، بەشی دووەم و سێیەم پێکەوە بەڕێکەوتبوون، بەشی سێیەمی هێزەکەش ١٥٠ پێشمەرگە بوون، ئەم دواکەوتنەش ببووە هۆی ئاشکرابوونی پلانەکەی یەکێتی لای ئێران.

نەوشیروان مستەفا، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی کە ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی بووە، لە بەرگی چوارەمی کتێبی کارەساتی هەکاریدا، لەبارەی چوونی بەشی یەکەمی هێزەکە و ئاشکرابوونی پلانی یەکێتی بۆ گواستنەوەی هێزەکانی لەلای دوژمن، دەڵێت: لەبەر ئەوەی هێشتا هێزەکانی دوژمن نەکەوتبوونە خۆ، بەشی یەکەمی هێزەکە تووشی گیروگرفت و برسێتی و سەرما نەبوون، بەڵام هێزەکانی دوژمن هۆشیاربوونەوە کە هەرچی زووتر بکەونە خۆ، بۆ ڕێگرتن لە هێزەکەی یەکێتی.

ڕێککەوتنی دوژمنان

بەڕێکەوتنی ئەم هێزەی یەکێتی لەکاتێکدابوو، کە تەمەنی ڕێککەوتننامەی جەزائیر تەنها سێ ساڵ بوو، کە لە نێوان شای ئێران و ڕژێمی بەعسدا واژۆکرابوو بۆ پاراستنی سنوورەکانی یەکتر، ساڵی ١٩٧٧یش ڕژێمی عێراق لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا ڕێککەوتنێکی دیکەی هاوشێوەیان بۆ پاراستنی هەردوو دیوی سنووریی یەکتر واژۆکردبوو.

نەوشیروان مستەفا لە لاپەڕە ٥٧ی کتێبی ‘کارەساتی هەکاری’دا، باس لە هەماهەنگییەکانی ئێران، تورکیا و عێراق دەکات لە دژی کورد لەو کاتەدا و دەڵێت: "لە کاتی بەڕێکەوتنی هێزەکانی یەکێتیدا، هاوکاریی ئەم سێ دەوڵەتە بە ئاشکرا دیاربوو، حکومەتی عێراق چەندین ئەفسەری سوپا و پسپۆڕیی هەواڵگریی ناردبووە تورکیا و ئێران بۆ یەکخستنی زانیارییەکان و دانانی پیلانی هاوبەش، هێزەکانی ئێران لە دیوی ئێرانە کەوتنە لێدانی هێزەکانی یەکێتی، کە چوونە دیوی عێراقیش هێزەکانی عێراق کەوتنە پەلاماردانیان، لە دیوی تورکیاش عەشیرەتە کۆنەپەرستەکان کەوتنە خۆ ئامادەکردن و میت و دەزگا هەواڵگرییەکان کەوتنە پەیجوریان".

پەڕینەوەی هێزی یەکێتی بۆ باکووری کوردستان

دوای یەکگرتنەوەی بەشی دووەم و سێیەمی هێزەکەی یەکێتی، بەهۆی هەبوونی هێزی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی لەو سنوورە و خۆدوورگرتن لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵیاندا، هێزەکەی یەکێتی بۆ پشوودان و حەوانەوە دەپەڕنەوە باکووری کوردستان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دەمێننەوە، دواتر هێزەکەی یەکێتی بڕیاردەدەن بۆ نزیکبوونەوە لە شوێنی وەرگرتنی چەک و چەکدارکردنی ئەو پێشمەرگانەی کە لەگەڵیاندایە، بەرەو قوڵایی خاکی باکوری کوردستان و سەر سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڕۆن.

وەک نەوشیروان مستەفا دەیگێڕێتەوە: "سەرکردایەتیی کاتی پارتی بەشی هەرە زۆری عەشیرەتەکانی باکوری کوردستانیان لە یەکێتی هاندابوو، کە گوایە هێزەکانی یەکێتی گوندەکان تاڵان دەکەن و پیاوەکان دەکوژن و ژنەکان بەدیل دەگرن و هاتوون بۆ بڵاوکردنەوەی کافریی و بێ دینی، ئەمەش وایکردبوو عەشیرەتەکانی ناوچەکانی شەمزینان، چەلێ و ئولودەرە لە دژی هێزەکەی یەکێتی بکەونە خۆ و چەکدار کۆبکەنەوە و ناوچە ستراتیژییەکان کۆنترۆڵ بکەن.

