گا کێوی ئەفریقی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-18-15:37:00 - کۆدی بابەت: 6925
گا کێوی ئەفریقی

ناوه‌ڕۆك

گا کێوی ئەفریقی

گا کێوی ئەفریقی یاخود ژەکدەری کێوی (بە ئینگلیزی: Gnuشیردەرێکی گەورەی ئەفریقییە، پەیوەندییەکی بەهێزی بە ئاژەڵە سمدارەکانەوە هەیە وەک مەڕ و بزن، ژەکدەری کێوی لە بنەڕەتدا وشەیەکی ئەفریقییە و بە واتای ئاژەڵی کێوی دێت، ئەم جۆرە لە گا گیانەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و ئەندامەکانی پێکەوە بە کۆمەڵە دەژین، نشینگەکەی سنوردارە و لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دەژی، لە وڵاتی کینیاوە بۆ نامیبیا، و ناوچە پەسەندەکان بۆ ژیانکردنی بریتین لە ساڤانا و دەشتەکان، بەڵام دەکرێت لە ناوچەی گژوگیا چڕ و پڕیشدا بژی.

شێوەی دەرەوەی

گەورەترین قەبارەی هەیە لە نێو هەموو جۆرەکانی گا، جەستەی هێڵدارە و هاوشێوەی مانگایەکی ماسولکەداری لاواز و باریکە، پشتێكی گەورەی چەماوەی هەیە لەگەڵ دوو شاخی کەوانەیی، هەروەها ڕیشی پڕیشی هەیە، هەردوو نێرینە و مێینەکان شاخی کەوانەییان هەیە، و لەگەڵ قۆناغەکانی گەورەبوون و پەرەسەندنیان درێژییەکەی زیاد دەکات، و لە ئەنجامدا درێژییەکەی لە نێوان ٤٥-٧٨ سم دەبێت.

خۆراک

ژەکدەری کێوی ئاژەڵێکی ڕووەکخۆرە، و بە گشتی حەزی لە گژوگیا هەیە بەڵام لە ئەگەری نەبوونیدا گەڵا و ڕووەک و دوەنەکانیش دەخوات، هەروەها گا کێوی ئەفریقی بە ڕۆژ و بە شەودا چالاکە و بەشوێن ژەمە خۆراکییەکانیدا دەگەڕێت، و  کاتێک خۆراک و ئاوی پێویست نامێنێت لە ناوچەکانی ساڤانا ئەوا کۆمەڵەکانی پێکەوە کۆچدەکەن بۆ دەشتەکان بۆ دەستکەوتنی خۆراک و سەرچاوەی ئاوی نوێ، بەڵام لە کاتی ئەم کۆچکردنەیاندا % ٠.٥ یان دەخنکێن لە ئاوی ڕووباری مارا، مردنیشیان دەبێتە هۆی جێهێشتنی ژمارەیەک سوودی زۆر بۆ ژینگەکەی، بوونیان به‌ سه‌رچاوه‌ی خۆراك بۆ ماسییەکان و ڕاگرتنی هاوسەنگی ژینگەیی و هتد، جگە لە ئەمەش ئەم جۆرە لە گا دەبێتە خۆراکی کەمتیار و شێر و سەگی کێوی ئەفریقی و بەورەکان، بەڵام کاتێک مەترسی ڕاوکردنی لەسەربێت ئەوا ئەم ئاژەڵە دەنگی تایبەت دەردەکات بۆ ئاگادارکردنەوە و بانگکردنی ئەندامەکانی کۆمەڵەکەی، دواتر هەموویان پێکەوە کۆدەبنەوە و دەبنە هۆی شڵەژانی ڕاوچییەکان.  

یەکگرتن و زۆربوون

لە ماوەی وەرزی یەکگرتندا نێرینەکان  ژەمی خۆراکی ناخۆن و ناخەون ئەگەر مێینە چالاکەکان لە ناوچەی نزیکیان بن،  و دوای یەکگرتن ماوەی سکپڕی مێینە ٨-٨.٥ مانگ دەخایەنێت و بێچووەکەی لەدایکدەبێت، و بە گشتی کاتی زۆربوونەکە لە دوو مانگی کۆتایی وەرزی زستانە، دوای لەدایکبوونیان بێچووەکان هەتا ڕادەیەک قەبارەیان گەورەیە، کێشیان لە نێوان ٢٠-٢٢ کگم دەبێت، و لە ماوەی چەند خولەکێکدا فێری وەستان و جووڵە کردن دەبن، و دوای چەند ڕۆژێک دەبن بە بەشێک لە کۆمەڵەکان و لەگەڵ دایکیان دەجوڵێن، بێچووەکان بۆ ماوەی ٦-٩ مانگ شیری دایکیان دەخۆن، و لە  نێوان تەمەنی ١-٦ ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ژەکدەرە کێوییەکان دەگاتە نزیکەی ٢٠ ساڵ. 

جۆرە سەرەکییەکانی

بە شێوەیەکی گشتی تەنها دوو جۆر لە گا کێوی ئەفریقی هەیە، و بە گوێرەی نوسراو و هەژمارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پارێزگاریکردن لە سروشت (IUCN)، هیچ کام لە جۆرەکان مەترسی لەناوچوونیان لەسەر نییە و پارێزراون،  جۆرەکانیش بریتین لە گا کێوی ئەفریقی ڕەش و گا کێوی ئەفریقی شین، یەکەمیان ژمارەکەی بە بەردەوامی لە زۆربووندایە و دووەمیش ڕێژەیەکی جێگیری هەیە، هەروەها زانیارییە گشتییەکان دەربارەی دوو جۆرە سەرەکییەکە بەم شێوەیە:

  • ژەکدەری کێوی ڕەش: یان ناودەبرێت بە ژەکدەری کلک سپی، و ڕەنگەکەی قاوەیی تۆخ یان ڕەشە، کێشی لە نێوان ١١٠-١٥٧ کگم دەبێت، و دەکرێت درێژییەکەی بگاتە نزیکەی ٢ م، هەروەها بەرزییەکەشی بە نزیکەیی لە نێوان ١١١-١٢١ سم دەبێت.
  • ژەکدەری کێوی شین: یاخود ناودەبرێت بە ژەکدەری کێوی باو، کە لەسەر شانەکانیدا هێڵی ستوونی تاریک و تۆخ هەیە، ئەم جۆرەیان کێشی لە نێوان ١١٨-٢٧٠ کگم دەبێت، و درێژییەکەشی بە نزیکەیی دەگاتە ١٢٣ سم.


سەرچاوەکان



542 بینین