کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-20-13:20:00 - کۆدی بابەت: 6928
کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا

ناوه‌ڕۆك

ڤاکسینی کۆرۆنا

ڤاکسین بریتییە لە مادەیەک کە بەکاردێت بۆ هاندانی بەرهەمهێنانی دژە تەنەکان و دابینکردنی پارێزبەندی بەرامبەر یەک نەخۆشی یان چەند نەخۆشییەک، هەروەها ئامادەکراوە لە هۆکاری نەخۆشییەکە، بەرهەمەکانی، یان جێگرەوەیەکی دەستکرد، چارەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی وەک دەرمانێکی پارێزەری لەش هەڵسوکەوت بکات بەبێ ئەوەی نەخۆشییەکە دروست بکات، بەو پێیە ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆڤید-١٩ یارمەتیت دەدات و دەتپارێزێت لە ئەگەری تووشبوونت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام لەوانەیە لە کاتی وەرگرتنی ڤاکسینەکدا ڕووبەڕووی هەندێک نیشانە ببیتەوە کە بە کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا ناسراوە، کە نیشانەی ئاسایین و بە هۆیانەوە جەستەت بەرگری زیاتر دروست دەکات، ئەم کاریگەرییە لاوەکییانە لەوانەیە کاریگەری هەبێت لەسەر توانای ئەنجامدانی چالاکییەکانی ڕۆژانە، بەڵام دەبێت لە چەند ڕۆژێکدا کۆتاییان پێبێت، و هەروەها هەندێک کەس هیچ کاریگەریەکی لاوەکییان تێدا دەرناکەوێت، چاودێرانی ڤاکسین لە ڕابردوودا دەریان خستووە کە کاریگەریە لاوەکیەکان بە گشتی لە ماوەی شەش هەفتەدا ڕوودەدەن و کۆتاییان پێدێت لە پاش وەرگرتنی ژەمی ڤاکسین.

کاریگەرییە لاوەکییە باوەکان

لەو باڵەی کە دەرزیەکی لێدراوە لەوانەیە ئەم نیشانانە دەربکەون:

  • ئازار
  • سووربوونەوە
  • ئاوسان

هەروەها تەواوی جەستەت لەوانەیە ئەم نیشانانەی تێدا دەربکەوێت:

  • ماندوویەتی
  • سەرئێشە
  • ئازاری ماسولکە
  • لەرز و تا
  • دڵتێکەڵهاتن

چەند ڕێنماییەک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرە لاوەکییەکان

- بۆ هەر ئازار و ناڕەحەتییەک کە لە پاش کوتان ڕووبەڕووت دەبێتەوە ئەوا دەبێت قسە لەگەڵ پزیشکەکەت بکەیت سەبارەت بە وەرگرتنی دەرمانەکانی وەک ئایبوپرۆفن (ibuprofen)، ئیستامینۆفن (acetaminophen)، ئەسپرین (aspirin)، یان دژە هەستیاری (antihistamines)، چونکە ئەگەر هیچ کێشەیەکی دیکەی پزیشکیت نەبێت کە ڕێگریت لێ بکات لە وەرگرتنی ئەم دەرمانانە، ئەوا دەتوانیت ئەم دەرمانانە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و کاریگەرییە لاوەکییەکانی پاش کوتان بەکاربهێنیت، بەڵام نابێت ئەم دەرمانانە بەر لە کوتان وەربگریت بە مەبەستی هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە کاریگەرییە لاوەکیەکان.

- بۆ کەمکردنەوەی ئازار و ناڕەحەتی لەو شوێنەی کە دەرزی لێدراوە دەتوانیت پارچە پەڕۆیەکی پاک و سارد و تەڕ لە دەورووبەری ئەو ناوچەیە دابنێیت، هەروەها بە بەکارهێنان و ڕاهێنان پێکردنی ئەو باڵەت کە دەرزییەکەی لێدراوە ئازارەکان کەم دەکاتەوە.

- بۆ کەمکردنەوەی ئازاری تا شلەمەنی زۆر بخۆرەوە و پۆشاکێکی کەمێک تەنک بپۆشە

کاریگەرییە لاوەکییەکانی ژەمی دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنا

کاریگەرییە لاوەکییەکانی ژەمی دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنا لەوانەیە کەمێک توندتر بێت بە بەراورد بەو کاریگەرییە لاوەکییانەی کە لە ژەمی یەکەمدا ڕووبەڕوویان بویتەتەوە، ئەم کاریگەریە لاوەکیانە نیشانەی ئاسایین کە بە هۆیانەوە جەستەت بەرگرییەکی بەهێزتر دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست دەکات و هەروەها لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا نیشانەکان نامێنن.

لە چ کاتێکدا دەبێت پەیوەندی بە پزیشکەوە بکەیت؟

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ناڕەحەتی بەهۆی ئازار یان تا پاش کوتان نیشانەیەکی ئاساییە چونکە جەستەت بەرگری دروست دەکات، بەڵام ئەگەر سووربوونەوە و ماندوویەتییەکان لە پاش ٢٤ کاتژمێر دوای کوتان خراپتر بوو ئەوا دەبێت پەیوەندی بە پزیشک یان دابینکەری تەندروستییەوە بکەیت، هەروەها دەبێت ئەوە بزانیت کە جەستەت کاتی دەوێت تاکوو بەرگری دروست بکات پاش هەر کوتانێک، و ملیۆنان کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە و هیچ کاریگەریەکی لاوەکی درێژخایەنیان تێدا نەدۆزراوەتەوە، هەروەها بە گوتەی شارەزایان وەرگرتنی ڤاکسین هیچ کێشەیەکی تەندروستی دیاریکراوی نییە بۆ ئافرەتانی دووگیان، ئەوانەی شیر دەدەن، یان ئەو کەسانەی کە لە ڕابردوودا تاقیکردنەوەی ئەرێنییان بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە، هەر بۆیە شارەزایان دەڵێن کە ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ زۆرینەی خەڵک پێکوتەیەکی زۆر تەندروستە.


سەرچاوەکان



1039 بینین