ڕۆژی ١ی ٦ی ١٩٧٨ لە ناوچەی بازێ لە باکوری کوردستان، شەڕ لە نێوان هێزەکانی یەکێتیی و هێزەکانی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی-دا دروست دەبێت، ژمارەیەکی زۆر کوژراو و بریندار لە هەردوولا دەکەوێتەوە، هەروەها ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی یەکێتیش لە هێزەکە دادەبڕێن، ئەمەش وادەکات کە کۆمیتەی سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکەی بدات لە باکوورەوە بۆ باشووری کوردستان.

شەوی ٢لەسەر٣ی مانگی شەش، هێزەکەی یەکێتی بەرەو باشوری کوردستان بەڕێدەکەونەوە، بەهۆی شارەزانەبوونی ناوچەکە هێزەکەی یەکێتیی لەیەک جیابوونەوە، لەو کاتەدا هێزەکانی پارتی بۆسەیان بۆ هێزەکە داناوە و دوای ئەوەی بە جموجوڵی هێزەکەی یەکێتی دەزانن، تەقەیان بەسەردا دەکەن، ئەم چەند تەقەیەش دەبێتە هۆی تێکچوونی تەواوەتیی شیرازەی ڕێکخستنیی هێزەکەی یەکێتی، بەڵام بەهۆی ناشارەزایی و ماندووبوونەوە هێزەکە نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و لەتوپەت بوون.

ڕۆژی دواتر هێزەکە دەبێتە سێ گرووپ، گرووپی یەکەم بە ڕێڕەوی دیاریکراوی کشانەوەکەدا ڕۆشتبوون، گرووپی دووەمیان بە پێچەوانەی ڕێڕەوی دیاریکراوی کشانەوە ڕۆشتبوون، گروپی سێیەمیش بۆ پاراستنی داپۆشینی کشانەوەکە لە شوێنی شەڕگەی پێشووتر مابوونەوە، گرووپی یەکەمی هێزەکە خۆیان یەکدەخەنەوە و بەهیوای گەیشتنی گرووپی دووەم دادەمەزرێن، گرووپی دووەمیش کە ژمارەیان ١٧٦ کەس بووە، بڕیاریانداوە بەرەو نزیکترین خاڵی عێراق بگەڕێنەوە و خۆیان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکەنەوە، گرووپی سێیەمیش هەر ئەو ڕۆژە لەلایەن هێزەکانی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی و عەشیرەتەکانی ئەو ناوچانەوە دەدرێت بەسەریاندا و چەک دەکرێن.

لەناو ئەوانەدا کە لە گرووپی سێیەم بەدیلگیرابوون، هەریەکە لە عەلی عەسکەری، فەرماندەی هێزەکە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، تایەری عەلی والی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و عەسکەریی یەکێتی، سەید کاکە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەدیلگیرابوون، کە دواتر لە ٧ی تەمموزی هەمان ساڵدا، هەریەکە لە عەلی عەسکەری، خالید سەعید و حسێن بابەشێخ لەلایەن سەرکردایەتیی کاتیی پارتییەوە بە چەکی ئاڕ پی جی دەکوژرێن.

گرووپی یەکەمی هێزەکەی یەکێتی، پاش بێ ئومێدبوونیان لە گەیشتنی هێزەکانی دیکە، بە ناچاری دەچن بەرەو گوندی کەهی لە نزیک جولەمێرگ، دوای مانەوەیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک و خۆ ڕێکخستنەوەیان، لەلایەن پارتی دە.دە.کە.دە (DDKD)ەوە چەواشە دەکرێن و لەبری ئەوەی بەرەو سنووری باشووری کوردستان بهێندرێنەوە، دیسانەوە بەرەو قوڵایی خاکی باکوور دەیانبەن، دواتر بە ڕێکەوت دەکەونە ناو ئەو عەشیرەتانەی کە لێیان هاندرابوو و سەرەنجام پاش شەڕێکی چەند کاتژمێری لە نێوان هێزەکەی یەکێتی و ژمارەیەک لە عەشیرەتەکانی باکووری کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکەی یەکێتی دەکوژرێن و برینداردەبن و ژمارەیەکیشیان بە دیل دەگیرێن و دواتر ڕادەستی سەرکردایەتیی پارتی دەکرێنەوە، بەمجۆرەش دوا بەشی هێزەکەی یەکێتی لەناوچووە.

ئەم ڕووداوانەش بووە هۆی جێبەجێکردنی بڕیاری ڕژێمی عێراق بۆ ڕاگواستنی گوندنشینانی دێهاتە سنوورییەکان، و بەهێزبوونی قەڵەمڕەویی ڕژێمی عێراق لە ناوچەی بادینان.

