عومەر ڕێشاوی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-19-04:04:00 - کۆدی بابەت: 6927
عومەر ڕێشاوی

ناوه‌ڕۆك

مامۆستا ڕێشاوی

عومەر فەتاح یەعقوب ڕێشاوی، کەسایەتییەکی ئیسلامیی کوردە لە میانەی فیکری میانڕەوی و پەیامی ئاشتییانەی بانگخوازیدا، لە ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی ڕێشاو لە هەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە، لە گەنجیدا لە حوجرەکان دەخوێنێت و مۆڵەت وەردەگرێت.

ژیان

ساڵی ١٩٦١ لەگەڵ سوەیبە تۆفیق هاوسەرگیری دەکات و دەبنە خاوەنی ٨ منداڵ بە ناوەکانی (فاتیمە، دڵپاک، یەحیا، جیهاد، عەبدوڵا، ڕابەر، هاودەنگ، ئەحمەد)، لە گەنجییەوە کاریزمایەکی تایبەتی دەبێت و جێی سەرنجی کەسانی دەوروبەری دەبێت بەهۆی ڕەوشت و کارەکانییەوە، هاوڕێی نزیکی عەبدولعەزیز پاڕەزانی و جەعفەر مستەفا و عابدین ڕەشید بووە، دوای بەشداری لە خولێک لەساڵی ١٩٥٩ بە فرمانی حکوومەتی عێراقی دەبێتە مامۆستای سەرەتایی و دواناوەندی لە هەڵەبجە، ماوەیەک لای مامۆستا مەلا کەریمی دەڵەمەری و مامۆستا مەلا عەزیز و مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز و چەندین مامۆستای تر وانەی شەرعی خویندووە و بۆ خویندنی شەرعی چەندین مزگەوتی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانی بینیووە.

یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی پەیمانگەی ئیسلامیی لە ھەڵەبجە و بۆ چەندین ساڵ وانەی تێدا وتۆتەوە، لە ١٩٦٠/٦/٢٠ دەبێتە مامۆستای سەرەتایی لە گوندی سەرگەت و لەوێ جەعفەر مستەفا دەناسێت.

هەر لە گەنجییەوە بە نووسینەکانی بەیزاوی و غەزالی و مەودودی و حەسەن بەننا و سەعید نورەسی سەرسام بووە و لە یەکەمین کەسەکان بووە کە بەشداری فیکری برایانی موسوڵمانی کردووە لە عێراق، بە تایبەت لە ساڵی ١٩٥٤ کە کۆمەڵێک لە زانایانی بەغداد وەک زەهاوی و مەحموود سەواف ڕێکخستن لە هەڵەبجە دادەمەزرێنن.

لە ساڵی ١٩٩٤ یەکێک دەبێت لە دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە کۆنگرەی یەکەم و دووەمی ئەو حیزبە ئەندامی سەرکردایەتی بووە و پاشتر بۆتە ڕاوێژکاری ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.

بەرهەمەکانی

چەندین بابەتی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردۆتەوە و دوو کتێبی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی بە ناوی (تاوانە دەروونییەکان، بەرەو رێبازی ئیسلامی).

کۆچی دوایی

لە ڕۆژی ٢٠٠١/١٠/١٨ کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



631 بینین