بۆچوونی هەڤاڵ کوێستانی

هەڤاڵ کوێستانی دەڵێت: ڕوودانى كاره‌ساتى هه‌كارى چەند پەیوەندی بەڕۆڵی قیادە موەقەتە و هەندێک عەشایەری ئەو ناوچانەوە هەبووه‌، ئەوەندەش پەیوەندی بە تەقدیری هەڵەی سەرکردایەتی ئەوکاتەی یەکێتیەوە هەبووه‌، تەقدیری هەڵە لەوەدا کە دەیانویست بادینان بکەنە مه‌یدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکانیان لەگەڵ قیادەی موقتەدا.

هەروه‌ها تەقدیری هەڵە لەوەدا کە هێزێکی ئەوەندە زۆر بنێریتە ناوچەیەکی سەختی هێشتا بە بەفرداپۆشراو کە هەم شارەزایی تەواوی ناوچە و خەڵکەکەی نیت و هەمیش خۆراکی پێویستت بۆ دابین نەکردوون.

شتە شەخسی و بەرژەوەندییە شەخسیەکان و لەناویشیاندا پلەو پۆست رۆڵی سەرەکیان هەبووە لەم ڕووداوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە ناکۆکی فکری و سیاسیش نەبوون، بەتایبەش بۆ رێکخراوێکی ئایدیۆلۆژی وەک کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، ئەوەش هۆکاری کێشەی نێوان باڵە جیاوازەکانی ناو یەکێتی بوو، زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە هەریەک لە بزووتنەوە و خەتی گشتیش بەقەد کۆمەڵە بەشیان لە پۆستەکاندا هەبوو، لە کاتێکدا بە هەردووکیان چواریەکی کۆمەڵەیان پێک نەدەهێنا چ لە ڕووی رێکخستن و ئەندام و کادر و چ لە ڕووی هێزی پێشمەرگەشەوە، ئەمەش بە بەردەوامی دەبووە مایەی نارەزایی ئەندامان و کادران و سەرکردەکانی کۆمەڵە.

کارەساتی هەکاری زیانێکی یەکجار گەورەی تووشی یەکێتی کرد، چ لە ڕووی لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە و ژمارەیەکیش لە سەرکردە دیارەکانی چ لە ئەنجامی ئەوەشدا بزووتنەوە لەدوای لەناوچوونی سەرکردە دیارەکانی کەوتە ژێر کۆنترۆڵی ئەو کەسانەی کە لە یەکێتیان جیاکردەوە.

بیرەوەری کرمانج گوندی

کرمانج گوندی لە کتێبی "٣٠ ساڵ خەبات و وڵاتێکی وێران" دەڵێت: "شەڕی براکوژی مایەی ماڵوێرانی بوو و لەلایەن سەرکردەکانەوە تەنیا بۆ بەرژەوەندی و پاراستنی کەسایەتی بوو، ئەم شەڕە لە کوردستان لە نێوان شەستەکاندا پاش ئەوەی باڵی جەلالی لە مەلایی جیابوویەوە دەستی پێکرد، بەکۆی گشتی شەڕی براکوژی بۆ ماوەی ١٢ ساڵ بەردەوام بوو، بە واتایەکی تر بەدرێژایی دوانزە ساڵ کورد بەدەستی کورد کوژراوە".

"لە ١ بۆ ٩ـی حوزەیرانی ١٩٧٨ یەکێتی بە هێزێکی زیاتر لە ١٠٠٠ کەسەوە بە سەرکردایەتی عەلی عەسکەری و خالید سەعید و حوسێن بابە شێخ بەناوی وەرگرتنی ئەو چەکانەی کە لە سوریاوە دەیانهێنن بەرەو هەکاری کەوتنە ڕێ، لەگەڵ گەیشتنی پێشمەرگەکانی یەکێتی بەو هەرێمە و گەیشتنیان بە پێشمەرگەی پارتی کەوتنە شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەیەکی گەورە ڕوویدا، پارتی بە تەنیا نەیدەتوانی بەرەنگاری یەکێتی ببێتەوە بۆیە سوودی لە هێزی شێخ مووس لە باکووری کوردستان وەرگرت، لەکاتی پرسیارکردن لە سامی عەبدوڕەحمان دەربارەی کوشتنی ئەوان سامی دەڵێت: ئەگەر وەک ئێستا بیرمان بکردایەتەوە نەماندەکوشتن، بەڵام پێشمەرگەکان پێش پێکدادان وتیان ئەگەر ئێمە شکستمان خوارد ئەوە هیچ، بەڵام ئەگەر سەرکەوتین دەبێت سەرانی ئەم هێرش هێنەرانە هەموویان بکوژن، ئێمە زۆر هەوڵماندا شەڕ دروست نەبێت بەڵام ئەوان گوێیان پێ نەداین و شەڕیان دەستپێکرد".

بیرەوەری ئاوات قارەمانی

ئاوات قارەمانی لە کتێبی ڕێگا باریکەکان دەگێڕێتەوە: "سەرکردایەتی بڕیاریدا هێزەکان بکاتە سێ بەش، بڕیاربوو هێزی یەکەم و دووەم لە ڕێگای جیاوازە بڕۆنە دۆڵە فشە و کە یەکیانگرتەوە هەواڵ بۆ هێزی سێیەم بنێرن کە سەرکردایەتی بوون ئەوکات ئەوانیش بێن، ئێمە کە ڕۆشتین نزیکی ٧٠٠ پێشمەرگە دەبووین، لە نۆکانەوە بەڕێکەوتین گوایە ئێران ڕێگامان دەدا بە سنووری ئێراندا بڕۆین و پارەشیان بە خەڵک داوە لە ڕێگا خواردنمان بۆ دابنێن، بەڵام ئێران سنوورەکانی لێ گرتین و هێزی زۆری هێنا بۆ سەر سنوور و لەگەڵ عێراق ڕێککەوتبوون لێمان بدەن، لە دوای سێ ڕۆژ گەیشتینە دۆڵی قەندیل لەوێ کەس نانی پێنەما و کەشەکەش زۆر ساردبوو و هەموو شوێنەکە بەفر بوو، ئەو شوێنانەش کە بڕیاربوو نانمان بۆ دابنێن هیچیان بۆ دانەنابووین، لەوێ بە برسێتی کەوتینە ڕێ و ئەو شوێنەی کە بڕیاربوو خواردنی تێدابێت لەوێ بە کۆپتەر تۆپباران کراین، لەوێوە هێزەکە پشتی شکا و چەندین ڕۆژ و شەو بوو بەبێ خواردن بەڕێگادا دەڕۆشتین، دوای هەفتەیەک پێشمەرگەکان کە زانییان وایە هەندێکیان خۆیان تەسلیم کردەوە، هەر ئەو شەوە ٥٠ پێشمەرگە خۆیان تەسلیم کردەوە، دۆخەکە ئەوەندە خراپ بوو خۆمان هەرکەس دۆخی خراپ بوایە دەمانوت خۆیان تەسلیم بکەنەوە، هەرچی دەڕۆشتین تەنیا بەفری لێبوو، من پێشمەرگەیەکم بینی ناوی حەمەی نانەوا بوو لەسەر ڕێگاکە کەوتبوو و بەجێیان هێشتبوو، کەمێک گیانی تێدابوو هەڵمانگرت و بردمانە بن بەردێک و لەوێ جێمان هێشت تا بمرێت، تۆزێکی تر ڕۆشتین پێشمەرگەیەکی تر کەوتبوو کوڕێکی زۆر گەنج بوو، لەناو بەفرەکە ڕەق بووبوویەوە، لە مەفرەزەکەی تایەری عەلی والی بوو کاتێک گەیشتینە لای مردبوو، هەر ئەو ماوەیە زیاتر لە ٢٠ پێشمەرگە لە برس و سەرمادا مردن.

کە گەیشتینە دۆڵی خڕێنە تۆپباران کرا و شپرزە بووین، کاتێک هەواڵ هات بڕۆینە سەرەوە بۆلای پێشمەرگەکانی پێشەوە، ڕۆشتین چیمان بینی! وەک قەسابخانە ئەهاتە بەرچاوم، عەبدوڵای مەلا ساروخێکی بەرکەوتبوو، بڕوابکەن کردبووی بە دوو کەرتەوە، تەنیا لەوێ ٤٠ بۆ ٥٠ پێشمەرگە شەهید بوون، جگە لەوەی بریندارەکان هیچیان لەگەڵ نەدەکرا و دەبوایە لەوێ بەجێبهێڵرێن".

بکوژانی عەلی عەسکەری و سەرکردەکانی یەکێتی

کوڕێکی عەلی عەسکەری لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی ناوی چەند سەرکردەیەکی پارتی هێناوە کە گوایە ئەنجامدەرانی کارەساتی هەکارین، لە پۆستەکەدا ناوی هەریەک لە: "سامی عەبدولڕەحمان، کەمال کەرکوکی، وریا سەعاتچی، جەوهەر نامیق، کەریم سنجاری، حەمید ئەفەندی" هێنراون.


سەرچاوەکان



2903 بینین